یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مامۆستا مەلا محمد ئیبراهیم رەزگەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵی کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ لەبارەی پێکەوەژیانی ئایینی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لە هەردوو قەزای ئاکرێو بەردەڕەش ژمارەیەک مامۆستای ئایینی بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی ئاکرێ و لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   یەکێتی زانایان پانێڵێکی تایبەت بە گرنگیدان بە تەوزیفکردنی زانستی تەجویدو پاراستنی مۆرکی رەسەنی مەقامی جوان خوێندنەوەی قوڕئان بەرێوە ساز دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە گوندی بێراوە بەرێوە دەچێت    *****    *****   شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی دەڤەری گەرمیان بەسەر دەکاتەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات    *****    *****   د.عبدالله شێرکاوەیی بۆ ماڵپەڕی روداو: لە ئیسلامدا هیچ سنوورێک بۆ مارەیی دیاری نەکراوە    *****    *****   کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەرێوە دەچێت چەند پرسێکی گرنگ و تایبەت تاوتوێ دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی باڵای پارتی چاکسازی تورکمان دەکات   
سه‌رکه‌وت جه‌لال
به‌رواری دابه‌زاندن: 11/07/2010 : 18:04:43
قه‌باره‌ی فۆنت
له‌گه‌ڵ قاچه‌كانم ئامانجه‌كانیشم له‌ده‌ستدا
سه‌ربه‌ست خوێندكاری په‌یمانگایه‌و له‌قۆناغی دووه‌ واتا ساڵی كۆتاییه‌تی و باوكی كه‌سێكی به‌ته‌مه‌نه‌و ته‌مه‌نێكی زۆری له‌پێشمه‌رگایه‌تیدا به‌سه‌ربردووه‌و ئێستا توانای ڕۆیشتنی له‌ده‌ست داوه‌و له‌سه‌رجێگا كه‌وتووه‌، باوكی سه‌ربه‌ست له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر له‌ماڵه‌وه‌یه‌و توانای ڕۆیشتنی نه‌ماوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ زۆر حه‌ز به‌گێڕنه‌وه‌ی یادگارییه‌كانی ده‌كات و هه‌موو كات باس له‌ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی و نه‌به‌ردییه‌كانی شاخ و چالاكییه‌كانی ده‌كات.
ڕۆژێك سه‌ربه‌ست وه‌ك هه‌موو ڕۆژێكی تر له‌ده‌وام گه‌ڕایه‌وه‌و سه‌لامی له‌دایك و باوكی كردو چووه‌ پاڵ باوكی و وتی: باوكه‌ گیان جلی كوردی چ واتایه‌كی هه‌یه‌؟ باوكی وتی ئه‌وه‌ تۆ ئه‌ڵێی چی كوڕم؟ جلی كوردی ڕه‌مزی كورداییه‌تیه‌و ئێمه‌ ته‌مه‌نێك خۆمان بۆ به‌خت كردو هه‌موو ته‌مه‌نی گه‌نجیمان له‌و ڕێگایه‌دا سه‌رف كرد تائه‌وه‌ی ڕه‌مزی كوردایه‌تی خۆمان له‌ده‌ست نه‌ده‌ین و پارێزگاری بكه‌ین له‌هه‌موو به‌هاو ڕه‌وشت و ئاكاری كرده‌واریمان و كلتوری خۆمان بپارێزین و تاچیتر ئێمه‌ش وه‌ك هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی جیهان شانازی بكه‌ین به‌جل و به‌رگ و كلتوری نه‌ته‌وایه‌تیمان و ئاڵای وڵاتمان پیرۆزو گه‌شاوه‌ ڕابگرین، سه‌ربه‌ست له‌ ناخه‌وه‌ ئاهێكی پڕ له‌حه‌سره‌تی هه‌ڵكێشا،
باوكی وتی چیبووه‌ كوڕم؟ چی له‌ناختدایه‌ كه‌وا ئه‌وه‌نده‌ خه‌مبارو بێتاقه‌تی؟
سه‌ربه‌ست وتی: باوكه‌گیان من له‌م كوردایه‌تیه‌ تێناگه‌م كه‌تۆ بۆم باسده‌كه‌یت! ئاخرچۆن ده‌گونجێت ئێوه‌ هه‌موو ته‌مه‌نی خۆتان به‌و شێوازه‌ سه‌رف كرد تائه‌وه‌ی ته‌نها وشه‌ی كوردایه‌تی به‌ده‌ست بێنن یان ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌ مافی كوردایه‌تی بكه‌ن؟ ئاخر ئیمڕۆ ده‌می هه‌ر به‌رپرسێك ده‌كه‌یته‌وه‌ باسی كوردایه‌تی ده‌كات به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه‌ باس له‌كوردایه‌تی ده‌كه‌ین هیچ وڵاتێكی دنیا ئه‌وه‌نده‌ باس له‌نه‌ته‌وایه‌تی خۆیان ناكه‌ن كه‌چی كه‌سه‌یری مافی كوردایه‌تیمان ده‌كه‌ین هێنده‌ له‌دواوه‌ین كه‌ڕووی باس كردنمان نیه‌.
باوكی وتی: كوڕم چی بووه‌؟ تۆ بۆچی ئه‌وه‌نده‌ نائومێدی ئه‌ی نابێت ئیمڕۆ هه‌موو خه‌ڵكی به‌ئازادی دێن و ده‌چن و هه‌موو كه‌س شانازی به‌كوردایه‌تی خۆیانه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئیتر تۆ چیتده‌وێت؟ سه‌ربه‌ست وتی: باوكه‌گیان من ئیمڕۆ سه‌فره‌ی زانسنیمان هه‌بوو له‌به‌رئه‌وه‌ ویستم جلی كوردی له‌به‌ربكه‌م، بۆیه‌ به‌جلی كوردییه‌وه‌ خۆم گۆڕی و ڕۆیشتم به‌ڵام كاتێك له‌ په‌یمانگا ویستم بچمه‌ ناو پاسه‌كه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاورێكانمدا بۆ ئه‌و سه‌فه‌ره‌ به‌ڕێ بكه‌وین به‌ڵام مامۆستا یه‌كسه‌ر ڕووبه‌ڕوم بۆیه‌وه‌و وتی جلی كوردی مه‌منوعه‌ نابێت به‌جلی كوردیه‌وه‌ بێیت هه‌رچه‌ند هه‌وڵمدا سودی نه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ پانتۆڵ و كراسێك كه‌هه‌روا بۆكاتی پێویست له‌گه‌ڵ كه‌لوپه‌له‌كانم هێنابووم ده‌رم هێناو خۆم گۆڕی ئینجا ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ی پێدام كه‌بچمه‌ ناو پاسه‌كه‌وه‌. دایكی وتی ئاخر كوڕم له‌په‌یمانگاكه‌ی ئێوه‌دا له‌وه‌ده‌چێت یاسای یه‌كپۆشی هه‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ ڕێگریان له‌و جلانه‌ی تۆ كردووه‌ . سه‌ربه‌ست وتی: دایه‌ گیان خۆزگایه‌ به‌وته‌ی تۆ بوایه‌و له‌به‌ر یاسای یه‌كپۆشی ڕێگریان له‌من بكردایه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بۆ هه‌موو جلێكی تر ئاساییه‌ جگه‌ له‌جلی كوردی. بابه‌ گیان من هه‌میشه‌ شانازیم به‌وه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ تۆ له‌پێناو دروشمی كورده‌واریماندا قاچه‌كانت له‌ده‌ستداوه‌ به‌ڵام ئێستا نازانم چی بڵێم كاتێك ئه‌مه‌ به‌رهه‌می تێكۆشان و ماندوو بونتان بوو بێت؟ بابه‌ گیان ئه‌و جه‌مه‌ندانیه‌ی سه‌ری تۆ ئێستا له‌ناو گه‌نجانی ئه‌م وڵاته‌دا نیشانه‌ی دوواكه‌وتن و نه‌زانیه‌، بابه‌ گیان له‌بیرته‌ جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان من جلی كوردیم له‌به‌ركردبوو؟ ئه‌زانی كاك شه‌ماڵی دراوسێمان چی پێوتم؟ به‌گاڵته‌ جاڕییه‌كه‌وه‌ وتی كوڕی باش ئه‌ڵێی سه‌رت لێ تێكچووه‌ خۆ نه‌ورۆز نییه‌ تا جلی كوردی له‌به‌ربكه‌یت؟ بابه‌ گیان ئێستا خه‌ڵكی جلی كوردی ته‌نها بۆ نه‌ورۆز یان له‌بۆنه‌كاندا پێی جوانه‌. یان بۆ ئیش كردن جلی كوردی له‌به‌رده‌كه‌ن. دایه‌ گیان ئه‌و جله‌ كوردیانه‌ی تۆش كه‌ ئێستا له‌به‌رتدایه‌ كه‌نیشانه‌ی حیشمه‌ت و حه‌یاو ڕه‌وشت به‌رزییه‌و نازنامه‌ی كوردایه‌تیمانه‌، به‌ڵام ئێستا نیشانه‌ی دوواكه‌وتن و نه‌زانییه‌، ئێستا ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك جلی كوردیش له‌به‌ربكات به‌و شێوازه‌ی ئێوه‌ نایه‌وێت، به‌شێوازێك ده‌یانه‌وێت كه‌ هیچ شێوه‌یه‌كی له‌جلی كوردی ناچێت، ده‌توانم بڵێم له‌جلوبه‌رگی هه‌ر میلله‌تێكی تر ده‌چێت جگه‌ له‌جلوبه‌رگی كورده‌واریمان. بابه‌ گیان ئه‌گه‌ر پێت خۆشه‌ من و تۆو دایه‌ ئه‌چینه‌ ده‌ره‌وه‌و تا بۆ خۆت ببینی ئه‌مڕۆ له‌كوردستان چی ڕوویداوه‌؟
باوكی سه‌ربه‌ست به‌چاوێكی پڕ له‌ئه‌سرینه‌وه‌ وتی: وازبێنه‌ كوڕم، ئه‌وه‌ی گوێیه‌كانم بیستی نامه‌وێت چاوه‌كانم بیبینێ‌، ڕۆڵه‌ گیان من تائێستا خه‌فه‌تم له‌قاچی له‌ده‌ستچووم نه‌خواردووه‌، به‌ڵام ئێستا هه‌ست به‌بێزاری و ناڕه‌حه‌تی ده‌كه‌م، من كه‌سه‌یری ژیانی ڕابردووم ده‌كرد خۆزگه‌م ده‌خواست كه‌ هه‌موو ئه‌و هاوڕێیانه‌م كه‌ بۆ ئه‌م ڕۆژه‌ ژیانی خۆیان داناوه‌ بۆ ته‌نها جارێك زیندووبوونایه‌وه‌و به‌رهه‌می ماندووبونیان بدیایه‌ چونكه‌ من زۆر خۆم به‌خۆشحاڵ ده‌زانی و ده‌موت من گه‌یشتم به‌ئامانج و ئاواته‌كانمان هاته‌ دی به‌ڵام ئێستا خۆزگه‌ به‌وان ده‌خوازم و ده‌ڵێم خۆزگایه‌ منیش هه‌ر له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ندا گیانم ده‌رچوایه‌و ڕۆژێكی وه‌هام نه‌دیایه‌، چونكه‌ ئێستا ده‌بینم هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی قاچه‌كانم له‌ده‌ستداوه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ئامانجه‌كانمان له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌و ئامانجانه‌ی كه‌ئێمه‌ هه‌میشه‌ ببوو به‌خه‌ونی شه‌وانه‌و ڕۆژانه‌مان و گیانی خۆمان بۆ به‌خت ده‌كرد.
ئاخ ........ ئاخ ........ بۆ قاچی له‌ده‌ستچووم ، ئاخ بۆ ڕه‌مزی كورده‌واری و ئاخ بۆ ڕه‌وشتی به‌رزی كورده‌واری.