یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   پێکەوەژیانی ئایینی لە سۆران    *****    *****   مامۆستا مەلا محمد ئیبراهیم رەزگەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵی کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ لەبارەی پێکەوەژیانی ئایینی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لە هەردوو قەزای ئاکرێو بەردەڕەش ژمارەیەک مامۆستای ئایینی بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی ئاکرێ و لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   یەکێتی زانایان پانێڵێکی تایبەت بە گرنگیدان بە تەوزیفکردنی زانستی تەجویدو پاراستنی مۆرکی رەسەنی مەقامی جوان خوێندنەوەی قوڕئان بەرێوە ساز دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە گوندی بێراوە بەرێوە دەچێت    *****    *****   شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی دەڤەری گەرمیان بەسەر دەکاتەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات    *****    *****   د.عبدالله شێرکاوەیی بۆ ماڵپەڕی روداو: لە ئیسلامدا هیچ سنوورێک بۆ مارەیی دیاری نەکراوە    *****    *****   کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەرێوە دەچێت چەند پرسێکی گرنگ و تایبەت تاوتوێ دەکات   
هێمن عومه‌ر خۆشناو -شه‌قڵاوه‌
به‌رواری دابه‌زاندن: 15/12/2011 : 11:46:37
قه‌باره‌ی فۆنت
(مه‌لا) له‌ ته‌فسیره‌كه‌ی (مه‌لای گه‌وره‌)دا: مه‌لایه‌تی و ته‌ریقه‌ت
ته‌ریقه‌ت له‌ناو كورده‌واریدا مانا فه‌رهه‌نگییه‌كه‌ی خۆی له‌ ده‌ستداوه‌و واتایه‌كی تری لێ‌ باركراوه‌, ئه‌ویش بێ‌ سێ‌ و دوو بیرمان بۆ هه‌ردوو ته‌ریقه‌تی قادری و نه‌قشی ده‌بات, ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌ر رێبازو كۆمه‌ڵه‌و به‌رنامه‌یه‌كی تر به‌كارهێنه‌رو په‌یره‌وكارانی له‌ خه‌وش و خڵت به‌ده‌ر نین, له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ قسه‌كردنی ئێمه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی كارلێك كردنی مامۆستاو مه‌لایانی كورده‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو رێبازه‌و له‌سه‌ر خودی ته‌ریقه‌ت، نه‌ك پێناسه‌و چه‌مك و مه‌وداو هێڵی گشتی ئه‌م ته‌ریقه‌تانه‌.

گومانی تێدا نییه‌ زۆربه‌ی رێبازو ته‌ریقه‌ته‌كان له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا به‌ تێپه‌ڕبوونی كات گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت و نابێ‌ به‌ چاوی ئه‌وساوه‌ په‌یڕه‌وكارانی ئه‌مڕۆ بخه‌ینه‌ به‌ر ته‌رازوو و هه‌ر وه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش هه‌ندێ‌ جار به‌ تێڕوانینێكی سه‌رچیغ چوو ده‌ژمێردرێ‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ خودی مرۆڤه‌كانن كه‌ وێنای ته‌ریقه‌ته‌كان ده‌گۆڕن و به‌ دیوێكی تری داده‌به‌ن, نه‌ك خودی به‌رنامه‌ ته‌جریدییه‌كه‌, بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێ‌ سنووری ئاقاری هه‌ردوو چه‌مك دیار بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی زانستانه‌ بخرێنه‌ به‌ر نه‌شته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌.

ته‌ریقه‌ته‌كان له‌ ئایین هه‌ڵهێنجراون, بۆیه‌شه‌ كه‌م تا زۆر په‌یوه‌ندییان به‌ ئایینه‌وه‌ هه‌ر ده‌مێنێ‌ و هه‌ر په‌ڵه‌و ماكێك پێیانه‌وه‌, پرووشكی ناشیرینیش به‌ر ئایین خۆی ده‌كه‌وێت, جا مه‌یدان بۆ مامۆستای ئاینی سه‌خت تر ده‌بێت تا بتوانێ‌ به‌ ئه‌ركه‌ پێشه‌نگ و پێشه‌واییه‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌و خڵت و خارانه‌ له‌ دیوی ده‌ره‌وه‌ی ئایین بكاته‌وه‌. ئه‌م په‌یوه‌ندی به‌ش له‌ گشته‌, كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی دروستكراوه‌ نه‌ك سرووشتی, ده‌بێ‌ زۆر هۆشیارانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێ‌, چونكه‌ هه‌ر هه‌ڵه‌و پێ‌ هه‌ڵزه‌لینێك دوو قات به‌سه‌ر مامۆستای ئاینیدا ده‌شكێته‌وه‌, بۆیه‌ به‌ ته‌وازوع و ره‌خنه‌ له‌خۆگرتنه‌وه‌ ده‌بێ‌ له‌و چه‌مكانه‌ بڕوانرێت و به‌ ته‌رازووی شه‌رع كه‌ تاكه‌ ته‌رازووی راسته‌قینه‌ی مه‌لایانه‌ بپێورێن.

له‌ راستیدا ده‌بێ‌ ته‌ریقه‌ت له‌ خزمه‌تی شه‌ریعه‌ت بێت نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، گه‌ر له‌ مێژوو بڕوانین زۆر جاران شه‌ریعه‌ت به‌ ده‌ست ته‌ریقه‌ته‌وه‌ ناڵاندویه‌تی و خودی پێشڕه‌وانی شه‌ریعه‌ت كه‌ مه‌لایه‌كانن بزوێنه‌رو ئاگرخۆشكه‌ری ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ بوونه‌, ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ش له‌وه‌وه‌ هاتوه‌ كه‌ هه‌ندێ‌ له‌ شێخانی ته‌ریقه‌ت به‌ لاملییه‌كی زۆره‌وه‌و به‌ بێ‌ تێداهه‌بوون و توانایی زانستییه‌وه‌ خۆیان كردۆته‌ پێشه‌نگی شه‌ریعه‌ت, كه‌ ئه‌مه‌ له‌ سه‌رێكه‌وه‌ ده‌بنه‌ بار به‌سه‌ر خودی ئایین له‌ روانگه‌ی تێنه‌گه‌یشتنه‌وه‌و به‌ ده‌ردی (تێنه‌گه‌یشتوو له‌ به‌ڵای خوای خراپتره‌) چوونه‌, له‌ سه‌رێكی تریشه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی سنووری ته‌ریقه‌تیش ده‌رچوونه‌, كه‌ ته‌ریقه‌ت رێگایه‌كه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی ده‌روون و هه‌ڵبژاردنی رابه‌رێكه‌ بۆ ده‌ست گرتن و رۆیشتن بۆ دونیایه‌كی پاكتر كه‌ تێیدا زیاتر به‌هره‌مه‌ند بێت به‌ په‌رستن و خۆپاككردنه‌وه‌ له‌ گوناهو تاوان، نه‌ك له‌ پێی خۆ ده‌رچوون و به‌ر پێی خۆ نه‌دیتن.

رابه‌ر دروست كردن و بوون به‌ موردیدی كه‌س و ته‌ریقه‌تێك، حاڵه‌تێكی ئاساییه‌ به‌ تایبه‌تی بۆ كه‌سێك كه‌ كه‌م شاره‌زا بێت و به‌و هۆیه‌وه‌ ئه‌و رابه‌ره‌، یان ئه‌و ته‌ریقه‌ته‌، هۆكارێك بێت بۆ ده‌ربازبوون له‌ دونیای مادییه‌ت, ئه‌مه‌ بۆ كه‌سی ئاسایی تا راده‌یه‌كی زۆر شیاوه‌, به‌ڵام بۆ زانای ئاینی ده‌بێ‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێ‌, چونكه‌ تاكه‌ ته‌ریقه‌تی زاناو مه‌لایان، ته‌نیاو ته‌نیا شه‌ریعه‌ته‌ و هه‌موو شێخێكی زاناو هه‌موو زانایه‌كی شێخیش بۆ مامۆستای ئاینی مورشیدو شێخێكه‌, ئاخر (مه‌لا) له‌ روانگه‌ی زانست و شه‌رعه‌وه‌ كه‌سانی تر ده‌كا به‌ شێخ و رابه‌ری خۆی, بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دونیای مه‌عنه‌وی و رۆحیدا لێی سوود مه‌ند بێت, نه‌ك به‌ پێوه‌ری دیكه‌. چونكه‌ خودی ئه‌و شێخ و رابه‌ره‌ پایه‌به‌رزانه‌ی مێژوو, خۆیان به‌ مه‌لاو زانایه‌كی ئاینی داناوه‌, ئه‌وه‌ كه‌سی نه‌فام و ناتێگه‌یشتوون كه‌ پێیان وایه‌ ته‌ریقه‌ت له‌ شه‌ریعه‌ت به‌رزترو، شێخ له‌ مه‌لا پایه‌دارتره‌ و ئه‌و دوو چه‌مكه‌ دوالیزمانه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر دانوویان ناكوڵێ‌.

ره‌حمه‌تی (مه‌لای گه‌وره‌) به‌ ده‌ردی خراپ تێگه‌یشتن له‌ ته‌ریقه‌ت و هه‌ندێ‌ موریدو ده‌روێشی كالفامه‌وه‌ ناڵاندویه‌تی و بۆیه‌ ئه‌مه‌ی بۆ ئێمه‌ ده‌رخستووه‌ كه‌ زاناو زاتێكی وه‌ك (شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانی) ئێستاش هه‌موومان له‌ كانیی نووسینه‌كانی ئاو ده‌خۆینه‌وه‌, كه‌چی ده‌روێشێك پێی كوفر بووه‌ به‌ شێخی گه‌یلانی بگوترێ‌ (مه‌لا), له‌و روانگه‌ی، ئه‌وان نووسین و به‌رهه‌می فكری مه‌لای گه‌یلانیان نه‌دیوه‌و له‌گه‌ل بیرو هزری نه‌ژیاون و ته‌نیا به‌ رووكه‌ش و ناو كردویانه‌ته‌ پێشه‌نگ. مامۆستا ده‌فه‌رموێ‌: ((جارێ‌ له‌ وه‌عزا وتم: (مه‌لا عه‌بدولقادری گه‌یلانی) وای فه‌رمووه‌، قادریه‌كان هاربوو بوون، كو مه‌لا، به‌ حه‌زره‌تی غه‌وس ئه‌لێ‌: مه‌لا؟! )) ته‌فسیری كوردی، ب7،لا26.

به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی ئه‌م دوو چه‌مكه‌ به‌ ته‌رازووی شه‌ریعه‌ت و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستانه‌ له‌ بیرو هزری هه‌موومان راست بكرێنه‌وه‌و ئیتر مه‌لایانی كوردیش وه‌كو (مه‌لای گه‌وره‌) ده‌رك به‌و راستیانه‌ بكه‌ن و موریدو خاوه‌ن ته‌ریقه‌ته‌كانیش له‌ كارو هه‌ڵوێستی خۆیان بپرسنه‌وه‌و ئه‌و دوو چه‌مكه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك به‌ رۆح و رووكه‌شه‌وه‌ راست بكه‌نه‌وه‌ و به‌ هه‌ردووكیان هه‌وێنی مه‌لایه‌تی پڕ عیلم و ته‌زكیه‌ی ده‌روونی زانایه‌كی وه‌ك مه‌لا شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانی له‌ ناخماندا ئاوێته‌ی یه‌كتر بكرێنه‌وه‌.. خۆزی ئه‌و رۆژه‌ ده‌هات!!!
Facebook:Hemn Omar Khoshnaw
Hem992003@yahoo.com

تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ (76)ی گۆڤاری په‌یامی زانایان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.