بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَالْفَجْرِ* وَلَيَالٍ عَشْرٍ)، واتە: سوێند بە کاتی بەرەبەیان، سوێند بە دە شەوی یەکەمی مانگی قوربان... موسڵمانانی بەرێز: لە قورئانی پیرۆزدا کاتێك خوای گەورە سوێند بە دروستکراوێکی دەخوات بۆ ئەوەیە تا سەرنجو دڵەکان بۆ لای گەورەیی شتەکە رابکێشێت، فەرموودەکانی پێغەمەریش درودی خوای لەسەر بێت هاتوونە جەخت لەسەر گەورەیی ئەم رۆژانە دەکەنەوە، پێغەمبەری خوا دەفەرمووێت: (مَا مِنْ أَيَّامٍ الْعَمَلُ الصَّالِحُ فِيهِنَّ أَحَبُّ إِلَى اللَّهِ مِنْ هَذِهِ اْلأيَّامِ الْعَشْرِ، فَقَالُوا: يَا رَسُولَ اللَّهِ! وََلا الْجِهَادُ فِي سَبِيلِ اللَّهِ؟! فَقَالَ رَسُولُ اللَّهِ صلى الله عليه وسلم: وََلا الْجِهَادُ فِي سَبِيلِ اللَّهِ، إَِلا رَجُلٌ خَرَجَ بِنَفْسِهِ وَمَالِهِ فَلَمْ يَرْجِعْ مِنْ ذَلِكَ بِشَيْءٍ) رواه الترمذي وأبو داود وابن ماجه. واتە: هیچ رۆژانێك نین کردەوەی باشیان تێدا خۆشەویست بێت بەلای خواوە وەك ئەم دە رۆژە. گووتیان: ئەی پێغەمبەری خوا جیهاد لە پێناوی خواش ئەوەندە گەورە نییە، فەرمووی: جیهاد لە پێناوی خواش ئەوەندە گەورە نییە مەگەر کەسێك بە گیان و ماڵەوە دەرچوو بێت و بە هیچ یەکێکیان نەگەڕێتەوە.
ئیماندارانی بەرێز: لەم رۆژانەدا خوای گەورە لێخۆشبوون و لێبووردەیی خۆی بەسەر حاجیانی ماڵی خوا دەبارێنێت، ئێمەش کە قسمەتمان نەچۆتە حەج.. ئایا هیچ بەشمان لەو لێخۆشبوون و مەرحەمەتە هەیە؟. بەڵێ... پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم هانمان دەدات بەوەی بە ئەنجامدانی زیاتری کردەوەی باش دەتوانین لە خێرو پاداشت بگەینە کاروانی حاجیان، ئەوەتا پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم دەفەرمووێت: (ما من أيام أعظم عند الله ولا أحب إليه العمل فيهن من هذه الأيام العشر، فأكثروا فيهن من التهليل والتكبير والتحميد) رواه أحمد. واتە: هیچ رۆژانێك نین کردەوەی باش تێیاندا لەلای خوا گەورەترو خۆشەویستتر بێت وەك ئەم رۆژانە، جا زۆر تەهلیل و تەکبیرو یادی خوا بکەن.
گەورەیی ئەم رۆژانە بۆ کۆمەڵە هۆکارێك دەگەڕێتەوە، چونکە لەم دە رۆژانەو سی رۆژی ذی القعدة بوو کە خوای گەورە میقاتی چل رۆژی لەگەڵ موسای کلیم الله کرد، وەك خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَوَاعَدْنَا مُوسَى ثَلَاثِينَ لَيْلَةً وَأَتْمَمْنَاهَا بِعَشْرٍ فَتَمَّ مِيقَاتُ رَبِّهِ أَرْبَعِينَ لَيْلَةً) واتە: سێ شەومان دیاری کرد بۆ موسا بۆ عیبادەتکردن و دە رۆژی ترمان خستە سەری و، میقاتەکەی بوو بە چل شەوی تەواو). موسا پێغەمبەر لەم دە رۆژانە بە رۆژوو بوو ئینجا خوای گەورە تەوراتی بۆ دابەزاند.
موسڵمانانی بەڕێز: لە کۆتایی ئەم رۆژانەدا جەژنی قوربان دێت، لەم جەژنەدا موناسەبەیەکی گەورە هەیە ئەویش قوربانیکردنە، ئەمەشیان سوونەتێکی گەورەیەو، هەندێکیش بە واجبی دەزانن، بێگومان لەم دە رۆژانەدا گەورەترین شتێك کە بەندە لە خوا نزیك دەکاتەوە قوربانیکردنە، پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم دەفەرمووێت: (ما عمل آدمي من عمل يوم النحر أحب إلى الله من إهراق الدم إنها لتأتي يوم القيامة بقرونها وأشعارها وأظلافها وأن الدم ليقع من الله بمكان قبل أن يقع من الأرض فطيبوا بها نفسا). واتە: لە رۆژی جەژنی قورباندا هیچ کردەوەیەکی ئادەمی هێندەی رشتنی خوێنی گیانەوەرێك -بۆ قوربانیکردن- خۆشەویست نییە لەلایەن خواوە، لە رۆژی قیامەتدا بە قۆچ و موو نینۆکەکانیەوە دێت، خوێنەکەی لەلایەن خواوە جێگەی خێری خۆی دەگرێت بەر لەوەی بکەوێتە سەر زەوی، کەواتە دڵەکانتان بە قوربانیکردن خۆش بکەن.
قوربانیکردن درووست نابێت تەنها لە حوشترو رەشە وڵاخ و مەڕو بزن نەبێت، مەرجە دەبێ حوشترەکە چووبێتە شەش ساڵییەوە، مانگاو بزنیش چووبنە سێ ساڵیەوە، مەڕیش دەبێ چووبێتە ناو دوو ساڵیەوە، حەیوانی نێرو مێ و خەسێندراویش بۆ قوربانیکردن دروستن، هەروەها مەرجە ئەوەی دەکرێتە قوربانی هیچ عەتبێکی وای نەبێت گۆشتەکەی کەم بکاتەوە، بۆیە حەیوانی (لەڕو لاوز، شێت، شەلە، کۆرە، نەخۆش، گڕوو) بۆ قوربانیکردن دروست نینە، هەروەها رای بەهێزتر پێی وایە حەیوانی ئاوسیش بۆ قوربانیکردن ناشێت.
چۆنیەتی قوربانیکردن
١/ پێویستە قوربانیکردنەکە بکەوێتە دوای نوێژی جەژن، هەروەها دروستە تا ئێوارەی چوارەم رۆژیش دوابخرێت، کە پێیان دەگووترێت: (أیام التشریق).
2/ سووننەتە لە کاتی قوربانیکردن بڵێت: ( بسم الله، ألله أکبر)، هەروەها سووننەتە بەخۆی بیکوژێتەوە، ئەگەر نا بیداتە یەکێکی ترو کرێکەشی بدات، بەڵام کرێیەکە لە گۆشتی حەیوانەکە نەبێت، هەروەها پێستەکەشی ببەخشێت.
3/ هەروەها سووننەتە خاوەن قوربانییەکەو خانەوادەکەشی لە قوربانییەکە بخۆن مەگەر نەزر بێت ئەو کاتی خاوەن قوربانییەکە لێی ناخوات.
موسڵمانانی بەرێز: بە پێویستی دەزانین لە کۆتاییدا باس موژدەیەك بکەین، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی توانای قوربانیکردنیان نییە، پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم دوو بەرانی کردنە قوربانی و فەرمووی: خودایە... ئەوەی یەکیان بۆ من و ئەوەی تریش بۆ ئوممەتەکەم، ئەوانەی توانای قوربانیکردنیان نییە.
کەواتە با قوربانی بکەین، چونکە ئێمە ئوممەتێکین بە ماڵ و لاشەمان قوربانی دەدەین.
تێبینی:
ئەم وتارە تەنها پێشنیارە بۆ وتاربێژانی بەرێز... ئیدی مامۆستایان خۆیان ئازادن، هەر مامۆستایەکیش بیەوێت بە وتارەکانی هاوکارمان بێت، ئەوا بۆ ئەم ئیمێڵەی بنێرێت (wtar@zanayan.org) بە خۆشحاڵیەوە بڵاوی دەکەینەوە. |