یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   د.أنس محمد شەریف ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵێکی تایبەت بە بەرەنگاری توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی زانایانی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   پێکەوەژیانی ئایینی لە سۆران    *****    *****   مامۆستا مەلا محمد ئیبراهیم رەزگەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵی کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ لەبارەی پێکەوەژیانی ئایینی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لە هەردوو قەزای ئاکرێو بەردەڕەش ژمارەیەک مامۆستای ئایینی بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی ئاکرێ و لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   یەکێتی زانایان پانێڵێکی تایبەت بە گرنگیدان بە تەوزیفکردنی زانستی تەجویدو پاراستنی مۆرکی رەسەنی مەقامی جوان خوێندنەوەی قوڕئان بەرێوە ساز دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە گوندی بێراوە بەرێوە دەچێت    *****    *****   شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی دەڤەری گەرمیان بەسەر دەکاتەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات   
مەلا جەلال خەیلانی
به‌رواری دابه‌زاندن: 31/10/2021 : 23:38:12
قه‌باره‌ی فۆنت
مه‌لای كورد و هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی و پرسه‌ نیشتیمانیه‌كان

ئاشكرایه‌ لای هه‌موومان به‌ درێژایی مێژوو، مه‌لاو زانایانی ئایینی له‌ كوردستان خزمه‌تێكی گه‌وره‌یان به‌ گه‌له‌كه‌ی خۆیان كردووه‌، كه‌ توانیویانه‌  خه‌ڵك ئاشنا بكه‌ن به‌ رێبازی پیرۆزی ئیسلام و ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان و ئازادی و دادپه‌روه‌ری و زانست و زانیاری، له‌هه‌مان كاتیشدا ئاشناكردن به‌ پرسی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر گه‌لی كورد شانازی به‌ رابردووی كوردایه‌تی و نیشتیمانپه‌روه‌ری خۆی بكات؛ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ جگه‌ له‌ مه‌لا و زانایانی ئایینی، كه‌م كه‌سی ده‌ستده‌كه‌وێ، بۆ سه‌لماندنی ئه‌م راستیه‌ش ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌هه‌ندێك له‌و زانایانه‌ بكه‌م، كه‌ له‌ رابردوودا ده‌وری سه‌ركردایه‌تیان بینیوه‌ له‌ شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كانی كوردستانی گه‌وره‌:

یه‌كه‌م: مه‌لا سه‌لیم شێخ شهاب الدین، كه‌ رابه‌ڕایه‌تی راپه‌ڕینه‌كه‌ی ناوچه‌ی به‌تلیسی كرد له‌ توركیا.

دووه‌م: شێخ عبدالله نه‌هری و شێخ ته‌های نه‌هری له‌ توركیا، كه‌ په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ شێخ شامیلی رێبه‌ری داغستانی، جگه‌ له‌ توركیا روسیاش لێیان ده‌ترسا.

سێیه‌م: شێخ عبدالسلام بارزان، تا گیراو له‌ سێداره‌درا به‌رگری له‌ نه‌ته‌وه‌و خاكی كرد.

چواره‌م: شێخ مه‌حمودی حه‌فید، له‌ شێخایه‌تی و ته‌ریقه‌ته‌وه‌ بۆ مه‌لیكی كوردستان.

پێنجه‌م: مه‌لا مسته‌فای بارزانی، له‌ مه‌لایه‌تیه‌وه‌ بۆ رابه‌رایه‌تی گه‌وره‌ترین شۆڕشی باشووری كوردستان.

شه‌شه‌م: پێشه‌وا قازی محمد به‌ هاوكاری هاوڕێیانی كۆماری مه‌هابادی دروستكرد و له‌كاتی هێرشی داگیركه‌ره‌كان خه‌ڵكی خۆی جێنه‌هێشت، تا گیرا و له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی له‌ سێداره‌دران.

حه‌وته‌م: شێخ سه‌عیدی پیران، كه‌ پاشماوه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی هێنابووه‌ هه‌ژان و كۆڵی نه‌دا، تا ده‌سگیركرا و زۆر بێبه‌زه‌ییانه‌ له‌ سێداره‌درا. شایه‌نی باسیشه‌، كه‌ شێخ سه‌عید له‌یه‌ك هێرش به‌ هه‌زاران كه‌سی له‌ داگیركه‌ران به‌دیل گرت و له‌ناو دیله‌كاندا ده‌سوڕایه‌وه‌و دڵنه‌وایی ده‌كردن و ده‌یفه‌رمو: (هیچ مه‌ترسن، ئێوه‌ برای ئێمه‌ن، ئێمه‌ ته‌نیا داوای مافی ره‌وای كورد ده‌كه‌ین)، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت یه‌ك تاقه‌ كه‌سی سوپاكه‌ی جه‌نابی شێخ بگیرابوایه‌ یه‌كسه‌ر له‌ سێداره‌ ده‌درا.

له‌ هه‌موو شۆڕشه‌كانی كوردستاندا زانایانی ئایینی به‌شداری كاریگه‌ریان بووه‌، له‌ بواری ئایینی و سیاسی و سه‌ربازی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و فه‌رهه‌نگی و رێكخراوه‌یی و ده‌یان شه‌هیدیان داوه‌ له‌ پێناو خه‌باتی رزگاری نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌وری كاریگه‌ریان بووه‌ له‌ وشیاركردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆیان و ئاشناكردنیان به‌ پیرۆزی خه‌بات له‌ پێناوی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و ده‌ركردنی داگیركه‌ران له‌سه‌ر خاكی پیرۆزی كوردستان، بۆ سه‌لماندنی ئه‌م راستیه‌ش، وه‌ك نمونه‌ ئاماژه‌ به‌ جه‌نابی مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیی ده‌كه‌ین، كه‌ دیوانه‌كه‌ی پڕاوپڕه‌ له‌ هه‌ڵبه‌ست و هۆزانی نیشتیمانپه‌روه‌ری، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌فه‌رموێ:

(هه‌تا ده‌مرم له‌ بۆ كوردان ده‌ناڵم  ...  عیلاجیان چۆن بكه‌م هاوار به‌ ماڵم)

(به‌بێ یه‌گبوون و ته‌وحیدی میلله‌ت  ...  مه‌حاڵه‌ كاكی خۆم ته‌شكیلی ده‌وڵه‌ت)

شایه‌نی باسه‌؛ سۆزی زانایان بۆ نه‌ته‌وه‌و نیشتیمانه‌كه‌یان، وێڕای سروشتی مرۆڤ بۆ خۆشه‌ویستی نیشتیمانه‌كه‌ی، ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی پیرۆزی ئیسلام، چونكه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ: (وجعلناكم شعوبا وقبائل)، واته‌: ئێمه‌ ئێوه‌مان گێڕاوه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌و هۆزی جیا جیا.. كه‌واته‌ هه‌ر خوای گه‌وره‌ش ئێمه‌ی گێڕاوه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ ناوی كورده‌، بۆیه‌ ئه‌ركه‌ له‌سه‌رمان كه‌ به‌رگری له‌ مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بكه‌ین و، ده‌بێ قوربانیشی له‌پێناو بده‌ین، هه‌روه‌ها خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ: (والارض وضعها للانام) واته‌: خوای گه‌وره‌ زه‌وی بۆ هه‌موو كه‌س داناوه‌ تا له‌سه‌ری بژین، كه‌واته‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك و هۆزێك و تاكێك مافی ژیانی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌ به‌بێ جیاوازی و، خوای گه‌وره‌ هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت نه‌كردووه‌، كه‌ ده‌وڵه‌تی هه‌بێت یان نه‌یبێت.

ده‌وڵه‌تداری و سه‌ربه‌خۆیی بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان حه‌ڵاڵه‌و كه‌س بۆی نیه‌ خاكی ئه‌ویتر داگیر بكات، یان ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌ زه‌برو زه‌نگ به‌سه‌ردا بسه‌پێنێ.

پێغه‌مبه‌ری خوا (درودی خوای لێ‌ بێت) به‌رامبه‌ر به‌ مه‌ككه‌ی پیرۆز ده‌فه‌رموێ: (والله انك لخير ارض الله، ولو لم اخرج منك ماخرجت)، ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ به‌ زۆر ریوایه‌ت هاتووه‌، به‌ڵام مه‌به‌سته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا (درودی خوای لێ‌ بێت) به‌رامبه‌ر به‌ گه‌وره‌یی و خۆشه‌ویستی شاری مه‌ككه‌ی پیرۆز، سوێند به‌خوای گه‌وره‌ ده‌خوات، كه‌ مه‌ككه‌ باشترین زه‌وی خوای گه‌وره‌یه‌ و ئه‌گه‌ر ده‌ریان نه‌كردایه‌ له‌وێ؛ قه‌تا و قه‌ت ئه‌و خاكه‌ی جێنه‌ده‌هێشت.

له‌م فه‌رمووده‌یه‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ، كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا (درودی خوای لێ‌ بێت) مه‌ككه‌ی زۆر له‌لا گه‌وره‌و خۆشه‌ویست بووه‌، هۆكاره‌كه‌شی وێڕای پیرۆزیه‌كه‌ی، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ شوێنی له‌دایكبوونی خۆی بووه‌، هه‌روه‌ها خاكی نیشته‌جێبوونی باب و باپیرانی بووه‌، كه‌واته‌ پێویسته‌ ئێمه‌ش نیشتیمانی خۆمان خۆشبوێت و به‌رگری لێبكه‌ین، وه‌ك پێغه‌مبه‌ره‌كه‌مان (درودی خوای لێ‌ بێت).