مكانة المرأة في الإسلام
ئایینی پیرۆزی ئیسلام رێز‌و حوڕمه‌تی زۆری بۆ ئافره‌ت داناوه، رێنمایی‌و ئامۆژگاریمان ده‌كات كه له‌گه‌ڵ ئافره‌تان باش بین‌و به میهره‌بانی‌و سۆز‌و رێزه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ین‌و مافیان بپارێزین، له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌موو جۆره سته‌مكردن‌و ئازاردان‌و توندوتیژیه‌كی قه‌ده‌غه كردووه چ ده‌روونی بێت یان جه‌سته‌یی.
ئافره‌تان نازناوی خوشك‌و دایك‌و كچ‌و هاوسه‌ریان پێدراوه‌و، په‌روه‌رده‌كاری رۆڵه‌كان‌و هاوكارو پشتیوان‌و شه‌ریكی پیاوانن له به‌رێوه‌بردنی ژیان‌و كاروباره‌كانی دونیا‌و، خاوه‌ن كه‌سێتی تایبه‌ت به‌خۆیانن.
خوای گه‌وره سوره‌تێكی له قوڕئان به‌ناوی (النساء) ناوناوه‌و (24) جار ناوی (المرأة) له قورئاندا هاتووه، كه ئه‌مه ئاماژه‌یه بۆ گرنگی ئیسلام به ئافره‌ت، ئه‌مه له‌كاتێكدا پێش ئیسلام مافی ئافره‌ت به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پێشل ده‌كراو ئه‌وپه‌ڕی سوكایه‌تی پێ ده‌كرا، به‌ڵام كه ئیسلام هات حورمه‌ت و به‌های بۆ ئافره‌ت گه‌ڕانده‌وه.
خوای گه‌روه ده‌فه‌رموێ: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ اتَّقُوا رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُمْ مِنْ نَفْسٍ وَاحِدَةٍ وَخَلَقَ مِنْهَا زَوْجَهَا وَبَثَّ مِنْهُمَا رِجَالًا كَثِيرًا وَنِسَاءً) النساء:1. هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) ده‌فه‌رموێ: إِنَّما النِّسَاءَ شَقَائِقُ الرِّجَالِ). وه ده‌فه‌رموێ: (مَنْ عَمِلَ صَالِحًا مِنْ ذَكَرٍ أَوْ أُنْثَى وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَلَنُحْيِيَنَّهُ حَيَاةً طَيِّبَةً) النحل: 97.
به‌پێی ئه‌م ده‌قانه له ڕووی عه‌قیده‌و مرۆڤبوون‌و ته‌كالیفی شه‌رعی‌و خیتابی ده‌قه‌كان‌و ماڵ‌و ماف‌و ئه‌رك‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی جیاوازی له نێوان ئافره‌ت‌و پیاو نیه، له نوێژ‌و حه‌ج‌و رۆژو و زه‌كات‌و فه‌رمان به‌چاكه‌و قه‌ده‌غه‌كردنی خراپه‌و له ماف‌دا یه‌كسانه له‌گه‌ڵ پیاو چ دونیایی بێت یان قیامه‌تی، وه‌ك خوای په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێ: (فَاسْتَجَابَ لَهُمْ رَبُّهُمْ أَنِّي لَا أُضِيعُ عَمَلَ عَامِلٍ مِنْكُمْ مِنْ ذَكَرٍ أَوْ أُنْثَى) آل عمران:195. به‌ڵكو جیاوازی له پێكهاته‌ی سروشتی دروستبوون‌و هه‌ندێ بواری رۆڵ‌و ئه‌رك‌و كاره‌وه‌یه، كه ئه‌گه‌ر به وردی لێی بكۆڵینه‌وه، ئه‌م جیاوازییه له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز دایه، ئه‌گه‌رنا شتێك نیه له ئیسلامدا به ناوی ئیمتیاز‌و خه‌ڵاتكردنی پیاو و كپ كردن‌و په‌راوێز خستنی ئافره‌ت! خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: (وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آَدَمَ) الإسرا‌ء: 71.
خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: ﴿ وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُم مِّنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِّتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُم مَّوَدَّةً وَرَحْمَةً إِنَّ فِي ذَلِكَ لآيَاتٍ لِّقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ ﴾ الروم: 21.
لێره‌دا ده‌ره‌كه‌وێت خوای گه‌وره چه‌ند به جوانی هه‌ردوو چه‌مكی (موده‌و ره‌حمه)ی بۆ ژیانی هاوسه‌ران به‌كارهێناوه، كه له كاتی ناخۆشی‌و نه‌بوونی‌و پیری ئه‌و خۆشه‌ویستی‌و به‌زه‌یی نواندنه به‌رامبه‌ر یه‌كتر ده‌رببڕن.
هه‌روه‌ها خوای گه‌وره له‌باره‌ی هه‌ڵسوكه‌وت‌و مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ هاوسه‌ری ژیان پێمان ده‌فه‌رموێ: (وَعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ فَإِنْ كَرِهْتُمُوهُنَّ فَعَسَى أَنْ تَكْرَهُوا شَيْئًا وَيَجْعَلَ اللَّهُ فِيهِ خَيْرًا كَثِيرًا) النساء:19 . وه ده‌فه‌رموێ: (هُنَّ لِبَاسٌ لَكُمْ وَأَنْتُمْ لِبَاسٌ لَهُنَّ) البقرة: 187. وه‌ك چۆن جلوبه‌رگ مرۆڤ له ده‌ركه‌وتنی عه‌یبه داده‌پۆشێ، له سه‌رماو گه‌رما ده‌یپارێزێ‌و جوانی به‌مرۆڤ ده‌به‌خشێت، به‌هه‌مان شێوه‌ش هاوسه‌ران بۆ یه‌كتری وان.
سه‌یركه پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) له‌باره‌ی خێزانه‌وه ده‌فه‌رموێ: (خَيْرُكُمْ خَيْرَكُمْ لأَهْلِهِ وَأَنَا خَيْرُكُمْ لأَهْلِي). له‌باره‌ی په‌روه‌رده‌كردنی كچانه‌وه ده‌فه‌رموێ: (مَا مِنْ مُسْلِمٍ لَهُ ابْنَتَانِ فَيُحْسِنُ إِلَيْهِمَا مَا صَحِبَتَاهُ أَوْ صَحِبَهُمَا إِلا أَدْخَلَتَاهُ الْجَنَّةَ)، له باره‌ی خزمه‌تكردنی دایكه‌وه چی ده‌فه‌رموێ: (جا‌ء رجلٌ إلى رسولِ اللهِ -صلى الله عليه وسلم- فقال: يا رسولَ اللهِ، مَنْ أحقُّ الناسِ بحُسنِ صَحابتي؟ قال: أُمُّك، قال: ثم مَن؟ قال: ثم أُمُّك، قال: ثم مَنْ؟ قال: ثم أُمُّك، قال: ثم مَن ؟ قال: ثم أبوك).
له وتاری حه‌جی ماڵئاوایی پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) به ئومه‌تی فه‌رموو: (وَاسْتَوْصُوا بِالنِّسَاءِ خَيْرًا). كه‌واته پێگه‌و رێزی ئافره‌ت له روانگه‌ی ئیسلامه‌وه له‌و په‌ڕی به‌رزی و سه‌نگینی دایه‌و، تا ئێستا هیچ یاسا‌و رێسایه‌كی دونیا به‌قه‌د ئیسلام ئه‌و مه‌كانه‌ته‌ی بۆ ئافره‌ت دیاری نه‌كردووه، بگره به‌شێكی بانگه‌شه‌كان ته‌نها دروشمه‌و هیچ خزمه‌تێكی بۆ ره‌وشی ئافره‌تان لێ به‌دی ناكرێت.
به‌داخه‌وه جاری وایه ئافره‌ت ده‌كوژرێ، سوكایه‌تی پێ ده‌كرێ، توند‌و تیژی له گه‌ڵ به‌كار دێ، مافی ده‌خورێ، بێ ڕێزی پێ ده‌كرێ، مافه‌كانی زه‌وت ده‌كرێ، ده‌نگی ڕا ده‌ربڕینی كپ ده‌كرێ، به چاوی سووك سه‌یر ده‌كرێ..هتد. به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه زاده‌ی نه‌ریتی سه‌قه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ن.
زۆر جاریش له‌رێی فلم‌و دراما بیانیه‌كان‌و ریكلام‌و بازرگانی كردن‌و مۆده‌و جلوبه‌رگ‌و ئارایش‌و قسه‌ی باق‌و بریق سوكایه‌تی به جه‌سته‌و جوانی ئافره‌ت ده‌كرێ‌و به‌دروشمی ئازادی‌و مۆدێرنه‌و لاسایی كلتوری وڵاتان چه‌نده‌ها نه‌هامه‌تی‌و ئاریشه بۆ ناو خانه‌واده‌ی كورده‌واری دروست ده‌كرێ، له‌و په‌نایه‌ش توندوتیژی دژ به ئافره‌تان لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌و بگره جۆره‌ها قوڕبه‌سه‌ری رووی تێ ده‌كات.
له‌جیاتی ئه‌وه‌ی رێكخراوه‌كانی بواری مافی ئافره‌تان له‌په‌نای پاراستنی مافی ئافره‌تان درز‌و ناكۆكی بخه‌نه نێوان ژن‌و پیاوه‌وه، باشتر وایه كار له‌سه‌ر رێزگرتن‌و خۆشه‌ویستی دوولایه‌نه‌و جولاندنی هه‌ست‌و سۆزی مرۆڤایه‌تیان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی شیرازه‌ی خێزانه‌كان چیتر به‌ره‌و لێكترازان نه‌چێت.
پێویسته حكومه‌ت‌و رێكخراوه‌كانی ئافره‌تان به له‌به‌ر چاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندی‌و نه‌ریتی ره‌سه‌نی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی زیاتر بایه‌خ به هۆشیاری كۆمه‌ڵگه بده‌ن‌و رێگری له‌و توندوتیژیانه بگرن به‌رامبه‌ر ئافره‌تان ده‌كرێ.
گرنگه ئافره‌تان خۆیان عیففه‌ت‌و پێگه‌و كه‌سێتی‌و ره‌وشت‌و رێزی خۆیان بپارێزن‌و بایی ئه‌وه‌نده هۆشیار بن رێزی خۆیان له‌ده‌ست نه‌ده‌ن، وه نابێ بیانوو دروست بكه‌ن سوكایه‌تیان پێ بكرێت‌و ببنه قوربانی.
هه‌مووانیش ئه‌وه بزانین ئیسلام رێزی زۆری بۆ ئافره‌ت دیاری كردووه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه نادات توندوتیژی به‌رامبه‌ر ئافره‌تان به‌كار بێت‌و به‌چاوی سووكه‌وه سه‌یر بكرێن‌و مافه‌كانیان پێ نه‌درێت.
كه‌واته گرنگه له‌پێناو كه‌ڕامه‌تی ئافره‌ت‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی توندوتیژی‌و ئاریشه‌كان‌و سكاڵای خێزانی، هه‌مووان كار بكه‌ین له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروست‌و گرنگیدان به خێزان، چونكه بناغه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو بریتیه له خێزانێك هه‌ست به به‌رپرسیارێتی بكات، بۆیه‌ش پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) به‌تایبه‌ت روو له ئافره‌تان ده‌كات‌و ده‌فه‌رموێ: (وَالْمَرْأَةُ رَاعِيَةٌ فِي بَيْتِ زَوْجِهَا وَهِيَ مَسْئُولَةٌ عَنْ رَعِيَّتِهَا). |