بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
دوای تێپەڕبوونی پڕۆژە یاسای وەزارەتی رۆشنبیریو لاوان لە پەرلەمانی كوردستان، چەند تێبینیەكمان لەسەر هەندێك لە بڕگەكانی پڕۆژەكە هەبوو، لەوانە بەكارهێنانی وشەی (جێندەر) كە بە پێی پێناسەكردنی لەگەڵ ئایینی پیرۆزی ئیسلام ناگوونجێت.
بۆیە ئێمە وەكو یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان خۆزگەمان دەخواست پێش تێپەڕاندنی لە پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی پتر دەوڵەمەندكردنی ئاگاداری بووینایە، ئێستاش بڕیارمانداوە بە نووسراوی رەسمی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە تێبینیەكانمان ئاگادار بكەینەوە، بۆ ئەوەی وشەكان بەشێوەیەك دابندرێن، كە كوردیەكی روونو مانادار بێتو هیچ مانای دیكە هەڵنەگرێت، هەروەها دژایەتیشی لەگەڵ ئایینی ئیسلام نەبێت، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوونی سەرۆكی هەرێم بەكاروباری كۆنگرەی (13)ی پارتییەوە، ئەو هەفتەیە راوەستاین، بە نیازی ئەوەی لە هەفتەی ئایندەو، دوای تەواوبوونی كۆنگرە نووسینەكانمان بگەیەنینە سەرۆكی هەرێمو، پەرلەمانی كوردستان، كە بە سوپاسەوە سەرۆكی هەرێمو پەرلەمانی كوردستان لە چەندین پڕۆژە یاسادا تێبینیو سەرنجەكانی ئێمەیان بە گرنگیەوە وەرگرتووەو باشترین پەیوەندیشمان هەیە.
بۆیە هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە، ئێمە دەزگایەكی رەسمی رێگەپێدراوینو، بە رەسمی موفاتەحەی سەرجەم دامو دەزگاكانی هەرێم دەكەین، جگە لەوە هەر كارێكی دیكە ئەنجام بدرێت پەیوەندی بە ئێمەوە نییەو، مامۆستایانی ئایینیش دڵنیا دەكەینەوە لە رێگای رەسمییەوە پێشنیازو سەرنجەكانیان دەگەینینو، پێشمان وایە بەر لەوەی بە رەسمی ئەم بابەتە بگەیێندرێتە لایەنی پەیوەندیدار، وروژاندنی لە وتاری هەینیدا خزمەت بەو قۆناغەمان ناكات.
مەكتەبی تەنفیزی
یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
17/12/2010
|