یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: وەفاتی زانای ناوداری کوردستانی رۆژهەڵات (مامۆستا مەلا سەید نورەدین واژی) کەلێنێکی گەورەیە بۆ هەموو زانایان    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەرێوە دەچێت    *****    *****   مامۆستا مەلا عبدالله  مصطفى حەمە کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە بەشداری نوێنەری یەکێتی زانایان و دانانی ئاڵای کوردستان کۆنفرانسی جیهانی ئەکادیمیای زانایانی تەسەوف لە ئەستەنبۆڵ بەڕێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لە قەتەر بەشداری پازدەهەمین کۆنگرەی دیالۆکی نێوان ئايینەکان دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا خەیری ئەحمەد رەشید وەک بەرپرسی نوێی لقی شێخانی یەکێتی زانایان هەڵبژێردرا    *****    *****   مامۆستا مەلا عەلی سیامێوەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا جەلال مەلا سالح هەڵەبجەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا عبدالرحمن قادر ڕوستایی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا فەتاحی شارستێنی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە سەرۆکی بۆردی باڵای وتاری هەینی و شاندێکی یاوەری دەکات    *****    *****   بۆ پیرۆزبایی کردن لە ساڵیادی دەرچوونیدا سەرۆکی یەکێتی زانایان سەردانی (گوڵان) دەکات   
هێمن عومه‌ر خۆشناو -شه‌قڵاوه‌
به‌رواری دابه‌زاندن: 01/08/2012 : 13:38:08
قه‌باره‌ی فۆنت
مەلا) لە تەفسیرەكەی (مەلای گەورە)دا: مەلایەتی‌و ئیجازە

مەلای دوانزە عیلم، یان مەلای ئیجازە وەرگر، دوو چەمكن لەمێژووی زانستە شەرعییەكان‌و لەناو كورد رەواجێكی زۆریان هەیە، بەو پێیەی هەردووكیان ئەركێكی گەورە دەخەنە سەر كەسێتییەكەو بەشێوەی ئەمڕۆ لەبڕوانامەیەكی بەرز زێترو بەبەهاتریشن. لێرەوە قسەكردنی ئێمە لەسەر چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی ئیجازەكانی ئەمڕۆو خودی ئیجازە وەرگر‌و ئیجازە دەرەكانن، هەر هەمووشیان لەگەڵ چەمكێك بەندیوار دەبن، ئەویش بریتییە لەدڵسۆزی، دەپرسین: ئایا لەڕووی دەروونی‌و رۆحییەوە چەندە ئیجازەدەرەكان ئاسوودەن لەپێدانی ئیجازەو خودی ئیجازە وەرگرەكانیش چەندە شاییان بەمۆڵەتەكەو چوونە ئەو پایە بەرزەو ئەو ئەركە قورسەیە دێت‌و هەگبەی هەردوولا لەرووی زانستییەوە چۆن شەن‌و كەو دەكرێ‌و بەكام پێوەر هەڵسەنگێنرێن؟

لەناو كاروانی زانستی ئایینی كوردستاندا، گەلێك چەلان بڕوانامەدارەكانی چەشنی ماستەرو دكتۆرا لەگەڵ ئیجازە وەرگرو ئیجازەدەرەكاندا لەململانێیەكی دەروونی دان، لێ‌ راستییەكەی ئەوەیە بە هیچ كڵۆجێك ناكرێ‌ ئەم دوو لایەنە بەراورد بكرێن، نەك بەو مانایەی یەكێك لەوی تر باشتر بێت، چونكە كردەی بەراوردكردنەكە ناوەستێتە سەر خودی بڕوانامەی هاوچەرخ‌و بڕوانامەی شێوازی دێرین، لەسۆنگەی ئەوەی ئەوە كەسەكانن كە سنووری هەموو بڕوانامەكان‌و دوازدە عیلمەكان تێدەپەڕێنن‌و دەتوانن بەكارامەیی‌و شارەزایی لەو دەریایەدا مەلە بكەن، نەوەك مەراسیم‌و جلوبەرگ‌و بڕوانامەو لەقەبی قەبە قەبەی عیلمی!

مەسەلەی خزمەت‌و دڵسۆزی‌و كۆشش كردن‌و ماندوبوون، زۆر جار پێوەرەكان تێك دەشكێنێ‌، بەو مانایەی لەناو كوردیشدا بەشێك لە مەلا هەس كە بۆی نەلواوە ئیجازە وەربگرێ‌ و بڕوانامەی مۆدێرنیشی نییە، بەڵام لەنووسین و لە قووڵ بوونەوە لەزانستە شەرعییەكاندا مەلەوانێكی كارامەیەو كەم كەس دەتوانێ‌ شانی لەشانی بدات. بەپێچەوانەوەش زۆر خاوەنی ماستەرو دكتۆراو پرۆفیسۆرو هەروەها زۆر مەلای ئیجازە وەرگریش لەو رۆژەوەی خوێندنیان تەواو كردووە بە ئیستیلاحی ئەم زەمانە (كە لەراستیدا خوێندن تەواو نابێت) بڕواناكەم كتێبێكیان لە ئەلفەوە تا یێ‌ خوێندبێتەوەو وەك ئاوێكی مەنگ ماونەتەوەو بگرە لە كورتیش دەدەن.

ئەوەی ئەمڕۆ لەكوردستاندا دەگوزەرێ‌، لەراستیدا پێویستی بە پێداچوونەوەیەك هەیە بە سیستەمی ئیجازە دان‌و ئیجاوە وەرگرتن دا، كە دەكرێ‌ خۆی لەم خاڵانەدا ببینێتەوە:

1- مامۆستای ئیجازەدەر، هێندە لەهەڵپەی ئیجازەبەخشین نەبێت‌و دوو ئەوەندە تەواوزوع بنوێنێ‌‌و وەك بارێكی قورس ترسی لێی هەبێت كە بەیانی لەبەردەم خواو میللەتەكەیدا بەهۆی كەم زانینی ئیجازە وەرگرەكە، لەسەری قەرزرار نەبێتەوە.

2- دەبێ‌ لای هەردوولا (ئئیجازە وەرگرو ئیجازەدەر) ئەم راستییە لەناخ‌و دەرووندا جێگیر بێت كە ئەم قۆناغە قۆناغێكی هەستیارەو خۆ ڕەپێش كردن بۆی، بەبێ‌ تەوازوع‌و ماندوبوون‌و هەگبەی زۆرەوە، بەرهەمێكی ساغ‌و دروستی لێ‌ شین نابێت.

3- نووسین‌و زانایی‌و قووڵ بوونەوە لەزانستە شەرعییەكاندا، پێوەری ئیجازەو بڕوانامەو شیخایەتی‌و دەرچووی فلان شوێن‌و فیسار شوێن‌و خوێندن لای فلان‌و فیسار مامۆستا بەرزی ناكاتەوە، بەڵكو خودی كەسەكە دواجار پێوەرە بۆ پڕ بەرهەمی زیرەكی‌و زانایی، ئەگەر نا بە قەولی (مەلای گەورە) لەگوندێكی دوورە دەستیشدا داهێنان دەكرێ‌ بێ‌ ئەوەی رەچاوی ئیجازەو بڕوانامە بكرێ‌: ((مەلا خالیدی كونەفلوسە، رسالەیە جوانی داناوە، حەققەن جێی تەعەججوبە، لەكۆرە دێیە وەكی كونەفلوسە، مەلایە هەڵكەوێ‌ لەو نەوعە مەسائیلە هاممە تەئلیف بكا)) تەفسیری كوردی، بەرگی شەش، لا195.

4- راستییەك هەیە زۆر تاڵیشە، بەڵام كاتی هاتووە باس بكرێت، ئەویش ئەوەیە هەندێك لەو موجیزانەی وەك كارگەو بێ‌ بنەما موجازیان پێگەیاندووە، پێویستە زوو پەشیمان ببنەوە لەوەی كە ئەوان لەهەندێكیاندا ئیجازەی پێشنویژی‌و وتارخوێنیان بەخشیوە نەوەك ئیجازەی دوانزەعیلمی، چونكە بەڵگە هێنانەوەی ناوێت‌و مانگ حەوجێی بە ئەنگوست نییە.

5- ناكرێ‌ بە ئامانجی ئەوەی مزگەوتەكان پێویستیان بە (مامۆستا) هەیە، لەو روانگەوە زیوانیش تێكەڵ بە دەغڵی ساغ بكرێت‌و بەو هۆیەوە ئەنجامی ناتەندروستی لێ‌ بڕوێتەوە.

بە ئومێدی ئەوەی ئیجازەی مەلایەتیی، زانا دروست بكات، نەوەك وەك زانكۆكان فەرمانبەر دروست بكات‌و ئەوانیش ببنە كارگەی بەخشینی ئیجازەو بێ‌ ئەوەی مامۆستای موجیزو موجاز شایانی ئەوە بن، هەستی ئەو بارە قورسە هۆشیاریان نەكاتەوە. خۆزگە تێڕوانینەكانیش بۆ ئەم دوو چەمكانە دەگۆِردران و تەندروست دەبوون‌و دڵسۆزی‌و ماندووبون‌و بەرهەم دەبوونە پێوەر نەوەك بڕوانامەی بەرزو ئیجازەی دوانزە عیلمی!!!! بەئاواتی ئەو رۆژە.

ئەم بابەتە لە ژمارە (83)ی گۆڤاری پەیامی زانایان بڵاوكراوەتەوە.