بسم الله الرحمن الرحیم والصلاة والسلام علی رسول الله وعلی آلە وصحبە ومن والاە. نیكاح لەشەرعدا: گرێبەستە لە نێوان پیاوو ژنێك، كە دەبێتە هۆی حەڵاڵكردنی چوونە لای ژن بەو لەفزانەی كە خوداﷻ لە قورئاندا ئاماژەی پێكردووە، وەكو ئینكاح و تەزویج، بە هۆی ئەو گرێبەستەوە مێرد ئەتوانێ لەگەڵ ژنەكەیدا سەرجێی بكات و بخەوێت و چێژو لەززەتی لێ وەربگرێت، بەڵام ئەم گرێبەستە بەچەند مەرجێك دێتە دی ئەویش، بە حزوری (وەلی ئەمر) سەرپەرشتیاری ژنەكەو دوو شاهیدو بەلەفزێكی تایبەت(ئینكاح یان تەزویج) و مارەیی. چەمکی هاوسەرگیری منداڵان بریتیە: لەو گرێبەستی، هاوسەرگیرییە کە یەکێک لە لایەنەکان تەمەنی نەگەیشتووەتە پلەی بالغ بوون(گەورە نەبووە). لەڕووی شەرعەوەی هاوسەرگیری منداڵ دروستە یان نا زاناو فوقەهاكان كۆكن لەسەر ئەوەی منداڵ مافی ئەوە نیە خۆی گرێبەستەكە بكات، بەڵام سەبارەت بەوەی ئاخۆ لە ڕووی شەرعەوە ڕێگە پێدراوە زەواج بكات یان نا بۆ ئەم مەبەستە بوونەتە دووبەرەوە. بەرەی یەكەم/ دەڵێن: لەڕووی شەرعەوە ڕێگە پێدراوە، چونكە بە لایانەوە بالغ بوون، گەورەبوون لەڕووی تەمەنەوە مەرج نیە بۆ زەواج كردن. ئەم بەرەیە بەڵگەی خۆیان هەیە ناچینە وردەكارییەكانەوە ئەوەی بیەوێت با یگەرێتەوە بۆ ئەو سەرچاوە متمانە پێكراوەكانی فیقه. كتێبی(المدونة الكبری:4/5، اللباب في شرح الكتاب عبدالغني المیدانی الحنفي:3/10، شرح فتح القدیرلابن همام:2/196، منهاج الطالبین وعمدة المفتین للإمام النووي:375، كشاف القناع عن متن الإقناع للبهوتي:ص2400) بەرەی دووەم/ دەڵێن: زەواجی منداڵ درووست نیەو ڕێگە پێنەدراوە،ئەمەش بۆ چوونی (أبوبكر الأصم و ابن شبرمة)یە. بیرمان نەچێت (ابن حزم)یش دەڵێت: ئەوكچە منداڵەی بێ باوكە بۆ كەس نیە بەشووی بدات هەتاوەكو بالغ دەبێت. كتێبی ( المبسوط للسرخسي:4/212، المحلی بالآثار لابن حزم:9/38 مسألة 1827). لێرەدا بە پێویستی دەزانین بەڵگەی ئەم بەرەیە بخەینەڕوو بۆ خوێنەری ئازیز كە بۆچی بەلایانەوە درووست نیەو ڕێگەی پێ نادەن. یەكەم/ بەڵگەیان ئەو ئایەتە پیرۆزەی قورئانە كە خودای() دەفەرمووێت: ﴿وَابْتَلُوا الْيَتَامَىٰ حَتَّىٰ إِذَا بَلَغُوا النِّكَاحَ فَإِنْ آنَسْتُم مِّنْهُمْ رُشْدًا فَادْفَعُوا إِلَيْهِمْ أَمْوَالَهُمْ﴾. سورة النساء الآیة:6. واتە: ئەگەر سەرپەرشتی ماڵی هەتیوتان كەوتە ژێر دەست، ئەوە چاوەڕوانی گەورەبوونیان بكەن، كە گەورەبوون تاقییان بكەنەوە، ئەگەر لە تاقیكردنەوەكەدا دەرچوون و هەستتان كرد دەزانن چۆن مامەڵە بكەن، ئەوكاتە پارەو سامانی خۆیان بدەنەوە دەست خۆیان. كتێبی(تەفسیری گوڵشەن:1/374). تەماشا بكەن لە بۆ پێدان و گەڕانەوەی پارەی ئەو هەتیوانە كە خاوەنی شەرعین پەروەردگار مەرجی بۆ داناون دەبێت ئەو مەرجەیان تێدا بەدی بێت، ئەوسا بیاندرێتێ، مەرجەكەش ئەوەیە (فَإِنْ آنَسْتُم مِّنْهُمْ رُشْدًا فَادْفَعُوا إِلَيْهِمْ أَمْوَالَهُمْ دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئاخۆ ئەو هەتیوانە كە ئێستا گەورەو بالغ بوون، ئایا ئەهلن بۆ ئەوەی پارەكانیان ڕادەست بكرێتەوە؟؟؟ دیارە ئەوەش لەرێی تاقیكردنەوەیان دەكرێت، پەروەردگار دەفەرمووێت: هەر كاتێك دەركی ڕوشدو كارسازیتان لێ بەدی كردن ئەوسا پارەكانیان ڕادەست بكەن. ئەو ئیجرائاتانە بۆ مەسەلەی پارە و داهات و سامانە، ئەی چۆن دەبێت ئاییندەی ئەو كچە منداڵە كە بڕیارە بە شوو بدرێت؟؟ گوێ نەدرێت بەمەرجی بەدیهێنانی بالغ بوون و پێگەیشتنی، كە ئەمە زۆر گرنگ و زەروورە لە مەسەلەی زەواجدا، لە كاتێكدا بەڕێوەبردنی ژیانی خێزانی گەڵێك ئاڵۆزوگرانترە لە هەڵسووڕانی كاروباری دارایی و داهات و سامان. بۆ زانیاریتان ڕەچاوكردنی پاراستنی خێزان لە لێكترازان لە پێشترە لە ڕەچاوكردنی پاراستنی پارەوە سامان. دووەم/ خودای() دەفەرمووێت: ﴿وَلَا تَكْسِبُ كُلُّ نَفْسٍ إِلَّا عَلَيْهَا﴾. سورة الأنعام الآیة:164. واتە: هەركەسێ چی بكات لە خراپەكاری و گوناه، هەر بە زەرەرو زیانی خۆی دەشكێتەوە و باجەكەشی بە قورسی دەداتەوە. ئایەتەکە بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر رێگەنەدان بەمارەکردنی کەسێک لە کەسێک مەگەر ئایەتێک یان فەرموودەیەک ئەو رێگەیە بدات، ھیچ ئایەت و فەرموودەیەکیش نییە رێگە بدات کچی منداڵ بدرێت بەشوو، كە جارێك بالغ نەبووە. سێهەم: هاوچەشنی(الكفء) یەكێكە لە ئەركانەكانی نیكاح دەبێت پیاوەكە هاو چەشنی ژنەكە بێ، دەبێت هاوچەشنی(الكفاءة) لەبەرچاو بگیرێت لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا بۆ دووركەوتنەوە لە شەرمەزاری. هاوچەشنی هەندێك پێیان وایە مەرجەو پێویستە بۆ درووستی پرۆسەكە(صحة النكاح)، هەندێكی تر لە زانایان پێیان وایە دەبێت جێبەجێ بكرێت، هەیە بە مەرجی نازانێت بۆ درووستی پرۆسەكە بیرمان نەچێت. كتێبی(الزواج / أ.د. احمد الحجي الكردي:1ص180). مافی ژن و سەرپەرشتیارەکانە(أولياء الأمور).كتێبی(مواهب الجلیل لشرح مختصر الخلیل للحطاب الرعیني:5/106)،شرح فتح القدیر لابن همام:3/280، مغني المحتاج:4/284،كشاف القناع عن متن الإقناع:للبهوتي:4/62). ئەم سەردەمەی ئێستامان جیاوازە لەگەڵ سەردەمی پێشوو پێویستە ڕەچاوی هەندێك خاڵی گرنگی تر بكرێت لەگەڵ ئەو مەرجانەی جێگیركراون لە كتێبە فیقهییەكاندا سەبارەت بە بابەتی هاوچەشنی(الكفاءة). ئاشكرایە لای هەمووان ئەو حوکمانەی بەپێی گۆڕانکاریی کات و سەردەم دەگۆڕێن، ئەوانەن پشتبەستن بە عورف و داب و نەریتەکانەوە، چونکە بەپێی گۆڕانی کات و سەردەم پێویستییەکانی خەڵکی دەگۆڕێن، بەو پێیە داب و نەریتەکانیش دەگۆڕێن و بەگۆڕانی داب و نەریتەکانیش حوکمەکانیش دەگۆڕێن. لەو دیدگەیەوە پێویستە لە هەندێک بابەتدا تا ڕادەیەک نزیکایەتی لە نێوان هاوسەرەکاندا هەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندی هاوسەرگیرییەکە بە بەهێزی بمێنێتەوەو تووشی کێشەو گرفتیی جۆراوجۆر نەبێت، چونکە نزیکیی نێوان هاوسەرەکان لە ئاستی کۆمەڵایەتی و داراییدا، هەروەها نزیکیی نێوان هاوسەرەکان لە ڕووی تەمەن و عەقڵ وڕۆشنبیرییاندا گرنگە ، چونكە ڕێگری دەکات لە ناتەبایی نێوانیان، سۆزو خۆشەویستی دەپارێزێت و بانگهێشتی ئاشتەوایی و هاوسەنگی دەکات. بێگومان باوك سەرپەرشتیارەو بەرپرسی یەكەمە كەسیش نكوڵی لەوە ناكات، بەڵام سەرپەرشتی ئەم باوكە بەڕەهایی نیە بەتایبەت لە مەسەلەی زەواجدا دەبێت ئەو باوكە پابەند بكرێت، بە هەندێك مەرجەوە لەوانە: بەرژەوەندی و پێویستی. جا بۆ ئەو مەبەستە پێویستە ڕێ بگیرێت لە پرۆسەی هاوسەرگیری منداڵان كە لەم سەردەمەدا كاری لەسەر دەكرێت، چونكە ئەوە پێشێل كردنی مافی ئەو كچەیە كە جارێ نازانێت مەسەلەی زەواج كردن چیەو بەرپرسیاڕیتی بەڕێوەبردنی خێزاندارێتی چۆنە؟ وە هەروەها ئەو جیاوازی تەمەنە، كە لە نێوان پیاوێك و ئەو كچە منداڵە خەرق كردنی ئەو مەرجی هاوچەشنییەیە(الكفاءة) كە ئاماژەمان پێی كرد، كە ئەوە خۆی لە خۆیدا مافێكی سەرەتایی ئەو كچەیە كە بە منداڵی دەدرێت بە شوو لە كاتێكدا نەكەوتۆتە حاڵەتی بێ نوێژییەوە، بە چ پێوەرێك ئەو گرێبەستی هاوسەرگیرییە دەكرێت؟؟. لە كاتێكدا پێغەمبەر(درودی خوای لەسەر بێت) ئەفەرمووێ: (يَا أَسْمَاءُ إِنَّ الْمَرْأَةَ إِذَا بَلَغَتْ الْمَحِيضَ لَمْ تَصْلُلحْ أَنْ يُرَى مِنْهَا إِلَّا هَذَا وَهَذَا وَأَشَارَ إِلَى وَجْهِهِ وَكَفَّيْهِ). كتێبی( عون المعبود بشرح سنن أبي داود:1873رقم الحدیث 4104 كتاب اللباس، باب فیما تبدي المرأة من زینتها، حدیث صحیح دون القصة). واتە: ئەی (ئەسماء) ئافرەت كە بالغ بوو، سووری مانگانەی بینی كەوتە حاڵەتی بێ نوێژییەوە ئتر جائیز نیە هیچ شوێنێك لە جەستەی بە دەرەوە بێت بێجگە لە ڕووخسارو دەستەكانی. كەوابوو: لە حاڵەتی بێ نوێژێ (بینینی سووری مانگانەی) ئافرەت حوكمی بالغ بوون بەسەریدا دەدرێت، پێش بالغ بوون ناكرێت ئەو كچە بدرێت بە شوو، چونكە ئامانج لە زەواجكردن وەچە نانەوەو چێژ وەرگرتنە، ئەو دوو حاڵەتەش لەدوای بالغ بوون بەدی دێت نەك پێش ئەو كاتە. لە كۆتاییدا بە تایبەت لەم سەردەمەدا دەبێت ئیش لەسەر تێگەیشتن و ڕاوبۆچوونی بەرەی دووەم بكرێت، كە دەڵێن: زەواجی منداڵ درووست نیەو ڕێگە پێنەدراوە، لەبەر ئەو هۆكارو بەڵگانەی خستمانەڕوو. وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمین. |