یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مامۆستا مەلا محمد ئیبراهیم رەزگەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵی کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ لەبارەی پێکەوەژیانی ئایینی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لە هەردوو قەزای ئاکرێو بەردەڕەش ژمارەیەک مامۆستای ئایینی بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی ئاکرێ و لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   یەکێتی زانایان پانێڵێکی تایبەت بە گرنگیدان بە تەوزیفکردنی زانستی تەجویدو پاراستنی مۆرکی رەسەنی مەقامی جوان خوێندنەوەی قوڕئان بەرێوە ساز دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە گوندی بێراوە بەرێوە دەچێت    *****    *****   شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی دەڤەری گەرمیان بەسەر دەکاتەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات    *****    *****   د.عبدالله شێرکاوەیی بۆ ماڵپەڕی روداو: لە ئیسلامدا هیچ سنوورێک بۆ مارەیی دیاری نەکراوە    *****    *****   کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەرێوە دەچێت چەند پرسێکی گرنگ و تایبەت تاوتوێ دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی باڵای پارتی چاکسازی تورکمان دەکات   
مه‌لا ته‌حسین شێخانی/ سۆران
به‌رواری دابه‌زاندن: 21/09/2015 : 12:57:32
قه‌باره‌ی فۆنت
خوێندنەوەیەك بۆ كتێبی (جهود الشيخ عبدالكريم المدرِّس الفقهيِّة)

خوێندنەوەیەك بۆ كتێبی (جهود الشيخ عبدالكريم المدرِّس الفقهيِّة) لە نوسینی مامۆستا مەلا عبدالله مەلا سەعید گرتكی

نووسین وئامادەكردنی: مەلا تەحسین شێخانی

 

كتێبی (جهود الشیخ عبدالكریم المدرِّس الفقهیِّە) لە بنچینەدا نامەی ماجستێری جەنابی مامۆستا مەلا عەبدولایە كە لە كۆلێژی ئیمام ئەعزەم بەشی خوێندنی باڵا لەبەرواری 21/12/2010 پەسەند كراوە وپلەی (جیّد جداً عالی) بەدەستهێناوە. هەوڵێكی ناوازە وگرنگە لەخەمی بە بەرز ڕاگرتن وبایەخدان بەكەسایەتی وبلیمەت وشارەزایانی گەلەكەمان. ئەم كتێبە باس لەكەسایەتی وزانای عاریف وخواناس وموفەسیری قورئانی پیرۆز جەنابی مامۆستا مەلا عەبدولكریمی مودەریس دەكات. كە بە بۆچوونی زانایانی هاوچەرخ شافیعی ئەم سەردەمە بوە. ئەم كەلە پیاوە گەرچی لەبارودۆخێكی ناهەموارو ناخۆش ژیانی پیرۆزی بردۆتە سەر. لێ‌ گەورەیی وزانایی ئەم پیاوە لەوەدایە شەو ڕۆژی خستۆتە سەر یەك بۆئەوەی خزمەتێكی گەورە بەبیرو مەعریفەی گەلەكەی وئوممەتی ئیسلامیش بكات ولەبواری زانستی وفیقهی وتەنانەت ئەدەبیش ئەسپی خۆی تاوداوە.  تەمەنی (100) چەند ساڵەی پڕیەتی لەشاكاری زانستی وئەدەبی. ئەم كتێبەش كە (360) لاپەڕەیە ماندوبوون وبەدواچونێكی دیارو بەرچاوی نوسەری پێوە دیارە. چونكە ئەم لێكۆڵینەوەیە لەبارودۆخی ناهەمواری بەغدا  وزەحمەتی ڕێگا وهات وچوون دا ئامادەكراوە. بەشی سەرەتای ئەم كتێبە تا لاپەڕە (67) باس لەژیان وبەسەرهات وبارودۆخی ژیانی مامۆستای مودەریس دەكات. بەچەند بەشێك ناو وخانەوادە وژیانی زانستی ودەستپێكی فەقێیەتی وباس لەومامۆستا و كەسایەتیانەش دەكات كەكاریگەریان بەسەر ژیانی مودەریسەوە هەبوە. قۆناغەكانی ژیانی مەلایەتی ونوسین وبەرهەمەكانی لەبواری تەفسیرو فیقە و ئەصول و بواری ئەدەبی كوردی دەخاتە ڕوو كە خۆشبەختانە دەیەها كتێب و نامیلكەی چاپكرا وچاپنەكراوی ئامادەكردوە.

لە بواری تەدریس وفێركردنیش چەندین مامۆستا و زانای ناوداری پێگەیاندوە كە زیاتر لە (50) قووتابی ئیجازە داو وەك (دكتۆر محمد عەلی قەرەداغی دكتۆر محمد گەزنەیی وفیچ الفیچی وشێخ حەمزە فەلوجی وشێخ  عبدالحكیم سوری ورافع العانی و دكتۆر عوسمان هەلەبجەیی). ئینجا ئاماژە دراوە بەو پۆست وپلە وپایانەی بەهۆی لێهاتووی وتوانای خۆی وەریگرتوە وەك پۆستی سەرۆكایەتی (رابطة علماء العراق) و سەرۆكی (الأمين العليا للإفتاء والتدريس والبحوث والتصوف). لەگەڵ بۆچوون و ووتەی زانایان لەبارەی مامۆستا مودەریس (رەحمەتی خوای لێ‌ بێت). بەشێكی تری كتێبە تەرخانكراوە بۆ ئەوكتێب ودەستنووسانەی مامۆستای مودەریس لەبواری فیقهی كەبەزوبانی عەرەبی نوسراون وبەشێكیان لێ‌ چاپ كراون وەك كتێبی (رسالة إرشاد الناسك إلی المناسك) و كتێبی (اڵانوار القدسیە فی الأحوال الشخصیة). ئەوەی جێی ئاماژە كردنە لەم بەشەدا كە لە لاپەڕە (69) دەست پێدەكات تا دەگاتە لاپەڕە (147) ئەم چەند خاڵانەن:

1- ئاماژە دراوە بەگرنگترین نوسراو وكتێبەكانی مامۆستای مودەریس كە بە شێوازێكی جوانی زوبانی عەرەبی نوسیویەتی  شارەزای وبلیمەتی وبەئاگای مامۆستا دەردەخات لەداڕشتن ودەربڕینی ڕەوانبێژی وبەهرەی نووسین وئامادەكردن دا.

2- لەم بەشەدا نووسەر بەشێوەیەكی زانستی پێناسەی كتێبەكانی كردوە وسەرچاوەی نووسینی كتێبەكانیشی ئاماژە پێداوە. ڕوونیشكراوەتەوە مەنهج وڕێڕەوی مامۆستای مودەریس چۆن بوە لەمامەڵەكردن ونوسینی خودی كتێبەكان دا. كە ئەمەیان گرنگە بۆچۆنیەتی مامەڵە كردن لەگەڵ بۆچوون وتێگەیشتن لەخودی كتێب ونوسراوەكان .

3- نوسەر لە پاڵ باسكردن لەهۆكاروپاڵنەرەكانی نوسینی كتێبەكاندا كە خودی مامۆستای مودەریس ئاماژەی بەهەندێكیان داوە. ئەوتێبینیە زانستیانەشی ئاماژە پێداوە كە لەسەر هەندێ‌ لەكتێبەكان بونیان هەیە وناكرێ‌ پشتگوێ‌ بخرێن. وەك ئەوەی مامۆستای مودەریس لەهەندێ‌ كتێبەكانی ئاماژەی بەبەڵگەكان نەكردوە لەقورئان وسوننەت دا. گەر فەرموودەیەكیشی هێنابێتەوە بۆنمونە (تەخریج نەكراوە). ئەمەشیان مایەی بەكەم زانینی نوسینەكان نیە بەڵكو بۆ ڕوونكردنەوەی ئەو واقیع وبارودۆخەیە كە خوودی مامۆستای مودەریش تێیدا ژیاوە.

4- لەم بەشەدا نوسەر وەك بەشێك لە مەبەستە زانستیەكەی (لێكۆلینەوەی فیقهیە لەبارەی كتێبەكانی مامۆستای مودەریس) ئاماژەی داوە بەو بابەتە فیقهیانەی مامۆستا لەكتێبەكانی ئاماژەی پێداون و بۆچوون وتێگەیشتنی مامۆستای مودەریس ڕوونكراوەتەوە لەبارەی گرنگترین ئەوباس وبابەتانەی لەژیانی ڕۆژانەمان دا باس وخواسی زۆریان لەسەرە وەك نوێژی هەینی و ووتارەكەی. ژمارەی ركعەتەكانی نوێژی تەراویح و ئەو حوكمانەی تایبەتن بەئافرەتی زیسانی وحەیزدار.

5- لەم بەشەدا وێنایەكی جوانكراوە لەبارەی ئەوكتێب ونوسینانەی مامۆستای مودەریس بەشێویەك كە بەدوا چوون وخۆماندوكردنی تەواوی نوسەری پێوە دیارە وكاری كردوە بۆئەوەی بەشێوازێكی زانستیانە باس وبابەت وكتێبەكانی بخاتە ڕوو.

بەشێكی تری كتێبەكە كە لەلاپەڕە (149) دەستپێدەكات تا دەگاتە لاپەڕە (202) ئاماژە دراوە بوكتێب ونوسینانەی مامۆستای مودەریس لەبواری فیقهی كە بەزوبانی شیرینی كوردی نوسراونەتەوە. وەك كتێبی  (شەریعەتی ئیسلام) و(بارانی ڕەحمەت) و (تەفسیری نامی). لەمەشیان ئەم چەند خاڵانە دێنە بەرچاو:

1-     ئەوە دەخاتە ڕوو كە مامۆستای مودەریس وەك بەشێك لەو ئەركەی دەكەوێتە سەری لەڕووی نەتەوەییەوە لەنوسین ودەربڕینە فیقهی وزانستیەكانی دا گەلەكەی پشتگوێ‌ نەخستوە ولەبابەتی چۆنیەتی حەجكردن وباس وبابەتی فیقهی وەك نوێژو ڕۆژوو حوكمە فیقیەكانی بۆ ڕوونكردونەتەوە.

2-     بەهەمان شێوەی پێشووتر نووسەر پێناسەی كتێبەكان وسەرچاوەی نوسینەوەی لەگەڵ ئەو تێبینیە زانستیانەی هەن لەبارەی كتێبەكانی بەشێوازێكی جوان خراونەتە ڕوو.

3-     بەشێوازێكی زانستی ئەوبابەتە فیقهیانە خراونەتە ڕوو كەمامۆستای مودەریس لەكتێبەكاندا ئاماژەی پێداوە.

بەشێكی تر كتێبەكە لە لاپەڕە (204) تا دەگاتە كۆتایی كتێبەكە ئاماژە دراوە بەبۆچوون وفەتواكانی مامۆستای مودەریس لەبواری عیبادات وموعامەلات وباس وبابەتەگشتیەكان كە لەگۆڤارو بڵاوكراوەكانی سەردەمی خۆی دا بڵاوكراونەتەوە وگرنگ وبەیاخی خۆیان هەیە وەك (مجلة التربیة الإسلامیة) و (كتاب جواهر الفتاوی). كە دەكرێ‌ ئەم بەشیان (كە بە بڕوای من گرنگترین بەشی كتێبەكەیە) لەچەند خاڵێك بخەینە ڕوو:

1-     گرنگی ئەو بەشە لەوە دایە كە لەگەڵ ئاماژە دان بەكتێبەكانی مامۆستادا ئەو بابەتە فیقهیانە ئاماژەیان پێداروە. كەپەیوەندیان هەیە بەو دابونەریتانەی لەرابردوودا لەنێوكوردەواری خۆمان بونیان هەیە وڕەنگی شەرعیشیان بەبەرداكراوە. بەڵام مامۆستای مودەریس بۆچوونی تایبەتی لەسەریان هەبوە. كە گەرەكە مامۆستایان وڕۆشنبیرانمان بەگرنگەوە تێی بڕوانن. وەك (مارەكردنی كچی بچووك) كەبڕوا وبۆچونی مامۆستا لەگەڵ ئەوەدایە كە ئەوجۆرە مارە بڕینە ئەنجام نەدرێت. یا (ژن بەژنی) بەهەمان شێوە بۆچونی مامۆستای مودەریس لەگەڵ ئەوەیە كەئەم جۆرە ژن بەژنیە نەكرێت.

2-     لەم باشە ئاماژە دراوە بەچەند بابەتێكی فیقهی هاوچەرخ كە توانایی ولێهاتووی وگەورەی مامۆستای مودەریس دەخاتە ڕوو. وەك (تلقیحی إصتناعی) و(كوشتنەوەی  ئاژەڵ بەئامێری سەردەم) و(وێنەی فۆتۆگرافی) و(بەیعی ئەقسات) لەمەشیان لەپاڵ شی كردنەوەی بۆچوونی مامۆستای مودەریس. نووسەر بۆچوون وتێگەیشتنی خۆی لەبابەتەكان دا خستۆتەڕوو. ئەمەشیان بابەتەكەی ڕوونتر وبەهێزتر كردوە.

3-     لەپاڵ ئەو فەتوا فیقهیانەی مامۆستای مودەریس ئاماژەی پێداون لەكتێب وگوڤارەكان. چەند بابەتێكیش نوسەر ئاماژەی پێداون لەفەتوا ونووسینەكانی مامۆستای مودەریس جێگەی مشتومڕ وقسەلەسەر كردنن. نووسەر زانستیانە بابەتەكانی خستونەتەڕوو وەك (بەیاننامەكەی مامۆستای مودەریس لەبارەی ئیحتلالی عیراق لەلایەن ئەمەریكاوە) ئەوباس وخواسانەی ئەم بەیاننامە دروستی كردوون لەكاتی خۆی دا. باس وفەتوای مامۆستای مودەریس لەبارەی (عەمەلیەی ئیستشهادی) كە گرنگە ڕوونبكرێنەوە.

گرنگی كتێبەكە لەچی دایە؟؟

1-     بەرچاو ڕوونی تەواو دەداتە خوێنەر لەبارەی گرنگترین وێستگەكانی ژیانی مامۆستای مودەریس.

2-     تەواوی سەرچاوە فیقهیەكانی كتێب ونوسراوەكانی مامۆستای مودەریسی تێدا خراونەتە ڕوو  كە بۆ فەتوا وڕوونكردنەوەی بابەتە فیقهیەكان بەتایبەت بۆزانایان وزانستخوازان گرنگ وپێویستن.

3-     چەندین بابەتی فیقهی خراونەت ڕوو كە دەكرێ‌ وەك سەرچاوەیەكی فیقهی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. بەتایبەت نووسەر هەوڵی داوە لەپاڵ بۆچوونەكانی مامۆستای مودەریس ناو بۆچوونی تەواوی ئەوزانا وفەقیهانە بخاتە ڕوو. دەكرێ‌ بەئاسانی خوێنەر بۆ ڕووچون لەهەر باسێكی ئاماژە پێدراو بگا بەسەرچاوەكان وتێگەیشتن ورای راجیحی تیادا بدۆزێتەوە.

4-     مامۆستای نووسەر تەنها بۆچوون وفەتواكانی مامۆستای مودەریسی نەخستۆتەڕوو بەڵكو بۆچوون وتێگەیشتنی خۆشی ڕوونكردۆتەوە لەسەر بابەتەكان.

5-     لەپاڵ ئەوەی نوسەر ئاماژەی بەوكەم وكورتیانە داوە كە لەنووسینەكانی مامۆستای مودەریس بوونیان هەیە و(بارودۆخی ئەو سەردەم بەسەری فەرزكردوون) لێ‌ بەرز نرخاندنێكی بەپێزی جەنابی مامۆستای مودەریس دەكات و وەك موجتەهیدێكی بلیمەت ولێهاتوو دەیخاتە ڕوو. وەتوانیویەتی بەباشی خزمەت بەنووسین وكتێبەكانی مامۆستا بكات وبەشێوازێكی زانستیانە هەڵیان سەنگێنێت...

لەكۆتایی دا خوازیارم بەتایبەت مامۆستایانی ئاینی ئەم كتێبە بەپێزە بخوێننەوە وبۆچوون وفەتواكانی مامۆستای مودەریسیش بەهەند وەرگرن. من بۆخۆم لەدوای خوێندنەوەی ئەم كتێبە بڕیارم داوە لەداهاتوو كتێبەكانی مامۆستای مودەریس بخوێنمەوە وخۆمی لێ‌ بەهرەمەند بكەم.  جارێكی تریش دەستخۆشی لەجەنابی مامۆستا مەلا عەبدوڵا دەكەم كە ئەم كتێبەی لەدوای تەواوبوونی ماجستێرەكەی بەدیاری پێبەخشیم بەڵام ئەوكات لەبەر سەرقاڵیم بەخوێندنی كۆلیژ نەمتوانی بیخوێنمەوە سوپاس ئێستا دوای خوێندنەوەیەكی ووردی كتێبەكە بەباشم زانی ئەم بابەتەی لەسەر بنوسم...