دیمانه: له‌گه‌ڵ به‌رێز م.مه‌لا جه‌لال خه‌یلانی جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان
سازدانی دیمانه: مه‌لامسلم مه‌لاصالح فریزی
له‌به‌رنامه‌ی دوانگه‌ی زانایان له قه‌ڵات له رێكه‌وتی9/3/2011
- سه‌ره‌تا به‌خێرهاتنت ده‌كه‌ین‌و سوپاست ده‌كه‌ین به‌وه‌ی كه كاتی خۆت پێمان‌دا؟
+ زۆر سوپاستان ده‌كه‌م‌و دوعای سه‌لامه‌تیتان بۆ ده‌خوازم.
- مامۆستای به‌رێز ئه‌گه‌ر پێناسه‌یه‌كی راپه‌ڕینمان بۆ بكه‌ی، وه ئایا راپه‌رین له كوردستان بۆ كرا، هۆكاره‌كانی چی بوون؟
+ به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان سه‌ره‌تا پیرۆزبایی یادی راپه‌ڕین له‌خۆمان‌و گه‌لی كوردمان ده‌كه‌م..
راپه‌رین كه به عه‌ره‌بی پێ ی ده‌گوترێ: (الانتفاضة) كه 3 ئیستیڵاحی هه‌یه (1-مانگرتن 2- خۆپیشاندان 3- راپه‌ڕین) ئه‌گه‌ر بێین‌و پێناسه‌ی هه‌ریه‌كێكیان به‌كورتی بكه‌ین ده‌بینین:
1- مانگرتن: داوای كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكه كه ده‌بینی داواكاریان هه‌یه‌و مانگرتن راده‌گه‌یه‌نن.
2- خۆپیشاندان: به‌هه‌مان شێوه خه‌ڵكێك بۆ گه‌یاندنی په‌یامی خۆیان‌و هه‌روه‌ها هه‌بوونی داواكاری خۆپیشاندان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
3- راپه‌ڕین: هه‌ڵسانه‌وه‌ی هه‌موو خه‌ڵكه له دژی سوڵته‌و به‌هۆكاری جۆراو جۆر‌و سه‌روی هه‌مووشیان جه‌ورو سته‌م.
وه هۆكاره‌كانی راپه‌ڕین له كوردستانی عێراق زۆربوون.. بۆنمونه: داگیركردن‌و هه‌روه‌ها تێكدانی گونده‌كان (به مزگه‌وته‌كانیشه‌وه) هه‌روه‌ها ئه‌نفالكردن‌و كیمیا بارانكردنی میلله‌تی كورد‌و هه‌روه‌ها ترحیل‌و تعریب كردن‌و هه‌روه‌ها (تبعید‌و تبعیس) كردن واته: خه‌ڵكی به‌زۆری راگوێز ده‌كردو هه‌روه‌ها به‌زۆری ده‌یكردنه به‌عسی...بێگومان چه‌وساندنه‌وه‌ی میلله‌تی كورد‌و سته‌می ئه‌و رژێمه.. هه‌موو ئه‌وانه وایان كرد كه راپه‌ڕین رووبدات..ئه‌وه‌بوو كه له به‌هاری 1991 راپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ری كوردستان روویداو (ته‌نها به 16رۆژ) توانرا ته‌واوی شار‌و شارۆچكه‌كانی كوردستان ئازادبكرێن‌و پاك بكرێنه‌وه له رژێمی به‌عس.
- ئێمه وه‌كو (قه‌ومیه‌ت) میلله‌تی كورد راپه‌رینمان ئه‌نجامدا ئایا پێگه‌ی قه‌ومیه‌ت چۆنه له ئیسلامدا؟
+ خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: ((يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوباً وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ))ألحجرات: 13، واته: ئه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك من دروستم كردوون له نێر‌و مێ له‌پاشان ئێوه‌م گێڕاوه به نه‌ته‌وه‌و هۆزو عه‌شیره‌ت بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كتری بناسن... كه‌واته: خوای گه‌وره خۆی منی دروست كردوه به‌كورد چۆن ده‌كرێ حاشا له نه‌ته‌وه‌ی خۆم بكه‌م؟! به‌ڵام خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: ((لِتَعَارَفُوا)) بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كتری بناسن (نه‌ك زوڵم‌و زۆرداری له‌یه‌كتری بكه‌ن)! پاشان پێغه‌مبه‌رصلی الله علیه‌وسلم ده‌فه‌رموێ: (خيركم ألمدافع عن عشيرته مالم يأثم) باشترینتان ئه‌وه‌یه كه دیفاع له نه‌ته‌وه‌و خاك‌و وڵاتی خۆی بكات به‌ڵام له‌رووی گوناهه‌وه نه‌بێت، پاشان له‌ده‌وروبه‌ری (49)جار ناوی (قوم) له قورئانی پیرۆزدا هاتووه، وه خوای گه‌وره كه له‌سه‌ره‌تای ئاشكراكردنی بانگه‌وازی بۆ دینی ئیسلام به پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌وسلم)ی راگه‌یاندو پێی فه‌رموو: ((وَأَنذِرْ عَشِيرَتَكَ الْأَقْرَبِينَ)) ألشعراء: 214، واته: خزمه نزیكه‌كانت له‌قه‌ومه‌كه‌ت بێداربكه‌وه له سزای ئێمه ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ نه‌هێنن، به‌ڵێ هه‌موو ئه‌وبه‌ڵگانه بۆ مان ده‌رده‌كه‌وێت كه ئیسلام به‌چاوێكی پڕ بایه‌خه‌وه ته‌ماشای نه‌ته‌وه‌ی كردووه.
- ئایا به‌رگری كردن له‌خاك‌و نیشتیمان له ئیسلامدا تاچه‌نده ڕه‌وایه؟
+ خوای گه‌وره هه‌ر بوونه‌وه‌رێكی دروستكردووه شوێنێكی پێداوه، بۆنمونه: خوای گه‌وره میلله‌تی كوردی دروست كردووه كوردستانی پێداوه، ئینجا ئه‌گه‌ر بێت‌و بچی به‌گژ ته‌یرێك‌و هێللانه‌كه‌ی لێ تێكبده‌ی هه‌تا ئاخیر نه‌فه‌س‌و هێز دیفاع له هێللانه‌كه‌ی خۆی ده‌كات.. كه‌واته مرۆڤ ده‌بێ زیاتر له‌هه‌موو بونه‌وه‌رێك دیفاع له‌نه‌ته‌وه‌و خاكی خۆی بكات.
- به‌رێزتان یادی راپه‌رین به‌شتێكی باش ده‌زانن، یاخود چۆنی هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
+ من ئێستا یادكردنه‌وه‌ی راپه‌ڕین به‌شتێكی زۆر پێویست‌و زه‌روری ده‌زانم، وته‌یه‌ك هه‌یه ده‌ڵێ: (علم أولادك تأریخ بلادك) منداڵه‌كانت به مێژووی نه‌ته‌وه‌و وڵاته‌كه‌ت ئاشناكه، ئه‌گه‌ر هه‌ر هیچ نه‌بێت هه‌رچی به‌سه‌ر میلله‌ت‌و وڵاته‌كه‌ت هاتووه له موعانات‌و ده‌ربه‌ده‌ری‌و ترس‌و تۆقاندن‌و گرتن‌و كاوڵكردن‌و كیمیابارانكردن‌و زینده‌به‌چاڵكردن‌و...هتد. پێویسته له منداڵه‌كانت بگه‌یه‌نی، من هه‌ر به پێویستی ده‌زانم (مێژووی گه‌لی كورد) بكرێته مه‌نهه‌جی خوێندن، ئێستا كوڕی من هه‌یه له دوای 90 له‌دایك بووه هیچێك له‌و موعاناتانه‌ی گه‌له‌كه‌ی به فكر نایه‌ت، بۆیه پێویسته جیلی نوێ تێبگه‌یه‌نرێت‌و رابردوو له‌بیر كردن شتێكی خه‌راپه.
- په‌یامی راسته‌قینه‌ی راپه‌ڕین چیه؟
+ به‌بیرو باوه‌ڕی رێكه‌وه هه‌موولا سه‌ره‌تا له‌سایه‌ی ره‌حمی خوا‌و پاشان به ئیراده‌و هه‌وڵی جه‌ماوه‌رو تێكۆشان‌و دڵسۆزی قیاده‌ی كوردی توانرا ئامانجه‌كه بپێكین‌و خه‌ونه گه‌وره‌كه‌مان بۆ ئازادی‌و له‌ناوبردنی سته‌مكار بێنینه دی.
- گه‌لی كورد به راپه‌ڕین ده‌ستكه‌وتی مێژوویمان به‌ده‌ستكه‌وت بۆ نمونه؟
+ به راپه‌ڕین ده‌ستكه‌وت‌و به‌روبومی باش بۆ میلله‌ته‌كه‌مان فه‌راهه‌مهات، كه سه‌روی هه‌موویان ئازادی بوو، له‌پاشان ئه‌من‌و ئاسایش، هه‌روه‌ها حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان..
- له‌یادی راپه‌ڕین خه‌ڵكێكی زۆر له هاوڵاتیان ناره‌زاییان هه‌یه- له سلێمانی خۆپیشاندان خۆی گه‌یانده 20 رۆژ
ئه‌گه‌ر داوا ره‌واكانی جه‌ماوه‌رو 17خاڵه‌كه‌ی په‌رله‌مان جێبه‌جێ بكرێت وای نابینی كه گیروگرفت چاره‌سه‌ر بێت؟ لێره‌دا په‌یامت بۆ حكومه‌ت‌و به‌رپرسان چیه؟
+ له‌راستیدا من وای پێناسه ده‌كه‌م: حكومه‌ت‌و جه‌ماوه‌ر وه‌كو ماسی‌و ئاو وانه، ئه‌گه‌ر ئاو نه‌بێت ماسیش ژیانی نابێت، جه‌ماوه‌ر پێویسته گوێ یان لێ بگیرێت‌و داوایان جێ به‌جێ بكرێت، كه ئه‌وه مافێكی سروشتی‌و ره‌وای خۆیانه، وه له‌حه‌قیقه‌تدا ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ر نه‌بایه ئه‌مه‌ی ئێستاش هاتووته كایه‌وه ره‌نگه به‌م شێوازه نه‌ده‌بوو، چونكه ئێمه خۆمان پێشمه‌رگایه‌تیمان كردووه‌و ده‌زانین با پێشمه‌رگه ره‌بایه‌ك دوو ره‌بایه سێ ره‌بایه‌یان گرتبا...به‌ڵام هێزی جه‌ماوه‌ر وه‌ك به چاوی خۆمان بینیمان كاتێ كه راپه‌ڕینیان ئه‌نجامدا چ وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی گرنگ به‌ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی كه‌م روویدا، بۆیه پێویسته له‌لایه‌ن حكومه‌ت‌و به‌رپرسانه‌وه گوێ له جه‌ماوه‌ر بگیرێت‌و كاری بۆ بكرێت،چونكه به‌راستی حكومه‌ت‌و جه‌ماوه‌ر وه‌كو (لازم‌و مه‌لزومن) هیچ لایه‌كیان بێ ئه‌وه‌ی تر نابی، وه من به‌شتێكی ئیجابی ده‌زانم كه بڕیاره‌كانی په‌رله‌مان‌و به‌تایبه‌ت ئه‌و 17 خاڵانه‌ی ئه‌م دواییانه جێ به‌جێ بكرێت.
- راپه‌ڕین به‌روبومی كێ یه؟
+ راپه‌ڕین به‌روبومی هه‌موومانه.. كه‌س نابێت موزایه‌ده له‌سه‌ر یه‌كتری بكات! چونكه ئه‌و سه‌ركه‌وتنه هه‌موومان تیایدا به‌شداربووین، ئینجا وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌م ده‌سكه‌وته مێژووییه خۆی له‌خۆیدا زۆر ئه‌سته‌م بوو وه پاراستنیشی زۆر گرنگه له‌سه‌ر هه‌موولایه‌كمان.
- راپه‌ڕین له ده‌روازه‌ی راپه‌ڕین (كه رانیه‌ی خۆشه‌ویسته) ده‌ستی پێكرد ئایا له‌م یاده شكۆداره‌دا په‌یامی به‌رێزتان بۆ خه‌ڵكی رانیه چیه؟.
+ به‌راستی رانیه ده‌روازه‌ی راپه‌ڕین بوو، له‌وكاته پیاوی ده‌ویست ئه‌وها خۆ نه‌ویستانه رووبه‌رووی رژێمی به‌عس ببیته‌وه، به‌راستی ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌ربه‌سته‌ی شكاند‌و ئه‌و هه‌یبه‌ته‌ی كز‌و لاوازكردو رووبه‌رووی رژێمێكی دیكتاتۆری داپلۆسێنه‌ر بویه‌وه زۆر ئازا‌و دلێرانه.. ئه‌وه سه‌ره‌تا خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی رانیه بوون، بۆیه به‌راستی هه‌رچه‌ندی وه‌سفیان بكه‌ین به‌باشه هێشتا هه‌ر كه‌مه ده‌رحه‌ق به‌وان هیچمان نه‌گوتوه، به‌ڵام من لێره‌وه وێڕای پیرۆزبایی یادی راپه‌ڕینم لێیان پێیان ده‌ڵێم: چۆن ده‌ستپێشخه‌رو هۆكاری راپه‌ڕین بوون، ئومێده‌وارم به‌هه‌مان شێوه‌ش ده‌ستپێشخه‌ر بن بۆ پاراستنی ئه‌زمونی كوردستان‌و هه‌روه‌ها هۆكاری چاكسازی بن له‌كوردستان، پشتیوان به‌خوا هه‌رچی خێره به‌سه‌ریان داده‌رژێت (له‌گه‌ڵ هه‌موولایه‌ك)، هه‌رچه‌نده سه‌رۆكی حكومه‌تی كوردستان له یادی راپه‌ڕین سه‌ردانی كردن.. به‌ڵام هیوادارم ته‌نها به‌قسه نه‌بی به‌ڵكو شتی زۆریان بۆ بكرێت‌و باوه‌ڕناكه‌م له‌مه‌دا كه‌سیش گله‌یی بكات.. چونكه هه‌رچی بۆیان بكرێت هێشتا هه‌ر كه‌مه، داواش ده‌كه‌م له جه‌ماوه‌ری رانیه با به‌جه‌ریئانه شت بڵێن به‌ڵام شته‌كان با بۆ ئیسلام‌و میلله‌ت‌و چاكسازی بێت، ئینجا: خۆپیشاندان ئه‌كه‌ن، شت ئه‌نوسن، به‌یاننامه ده‌ره‌كه‌ن.. هه‌رچی پێیان باشه با بیڵێن، چونكه به‌ڕاستی خه‌ڵكی رانیه پشكی شێریان هه‌یه له راپه‌ڕین، چونكه (ده‌توانم بڵێم) فه‌تحه‌كه سه‌ره‌تا ئه‌وان كردیان.
- چی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌مان له‌ده‌ست نه‌چن؟
+ هه‌موولایه‌كمان به‌شدارین له‌وه‌ی هاتووته كایه‌وه بۆیه ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موولایه‌كیشمانه پارێزی لێ بكه‌ین، ئه‌مڕۆ ده‌توانم بڵێم: داده‌وری له‌ده‌ستدراوه، بۆیه سه‌ره‌تا پێم باشه (عه‌داله‌ت) دادپه‌روه‌ری بگه‌ڕێته‌وه‌و هه‌موولا به‌هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی با بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر دادپه‌روه‌ری، ئینجا: دادپه‌روه‌ری له مالیه، دادپه‌روه‌ری له قانون، دادپه‌روه‌ری له كوردایه‌تی، دادپه‌روه‌ری له مرۆڤایه‌تی.. فه‌رق‌و جودایی نه‌كردن، چونكه به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر عه‌داله‌ت هه‌بێت ئه‌وا به‌رده‌وامی‌و درێژه ده‌بێت..
هه‌روه‌ها به‌ده‌م وه‌هاتنی جه‌ماوه‌رو جێبه‌جێكردنی داوای ره‌وای میلله‌ت.. هه‌وێنی پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی راپه‌ڕینه، من وای نابینم رازی كردنی جه‌ماوه‌ر هه‌نده شتێكی ئه‌سته‌م بێت، وه پێویستیشه جه‌ماوه‌ر به هێمنی‌و دوور له توندوتیژی داوا‌و مه‌تاڵیبی ره‌وای خۆیان بگه‌یه‌نن‌و حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانیش به‌وپه‌ڕی دڵسۆزیه‌وه كار له‌سه‌ر داواكانیان بكه‌ن.
- ئایا مامۆستا راپه‌ڕینی میلله‌تی كورد بۆ كه‌مه ئایینی‌و نه‌ته‌وایه‌تیه‌كانیش (واته بۆ كه‌مینه‌ش) سوودی نه‌بوو؟
+ نه‌ك هه‌ر بۆ كه‌مینه ئاینی‌و نه‌ته‌وایه‌تیه‌كان.. به‌ڵكو ئه‌وه‌ی زینده‌ورو ته‌یروتواره له‌م ڕاپه‌ڕینه‌ی میلله‌تی كورد ئیستیفاده‌ی كرد.. ره‌نگه بپرسی چۆن؟ ده‌ڵێم: كاتی خۆی كیمیا باران ده‌كراین‌و قه‌سفی تۆپ‌و ته‌یاره ده‌كراین.. ئه‌وكاته زینده‌ورو ته‌یروتواریش له‌سته‌می سته‌مكار رزگاری نه‌ده‌بوو!،
من ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر ئێمه له‌گه‌ڵ یه‌كتریش خراپ بین! به‌ڵام خه‌ڵكی تر له‌ژێر باڵمان ئه‌وپه‌ڕی هه‌ست به‌ئارامی‌و مافی خۆیان ده‌كه‌ن.. به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه له‌و دواییانه سه‌رۆكی هه‌رێم ی كوردستان مه‌دالیای رێزلێنانی پێ به‌خشرا (كه به‌رێزیان به دیاری پێبه‌خشینی هه‌موو تاكێكی كورد هه‌ژماری كرد).
- ئه‌گه‌ر وه‌كو به‌رێزتان فه‌رموتان: ئێمه باشین له‌گه‌ڵ كه‌مینه‌و به‌كرده‌وه نه‌ك هه‌ر به‌قسه (به‌چاوی سه‌ریش ده‌بینرێ)، ئایا هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌وه نه‌بووه كه ئێمه میلله‌تێكی سته‌مدیده‌ین‌و هه‌ست به ئێش‌و ئازار‌و مه‌زڵومیه‌تی قه‌ومانی تر ده‌كه‌ین؟
+ به‌ڵێ وایه من نمونه‌یه‌كت بۆ ده‌ینمه‌وه: له‌كاتی كه راپه‌ڕین رویدا‌و ئه‌و له‌شكره‌ی به‌عس كه كوردستانی ئیحتیلال كردبوو.. كاتی كه له حاجی ئۆمه‌ران ڕا ده‌گه‌ڕانه‌وه ئه‌و جه‌یشه هه‌موو ئه‌سیر كرا لێره.. والله میلله‌تی كورد زگیان پێ ده‌سوتان شه‌و له مزگه‌وت ئه‌یان حه‌واندنه‌وه‌و نانیان بۆ ده‌بردن‌و ئاویان بۆ ده‌بردن‌و رایه‌خ‌و به‌تانیه‌یان پێ ده‌دان..به‌سایه‌ره له‌وێ بۆ شوێنی خۆیان ده‌یانگه‌یاندنه‌وه، والله ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌مووشت بكوشتبانه كه‌س نه‌بوو بڵێ: لۆ واده‌كه‌ی؟ به‌ڵام (هه‌تا له راپه‌ڕینیش) كورد قه‌صدی كوشتنی نه‌بووه، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی شه‌ڕیان نه‌كردبا ئه‌وه زۆر به‌جوانی نانیان ده‌دانێ‌و ره‌وانه‌ی شوێنی خۆیانیان ده‌كردنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شه‌ڕی كردبا ئه‌وه ناچاربووینه به‌شێوازی خۆی وه‌ڵامی بدرێته‌وه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یش كه ئێمه زۆر زوڵممان دیتیه بۆیه حه‌زناكه‌ین زوڵم له‌خه‌ڵكی تر بكه‌ین چونكه ئێمه ده‌زانین تامی زوڵم چیه؟!
- ئه‌گه‌ر له كۆتایی دا دوعا بۆ موسڵمانان به‌گشتی‌و بۆ كورد‌و كوردستان‌و شه‌هیدانی راپه‌ڕین به‌تایبه‌تی بكه‌ی؟
+ له‌كۆتاییدا داواكارم له خوای گه‌وره‌و ئومێد ده‌كه‌م كه ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌له‌له‌ی ئێستاش په‌یدابووه چاك بیته‌وه‌و وه‌كو سه‌رده‌می راپه‌ڕینمان لێبێته‌وه له رووی دڵسۆزی بۆ نیشتیمان‌و بۆ یه‌كتری‌و جیاوازی به هیچ كوردێك نه‌كرێت ئینجا له‌هه‌ر شوێنێكی كوردستان بێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر سوئو ته‌فاهوم‌و نا تێكگه‌یشتنێك هه‌بێت خوای گه‌وره بۆمانی چاك كات‌و ببینه‌وه به‌برا..
وه داواكاریشم خوای گه‌وره ره‌حم به‌هه‌موو شه‌هیدانمان بكات‌و به‌تایبه‌تی تر شه‌هیدانی راپه‌رینی به‌هاری 1991 ، إن شا‌والله جێگه‌و مه‌كانیان به‌هه‌شت ده‌بێت، وه هیوادارم ماڵی كورد یه‌كبخرێته‌وه، وه له‌جیاتی ئه‌وه‌ی كه روو ده‌كه‌ینه یه‌كتری ئه‌وه رووبكه‌ینه ئه‌و ناوچه دابڕینراوانه‌ی كوردستان هه‌موویان بگێڕینه‌وه بۆ سه‌ر سنوری هه‌رێمی كوردستان.
له‌به‌رنامه‌ی دوانگه‌ی زانایان له قه‌ڵات له رێكه‌وتی9/3/2011 |