یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان و سەرۆکایەتی دەستەی مافی مرۆڤ لە کۆبونەوەیەکدا چەند پرسێک تاوتوێ دەکەن    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری وۆرکشۆپێکی زانکۆی نۆلج لە شاری هەولێر دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان لە هەمبەر (توندو تیژی کۆمەڵایەتی و گرفتە خێزانیەکان) پانێڵێک ساز دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان لە هەمبەر (توندو تیژی کۆمەڵایەتی و گرفتە خێزانیەکان) پانێڵێک ساز دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری کۆنفرانسێکی تایبەت بە پرسی ئافرەتان دەکات و سەرۆکی هەرێمیش ستایشی رۆڵی زانایان دەکات    *****    *****   بەرپرسی لقی چەمچەماڵی یەکێتی زانایان لەپانێڵێکدا بابەتێک پێشکەش دەکات لە شاری سلێمانی    *****    *****   مامۆستا مەلا عبدالکریم مەلا عەلی زالیاو کۆچی دوایی کردو یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا ئەنوەر شێخ شێروانی کۆچی دوایی کردو یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا کاکەمینی بۆکریسکان کۆچی دوایی کردو یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   لقی ئامێدی یەکێتی زانایان بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەوقافی قەزاکە سیمینارێک ساز دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا ظاهر کاوانی کۆچی دوایی کردو یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان و لە مەراسیمێکی شایستە لقی ئامێدی یەکێتی زانایان کرایەوە   
د.عرفان رشید*
به‌رواری دابه‌زاندن: 02/11/2021 : 22:08:13
قه‌باره‌ی فۆنت
مه‌لای کورد شوناس و پێگه‌و تایبه‌تمه‌ندی و هه‌ڵویست و خزمه‌ت

 مه‌لا له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا که‌ به‌ که‌سایه‌تیی زانستی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و که‌سێکی موجازو ده‌رچووی مه‌دره‌سه‌ی زانسته‌ شه‌رعییه‌کان ده‌وترێ، که‌سایه‌تییه‌کی دیاری ئاینی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ناو چین و توێژه‌ جیاجیاکانی خه‌ڵکه‌، که‌ له‌ ڕووی ئاینییه‌وه‌ وه‌ک پێشه‌واو مامۆستای ئه‌رک و مه‌ناسیکه‌ ئاینییه‌کان و له‌ بواری کۆمه‌ڵایه‌تیشدا وه‌ک چاکسازو ڕێنیشاده‌رو ڕیشسپی و ده‌مڕاستی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ده‌ناسرێ .

مه‌لا له‌ کورده‌واریدا نازناوێکی زانستی و پیشه‌ییه‌و به‌هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ ده‌درێ که‌ علوومه‌ شه‌رعییه‌کانی مه‌نهه‌جی دیاریکراوی ( مه‌زهه‌بی شافعی ) مه‌دره‌سه‌ شه‌رعییه‌کانی مزگه‌وته‌کانی کوردستان که‌ به‌ حوجره‌ ناسراوه‌ ته‌واو ده‌کات و ئیجازه‌ی زانستی وه‌رده‌گرێ .

مه‌لای کوردستان وه‌ک پێشه‌وای زانستی شه‌رعیی زۆربه‌ی گه‌ل و میلله‌تانی جیهانی ئیسلامی که‌سایه‌تییه‌کی زانستی و مه‌عریفییه‌ که‌ هه‌میشه‌و ته‌واوی ژیانی له‌ ناو کۆڕو چوار دیواری زانست و مه‌عریفه‌و خواپه‌رستیدا به‌سه‌رده‌بات، چونکه‌ ئه‌م جۆره‌ له‌ پیشه‌ یان ناونیشان بۆ مرۆڤی موسڵمان وابه‌سته‌بوونه‌ به‌ مه‌شغه‌ڵه‌تێکی ده‌وری که‌ هه‌میشه‌ له‌ خزمه‌ت زانستدا ده‌بێت چ وه‌ک فێربوون و وه‌رگرتن یان وه‌ک فێرکردن و به‌خشین بۆیه‌ پله‌کانی ژیانی زانستی و پیشه‌یی مه‌لایه‌تی له‌ سوخته‌و موسته‌عیدی فه‌قێیه‌تیه‌وه‌ بگره‌ تا مه‌لایه‌تی و ته‌دریس به‌ تێکڕا ئاماده‌بوونێکی زیهنی و رووحییه‌ له‌ خزمه‌ت علووم و مه‌عریفه‌ی سه‌ماویدا .

به‌ درێژایی مێژووی حوجره‌و مه‌دره‌سه‌ی زانسته‌ شه‌رعییه‌کانی ئاینی ئیسلام له‌ کوردستان ئه‌م چینه‌ له‌ خوداناسان ( مه‌لاکانی کورد ) جگه‌ له‌ ڕاگرتنی باڵانسی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ فه‌ردی و جه‌ماعییه‌کانی دنیاو قیامه‌تی میلله‌تی کورد، ئه‌رکی پێشه‌وایه‌تیکردنی بواره‌ جیاجیاکانی نه‌ته‌وه‌که‌یان و ڕیکخستنی په‌یوه‌ندییه‌کانی ژیانی خه‌ڵکیشیان له‌سه‌رشان هه‌ڵگرتووه‌، بۆیه‌ زۆرترین و کاریگه‌رترین حوزوور له‌ کایه‌ جیاوازه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه‌دا مه‌لای کورد هه‌یبووه‌و هه‌ر ئه‌ویش بووه‌ له‌ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی پرسه‌ گرنگه‌کانی ژیانی ئاده‌میزادی ئه‌م وڵاته‌دا قسه‌و بڕیاری دیارو قبووڵکراوی له‌لا بووه‌ .

مه‌لای کورد به‌ به‌راورد به‌ چین و توێژه‌کانی تری کۆمه‌ڵگه‌که‌ی سه‌رباری ئه‌و ئاماده‌ییه‌ دیارو هه‌میشه‌یی و سه‌رتاسه‌رییه‌ی ناو کایه‌کانی ژیانی خه‌ڵکی وڵاتی کورده‌واری زۆر که‌م ڕێککه‌وتووه‌و ڕوویداوه‌ له‌به‌ر مه‌نفه‌عه‌تێکی دارایی و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی ده‌ست له‌ پیشه‌ و ئه‌رکه‌ پیرۆزه‌ خۆبه‌خشه‌که‌ی خۆی هه‌ڵگرێ و شوێن به‌رژه‌وه‌ندی دنیایی خۆی بکه‌وێ و عینوانی زانستییانه‌ی خۆی به‌ عینوانێکی دنیایی تر بگۆڕێته‌وه‌ که‌ قازانج و که‌ڵکی دنیاییانه‌ی زۆرتری تێدابێ، واته‌ زۆر که‌م ڕوویداوه‌ مه‌لای کورد جبه‌و مێزه‌رو حوجره‌و ته‌دریس و ئیمامه‌تی بۆ وه‌زیفه‌یه‌کی دونیایی وه‌لا نابێ و له‌بری مه‌لایه‌تی کوێخایه‌تی و ئاغایه‌تی و ئه‌فه‌ندیبوون و پۆست و پله‌ی دنیایی خستبێته‌ سه‌رو ئه‌رک و کارو ناونیشانه‌ پیرۆزه‌که‌ی خۆیه‌وه‌ مه‌گه‌ر که‌سانێکی زۆر که‌م و شاز نه‌بێ که‌ ئه‌و ئاسته‌ش کار له‌ شوناس و ناسنامه‌ی مه‌لایه‌تی له‌ کوردستاندا ناکات. 

بۆیه‌ ئێمه‌ کاتێک باس له‌ شوناسی مه‌لای کورد ده‌که‌ین ده‌توانین له‌ کورترین پێناسه‌دا بڵێین مه‌لای کورد ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ زانستی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌یه‌ که‌ بزوێنه‌ری ژیانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی رۆژهه‌ڵاتی به‌ هه‌موو کایه‌ جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌وه‌ پێکهێناوه‌ به‌ حوزوورێکی کاریگه‌ری به‌خشش و هه‌میشه‌ییه‌وه‌ له‌ یه‌که‌م رۆژی هاتنه‌ دنیای مرۆڤه‌کانه‌وه‌ تا ئاخرین کات و ساتی له‌دونیا ده‌رچوون و سپاردن و ماڵئاواییکردنی .

مه‌لای کورد هه‌میشه‌ پێگه‌یه‌کی به‌رزی ئاینی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و ته‌نانه‌ت زۆر جار سیاسیشی له‌ ناو میلله‌تی خۆیدا هه‌بووه‌. له‌ ڕووی ئاینییه‌وه‌ وه‌ک مامۆستای علوومه‌ شه‌رعییه‌کان پێشه‌وای ئه‌رک و په‌رستشه‌ کۆمه‌ڵاییه‌کان و راوێژکارو ڕابه‌ری په‌رستشه‌ شه‌خسییه‌کانی موسڵمانان بووه‌و هه‌یه‌، له‌ هه‌موو مه‌سه‌له‌یه‌کی شه‌رعیدا که‌ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ وابه‌سته‌ی ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵکن مه‌لای کورد ئاماده‌یی کاریگه‌ری هه‌یه‌و له‌ حالی شاره‌زایی خه‌ڵکیشدا له‌ مه‌سه‌له‌ شه‌رعییه‌کان دیسان ئه‌و خه‌ڵکه‌ بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌و دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ حه‌قیانه‌تی بابه‌تێکی فیقهی پرس و ڕاوێژ به‌ مه‌لا ده‌کات به‌و پێیه‌ی ئه‌م له‌ پێگه‌یه‌کی باڵای زانستی و ئاینی وادایه‌ که‌ موجازی شه‌رعییه‌و فه‌توا له‌و وه‌رده‌گیردرێ .

 

له‌ رووی کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌ مه‌لای کورد هه‌میشه‌ وه‌ک چاکسازو ڕیکخه‌رێکی کاروباره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خه‌ڵک ناونیشانێکی دیاره‌و ڕووی سه‌رنج و بایه‌خ له‌و ده‌کرێ و له‌ چه‌ندین بابه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی په‌یوه‌ست به‌ ژیانی تاک و ده‌سته‌جه‌معیدا ئه‌م حوززوری یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای کۆڕو کۆبوونه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی وه‌ک سوڵح و داخوازی هاوسه‌رگیری و بۆنه‌ گشتییه‌کانی تری کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری بکه‌ین ده‌بینین زۆر که‌م ئه‌و کۆڕو کۆبوونه‌وانه‌ بێ ئاماده‌بوونی کاریگه‌ری مه‌لایه‌ک به‌ڕێوه‌ده‌چێ، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ به‌ دیار ده‌خات که‌ پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی مه‌لای کورد له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا له‌ ئاستیکی به‌رزو باڵادایه‌.

له‌ ڕووی فه‌رهه‌نگیشه‌وه‌ مه‌لای کورد هه‌میشه‌ پێشه‌نگی کایه‌ مه‌عریفی و ئه‌ده‌بییه‌کانی کورد بووه‌و وه‌ک خه‌رمانێک له‌ کلتوورو ڕۆشنبیری کورد تاریفکراوه‌، پێگه‌ی فه‌رهه‌نگی مه‌لای کورد که‌ هیچی له‌ پێگه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی که‌متر نه‌بووه‌و نییه‌ پێگه‌یه‌که‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێک مێژووی کلتوورو فه‌رهه‌نگی کورد به‌ هه‌وڵه‌ مێژووییه‌ مه‌عریفییه‌کانی ئه‌وه‌وه‌ گرێدراوه‌.

له‌ ڕووی سیاسیشه‌وه‌ پێگه‌ی مه‌لای کورد له‌ ته‌واوی رووداوو مه‌سه‌له‌و پێشهاته‌کانی میژووی کوردا له‌ ئاستی لوتکه‌دا بووه‌، هه‌موو ئه‌و شۆرشانه‌ی کورد شانازییان پێوه‌ ده‌کات بووه‌ته‌ مێژووی شوناسی میللی و نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کوردستان له‌ سه‌ر ده‌ستی مه‌لاو به‌ بیرو هزرو بازووی مه‌لا هه‌ڵگیرساون، میژووی سیاسی کورد له‌ شێخی نه‌هرییه‌وه‌ تا شێخ سه‌عید و قازی و مه‌لا مسته‌فای بارزانی گه‌واهیده‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ن که‌ مه‌لای کورد سه‌ردێرو ناونیشانی بزافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی دوو سه‌ده‌ی خه‌باتی به‌رخودانی بوون و مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کۆمه‌ڵی کوردوه‌رای بوون .

ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ پێگه‌ی مه‌لای کورد له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ پێگه‌یه‌کی موشاریکی به‌هێزه‌و له‌ ئاستی باڵاداو له‌ ته‌واوی پێشهاته‌ سیاسییه‌کاندا پێگه‌و ڕۆڵی دیاری هه‌یه‌ چ وه‌ک فه‌تواو ته‌وجیهی گشتی چ وه‌ک کاریگه‌ری له‌ یڕیارو مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسسازه‌کانی گه‌لدا که‌ ڕای گشتیی خه‌ڵک و تا ڕاده‌یه‌ک گۆڕه‌پانی سیاسی هێزو لایه‌نه‌کانیش به‌ بایه‌خه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانن .

تایبه‌تمه‌ندی مه‌لای کورد که‌ خاڵی جیاکه‌ره‌وه‌ی زانایانی وڵاتی ئێمه‌یه‌ له‌ زانایانی وڵات و ناوچه‌کانی تری جیهانی ئیسلامی  له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌دا به‌دیار ده‌که‌وێ :

یه‌که‌م: مه‌لای کورد جیا له‌ زاناو پێشه‌وایانی میلله‌تانی ده‌وروبه‌ری خۆی مه‌لایه‌تی بۆی بووه‌، ئه‌رک و وه‌زیفه‌یه‌کی گران له‌سه‌ر شانی نه‌ک وه‌رگرتنی ئیمتیازاتی شه‌خسی و قایمکردنی پایه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌ته‌کانی، له‌ یه‌که‌م رۆژی فه‌قێیه‌تییه‌وه‌ ژیانێکی کوله‌ مه‌رگی پڕ زه‌حمه‌ت له‌ پێناو که‌سبی علم و مه‌عریفه‌تدا هه‌ڵده‌بژێرێ و شار به‌ شارو دێ به‌ دێ به‌ دوای دۆزینه‌وه‌ی مه‌دره‌سه‌و موده‌ریسێکی به‌توانادا وێڵ ده‌بێ و ژیانی هیجره‌ت و ده‌رده‌سه‌ری ئیختیار ئه‌کات تا بڕێک زانست و مه‌عریفه‌ی ده‌سکه‌وێ. دواتریش مه‌لایه‌تی ده‌بێته‌ زنجیرێک و ده‌ستو پێی له‌ موماره‌سه‌ی گه‌یشتن به‌ بارودۆخێکی دارایی باش ده‌به‌ستێ و شه‌ووڕۆژی ژیانی به‌ خزمه‌تی خه‌ڵکه‌وه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی وه‌ک زاناو مه‌لای وڵاتان و شوێنانی تر حیسابی ئه‌و مه‌شغه‌ڵه‌ت و گرێدانه‌ی ژیانیان به‌ ژیانی خه‌ڵکه‌وه‌ بۆ بکرێ و ئه‌و ماندووبوونه‌یان له‌به‌رچاو بگیرێ، بۆیه‌ تایبه‌تمه‌ندی مه‌لای کورد له‌ تایبه‌تمه‌ندی باوک ده‌چێ که‌ هه‌میشه‌ چاوه‌ڕوانی به‌خششی لێده‌کرێ نه‌ک وه‌رگرتن، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایکردووه‌ وه‌ک ره‌عیه‌ت و ڕۆڵه‌ی ئه‌و باوکه‌ له‌ مه‌لای کورد بڕوانرێ و هه‌ڵکشانی گله‌وگازانده‌ له‌به‌رامبه‌ر داکشانی مه‌دح و پێزانینی خه‌ڵکدا زۆرتر بێ .

دووه‌م: مه‌لای کورد به‌ پێچه‌وانه‌ی مه‌لای شوێنان و گه‌لانی تر له‌ هه‌ر شوێنێک خه‌ڵک ئاوه‌دانی بنیاتنابێ له‌وێ مزگه‌وت و مه‌دره‌سه‌ی ئاوه‌دانکردووه‌ته‌وه‌و فه‌قێ و قوتابی ڕاگرتووه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش نه‌ منه‌ت نه‌ شانازی به‌سه‌ر که‌سه‌وه‌ نه‌کردووه‌و خۆی به‌ به‌رپرسیاری دونیاو قیامه‌ت زانیوه‌ له‌وه‌ی که‌ که‌مته‌رخه‌میی له‌ ئه‌رکه‌ پیرۆزه‌که‌یدا بکات، بۆیه‌ له‌ هه‌ر شوێنێک دوو ماڵ بووبێ مه‌لاو مزگه‌وت و حوجره‌یه‌کیش له‌وێ بوونی هه‌بووه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی گه‌لان و وڵاتانی جیهانی ئیسلام که‌ مه‌دره‌سه‌و شوێنی زانایان له‌ شاره‌ گه‌وره‌و به‌ناوبانگه‌کان و له‌ به‌رزترین ئاستی بایه‌خی ئابووری و شارستانیدا بووه‌ و ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ ئه‌و جیاوازییه‌ به‌ ئاشکرا هه‌ستی پێده‌کرێ .

سێیه‌م: له‌ مه‌دره‌سه‌و ناونیشانه‌ زانستییه‌کانی دنیادا وا باوو جێگیره‌ که‌ مامۆستا قوتابی قبووڵ ده‌کات و له‌به‌رامبه‌ریشدا مه‌ڵبه‌ندو شوێنه‌ زانستییه‌کانی زانایان قوتابی قبووڵ ده‌که‌ن، به‌ڵام خاسییه‌تی مه‌لای کورد له‌مه‌شدا تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ به‌ درێژایی مێژووی هه‌بوونی ئه‌م چینه‌ زانستییه‌ی کورد قوتابی گه‌ڕاوه‌و مه‌لای قبووڵ و ئیختیار کردووه‌و له‌ هه‌ر جێیه‌ک مه‌یلی بووبێ و پێی باش بووبێ خوێندوویه‌تی و مه‌لای موده‌ریسیش به‌ ڕه‌حابه‌تی سه‌دره‌وه‌ قوتابییه‌که‌ی وه‌ک رۆڵه‌و شاگردی خۆی قبووڵکردووه‌ مه‌گه‌ر بێجێیی و ده‌سه‌به‌رنه‌بوونی بارودۆخی ماڵی و دارایی ڕێگربووبێ .

ده‌رباره‌ی ئه‌و خزمه‌ته‌ش که‌ مه‌لای کورد له‌ هه‌موو بواره‌ جیاجیاکانی ژیانی کۆمه‌ڵگه‌و نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی و مرۆڤایه‌تیدا کردوویه‌تی ئێمه‌ له‌ ئاماژه‌یه‌کی خێرای ناو ئه‌م نووسینه‌دا ته‌نیا ده‌توانین وه‌ک سه‌ره‌قه‌ڵه‌م باسیان بکه‌ین چونکه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ حه‌قی ته‌واوی خۆی پێبده‌ین به‌ چه‌ندین به‌رگی کتێب بۆمان نانووسرێته‌وه‌ .

سه‌ره‌تا له‌ کایه‌ی ئه‌ده‌بی و مه‌عریفیدا مه‌لای کورد ناوبانگێکی به‌ میلله‌تی کورد و ئوممه‌تی ئیسلام به‌خشیوه‌ که‌ هیچ پیشه‌و ناونیشان و چین و توێژێک نه‌یتوانیوه‌ مللانێی له‌گه‌ڵدا بکات. مه‌لای کورد له‌ ڕیی مه‌لای جزیری و خانییه‌وه‌ یه‌که‌مین ده‌قی ئه‌ده‌بی کرمانجی ده‌نووسنه‌وه‌و کورد ده‌که‌نه‌ خاوه‌نی ئه‌ده‌بی نووسراو، نالی یه‌که‌مین که‌سه‌ شیعر به‌ کوردی ده‌نووسێ و کورد ده‌کاته‌ خاوه‌نی شیعری خۆماڵی .

ئه‌و خه‌رمانه‌ له‌ ئه‌ده‌بیات و مه‌عریفه‌ی کوردی که‌ مه‌لا شاعیره‌کانی کورد وه‌ک مه‌ولانا و نالی و مه‌وله‌وی و مه‌حوی و بێخودو سه‌دانی تر سه‌ریه‌کیانناوه‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی راستی و درووستی خزمه‌تی بێوێنه‌ی مه‌لای کورد بسه‌لمێنێ .

له‌ بواری مه‌عریفه‌ی ئاینیشدا له‌ ابن سه‌لاح وابن خلکان و باقلانی و موسه‌نیفه‌وه‌ بگره‌ تا مه‌ولاناو بێتووشی و ابن حاج و عه‌للامه‌ی نۆدشی و پێنجوێنی و مامۆستا باقرو مه‌لای عبدالکریمی موده‌ریس و هه‌زارانی تر مه‌لای کورد به‌ هه‌زاران توحفه‌و باخ و گوڵزاری زانست و مه‌عریفه‌ی خستووه‌ته‌ پاڵ باخ و باخاتی بیرو فیقه و علوومی ئوممه‌تی ئیسلام که‌ تا دونیا دونیا بێ‌ شانازی پێوه‌ ده‌کرێ .

له‌ بواری ڕینموویی ئاینی و ئه‌خلاقی و ڕێبه‌رایه‌تیی کۆمه‌ڵایه‌تیشدا مه‌لای کورد پارێزه‌رێکی سه‌ره‌کی که‌سایه‌تیی ئیسلامی و بنیاتنه‌ری مه‌وسووعه‌ی په‌یڕه‌وی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی شیرازه‌ نه‌بچڕاوو ئابڕوومه‌ندی مرۆییه‌ که‌ بێ هیچ ته‌کلیف و ئیمتیازێک خۆبه‌خشانه‌ وه‌ک ئه‌رکێکی به‌رپرسیارانه‌ی دینی و ئه‌خلاقی و نیشتمانی و مرۆیی خۆی پێوه‌ پایه‌ندکردووه‌ 

ئه‌و خزمه‌ت و هه‌ڵوێسته‌ش که‌ مه‌لای کورد له‌ پاڵ چه‌رمه‌سه‌ری و تاڵی و شیرینی قۆناغه‌کانی ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی میلله‌ته‌که‌یدا کردوویه‌تی و نواندوویه‌تی هیچی له‌ هه‌وڵه‌ پیرۆزه‌کانی تری پێناو ئاین و ژیانی دونیاو قیامه‌تی خه‌ڵک که‌متر نییه‌و نه‌بووه‌.

مه‌لای کورد هه‌میشه‌ له‌ سه‌نگه‌ری گه‌ل و به‌رخودانی میلله‌ته‌که‌یدا قوربانی به‌ ژیان و ماڵی خۆی داوه‌و له‌سه‌ر به‌ردێک و به‌نانه‌ ڕه‌قێک توانیوێتی له‌ پاڵ خه‌ڵکدا ئه‌رکه‌کانی جێبه‌جێ بکات که‌ وه‌ک ئاشکرا ئه‌رکی مه‌لایه‌تی له‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیانی گه‌ل و خه‌ڵکه‌که‌یدا ئه‌رکی شه‌وانه‌و ڕۆژی و هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی بێوچانه‌ به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ ئه‌گه‌ر مه‌لای کورد له‌ شوێنێک یان له‌ رووداوو کاتێکدا به‌ ناچاری و بێ ویستی خۆی ئاماده‌یی نه‌بووبێ، خه‌ڵک وه‌ک ئه‌و کاروانه‌یان لێهاتووه‌ که‌ له‌ بیابانێکی نادیارو چۆڵگه‌یه‌کی قاقڕدا ده‌لیل و شاره‌زاکه‌یان لێ بزر ده‌بێ .