هیچ گومانێك له‌وه‌دا نیه هه‌ر حوكمێك خودای گه‌وره جێگیری كردبێ په‌رستش بێ یاخود مامه‌ڵه‌ی نێوان به‌نده‌كان به‌ستراوه‌ته‌وه به هۆ ـ عیللهیهكی ـ دیاری كراوه‌وه، جا ئێمه‌ی مرۆڤ هه‌ستی پێبكه‌ین یان نا، له پشت ئه‌م هۆیانه‌شه‌وه كۆمه‌ڵێك حیكمه‌ت هه‌یه كه به‌هه‌مان شێوه ئێمه هه‌ست به به‌شێكیان ده‌كه‌ین و هه‌ندێكیشیان هه‌ست پێناكه‌ین، ئه‌م عیلله‌ت و حیكمهتانهش مه‌به‌ستی خودای گه‌وره دیاری ده‌كه‌ن له جێگیركردنی ئهحكامهكاندا، ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت؛ ئه‌وه ده‌بێت بڵێین: كه خودای گه‌وره ئه‌حكامه‌كانی به ههوهنتهو بێ مه‌به‌ست و بێ هۆكار داناوه، ئه‌مه‌ش له خودایه‌كی دروستكارو زانا‌و دانا‌و كار له‌جێ ناوه‌شێته‌وه، هه‌ر بۆیه خودای گه‌وره ده‌رباره‌ی قوڕئان و شه‌ریعه‌ت و ئه‌حكامه‌كانی ده‌فه‌رمووێ: [وَبِالْحَقِّ أَنزَلْنَاهُ وَبِالْحَقِّ نَزَلَ وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا مُبَشِّرًا وَنَذِيرًا]الإسرا‌ء: 105. وه ده‌فه‌رمووێ: [لَّا يَأْتِيهِ الْبَاطِلُ مِن بَيْنِ يَدَيْهِ وَلَا مِنْ خَلْفِهِ تَنزِيلٌ مِّنْ حَكِيمٍ حَمِيدٍ]فصلت: 42. له ئایه‌تێكی تردا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه مرۆڤ دروستكراوێكی مه‌به‌ستداره‌و ده‌فه‌رمووێ: [أَفَحَسِبْتُمْ أَنَّمَا خَلَقْنَاكُمْ عَبَثًا وَأَنَّكُمْ إِلَيْنَا لَا تُرْجَعُونَ]المۆمنون: 115. جا خودای گه‌وره‌و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی(صلى الله عليه وسلم) بۆخۆیان مه‌به‌ستی جێگیركردنی به‌شێك له په‌رستشه‌كانیان دیاری كردووه، بۆنمونه: مه‌به‌ست له واجب بوونی نوێژ پێدانی هێزێكی مه‌عنه‌ویه به مرۆڤی باوه‌ڕدار بۆ دوركه‌وتنه‌وه له تاوانه گه‌وره‌و بچوكه‌كان: [إِنَّ الصَّلَاةَ تَنْهَىٰ عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنكَرِ]العنكبوت:45. مه‌به‌ست له واجب بوونی ڕۆژوش گه‌یشتنه به پله‌و پایه‌ی پارێزكاران ـ المتقین ـ: [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ]البقرة: 183. مه‌به‌ست له واجب بوونی زه‌كاتیش پاك بوونه‌وه‌ی دڵ و ده‌رون و ماڵ و سامان و تێركردنی هه‌ژارو نه‌دارانه: [خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً تُطَهِّرُهُمْ وَتُزَكِّيهِم بِهَا وَصَلِّ عَلَيْهِمْ] التوبة: 103. مه‌به‌ست له واجب بوونی حه‌جیش به ده‌ستهێنانی كۆمه‌ڵێك سودی دونیایی و قیامهتییه: [لِّيَشْهَدُوا مَنَافِعَ لَهُمْ وَيَذْكُرُوا اسْمَ اللَّهِ فِي أَيَّامٍ مَّعْلُومَاتٍ عَلَىٰ مَا رَزَقَهُم مِّن بَهِيمَةِ الْأَنْعَامِ].... هتد. جا هه‌ر كاتێك مه‌به‌ستی ئه‌م په‌رستشانه نه‌هاتنه جێ ئه‌وه ته‌نها وه‌ك شتێكی ڕواڵه‌تی و عاده‌تی ده‌مێننه‌وه‌و له قالبی په‌رستش ده‌چنه ده‌ره‌وه، به‌مه‌ش په‌رستشه‌كان ده‌بنه لاشه‌یه‌كی بێ گیان و چیتر ناتوانن تاكێكی بێ وه‌ی و سه‌لامه‌ت و ته‌ندروست و سودبه‌خش پێشكه‌شی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی بكه‌ن، ده‌ره‌نجام كۆمه‌ڵگه ده‌بێته كۆمه‌ڵگایه‌كی پڕ له ئاشوب و خه‌ڵكی له‌سه‌رو گیان و ماڵی خۆیان دڵنیا نابن، له‌مه‌ش زیاتر په‌رستشه‌كان ده‌بنه پهچهیهك و ڕیابازو حۆبهزلزان و لوتبه‌رزو هه‌لپه‌رستان خۆیان له ژێریدا ده‌شارنه‌وه، ئه‌مه‌ش هه‌رگیز مه‌به‌ستی شاریع و شه‌رع نیه. یه‌كێك له‌م بابه‌تانه‌ی له‌مڕۆدا خه‌ریكه له مه‌به‌ستی شه‌رعی خۆی ده‌چێته ده‌رو له جیاتی ببێته خێر‌و خۆشی بۆ باوه‌ڕداران ده‌بێته هۆكاری لێكترازانیان و دروستبوونی گومان له دڵ و ده‌رونیاندا و ته‌شهیر كردن به زانایانی پێشین بابه‌تی سه‌رفتره‌یه به پاره، ئایه دروسته یان نا؟ ئایه كه‌سێك سه‌رفتره به پاره بدات سه‌رفتره‌كه‌ی له‌سه‌ر لاده‌چێ یان نا؟ ئایه ئه‌و زانایانه‌ی فتوایان داوه به دروستی سه‌رفتره به پاره گومڕاو لاده‌ر بوون له سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) یان نا؟ بۆ وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌م پرسیارانه پێویسته وه‌ڵامی ئه‌م دوو پرسیاره‌ی خواره‌وه بزانین: یه‌كه‌م/ مه‌به‌ستی واجب بوونی سه‌رفتره چیه له شه‌رعدا؟ دووه‌م/ ئایه سه‌رفتره له ئه‌حكامه جێگیره‌كانه یاخود بواری گۆڕانكاری له شكڵ و شێوه‌یدا هه‌یه؟ سه‌باره‌ت به پرسیاری یه‌كه‌م، پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم) زۆر به ڕاشكاوی مه‌به‌ستی شه‌رعی له جێگیربوونی سه‌رفتره‌دا دیاریكردووه كه (تێركردن و بێ پێویستی كردنی هه‌ژار و نه‌دارانه)، پێشه‌وا ئیبن عومه‌ر ده‌فه‌رمووێ: (فَرَضَ رَسُولُ اللَّهِ(صلى الله عليه وسلم) زَكَاةَ الْفِطْرِ، وَقَالَ: «أَغْنُوهُمْ فِي هَذَا الْيَوْمِ) له گێڕانه‌وه‌یه‌كی تردا فه‌رمووی: (أَغْنُوهُمْ عَنِ الطَّوَافِ فِي هَذَا الْيَوْمِ)واتا: پێغه‌مبه‌ری خودا(صلى الله عليه وسلم) سه‌رفتره‌ی له‌سه‌ر باوه‌ڕداران فه‌ڕز كردوو فه‌رمووی: بێ پێویستیان بكه‌ن له‌م ڕۆژه‌دا. كه‌واتا: پێویسته ئه‌و شته بدرێت به هه‌ژاران كه پێویستیان پڕده‌كاته‌وه. لێره‌دا پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه: ئایه له‌مڕۆدا هه‌ژاران ده‌توانن به گه‌نم و جۆ و خورماو مێوژو كه‌شك پۆشاكی جه‌ژن بۆخۆیان و منداڵه‌كانیان بكڕن و خواردنێكی باش ساز بكه‌ن و ...هتد؟ بێگومان نه‌خێر. ئه‌گه‌ر كه‌سێك بڵێ: خۆ ده‌توانن ئه‌و خۆراكانه‌ی بۆ سه‌رفتره بۆیان دێت بیفرۆشنهوهو به پاره‌كه‌ی پێویستیه‌كانی جه‌ژن بكڕن؛ ئه‌وه پێی ده‌ڵێین: له‌م حاڵه‌ته‌دا هه‌ژاران به چه‌ند شێوه‌یه‌ك زیانبار ده‌بن: یه‌كه‌م/ بێگومان دوكانداره‌كان ئه‌گه‌ر لێشیان وه‌ربگرنه‌وه به نرخی كه‌متر لێیان وه‌رده‌گرنه‌وه. دووه‌م/ ده‌بێ كرێی ته‌كسی یان عاڕه‌بانه بده‌ن بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م خۆراكانه بۆ شوێنی فرۆشتنه‌وه‌ی. سێهه‌م/ زۆر له‌سه‌ر ده‌رونیان ده‌كه‌وێت و به خۆدا ده‌شكێنه‌وه. چونكه هه‌ژاری و نه‌داریان بۆ خه‌ڵكی ده‌رده‌كه‌وێ و خه‌ڵكی ده‌زانن كه ئه‌و هه‌ژارو نه‌دارانه هاتوون خواردنی سه‌رفتره بفرۆشنه‌وه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێویستیه‌كانی جه‌ژن، له كاتێكدا پاراستی دهرونبهرزی و عیززه‌تی موسڵمانان یه‌كێكه له مه‌به‌سته‌كانی شه‌رع. سه‌باره‌ت به پرسیاری دووه‌میش: هه‌رچه‌نده سه‌رفتره وه‌ك حوكم حوكمێكی جێگیره‌و زانایان كۆدهنگن له‌سه‌ر واجب بوونی، به‌ڵام له شكڵ و شێوه‌دا بواری ده‌ستكاری كردنی تێدا هه‌یه‌و زانایانی ئیسلام هه‌ر له سه‌رده‌می هاوه‌ڵانه‌وه به گوێره‌ی پێویستی سه‌رده‌م و هاتنه‌جێی مه‌به‌ستی شه‌رع ده‌ستكاریان تێدا كردووه، بۆنمونه: پێغه‌مبه‌ری خودا(صلى الله عليه وسلم) فه‌رمانی به هاوه‌ڵان ده‌كرد له به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی جه‌ژنداو پێش ئه‌نجامدانی نوێژی جه‌ژن سهرفترهكهیان به چه‌ند جۆره خواردنێكی دیاریكراو بده‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ هاوه‌ڵان ئاسان بوو چونكه شار ئه‌وه‌نده گه‌وره نه‌بوو و هه‌ژاره‌كانیش دیار بوون و مه‌به‌ستی شه‌رعیشی لێ ده‌هاته جێ، چونكه هه‌ر ئه‌و خواردنانه ده‌خوران و دابه‌شكردنی شیرینی جه‌ژنیش به‌م شێوه‌ی ئێستا نه‌بوو. له دوای وه‌فاتی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) و له‌سه‌رده‌می هاوه‌ڵاندا ڕه‌وشی ژیان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات، له‌به‌ر ئه‌وه یه‌ك دوو ڕۆژ پێش جه‌ژن سه‌رفتره‌یان ده‌دا. پاشان له‌سه‌رده‌می شوێنكه‌وتوان و شوێنكه‌وتووی شوێنكهوتوواندا دوای ئه‌وه شاره‌كان فراوانتر بوون و كۆمه‌ڵێ زمان و كلتور‌و نه‌ته‌وه‌ی جیاواز هاتنه ناو ئیسلامه‌وه زانایان بڕیاریاندا كه دروسته له ناوه‌ندی ڕه‌مه‌زان یاخود سه‌ره‌تای ڕه‌مه‌زانه‌وه سه‌رفتره بدرێت و سنوری ئه‌و خواردنانه‌شیان تێپه‌ڕاند كه پێغه‌مبه‌ری خودا(صلى الله عليه وسلم) دیاری كردبوون و فه‌رموویان: دروسته به خواردنی باوی سه‌رده‌م سه‌رفتره بدرێت. دواتریش كاتێك له‌سه‌رده‌می خه‌لافه‌تی ئیمامی علی بۆ یه‌كه‌م جار هه‌وڵدرا سكه‌ی تایبه‌ت به ئیسلام لێبدرێت و دواتریش كاتێك له‌سه‌رده‌می خه‌لافه‌تی ئه‌مه‌ویه‌كان به شێوه‌یه‌كی كرده‌یی سكه لێدراو پاره‌ی ئیسلام بڵاوبوویه‌وه‌و خه‌ڵكی بوونه خاوه‌نی پاره‌ی خۆیان و ڕه‌وشی ژیان و كڕین و فرۆشتن به‌ره‌وپێشچوونێكی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینی ئیتر زانایانی به ناوبانگی ئیسلام له ناویاندا پێشه‌وا ئه‌بوحه‌نیفه‌و خه‌لیفه‌ی پێنجه‌می ڕاشیدی عومه‌ری كوڕی عبدالعزیز و جگه له‌وانیش فتوایاندا كه دروسته له‌بری خواردن پاره‌ش بدرێ بۆ سه‌رفتره، به‌ڵكو به‌شێك له زانایان ئه‌م ڕایه‌یان به پهسهندتریش زانی، فه‌رموویان: چونكه پاره زیاتر ئه‌و پێویستیه‌ی هه‌ژاران پڕ ده‌كاته‌وه كه پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) ئاماژه‌ی پێكردووه. هه‌موو ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ش له شكل و شێوه‌ی سه‌رفتره‌دا له سه‌رده‌ی باشترینی سه‌رده‌مه‌كان (خیر القرون)دا بوو. ئه‌وه‌ش پێمان ده‌ڵێ: كه هاتنه جێی مه‌به‌ستی سه‌رفتره له سه‌رده‌مێكه‌وه بۆ سه‌رده‌مێكی تر جیاوازه، ڕه‌نگه له سه‌رده‌مێكدا خۆراك مه‌به‌سته‌كه‌ی بێنێته‌جێ و له سه‌رده‌مێكی تر پاره، له سه‌رده‌می باوانی ئێمه‌دا زیاتر خۆراك مه‌به‌سته‌كه‌ی دێنایه جێ، چونكه پاره كه‌م بوو، شیرینی جه‌ژن مێوژو خورما و گه‌زۆ بوو، زۆر جاریش خۆراك به خۆراك و خۆراك به كه‌لوپه‌لی ناو ماڵ ئاڵ‌وگۆڕیان پێده‌كرا، بۆ نمونه: خه‌ڵكی گونده‌كه‌ی ئێمه (هێرۆ) گۆزه‌یان دروستدهكردو له ناوچه جیاجیاكانی كوردستان به پڕی گۆزه‌كه گه‌نم یاخود جۆ یان نۆك و نیسك ده‌یانفرۆشت، به‌ڵام له مڕۆدا پێویستیه‌كانی جه‌ژن جیاوازن، زۆربه‌ی خه‌ڵكی ساڵانه پۆشاكی تازه بۆخۆی و خێزانی و منداڵه‌كانی ده‌كڕێ و بۆنی خۆش له عه‌ترو بخور بۆ خۆی و ناوماڵی ده‌كڕێ، شیرینی جه‌ژن لوقم و چوكلیات و پاقلاوه‌و شه‌ربه‌ت و خواردنه‌وه گازیه‌كان و...هتد، سه‌رجه‌می ئه‌مانه‌ش به پاره ده‌كڕدرێن نه‌وه‌ك به خۆراك. له‌مڕۆشدا كه پاره زۆر له‌و كات به‌ربڵاوتره‌و زیاتر له‌و كات پێویستیه‌كانی پێ پڕ ده‌بنه‌وه زۆرینه‌ی ڕه‌های زانایان و لیژنه‌ی باڵای فتوای وڵاتانی موسڵمان فه‌توایان داوه كه دروسته سه‌رفتره به پاره بدرێت، چونكه مه‌به‌ستی شه‌رعی پێ دێته جێ. پاشان بیرمان نه‌چێت پێغه‌مبه‌ری خودا(صلى الله عليه وسلم) ته‌نها خواردنی دیاری نه‌كردووه، به‌ڵكو خواردن و هه‌ر شتێكیش كه پێویستی موسڵمانان دابین ده‌كات، كه‌واتا: ئه‌و كه‌سه‌ی به خۆراك سه‌رفتره ده‌دات و ئه‌و كه‌سه‌ش كه به پاره ده‌یدات هه‌ردووكیان له‌سه‌ر سوننه‌تی پێغه‌مبه‌رن (صلى الله عليه وسلم) و له ژێر ڕۆشنایی فه‌رمووده‌ی ئازیزدا(صلى الله عليه وسلم) سه‌رفتره‌یان داوه. 7/ ڕه‌مه‌زانی/ 1441ك. به‌رامبه‌ر 30/4/ 2020ز |