داڕشتنی دەستور لە هەر وڵاتێك بۆ ڕێكخستن و دانانی بەرنامەی كاری ئەو وڵاتەیە و، هەموو تاكێكی وڵات پێویستی بە بونی دەستورو یاساكان هەیە كەم یان زۆر. لە هەرێمی كوردستانیش ماوەیەكە دەزگاكانی ڕاگەیاندن بە گێڕانەوەی دەستورەوە سەرقاڵ كراون، هەندێك دەڵێن بۆ پەڕلەمان و هەندێك دەڵێن بخرێتە ڕاپرسیەوە، بە هەر حاڵ هەر كام لەمانە بێت ئیشی من نیە بچمە ناو ئەو كارەوە، ئەوە كەسی شارەزاو پسپۆڕ دەبێت قسە لەسەر ئەوە بكات، بەڵام ئەوەی لای من و هەر تاكێكی ئەم وڵاتە گرنگە كێشەی دەستور نەكرێتە فشار بۆ سەر دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن، بەڵكو هەموان لە خەمی نەتەوەكەماندا بین و نەهێڵین لە ناو كەشتی ململانێكاندا دووچاری لەناوچون ببین، بیر لەوە بكەینەوە گونجاوترین ڕێگەچارە بدۆزینەوە كە چارەسەری گرفتەكانمان بكات. ئەوەی لێرەدا مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە لە هەندێك ماڵپەڕ هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە ناوی هەندێك مامۆستای ئاینی تێدا هاتوە گوایە لە كوردستان ئەوەندە ژمارە زانای ئاینی داوای گەڕاندنەوەی دەستور دەكەن بۆ پەڕلەمانی كوردستان. شتێكی ئاساییە هەر كەسێك ڕاوبۆچونی ئازادانەی خۆی هەبێت لەسەر هەر پرس و شتێك كە لەم كوردستانەدا دێتە ئاراوە بەتایبەت پرسی دەستور. ئەو بابەتەی كە واژۆی ئەو مامۆستایانەی لەسەر كراوە زۆر ئاساییە دەستور بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان یان بخرێتە ڕاپرسیەوەو، تاكی كۆمەڵگا هەر كەس ڕای خۆی بدات لەسەری، هەتا ئێرە كێشە نیە چۆن بكرێت. بەڵام ئەوەی مایەی سەرسوڕمان بوو سەرنجی منی بۆ ئەم بابەتە ڕاكێشائەوە بو كە ئەو ماڵپەڕانە وایان بڵاوكردوەتەوە كە ئەوەندە زانای ئاینی داوای گەڕانەوەی دەستور بۆ پەڕلەمان دەكەن، كە بەشێك لە ناوی ئەو مامۆستایانەی ناویان هاتوە بۆ واژۆكردنەكە دوبارەبوەتەوە بەبێ ئەوەی ماڵپەر و ڕاگەیاندنەكان دەرك بەوەبكەن. لە ڕاستیدا من وای نابینم كە تەنها ئەو ناوانە ئەو داوایە بكەن یان ئەوانە نوێنەرایەتی زانایانی ئاینی بكەن لەگەڵ ڕێزو حورمەتم بۆ هەر مامۆستایەكی ئاینی هەر جۆرە بیركردنەوەو لایەنگری هەر لایەنێكی سیاسیش بێت بە ئیسلامی ولایەنەكانی تریشەوە، چونكە ئەوە بیركردنەوەی خۆیانەو ئازادیشن، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕامانە بۆچی تەنها هەندێك مامۆستای ئاینی واژۆیان كردوە، كە لایەنگری لایەنەئیسلامیەكانن، ئاخۆ ئەوان لەسەر داوای حیزب بەو كارە هەستاون یان وەكو خۆیان گوتەنی وەكو هەستێكی نیشتیمانی ئەو كارەیان ئەنجام داوە، ئەگەر وەكو مامۆستای ئاینی بەو كارە هەستاون بۆچی جگە لە ئیسلامیەكان كەسی تری تیا نیە، كە مامۆستایانی ئاینی هەموانیان لە خەمی ئەم وڵاتەدان و بڕواناكەم كەسێك هەبێت لە خەمی گەل و نەتەوەكەیدا نەبێت. مامۆستای ئایینیش دەبێت لە هەمو كەس بێلایەنتر بێت، چونكە ئەوان كاتێك لە ناو مزگەوت و بۆنە ئاینیەكان وتار ئەدەن تەنهائیسلامیەكان نین كە گوێبیستی وتارەكانیان بن، بەڵكو هەزاران كەسی بێلایەن و تەنانەت سەر بە دەسەڵاتیشی تیایە گوێ بیستی ئەوانن، پاشان ئایە ئەو پرۆژەو داواكاریە لە كام شوێنی ئەم وڵاتە خرایە بەردەستی مامۆستایانی ئاینی و داوایان لێكرا بێت واژۆی بكەن ئەوان نەیان كردبێت. جگە لە بارەگاو مەكتەبە حیزبیەكانی ئیسلامیەكان كەسی تر ئاگاداری ئەو بەیاننامەیە نیە. من دژی پرۆژەكە نیم پێشم وایە مامۆستایانی ئاینی دەبێت پێشەنگی میللەت بن و دڵسۆزی خۆیان بۆ هەموان بسەلمێنن، بەڵام تا سەر ئێسقان دژی ئەو پەرتەوازەی و لێكترازاندنەی ناو مامۆستایانی ئاینیم كە دەبینم كەسانێك لەژێر چەتری حیزبەكان و بە ئاراستەی ئەوان هەنگاو هەڵبگرن و، خۆیان بكەنە دەمڕاست و، لای تاكی هاوڵاتی خۆی وا پیشان بدەن تاكە دڵسۆزی وڵات ئەم كەسانەن و باقی كەسانی تر وەكو دێوەزمە پیشان بدەن و تۆمەتبارو لەكەداریان بكەن بە پیاوی دەسەڵات. ئەگەر وانیە بۆچی جگە لەو كەسانەی ناوحیزبە ئیسلامیەكان كەسی تری تیانەبو. لە كاتێكدا ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان ڕێكخراوێكی دیاری وەكو یەكێتی زانایان نوێنەرایەتی زانایانی ئاینی دەكات و زمانگۆی مامۆستایانی ئاینیە وهەموانیش لەژێر چەتری ئەو ڕێكخراوەدا كۆبوینەتەوە بەئیسلامیەكانیشە وە، نەوەك مەكتەبی حیزبەكان بە ڕاست وچەپەوە، بۆیە ئەبوایە ئەو كەسانەی واژۆیان كردوە بە ڕاشكاوی بیان وتایە ئێمە وەكو مامۆستایانی ئاینی سەر بە فڵان و فڵان حیزب ئەو داوایەمان هەیە و بەو كارە هەستاوین نەوەك بڵێن ئێمە وەكو خەمخۆری و سەربەخۆبونمان بەو كارە هەڵدەستین ئیتر ئەو كات دەرئەكەوت كی سەربەخۆیە و كێی تریش سەر بەو حیزبانەیە، چونكە لە ڕاستیدا ئەو بڵاوكراوەیە سەربەخۆیی و بێلایەنی خۆی لە دەست داوە، چونكە جگە لە هەوادارانی ئیسلامیەكان تەنها كەسێكی تری تیا بەدی ناكرێت، ئەوەش ڕاستیەكی حاشاهەڵنەگرەو شاردنەوەی ناوێت. ئەوەش پێمان خۆش بێت یان ناخۆش بە ناوی ئەوانەوە سەیر دەكرێت، ئیتر چاكیان كرد بێت یان خراپ زمانگۆی ئەو حیزبانەن و، ئەوانیش خاوەنی پرۆژەكەن، پێشم وایە ئەو مامۆستا بەڕێزانە لەگەڵ ڕێزو حورمەتم بۆیان كەسانی ئاراستە كراون، بۆیە جگە لە خۆیان كەسی تریان ئاگادارنەكردوەتەوە، ئەمەیش وەكو گۆشتی قوربانی و قۆچەكە یە كە تەنها بۆخۆیانە و بەس ئەو پەندە كوردیەشم دێتەوە یاد، كە دەڵێت: ئۆخەی ئۆخەی هەر كەس بۆ خۆی، بۆیە ئەگەر وانیە بۆچی لە هەموو سنوری بادینان تەنها كەسێكی تیانیە؟، بۆچی ناوچەكانی گەرمیان وچەمچەماڵ و ڕانیەو قەڵادزەو پێنجوێن و سۆرانی تیا نیە؟ بۆچی لە هەموو قەزای سید صادق تەنها یەك كەسی تیایە؟ دەپرسم: كێ ئەم بەیانەی نوسی؟ ئەی كێ و لە كام كۆبوونەوەدا وتەبێژ دەست نیشان كرا؟ جگە لە مەكتەبی حیزبەكان كێی تر لەم كارە ئاگادار كراوەتەوە؟ هیوادارم هەموان ئەو ڕاستیە بزانین. ئەگەروانەبوایە بەئازادی وسەربەخۆیانەبكرایە و بەئاراستەی كەس نەبوایە ئەوامنیش وهەزارانی تریش هاوڕادەبوین وبەڵكوبەشداری ئەوداوایەش دەبوین بەڵام بەداخەوەئەم هەنگاوەش جارێكی تربەسیاسی كراولەباربرا. والله من وراء القصد |