ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه رێكه‌وتی 28/12/2010 شاندێكی باڵای قونسوڵگهی ئێران له هه‌ولێر، كه پێكهاتبوو له به‌ڕێزان ئاغای ره‌مه‌زانی به‌رپرسی رۆشبیری قونسوڵگهو شاندێكی یاوه‌ری، به مه‌به‌ستی به خێرهَینانهوهی شاندی مامۆستایانی گه‌ڕاوه له وڵاتی ئێران، سه‌ردانی باره‌گای مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانیان كرد‌و، له لایه‌ن به‌ڕێزان مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵا گرتكی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان‌و، ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی به‌گه‌رمیه‌وه پێشوازیان لێكرا.
له دانیشتنێكدا به‌ڕێز ئاغای ره‌مه‌زانی وێڕای ده‌ربڕینی ئاماده‌یی بۆ خزمه‌تكردن‌و میوانداری‌و پێشوازیكردنی مامۆستایانی زیاتری كوردستان له وڵاته‌كه‌ی، هیوای خواست كه مامۆستایانی كاتێكی به‌سوودو خۆشیان به‌سه‌ر بردبێت‌و، سه‌ردانه‌كه بوبێته هۆكاری زیاتر توندوتۆڵكردنی پهیوهندیو هه‌ماهه‌نگیه‌كانمان.
له لایه‌ن خۆیشیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان، به‌ناوی یه‌كێتی زانایان‌و شاندی زانایان‌و مامۆستایانی گه‌ڕاوه، سوپاسی وڵاتی ئێرانی كرد‌و، ههوڵو ئه‌ركی وڵاته‌كه‌ی له پێشوازی‌و میوانداری كردنی مامۆستایانی كوردستانی به‌رزنرخاند.
له به‌شێكی دیكه‌ی دانیشتنه‌كه‌دا، ئاغای ره‌مه‌زانی تیشكی خسته سه‌ر گرنگی ئه‌و كۆنگره‌یه‌ی كه له‌م ماوه‌یه نزیكه به‌ڕێوه‌بچێ، به مه‌به‌ستی لێك حاڵیبوونو را گۆڕینه‌وه‌ی زانایانی شیعه‌و سوننه، به سه‌رپه‌رشتی (ده‌زگای شه‌هیدی میحڕاب).
دواتر به‌ڕێزیان له كۆتایی دانیشتنه‌كه‌دا، به ناوی قونسوڵگهی ئێران، دوپاتی هه‌موو ههماههنگیو پشتیوانیه‌كی بۆ زانایان كرده‌وه، به تایبه‌ت له بواری به‌ره‌و پێشبردنی زانستی‌و، له چاپدانی كتێبی زانایانی كوردستان.
|