لەرۆژی دووەمی كۆنگرەی نێودەوڵەتی گفتوگۆی ئاینەكان كە لەشاری نەجەف بەرێوەدەچێت ،ئەندامانی كۆنگرە سەردانی كتێبخانەی ئەدەبی ئیسلامی شاری نەجەفیان كرد كە گەورەترین كتێبخانەی ئەدەبیە لەسەرتاسەری وڵاتانی عەرەبیدا و بەشداری كۆڕێكی وتار و شیعرخوێندنەوەیان كرد.لەم كۆڕەدا قەشەیەكی سوری بەناوی (مەعن بیتار)وتارێكی پێشكەشكرد و بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هەوڵیدا بڵێت گەلی كورد بۆ كوشتنی منداڵانی غەززە فرمێسكیان نەڕشت، لەبەرامبەردا مەریوان نەقشبەندی ئەندامی شاندەكەی هەرێمی كوردستان وەك كەسایەتیەكی شاری هەڵەبجە و یەكێك لەڕزگاربوانی كارەساتی كیمیاباران لەوتارێكدا جگە لەوەی دوپاتی كردەوە كە گەلی كورد هەمیشە هاوسۆزی گەلی فەلەستین بووە ،بەگێرانەوەی چەند دیمەنێكی ئەو شارە لەدوای كیمیاباران، كارەساتی هەڵەبجەی ساڵی 1988ی وەبیرهێنایەوە و پرسیاری هۆكاری بێدەنگی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراستی كرد بەرامبەر ئەو كارەساتە و پرسیاری هۆكاری شەهیدكردنی 5هەزار منداڵ و پیر و گەنجی موسڵمانی هەڵەبجە كرد و بەگێرأنەوەی بەشێك لەمەرگەساتی ئەو شارە بەشێك لەئامادەبوانی كۆنگرەكەی هەژاند و تەئكیدی كردەوە كە گەلی كورد هەمیشە قوربانی دەستی تیرۆر و دكتاتۆریەت بووە و لەهەر گەلێكی دیكە باشتر دەزانێت نرخی ئازادی چەندە.
دوای ئەم وتارە قەشە (مەعن بیتار)بەچاوی فرمێسكاویەوە داوای لێبوردنی لەخەڵكی كوردستان كرد و هیوای خواست كارەساتی هەڵەبجە ببێتە هەوێنی پێكەوەژیانی ئاینی لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاسستدا.
|