یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مامۆستا شێخ مەلا ياسين شێخ فەرخ کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە بەشداری نوێنەری یەکێتی زانایان؛ کارەکانی خولی چل وپێنجەمین شرۆڤەی نامەی عەممان لە شانشینی ئوردەن بەرێوە دەچێت    *****    *****   یەکێتی زانایان لە گەڵ دەسپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن پەیامێک ئاراستەی لایەنە سیاسیەکان و هاوڵاتیان دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا عيسا کەونەگوندی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان  پێشوازی لە شاندێکی کریستیانەکانی کوردستان دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان  پێشوازی لە بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری دەکات    *****    *****   پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان    *****    *****   پەیامی سەرۆکی حکومەت لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان    *****    *****   پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی هەرێم بە بۆنەی 54 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایان    *****    *****   ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەرز راگیرا    *****    *****   یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان به‌ بۆنه‌ی 54 ساڵه‌ی دامه‌زراندنیه‌وه‌ پەیامێک بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا طيب أحمد کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات   
مه‌لاعومه‌ری چنگنیانی
به‌رواری دابه‌زاندن: 26/02/2011 : 03:04:55
قه‌باره‌ی فۆنت
ده‌با به‌ هه‌موولایه‌كمان له‌ باتی تۆوی كینه‌ چاندن، میهره‌بانی بكه‌ینه‌ درووشم و به‌رِاستی چاكسازی بكه‌ین
ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ خۆرهه‌لاَتی ناوه‌رِاستدا و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر تایبه‌تی ناوچه‌كه‌مانی گرتۆته‌وه‌ و ئێستا رِووی له‌ولاَتی ئێمه‌یش كردووه‌ و به‌تایبه‌تی تریش له‌ شاری سلێمانی سه‌ری هه‌ڵداوه‌، به‌شێكه‌ له‌واقیعێك كه‌ چاوه‌رِوان نه‌كراو نه‌بوو به‌لای منه‌وه‌، چونكه‌ حه‌زی گۆرِانكاری و داوای چاكسازی به‌شێكه‌ له‌ سرووشتی مرۆڤ و منیش له‌ مه‌ریخ ناژیم، ئه‌گه‌ر به‌شێكی زۆری ئه‌م خه‌مانه‌، راسته‌و خۆیش گرێبانی من نه‌گرێته‌وه‌، به‌شی خۆمم ده‌كه‌وێت، نه‌خاسمه‌ منیش خه‌ڵكی ئه‌وشاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانییه‌ برینداره‌م، كه‌ كه‌مته‌رخه‌می كه‌ڵه‌كه‌ به‌ستوو، له‌ هه‌قیدا ناشاردرێته‌وه‌ و تابینه ‌قاقه ی هاتووه‌!

سه‌ربه‌هه‌ر كه‌لێن و كووچه‌ و كۆلاَن و گوند و شارۆچكه‌یه‌كیدا ده‌كه‌یت، رِووبه‌رِووی ده‌یان پرسیاری بێ وه‌لاَم ده‌بیته‌وه‌!

له‌گه‌رمیان و سه‌نگاوێوه‌، تا به‌ پێنجوێن، له‌ هه‌ورامان و شاره‌زوورییه‌وه‌، تا به‌ پشده‌ر و بیتوێن، پرِیانه‌ له‌ گه‌نجی بێ كار، كێژی بریندار، بێوه‌ژنی بێ ژیانی ده‌رده‌دار!

به‌كه‌می رێبكه‌وێت حه‌مباڵێك ببینی - رێزم بۆ حه‌مباڵ هه‌یه‌ و ده‌ستیان ماچ ده‌كه‌م - كه‌ هه‌ڵگری برِوانامه‌یه‌ك نه‌بێ، به‌ده‌گمه‌ن رێبكه‌وێت، له‌ شوێنێك شاگردێكی بێ سه‌واد ببینی.

پیری شاره‌كه‌م زه‌وقی پێكه‌نینی نه ما‌وه‌، خانمی شاره‌كه‌م ئاره‌زووی ئارایشی لێبرِاوه‌، دوكانداری شاره‌كه‌م كه‌ڵه‌مه‌ی دوكانی واگرێداوه‌ كه‌ نایكاته‌وه‌، ئیتر به‌هه‌ر لایه‌كدا ده‌چیت له‌ودیو زۆرێك له‌ ناوه‌ زله‌ زه‌نگینه‌كانی شاره‌كه‌، زلێك خۆی حه‌شارداوه‌، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسان قه‌ڵه‌م به‌گه‌رِده‌خه‌ن و ناخوێندرێنه‌وه‌، ئای له‌و هه‌موو برینانه‌ی كه‌ قه‌تماغه‌یان به‌ستبوو وا هاتنه‌وه‌ سوێ!

كه‌ ئه‌م هه‌موو كاره‌ساتانه‌، زه‌مینه‌ خۆشكه‌رن بۆ نه‌یارانیش، كه‌ ده‌ستی بۆگه‌نیان له‌ولاَتمان وه‌ر بده‌ن و ئاژاوه‌گێرِی بنێنه‌وه‌!

ئه‌ی خه‌ڵكی شاره‌كه‌م: ئه‌ی شاره‌كه‌ی شێخی نه‌مر، منیش وه‌ك ئێوه‌ و له‌گه‌ڵ ئازاره‌كانتاندا ده‌ژیم، منیش به‌ زار و قه‌ڵه‌مه‌كه‌م، له‌ خزمه‌تتان دام، به‌لاَم هیوادارم وه‌ك ئیمامی شیعبی كه‌ حه‌جاج پرسیاری شه‌رِی نێوان(عه‌لی و موعاوییه‌)ی لێكرد(ر)، له‌وه‌لاَمدا گوتی:

قوربان، ئه‌وه‌ شه‌رِێك بوو خوای گه‌وره‌ كه‌ره‌می له‌گه‌ڵ كردم، شمشێرمی تێدا به‌كارنه‌هات، زمانیشم بپارێزێت له‌ باسكردنی، منیش داوامه‌ له‌ خوای گه‌وره‌، وه‌ك به‌شێك نه‌بووم له‌ به‌ره‌و ئه‌وئاسته‌ ناخۆش و پرِ له‌كه‌م و كوورِی بردنه‌ی شاره‌كه‌م، له‌ رِێگه‌ی نووسین و به‌رنامه‌ و كارمه‌وه‌، پارێزراوبم له‌وه‌ی كه‌ ببمه‌ یارمه‌تیده‌ری هیچ ته‌نگژه‌یه‌ك.

له‌ دووی هه‌واڵی درۆ نه‌چوون

بابه‌تی ئه‌مرِۆم ته‌رخان ده‌كه‌م بۆ كورته‌ باسێكی چه‌مكی میهره‌بانی و ئاورِێك له‌ عه‌داله‌تی عومه‌ر(ر)، كه‌ وه‌ك زۆر جار گوتوومه‌: عومه‌ر ئه‌وپیاوه‌یه‌، كه‌ له‌ ساته‌ هه‌ستیاره‌ كاندا یای ده‌كه‌م!

خوای گه‌وره‌ له‌ ئایه‌تی36ی سوره‌تی ئه‌لئیسرادا، رِوو له‌ پێغه‌مبه‌رده‌كا، تا به‌ ئێمه‌ی رابگه‌یێنێت، له‌ خۆمانه‌وه‌ شوێن هه‌واڵێك نه‌كه‌وین كه‌ راست نه‌بێ و هیچ زانستێكمان به‌سه‌ریدا نه‌شكێ و ده‌فه‌رموێت:

(نه‌كه‌ی شوێن هه‌واڵێك بكه‌ویت و له‌دووی بابه‌تێك بچیت كه‌ بۆخۆت زانستت به‌سه‌ریدا نه‌شكێ و لێی ئاگادار نه‌بیت، چونكه‌ توانای بیستن و توانای بینین و دڵی مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌وكاره‌ به‌رپرسیاره‌ كه‌ ئه‌نجامی ده‌دات).

گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ ئه‌م په‌روه‌رده‌ قورئانییه‌ بۆ به‌رگرتنه‌ له‌زۆر شتی ناخۆش و رێنماییكردنێكی جوانی خواییه‌ بۆ ئێمه‌ كه‌ بزانین لێپێچانه‌وه‌ی خوایی ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر شتێك هه‌بێت دوو لایه‌نه‌یه‌، لایه‌نی دوارۆژ و لایه‌نی دادگای دنیاییش ده‌گرێته‌وه‌، ئێمه‌ی موسڵمانیش به‌وه‌ناسراوین كه‌ زانستێكمان له‌ناودایه‌ پێی ده‌گوترێت: زانستی(سه‌نه‌د)كه‌ دارِێژه‌ری وه‌ك زانستێك، مه‌لایه‌كی كورده‌ به‌ناوی (ئیبن و سه‌لاحی شاره‌زووری) له‌ كتێبه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌یدا(مقدمة‌ إبن الصلاح في علوم الحدیث)كه‌ ئه‌ویش به‌ پشت به‌ستنه‌ به‌ كردار و ره‌فتاری پێغه‌مبه‌ر(د.خ) و یارانی(ر)، به‌تایبه‌تی له‌ كاتی كۆكردنه‌وه‌ و نووسینه‌وه‌ی قورئان له‌سه‌رده‌می ئه‌بوبكر و عوسماندا(ر) ره‌چاوكرا.

له‌لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، به‌گه‌رِِانه‌وه‌ بۆ جێ به‌جێكردنی حوكمه‌ شه‌رعییه‌كان، ده‌زانین له‌ فیقهی ئیسلامیدا چه‌سپاندنی حوكم له‌ دووی بوونی گه‌واه و دان پێدانان و سوێند دانه‌ و ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی زینایه‌ك بچه‌سپێت، پێویسته‌ چوار شایه‌ت له‌به‌رده‌می دادوه‌ردا به‌بێ لاسایی كردنه‌وه‌ی یه‌كدی بیچه‌سپێنن.

جێی خۆیه‌تی لێره‌دا بیهێنمه‌وه‌ بیری هه‌ربرِوادارێك كه‌ تاچه‌ند ده‌بێ ئاگای له‌ زمان و پێنووسه‌كه‌ی بێت و له‌ خۆرِا تاوان نه‌داته‌ پاڵ كه‌س، چونكه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌رشتێك كه‌ گوترا راست بێت.

له‌ گوناهكردن خراپتر، تاوانباركردنی خه‌ڵكی بێ تاوانه‌

خوای گه‌وره‌ له‌ ئایه‌ته‌كانی 110و111و112ی سوره‌تی ئه‌لنیسادا سێ قۆناغی تاوان كردن مان بۆباس ده‌كات و كۆمه‌ڵێك پێوه‌ری خوایی ده‌خاته‌وه‌ بیرمان و هۆشدارییه‌كی قورئانی و میهره‌بانی بێسنووری خۆیمان نیشان ده‌دا و ده‌فه‌رموێت:

(هه‌ركه‌سێك كارێكی خراپ ئه‌نجام بدات، یاخود سته‌مێك له‌ خۆی بكات، پاشان ته‌وبه‌ بكات بۆلای خوا، ده‌بینێ خوای گه‌وره‌ هه‌م لێخوشبوو و لێ بورده‌یه‌ و هه‌م میهره‌بانه‌. هه‌ركه‌سێكیش گوناهێك بكات، ده‌بێ بزانێ ئه‌وه‌ خۆی گوناهباركردووه‌، به‌لاَم با ئاگاداربێت كه‌ خوا خاوه‌نی زانستیی بێ سنوور و حه‌كیمه‌ و كاره‌كانی پرِن له‌حیكمه‌ت . ئه‌گه‌ر كه‌سێك تاوان، یان گوناهێك بكات و خۆی لێ به‌دوور بگرێ و بیداته‌ پاڵ كه‌سێكی بێ تاوان، ئه‌وه‌ بارێكی قورس و كۆڵێكی گرانی بوختانی هه‌ڵگرتووه‌ و تاوانێكی دیاری كردووه‌).

كه‌ ئه‌مه‌ هاندانێكی خوایه‌ بۆته‌وبه‌كردن و رێگه‌نیشاندان بۆ ئه‌وكه‌سه‌ی تووشی هه‌ڵه‌دێت كه‌ بزانێت، به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵه‌ و تاوان ئیتر ئاگری دۆزه‌خی بۆ نێڵه‌ نادرێت، به‌ڵكو له‌به‌رده‌میدا ده‌روازه‌ی پرِ له‌ لێبورده‌یی خوایی والاَده‌كرێت، هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه‌ تێده‌گات كه‌ دوای هه‌ڵه‌ لێپێچانه‌وه‌دێت، به‌لاَم كه‌ تاوانبار به‌خۆدا هاته‌وه‌ و داوای لێبوردنی كرد و ته‌وبه‌ی كرد، وێرِای ئه‌وه‌ی كه‌ لێپێچانه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ناكرێت و قه‌ڵه‌می لێبورده‌یی خوایی بۆ به‌گه‌رِده‌كه‌وێت، میهره‌بانی بێ سنووری خواییشی له‌به‌رده‌مدا ده‌بێ و ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م چاوه‌رِوانی ناكات خوای گه‌وره‌ وای له‌گه‌ڵ ده‌كات، كه‌ ئه‌م قۆناغه‌ دێنرێته‌ به‌رده‌م هه‌رتاكێك، دنیایه‌ك هیوای بۆ دروست ده‌بێت و تێده‌گات كه‌ میهره‌بانی خوا سنوور دارناكرێت و ئایینی ئیسلام سه‌رتاسه‌ری به‌خشش و میهره‌بانی خواییه‌ بۆ هه‌موو بوونه‌وه‌ر و مه‌ردمگه‌ل به‌تایبه‌تی، ئیتر هه‌ر كه‌س و هه‌ر چین و توێژ و لایه‌نه‌، به‌ پێودانگی خۆیان، وێرِای ئه‌م ئایه‌ته‌، ئه‌وه‌تا ئه‌وراستیه‌مان له‌چه‌ند ئایه‌تێكی دیكه‌ی قورئاندا به‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت.

چه‌ند ده‌قێك له‌باره‌ی میهره‌بانییه‌وه‌

1: خوای گه‌وره‌ له‌ میانه‌ی باسكردنیدا بۆ موسا پێغه‌مبه‌ر(د.خ) و پارِانه‌وه‌كانی بۆ خوای گه‌وره‌، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌یگوت: ئه‌ی په‌روه‌ردگارم له‌ گوناهه‌كانمان خۆش ببه‌ و میهره‌بانبه‌ به‌رامبه‌رمان، كه‌ تۆ له‌ هه‌موو میهره‌بانێك میهره‌بانتری، له‌م دنیایه‌دا خێر و چاكه‌مان بۆ بنووسه‌ و له‌ رۆژی دواییشدا. ئێمه‌ بۆلای تۆ رێنمایی كراوین. خوای گه‌وره‌یش له‌وه‌لاَمیاندا، وه‌ك له‌ ئایه‌تی 156ی سوره‌تی (ئه‌لئه‌عراف)دا هاتووه‌، فه‌رمووی:

(سزای خۆم به‌ كه‌سانێك ده‌چێژم، كه‌ بۆخۆم خوازیار و ویستیاری بم، میهره‌بانی من به‌شی هه‌موو شتێك ده‌كات و هه‌مووشت ده‌گرێته‌وه‌، له‌ دوارۆژیشدا، بۆ ئه‌وكه‌سانه‌ی ده‌نووسم، كه‌ له‌ خوا ده‌ترسن و زه‌كاتی ماڵه‌كانیان ده‌ده‌ن، ئه‌وانه‌یش، كه‌ برِوایان به‌ ئایه‌ته‌كانی ئێمه‌ هه‌یه‌).

2: له‌ ئایه‌تی54ی سوره‌تی (ئه‌لئه‌نعام)یشدا، روو به‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ)ده‌فه‌رموێت:

(ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی برِوایان هێناوه‌، هاتنه‌ لات، پێیان بڵێ: سلاَوی خواتان له‌سه‌ر بێت، خوای گه‌وره‌ له‌سه‌ر خۆیی به‌ پێویست گێرِاوه‌، كه‌ میهره‌بان بێت، جا هه‌ركه‌س به‌ هۆی نه‌زانینه‌وه‌، هه‌ڵه‌یه‌ك، خراپه‌یه‌ك بكا و پاشان تۆبه‌ی لێبكات و كرده‌وه‌كانی باش ببن، ئه‌وه‌ با ئاگاداربێت، كه‌ خوای گه‌وره‌ لێخۆشبوو و میهره‌بانه‌).

3: ئیمامی بوخاری و ئیمامی موسلیم(ر)، له‌ ئه‌بو هوره‌یره‌وه‌(ر)، بۆمانی ده‌گێرِنه‌وه‌، كه‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ) فه‌رموویه‌تی:

(ئه‌وكاته‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌، بوونه‌وه‌ری دروست كرد، له‌ لای خۆی له‌سه‌رعه‌رشه‌كه‌ی خۆیی نووسی، میهره‌بانی من، پێش توورِه‌ییم كه‌وتووه‌).

لێره‌دا، جێگه‌ی خۆیه‌تی به‌ وردی له‌م تابلۆیه‌ تێبگه‌ین، كه‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ)باسی لێده‌كات، ببینن: نووسه‌ری تابلۆكه‌، خوا خۆیه‌تی، خاوه‌نی بیره‌كه‌، خوا خۆیه‌تی، جێبه‌جێكاره‌كه‌ی، هه‌رخۆیه‌تی، شوێنه‌كه‌، لای یه‌خته‌كه‌ی خوایه‌، ناوه‌رۆكه‌كه‌ی، باسكردنه‌ له‌وه‌ی، كه‌ میهره‌بانی خوا، له‌ پێش توورِه‌ییه‌وه‌یه‌تی!ئاخر ئه‌مه‌ مانای گه‌وره‌ی خۆی هه‌یه‌ و پێویسته‌ ئێمه‌ زۆر به‌وردی و به‌ باشی له‌وپه‌یامه‌ی خوا و پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، تێبگه‌ین.

زۆر جاری واده‌بێت، ئیشمان ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌ستی كارمه‌ندێكی ده‌وڵه‌ت و له‌ ژووره‌كه‌یدا چه‌ندین تابلۆی ره‌نگاو ره‌نگ و نیگاری جوان جوان ده‌بینین، ته‌عبیر له‌وه‌ده‌ده‌نه‌وه‌ گوایه‌ به‌رِێزیان، زۆر میهره‌بان و زۆر به‌ به‌زه‌یی و پاك داوێن و پاك ده‌ست و دوور له‌ گه‌نده‌ڵییه‌، ئیتر له‌وه‌یش گه‌رِێ، كه‌ له‌ سه‌ر مێزه‌كه‌ی قورئانێك و به‌عه‌لاگه‌ی جل هه‌ڵواسینه‌كه‌یه‌وه‌، به‌رماڵێك و كلاَوێكی سپی، خۆیان هه‌ڵخستووه‌! كه‌ هه‌مووئه‌مانه‌، پاش كه‌مێك دواندن و ئاخاوتن له‌گه‌ڵیدا، وه‌دیار ده‌كه‌وێت، هه‌رقسه‌ی رووت و رواڵه‌ته‌ و به‌س.

چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌ میهره‌بانی خوا

1: ناردنی پێغه‌مبه‌ران(د.خ).

2: كتێب و نامه‌ ئاسمانییه‌كان.

3: قورئان.

4: ده‌روون پاكی نێو ناخ و بۆیه‌ك باشبوونی دووهاوسه‌ر بۆیه‌كدی. وه‌ك چۆن له‌هه‌مان كاتیشدا، میهره‌بانی یه‌كێكه‌ له‌ سیفه‌ته‌كانی برِوادار، خوای گه‌وره‌، له‌ ئایه‌تی 29ی سوره‌تی(ئه‌لفه‌تح)دا، ده‌فه‌رموێت:

(موحه‌ممه‌د پێغه‌مبه‌ری خوایه‌، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدان و هه‌واداری ئه‌ون، توند و ئازا و خۆ رِاگر و به‌هێزن له‌ به‌رامبه‌ر بێ برِوایاندا، هاوكات به‌ به‌زه‌یی و میهره‌بانن له‌ به‌رامبه‌ر یه‌كدی و له‌ نێو خۆیاندا).

كه‌ ئه‌مه‌ پێداگوتنی بێ سنووری خواییه‌ بۆیان و باس كردنه‌ له‌وه‌ی، كه‌ تاچه‌ند له‌گه‌ڵ یه‌كدی میهره‌بانن، كه‌ ئه‌مه‌یش وێرِای ئه‌وه‌ی پێداگوتنیانه‌، رێنماییه‌كی گه‌وره‌یشه‌، كه‌ ده‌بێت هاوبیره‌كان، برِواداره‌كان، ئاوابن له‌گه‌ڵ یه‌كتر، گه‌رچی ئێمه‌ جارو بار لێره‌ و له‌وێ گوێمان له‌ رِای سه‌یر ده‌بێت كه‌ بۆچ ده‌بێ برِواداران بۆ خۆیان به‌ به‌زه‌یی بن و بۆ خه‌ڵكی توند؟!

به‌ بێ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ تێبگه‌ن كه‌ له‌ودیو ئه‌م ده‌قه‌وه‌ دروستكرنی كه‌سایه‌تییانی تێدا هه‌یه‌ و مانای ئه‌وه‌ نییه‌ له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ر، سته‌م كردنیان هه‌بێت، هێنده‌ی مانای دارِشتنی كه‌سایه‌تییانه‌ له‌ رِووی په‌روه‌رده‌یی داكۆكی له‌ خۆكردن و پاراستنی ماف و سنووری خۆیان، باس كردن نییه‌ له‌به‌رامبه‌ر.

له‌ ئایه‌تی 17س سوره‌تی(ئه‌لبه‌له‌د)یشدا، ده‌فه‌رموێت:

(برِواداران دوای قۆناغه‌كانی ژیان، ده‌بینی له‌ رِووی په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌، وایان لێدێت كه‌ ده‌گه‌رِێن له‌وانه‌ی برِوای ته‌واویان هێناوه‌ و ئامۆژیاری یه‌كدی ده‌كه‌ن بۆ نیشاندانی رێگه‌ی چاكه‌ و ئامۆژگاری یه‌كدی ده‌كه‌ن بۆ میهره‌بانی كردن و میهره‌بان بوون له‌گه‌ڵ یه‌كدی و گشتی).

هاندان بۆ وابه‌سته‌گی بوون به‌ خو و ره‌وشتی میهره‌بانی

1: وه‌ك ئیمامی تورمزی(ر)بۆمانی ده‌گێرِێته‌وه‌ له‌ عه‌بدولاَی كورِی عه‌مره‌وه‌(ر)، كه‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، فه‌رموویه‌تی:

(ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی، كه‌ میهره‌بانن له‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكیدا، خوای گه‌وره‌یش به‌ میهره‌بان ده‌بێت له‌گه‌ڵیان، پاشان به‌ شێوازی فه‌رمان ده‌فه‌رموێت: به‌زه‌ییتان به‌ خه‌ڵكی سه‌رزه‌ویدا بێته‌وه‌ و میهره‌بانبن له‌ته‌كیاندا، كه‌ ئه‌وهاتان كرد، خوای گه‌وره‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ به‌وه‌ پاداشتتان ده‌داته‌وه‌).

2: ئیمامی ئه‌حمه‌دیش(ر)، بۆمانی ده‌گێرِێته‌وه‌، له‌ عه‌بدولاَی كورِی عه‌مره‌وه‌(ر)، كه‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، فه‌رموویه‌تی:

(به‌زه‌ییتان به‌ خه‌ڵكیدا بێته‌وه‌، خوایش به‌زه‌یی به‌ ئێوه‌دا، دێته‌وه‌، میهربان بن له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌كانتان، خوایش میهره‌بان ده‌بێت له‌به‌رامبه‌رتاندا).

3: ئیمامی تورمزی(ر)، بۆمانی ده‌گێرِێته‌وه‌ له‌ ئه‌بوهوره‌یره‌وه‌(ر)، كه‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، فه‌رموویه‌تی:

(به‌زه‌یی دانارِنرێنێت له‌كه‌سێكی دڵ رِه‌قی بێ به‌زه‌یی نه‌بێت).

ره‌نگدانه‌وه‌ی میهره‌بانی به‌ خوو و ره‌وشتی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌(د.خ)

1: خوای گه‌وره‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ له‌ ئایه‌تی 107ی سوره‌تی(ئه‌لئه‌نبیا)دا، ده‌فه‌رموێت:

(ئێمه‌ تۆمان نه‌ ناردووه‌ به‌ میهره‌بانی نه‌بێت بۆ هه‌موو بوونه‌وه‌ر).

2: له‌ درێژه‌ی باسی دارِشتنی كه‌سایه‌تی پێغه‌مبه‌ردا(د.خ)، رووی گوتاری تێده‌كات و له‌ ئایه‌تی 159ی سوره‌تی(ئالی عیمران)دا، پێی ده‌فه‌رموێت:

(ده‌زانی به‌ چ هۆكار و به‌ چ میهره‌بانییه‌كی خوای گه‌وره‌وه‌، تۆ نه‌رم بوویت بۆیان؟ ئاخر ئه‌گه‌رتۆ پیاوێكی ره‌ق و رق ئه‌ستوور و توورِه‌ بوویتایه‌، له‌ ده‌ورت كۆنه‌ده‌بوونه‌وه‌).

3: كه‌ باسی دوورِووه‌ سه‌رسه‌خته‌كانمان بۆده‌كات، كه‌ تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك سنووریان ده‌به‌زاند و سه‌ركه‌شییان ده‌كرد، له‌ به‌رامبه‌رپێغه‌مبه‌ردا(د.خ)، له‌ ئایه‌تی 61ی سوره‌تی (به‌رائه‌)دا، ده‌فه‌رموێت:

(نه‌یاره‌كانی تۆ، هی وایان هه‌یه‌، كه‌ ده‌یان گوت: موحه‌ممه‌د هه‌رگوێچكه‌یه‌!، به‌ مانا ئیشی هه‌ر گوێ هه‌ڵخستنه‌ بۆ قسه‌ی ئه‌م و ئه‌و و فره‌ بێژی كردنه‌، ده‌ پێیان بڵێ: گوێیه‌كی باش، بۆ ئێوه‌ باشتره‌، كه‌ برِوای به‌ خوا هه‌یه‌ و برِوای به‌وه‌هه‌یه‌ كه‌ ئیماندارێتی، سوود به‌خشه‌ بۆ موسڵمانان و میهره‌بانییه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی، كه‌ له‌ نێو ئێوه‌دا برِوایان هێناوه‌).

4: له‌ هه‌مان سوره‌تی(ته‌وبه‌)دا و له‌ ئایه‌تی 128ی دا، ده‌فه‌رموێت:

(به‌راستی پێغه‌مبه‌رێكتان بۆ نێو هاتووه‌، كه‌ له‌خۆتانه‌ و - وه‌ك خۆتان هاورِه‌گه‌ز و تیره‌ و هاوزمانتانه‌ - هێنده‌ی ئێوه‌ سه‌ركه‌شی بكه‌ن له‌ ئاستی و مل نه‌ده‌ن به‌ شوێنكه‌وتنی، زۆری به‌لاوه‌ زه‌حمه‌ته‌، زۆر مكورِ و داكۆكی كاره‌ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئێوه‌، به‌رامبه‌ر به‌ موسڵمانان، به‌ به‌زه‌یی و میهره‌بانه‌).

ئیتر وێرِای ئه‌م هه‌مووئایه‌تانه‌ و ده‌یانی دیكه‌، بۆ خۆیشی له‌ دووتوێی ده‌قی فه‌رمووده‌كان و ئاكاره‌كانیدا، ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ بۆكردووه‌ و ئیمامی موسلیم(ر)، له‌ ئه‌بوموسای ئه‌شعه‌رییه‌وه‌(ر)، بۆمانی ده‌گێرِێته‌وه‌، كه‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، فه‌رموویه‌تی:

(من موحه‌ممه‌د و ئه‌حمه‌دم، به‌ مانا ئه‌وكه‌سه‌م كه‌ سوپاس گوزاری خوای خۆمم و شایانی زۆر سوپاس كردنم و له‌ هه‌موان زێده‌تر ده‌زانم چۆن سوپاسی خوای خۆم ده‌كه‌م، من ئه‌و كه‌سه‌م، كه‌ له‌ دووی پێغه‌مبه‌رانی دیكه‌ هاتووم و خه‌ڵكیش برِوام پێ دێنن و له‌ دووم دێن، من پێغه‌مبه‌ری لێ خۆشبوونم، من پێغه‌مبه‌ری میهره‌بانیم).

لایه‌ك له‌ نیشانه‌كانی میهره‌بانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)

1: به‌زه‌یی هاتنه‌وه‌ و میهره‌بانی به‌رامبه‌رموسڵمانان.

2: میهره‌بانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، له‌ به‌رامبه‌ر ئوممه‌ته‌كه‌ی له‌ رۆژی دواییدا.

3: میهره‌بانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، له‌ به‌رامبه‌ر خێزان و منداڵه‌كانی.

4: میهره‌بانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)به‌رامبه‌ر به‌كه‌م ئه‌ندام و لاواز و كه‌م ده‌رامه‌ته‌كانی ئوممه‌ته‌كه‌ی.

5: به‌زه‌یی هاتنه‌وه‌ و میهره‌بانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)له‌به‌رامبه‌ر ئاژه‌ڵدا.

6:به‌زه‌یی هاتنه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر و میهره‌بانی ئه‌و به‌رامبه‌ر بێ برِوایان و دوورِووه‌كان.

ئاورِێك له‌ ژیانی عومه‌ری كورِی خه‌تاب(ر)

گه‌رچی ئه‌مه‌جاری یه‌كه‌مم نییه‌ باسی عومه‌ری كورِی خه‌تاب بكه‌م(ر)، پشتیوان به‌خوا، هه‌تامن بم، هه‌تا سه‌ربێ، هه‌ر به‌وكه‌سایه‌تییه‌كه‌م وێنه‌ی ده‌زانم، كه‌ سینبولی دادپه‌روه‌رییه‌ و نه‌ یار و یار، له‌ كۆن و تازه‌دا، دان به‌وراستییه‌دا ده‌نێن و منیش هه‌ر كه‌ زۆرم بۆهات و (ناداد په‌روه‌ری كۆمه‌لاَیه‌تی)م به‌ برِوادارانه‌وه‌بینی و ده‌ستی له‌ بینم نا و ناحاڵێتی و كاڵفامیم به‌دی كرد، ئاورِدانه‌وه‌ ده‌كه‌م له‌ ژیانه‌ پرِ له‌سه‌روه‌ریه‌كه‌ی(ر)، كه‌ بێگومان، ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یش نییه‌ له‌ لای من، كه‌ وه‌ك پارێزراو له‌ هه‌ڵه‌(مه‌عسوم)، لێی برِوانم و سه‌یری بكه‌م.

سه‌ره‌تای فه‌رمانرِه‌وایه‌تی

سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌دروسته‌كان، پێمان ده‌ڵێن: هه‌ر كه‌ عومه‌ر(ر)، بوو به‌ خه‌لیفه‌، چووه‌ سه‌ر دوانگه‌ له‌سه‌ر ئه‌و جێگه‌ راوێستا، كه‌ كاتی خۆی ئه‌بوبه‌كری له‌سه‌ر ده‌وێستا، دوای سوپاسی خواكردن به‌وشێوه‌ی كه‌ شایانی په‌روه‌ردگاره‌ و ناردنی دروود و سلاَو بۆسه‌رگیانی پاكی پێغه‌مبه‌ر و یاوه‌رانی، فه‌رمووی:

(من خۆم وانابینمه‌وه‌، كه‌ بتوانم جێگه‌ی ئه‌بوبه‌كر بگرمه‌وه‌(ر)، پاشان له‌سه‌ر ئه‌وپێپلیكه‌ هاته‌خوار و چوو له‌سه‌ر پێپلیكه‌یه‌كی خوارتر، راوه‌ستا و ده‌ستی به‌وتاره‌كه‌ی كرد و فه‌رمووی: ئه‌ی په‌روه‌ردگار من پیاوێكی توورِه‌م نه‌رمی و له‌سه‌ره‌خۆییم پێ ببه‌خشه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار:

من كابرایه‌كی لاوازم، هێز و توانام پێَ ببه‌خشه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار:

من كابرایه‌كی سه‌خی ته‌بیعه‌ت نیم، ده‌ست و دڵم فراوان بكه‌ و سه‌خاوه‌تی ته‌بعم بده‌یێ).

دوای ئه‌م نزاو خۆبه‌كه‌م زانییه‌ی به‌رده‌م په‌روه‌ردگار، رووی كرده‌ خه‌ڵكه‌كه‌ و فه‌رمووی:

(خه‌ڵكینه‌ له‌ دوای كۆچی دوایی دوو خۆشه‌ویسته‌كه‌م، خوای گه‌وره‌، ئێوه‌ به‌وه‌ تاقی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ منی بۆناردوون!

منیش به‌وه‌تاقی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئێوه‌ده‌كه‌ونه‌بنده‌ستم!

سوێند به‌ خوا، هیچ كێشه‌یه‌ك نایه‌ته‌به‌رده‌مم، كه‌ بۆ خۆم هه‌وڵی چاره‌سه‌ری نه‌ده‌م و پشت ببه‌ستم به‌ یه‌كێكی دیكه‌، سوێند به‌خوا، هێنده‌ی به‌ چاكیی كاربكه‌ن منیش ره‌فتارم چاك ده‌بێت له‌گه‌ڵتان، هه‌ركه‌سیش لار و چه‌وت بێت، ئه‌وامنیش به‌ تووندی له‌گه‌ڵیدا ده‌جووڵێمه‌وه‌. خه‌ڵكینه‌:

پێوه‌ر دابنێن بۆخۆتان و بۆكرده‌وه‌كانتان و كێشانه‌ی دروستان هه‌بێت به‌رله‌وه‌ی وه‌به‌ر لێپرسینه‌وه‌ی توند و گران بكه‌ون.

خۆتان برِازێننه‌وه‌ به‌ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی باش، بۆ به‌رده‌م په‌روه‌ردگار و لێپرسینه‌وه‌ی رۆژی حه‌شر، به‌رده‌م ئه‌وپه‌روه‌ردگاره‌ی كه‌ هیچ شت له‌وبزر نابێت و ئاگای له‌ هه‌مووشتێكی ورد و درشت و گه‌وره‌ و بچووكه‌، هه‌مووشتێكیشتان نیشان ده‌درێت!.

ئاگاداربن:

هیچ كه‌سێك بۆی نییه‌ واگومان به‌رێت، كه‌ به‌ هۆی خواپه‌رستییه‌وه‌ ده‌گاته‌ پله‌ و پایه‌یه‌ك، كه‌ ئیتر لێی ناپرسرێته‌وه‌!، یان وابزانێت ئه‌وكاره‌ی پێی سپێردراوه‌، رێگه‌ی ئه‌وه‌ی پێده‌دات، كه‌ بۆی هه‌بێت سه‌رپێچی خوا بكات. ئاگاداربن:

كه‌ من له‌ ئه‌م رِۆوه‌ كه‌ ده‌بمه‌ به‌رپرسی كاره‌كانی ئێوه‌، خۆم له‌ ئاستی سامانی به‌یتولمال، وه‌ك ئه‌وكه‌سه‌ داده‌نێم، كه‌ وه‌لی ئه‌مری ماڵی هه‌تیو بێت، كه‌ی پێویستیم پێ نه‌ بوو، ئه‌وا به‌ ئه‌وپه‌رِی له‌ خواترسان و ته‌قواوه‌ خۆم ده‌پارێزم و عیزه‌تى نه‌فسم ده‌بێت، كه‌ى زۆریش پێویستیم هه‌بوو، ئه‌وا ئه‌وكات، ئه‌وه‌نده‌ى لێ به‌كارده‌هێنم، كه‌ به‌شم بكات و ژیانی مه‌مره‌ و مه‌ژیم پێ بدات. پاشان فه‌رمووی:

من لاموایه‌ كه‌ ئێوه‌ سه‌رده‌كه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ من توندوتیژم، هه‌ربۆیه‌كه‌ ئاگادارتان ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌ ئه‌وتوند و تیژییه‌م زۆر زیادی كردووه‌، به‌لاَم روو به‌ رووی ئه‌وكه‌سانه‌ی، كه‌ سته‌م و ته‌عه‌دا له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن، باوه‌رِتان بێت رێگه‌ به‌ هیچ كه‌س ناده‌م كه‌ سته‌م و ته‌عه‌دا له‌ هیچ كه‌سێك بكات، گه‌ر كه‌سێكیش تاوانی وای ئه‌نجامدا، وازی لێناهێنم، تا رِوومه‌تی نه‌خه‌مه‌سه‌رزه‌وی و پێی خۆم نه‌خه‌مه‌ سه‌ر روومه‌ته‌كه‌ی دیكه‌ی!، ده‌بێ ملیان پێ بده‌م به‌ هه‌ق و راستی. له‌گه‌ڵ ئه‌وهه‌موو توند و تیژییه‌یشمدا، ئێوه‌ ده‌كه‌مه‌ شایه‌ت، كه‌ من روومه‌تی خۆم ده‌كه‌مه‌ ژێرپێی ئه‌وكه‌سانه‌ی، كه‌ چاوچنۆك و چاوبرسی نین و به‌قه‌ناعه‌تن.

خه‌ڵكینه‌ ئاگاداربن: كه‌ من دان به‌وه‌دا ده‌نێم، كه‌ چه‌ند حه‌قێكتان له‌سه‌رمه‌ و داوایان بكه‌ن لێم و نه‌یه‌ڵن، كه‌مته‌رخه‌می بكه‌م، تیایاندا، ئه‌ركی سه‌رشانی منه‌ كه‌ باج وسه‌رانه‌تان لێ نه‌ستێنم، داهات و خه‌رجی و ماڵی خۆتان به‌ خۆتان ره‌وا ببینم و ده‌سكاری نه‌كه‌م، وه‌ك چۆن ئه‌ركی سه‌رشانی منه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر سامانێكی ده‌وڵه‌ت، كه‌وته‌ به‌رده‌ستم، به‌ هه‌ق و رێگه‌ و شوێنی خۆیدا نه‌بێت، خه‌رجی نه‌كه‌م، هه‌روه‌ها، له‌سه‌رشانی منه‌، كه‌ رۆزی و داهات و وخه‌رجیتان بۆ زۆر بكه‌م، به‌ پشتیوانی خوا، وه‌ك چۆن به‌ ئه‌ركی سه‌رشانمی ده‌زانم، سنووره‌كانتان بپارێزم له‌ ده‌ست درێژی كردنه‌ سه‌ریان.

به‌ واجبی خۆمی ده‌زانم، كه‌ تووشی تالووكه‌ و نارِه‌حه‌تیتان نه‌كه‌م، ئه‌گه‌ر شه‌رِیش گرێبانی گرتن، جه‌نگاوه‌ره‌كان، بۆماوه‌یه‌كی درێژ خایه‌ن دوور نه‌خه‌مه‌وه‌ له‌ماڵ و منداڵیان، خۆئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ ئێوه‌م نارد، بۆكارێكی پێویست، ئه‌ركی سه‌رشانمه‌، كه‌ من له‌ جێی ئێوه‌، وه‌ك باوكی منداڵه‌كانتان بم، تا به‌ سلاَمه‌تی ئێوه‌ دێنه‌وه‌ ناویان. ئه‌ی به‌نده‌كانی خوا: له‌ خوا بترسێن و ده‌ستی یارمه‌تیم بۆدرێژ بكه‌ن و نه‌یه‌ڵن پێویستی به‌وه‌بكات زۆرتان له‌گه‌ڵ به‌كاربێنم و خوانه‌خواسته‌ ئه‌زیه‌تتان بده‌م، یارمه‌تیم بده‌ن به‌وه‌ی كه‌ فه‌رمانم پێ بكه‌ن به‌ چاكه‌ و قه‌ده‌غه‌م بكه‌ن له‌ خراپه‌كردن، هه‌رده‌م ئامۆژگاریم بكه‌ن له‌م ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌ی كه‌ پێم سپێردراوه‌.

ئاگاداربن: كه‌ عه‌ره‌ب وه‌ك ره‌وگه‌ وشترگه‌لێك وان، چاوه‌رِێی خاوه‌نه‌كه‌یان بن به‌ره‌ و كوێیان ده‌بات، سوێندبێ به‌ خواى كابه‌ی پیرۆز، من رێگه‌ی باشیان وه‌به‌رده‌نێم).

عومه‌ر و راوێژكردن

ئیتر ئه‌م پیاوه‌ به‌رِێزه‌ به‌م شێوه‌ ده‌ست به‌كاربوو، كه‌ له‌ میانه‌ی كاره‌ پیرۆزه‌كانی ئه‌وه‌بوو كه‌ راوێژكردنی كردبووه‌ بنه‌مای ده‌وڵه‌ت، چونكه‌ راوێژ كردن یه‌كێكه‌ له‌و ستوونه‌ ئه‌ستوور و پته‌وانه‌ی، كه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری سه‌ركه‌وتنی هه‌رحكوومه‌تێك گه‌ربیه‌وێت، داد په‌روه‌ری به‌رێ به‌رِێوه‌، هه‌ربۆیه‌كه‌ ده‌بینین، په‌روه‌ردگار له‌ ئایه‌تی 159ی سوره‌تی: (ئالی عیمران) و له‌ پێدا گوتنی پێغه‌مبه‌ردا(د.خ)، ده‌فه‌رموێت:

(ده‌زانی كه‌ به‌ هۆی میهره‌بانی خواوه‌ بوو، وای له‌ تۆكرد، نه‌رم بیت به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی، گه‌ر بووایه‌ و تۆپیاوێكی رووگرژ و دڵ ره‌ق و توورِه‌ بوویتایه‌، ئه‌و خه‌ڵكه‌ هه‌موو لێت دوور ده‌كه‌وتنه‌وه‌، ده‌ لێ بوورده‌به‌ به‌رامبه‌ریان و داوای لێخۆشبوونی خواییان بۆ بكه‌، هه‌رده‌م له‌ ئیشه‌كانتدا راوێژیان پێ بكه‌، دواى ئه‌و راوێژ پێكردنه‌، پشت به‌ خوا ببه‌سته‌ و بشزانه‌، كه‌ په‌روه‌ردگاری تۆ خۆشیی له‌و كه‌سانه‌ دێت كه‌ پشت به‌و ده‌به‌ستن).

ببینن: چۆن په‌روه‌ردگار به‌ سیغه‌ی فه‌رمان روو به‌ گه‌وره‌ترین كه‌سی نێو ده‌وڵه‌ت و هه‌ره‌ چڵه‌ پۆپه‌ی هه‌ره‌میی ده‌سه‌لاَت ده‌ڵێ: راوێژ بكات، هه‌روه‌ها په‌روه‌ردگار، كه‌ باس له‌ ئاكار و ره‌وشتی به‌رزی موسڵمان ده‌كات، له‌ ئایه‌تی 28ی سوره‌تی(الشورى)دا، ده‌فه‌رموێت:

(ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ گوێی په‌روه‌ردگاریان كردووه‌ و نوێژه‌كانیان كردووه‌ و كار و فه‌رمانه‌كانیان له‌ سه‌ر راوێژ پێكردن و داد، داده‌مه‌زرێت و له‌وسامانه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ پێی به‌خشیون، به‌شی هه‌ژارانی لێده‌ده‌ن).

ده‌بینین، له‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌دا، په‌روه‌ردگار، وه‌ك چۆن فه‌رمانیدا به‌ نوێژ كردن، فه‌رمان ده‌دات به‌ راوێژكردن!، كه‌وابوو، نوێژ و راوێژ پێكردن، له‌ حوكمدا هاوتای یه‌كن، هه‌ربۆیه‌كه‌، بۆ تاكه‌ جارێكیش، عومه‌ر(ر)، رای خۆی به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا نه‌سه‌پاندووه‌، هه‌ر رووداوێك ببوایه‌، تا ئه‌وكه‌سانه‌ی لێیانه‌وه‌ بوه‌شێته‌وه‌ كه‌ راده‌رببرِن و هه‌ست و زانیاری لێوردبوونه‌وه‌یان هه‌یه‌، بانگ نه‌كردایه‌، هیچ هه‌نگاوێكی نه‌ ده‌نا، ئیتر دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان رای خۆیان بگوتبایه‌ و به‌ كۆی راكان شتێكیان په‌سند بكردایه‌، ده‌یفه‌رموو:

(هیچ خێر و بێر و فه‌رِێك له‌ كارێكدا نییه‌، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای راوێژ به‌ یه‌ككردن دانه‌مه‌زرێت!، ئه‌مجار ناوی خواى لێده‌هێنا).

گه‌لێك جاران ده‌یفه‌رموو:

(رای تاكه‌كه‌سێك وه‌ك داوه‌ ده‌زوویه‌ك وایه‌، كه‌ بووبه‌دوو، ده‌بنه‌ به‌نی هۆنراوه‌، كه‌ بوونه‌ سێ، ده‌بێته‌ گوریس، زۆربه‌زه‌حمه‌ت نه‌بێت هه‌رگیز ناپسێ و خاونابێته‌وه‌).

هه‌روه‌ها ده‌یفه‌رموو: (هه‌رده‌م راوێژ به‌كه‌سێك بكه‌ن كه‌ ترسی خوای له‌دڵدا هه‌بێت).

هه‌روه‌ها ده‌یفه‌رموو: (ئاده‌میزاده‌كان یان كه‌سانێكن كه‌ رووداوێك بۆیان دێته‌ پێش رای خۆیان به‌ گه‌رِده‌خه‌ن و چاره‌سه‌ری ئیشه‌كه‌ده‌كه‌ن. یان كه‌سانێكن كه‌ به‌ رای خه‌ڵكی دوای راوێژ پێكردنیان چاره‌ی ئیشه‌كه‌ده‌كه‌ن. یان كه‌سانێكن كه‌ نه‌ به‌قسه‌ی خه‌ڵك ده‌كه‌ن و نه‌ راوێژ به‌كه‌س ده‌كه‌ن، نه‌خۆیشیان رایه‌كی په‌سندیان هه‌یه‌).

یان ده‌یفه‌رموو: (موسڵمانان مافی خۆیانه‌ كه‌ ئیشه‌كانیان له‌ سه‌ربنه‌مای راوێژ پێكردن برِوا به‌رِێوه‌، راوێژكردن به‌وكه‌سانه‌ی كه‌ خاوه‌نی هه‌ست و هۆشی را ده‌ربرِینن) هه‌روه‌ها ده‌یفه‌رموو:

(خه‌ڵكی ته‌بیعه‌تیان وایه‌ حه‌ز به‌پرس و راده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئیش له‌سه‌ر بنه‌مای راوێژ دامه‌زرا، ئیتر ئه‌وانه‌ی دوای خۆشیان ته‌ماشای ئه‌وان ده‌كه‌ن).

ته‌نانه‌ت عومه‌ر كردبوویه‌ پلانی ژیانی خۆی، كه‌ هه‌رده‌م ئه‌وكه‌سانه‌ی كه‌ ده‌یكردنه‌ به‌رپرس له‌ شوێنێكدا به‌ سیغه‌ی فه‌رمان پێی ده‌گوتن: هه‌موو ئیشَێكتان به‌ راوێژ كردن ئه‌نجامبده‌ن).

ته‌نانه‌ت چه‌ند كه‌سانێكی دیاری كردبوو، كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ راوێژ پێكردن له‌ كارێكی دیارى كراودا پرس و رِایان پێده‌كرا، نامه‌یشی ده‌نووسی بۆ ئه‌میره‌كانی له‌ عێراق و پێی ده‌گوتن:

(له‌ كار و باری سه‌ربازیدا، راوێژ به‌ عه‌مری كورِی مه‌عدی یه‌كریب و ته‌لحه‌ی ئه‌سه‌دی بكه‌ن، به‌لاَم نه‌یانكه‌نه‌ به‌رپرسی كارو باری خه‌ڵكی)، هه‌روه‌ها نامه‌یه‌كی بۆسه‌عدى كورِی ئه‌بی وه‌قاس نارد و تیایدا فه‌رمووی:

(ئاگاداربه‌ كه‌سانێك له‌ خۆت نزیك بخه‌ره‌وه‌، كه‌ متمانه‌ت به‌راستێتیان هه‌بێت و بزانی راست ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵتدا، چونكه‌ درۆزن سوودت پێناگه‌یێنێت، با هه‌ندێ له‌ قسه‌كانیشی راست بن، پیاوی خیانه‌ت كار له‌ خۆت نزیك مه‌خه‌ره‌وه‌، چونكه‌ هه‌رچه‌نده‌ واده‌ربخات كه‌ چاودێره‌ به‌سه‌ر دوژمنه‌وه‌، زۆرتر چاوی دوژمنه‌ به‌سه‌ر تۆوه‌)

ئه‌وه‌ی كه‌ جێی سه‌رنجه‌ به‌لای زانایانه‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌: كه‌ عومه‌ر(ر)، هه‌رده‌م له‌ راوێژ پێكردندا به‌م چه‌شنه‌ی ده‌كرد:

1: له‌ پێشدا خه‌ڵكه‌ ره‌شۆكییه‌كه‌ی كۆده‌كرده‌وه‌ و راوێژی پێده‌كردن و پێی ده‌گوتن كارێك ئیشێك شتێك له‌و جۆره‌ هه‌یه‌ و بۆی روون ده‌كردنه‌وه‌، پاشان داوای لێده‌كردن كه‌ رای خۆیان ده‌رببرِن.

2: خه‌ڵكه‌كه‌ی كه‌ لێیانه‌وه‌ ده‌وه‌شێته‌وه‌ راده‌رببرِن و بیر تیژییه‌كیان هه‌بوو، بانگی ده‌كردن و پرس و رای به‌وان ده‌كرد، پاشان به‌ پێی راكانیان كامه‌ی كۆی رای له‌سه‌ربووایه‌ و په‌سندی گشتی بووایه‌، كرده‌وه‌ی پێده‌كرد).

تێبینی:(داوامه‌ هه‌ركه‌س ده‌یه‌وێت زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بزانێت بگه‌رِێته‌وه‌ بۆ كتێبی: (فصل الخطاب في سیرة‌ عمر بن الخطاب، د. علی محمد محمد الصلابی، ص 114-125) .

(خه‌باتی ژماره‌3710هه‌ینی25/2/2011لاپه‌رِه‌11).