یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مامۆستا شێخ مەلا ياسين شێخ فەرخ کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە بەشداری نوێنەری یەکێتی زانایان؛ کارەکانی خولی چل وپێنجەمین شرۆڤەی نامەی عەممان لە شانشینی ئوردەن بەرێوە دەچێت    *****    *****   یەکێتی زانایان لە گەڵ دەسپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن پەیامێک ئاراستەی لایەنە سیاسیەکان و هاوڵاتیان دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا عيسا کەونەگوندی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان  پێشوازی لە شاندێکی کریستیانەکانی کوردستان دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان  پێشوازی لە بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری دەکات    *****    *****   پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان    *****    *****   پەیامی سەرۆکی حکومەت لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان    *****    *****   پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی هەرێم بە بۆنەی 54 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایان    *****    *****   ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەرز راگیرا    *****    *****   یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان به‌ بۆنه‌ی 54 ساڵه‌ی دامه‌زراندنیه‌وه‌ پەیامێک بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا طيب أحمد کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات   
مه‌لا عه‌بدوڵلا شێركاوه‌یی
به‌رواری دابه‌زاندن: 12/01/2022 : 00:09:48
قه‌باره‌ی فۆنت
کردنەوەی زانکۆیەکی ئیسلامی لەکوردستان هەنگاوێکی گرنگە
ماوەیەکی درێژە خواستی زۆربەی زانایانی ئایینی ئەوە بوو بە شێوەیەکی هاوچەرخ و میکانیزمێکی گونجاو پەرە بە بواری مەعریفەی ئایینی و خوێندنی ئیسلامی ئەکادیمی لە کوردستان بدرێت، بۆ ئەم مەبەستە لە زۆربەی کۆڕو کۆنفرانس و بۆنە ئایینیەکان وەک پێشنیارو پێویستی و چارەسەر ئەم پرسە دەخرایە ڕوو.
لەروانگەی هەستی بەرپرسیارێتی و کارکردن بۆ هێنانەدی ئامانجە ستراتیژیەکان، یەکێتی زانایان بە ئاراستەی هەرسێ رەهەندی ئایینی و نەتەوەیی و پیشەیی بەردەوام هەوڵ و هەنگاوی پێویستی ناوەو کاری کردووە بۆ پارێزگاری و بەزیندوو هێشتنەوەی رێڕەوی رەسەنی گەورە زانایانی کورد، کە هەمیشە هەڵگری رێچکەو رێبازی ئایینپەروەری و نیشتمانپەروەری بوون لەلایەک و، دانەبڕان لە رەوڕەوەی جیهانی ئێستاو بایەخدان و پێشخستنی دۆخی زانستی و گوتاری ئایینی لەلایەکی ترەوە، لەو پێناوە هەرچیەک بۆ چارەسەری کێشەی کوردو پێشوەچوونی رەوشەکە لە کوردستان پێویست و گونجاو بێ کاریان بۆ کردووەو بۆی تێکۆشاون، لەم پێناوەش چ لە رابردوو چ ئێستا رێگەی خزمەت و تێکۆشان و تەنانەت خەبات و شۆڕش و بەرگری لەخاک و خەڵکیان گرتۆتە بەرو خاوەن قوربانی زۆرو دەسکەوتی گەورەشن لەم مەیدانە.
نکۆڵی لەوە ناکرێ کە زانایانی کوردو مزگەوت و حوجرەو مەدرەسە زانستی و ئایینیەکانی کوردستان، لەسەر ئاستی ئایینی و نەتەوەیی رۆڵێکی شەڕەفمەندانەو گرنگیان هەبووە لەخزمەتکردنی گەل و وڵات، کە وەک شانازییەکی گەورە لە مێژوو تۆمار کراوە، ئەمەش لەناچاری و بەزۆر نەبووە، بەڵکو خەمخۆریان بۆ کیان و کۆمەڵگەو هەستی نەتەوایەتی، زادەی تێگەیشتنی دروست و پەیامی میانڕەوی و قەناعەتی دینداری بووە، کە بۆتە وزەبەخش و پاڵپشتێکی گەورەی سەرکەوتنەکان و پەروەردەکردنی تاکی کورد لەسەر نەهجێکی پاک و ئاوێتە بە هەردوو هەستی ئاینپەروەری و نیشتماندۆستی.
ئاساییە گەر بڵێین لە ئەنجامی کزبوون و لاوازی ئەم ناوەندە مەعریفی و هەستە بەرزە، لە ئەنجامی هەموو ئەم ئاڵنگاری و گۆڕانکارییانەی بەهۆکاری جیا جیا هاتنە پێشەوە، دۆخێکی نەخوازراو رووی لە کۆمەڵگەی ئێمە کرد، کە خۆی لە رەخساندنی دەرفەت بۆ خەڵکی ترو لێکەوتەی توندڕەوی و پەرتەوازیی و نالەباری زەمینەی بەهێزبوونی رەوت و رێڕەوی پەیڕەوانی ئایینی بینیەوە، کە وای کرد ناوەندی پێگەیاندنی کادری ئایینی لاوازو کەم بەرهەم بن و بۆشاییەکی گەورە لەو بوارە دروست بێت.
یەکێتی زانایان وەک پەرۆشی دۆخەکەو تامەزرۆی بەهێزکردنی ناوەندی پێگەیاندنی زانای ئایینی و بڵاوکردنەوەی تێگەیشتن و هۆشیاری زانستی لەمەڕ چەمکە شەرعی و بابەتە هزرییەکان هەمیشە بە دوای دەرفەتەوە بووە. 
لەو سۆنگەوە رۆژی 29ی9ی2021 مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان لەدیدارێکی تایبەت لەگەڵ رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، چەند پرسێکی تاوتوێ کردو یەکێ لەوانە بابەتی کردنەوەی زانکۆیەکی ئیسلامی بوو، کە وەک پێشنیار خرایە بەر دەستی بەرێزیان، بە خۆشحاڵیەوە رایگەیاند "هەرچیەک بۆ خزمەتی زانایان و رەوشی ئایینی پێویست بێت دیراسەی دەکەین و ئەوەی مومکین بێت بڕیاری بۆ دەدەین".
خۆشبەختانە لە بەرواری 7ی12ی2021 لە نوسراوێکی فەرمیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی راسپارد، کە کاری پێویست بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی زانایان و وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئەنجام بدات، بە مەبەستی دیراسەتکردنی ئەم بابەتەو دیاریکردنی راسپاردەو میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێ کردنی داواکاری یەکێتی زانایان، کە کردنەوەی زانکۆیەکی ئیسلامیە لە کوردستان.
دوای ئەم هەنگاوە یەکێتی زانایان لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی خۆیدا لە 15ی12ی2021 وێڕای گەنگەشەکردنی بابەتەکە، سوپاس و پێزانینی یەکێتی زانایانی ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کرد، کە پێشنیارەکەی یەکێتی زانایانی بەهەند وەرگرتووەو لایەنی مەعنی بۆ دیاریکردنی میکانیزمی پەیوەست راسپاردووە.
وێڕای ئەمەش ئەم هەنگاوە دەنگدانەوەیەکی ئەرێنی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو، بووە مایەی خۆشحاڵیەکی زۆری سەرجەم زانایانی ئایینی و هەموو ئەوانەی تامەزرۆی رەوتی مەعریفەو زانستی ئیسلامی و پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیارن لە کوردستان، کردنەوەی وەها زانکۆیەک ئومێدو ئاسۆیەکی گەورە بۆ رۆڵەکانی کورد بینا دەکا، کە کاریگەری زۆری دەبێت لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لەو نێوەندە هەبووە، لەهەمان کات دەوری دەبێت لە سەرپەرشتیکردنی بواری زانستی ئیسلامی و پێگەیاندنی کادری ئایینی بە شێوازو بناغەیەکی ئەکادیمی خۆماڵی و کوردپەروەرانە.
ئەم زانکۆیە وەک ناوەندێکی ئەکادیمی ئیسلامی، رۆڵێکی گەوەری دەبێت لە بووژانەوەی کلتورو رۆشنبیری ئیسلامی بە ئاست و تێگەیشتنێکی دروست و پێویستەوە، هەروەها ئیعتیبارو رووێکی جوانتر لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی بۆ کورد وێنا دەکاو دەبێتە فاکتەری خێر لەرووی ئەکادیمی و پیشاندانی واقعی کۆمەڵگە لەرووی پاراستن و پەیڕەوکردن و خزمەتکردنی رێبازی شەریعەت، هەروەها بەرەو پێشبردنی فەرهەنگ و توراسی ئیسلامی و تەوزیفکردنی چەمکە ئایینیەکان لەسەر ئەو رێڕەوەی گەورە زانایانی کورد چوارچێوەیان بۆ داڕشتووە، دواجار دەبێتە پردێکی بەهێز لە نێوان لە باڵاکردنی زانیاری و مەعریفەی ئیسلامی بەخشینەوەی لە خزمەتی کۆمەڵگەدا. 
وەک دامەزراوەیەکی باڵای توێژینەوەو زانستە شەرعی و ئیسلامیەکان، مەودای دەرفەتی خوێندنی ئیسلامی فراوان و زەمینەی لەباوەشگرتنی سەرجەم لق و پۆی پەیمانگاو کۆلێژو بەشە ئیسلامیەکانی نێو زانکۆکانی کوردستان خۆش دەکات، بەشێوەیەک کە بە کامڵبوون و هەڵکشانی ئەزموونی ئەکادیمی، قوتابیانی دەرەوەش بتوانن رووی تێ بکەن و وەک زانکۆکانی تری جیهانی ئیسلامی جێگەی دیار بێت. 
هەروەها هۆکار دەبێت بۆ رەخساندنی زەمینەی خوێندن بۆ هەموو ئەوانەی تامەزرۆی خوێندنن لەبواری زانستە ئیسلامیەکان بەهەموو پسپۆڕی و ئاستەکانیەوە، لەهەمان کات سەرچاوەیەکی گرنگیش دەبێت بۆ زیادکردنی داهاتی هەرێم و گێڕانەوەی خەرجی ئەو قوتابیانەی روو دەکەنە دەرەوە، لەرووی دابینکردنی کورسی خوێندنی باڵاو کردنەوەی پسپۆڕییە تازەکان، کە تا ئێستا زۆرێک لە قوتابیانی کورد بە خەرجی زۆر بۆ پسپۆڕی بابەتە ئایینیەکان روویان لە وڵاتانی دەرەوە کردووەو بەشێکی ئەوانەش کاریگەر بوون بە ژینگەی ئەو وڵاتانەو هەندێ جار لە جیاتی خزمەت ئیحتیکاک لە گەڵ ئەزموون و ئیدارەی ئەم وڵاتانە دروست بووە.  
ماوەتەوە بڵێم لەدایکبوونی ئەم زانکۆیە دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ هەموو کوردستان، پاداشتێکە لەپای خواست و خزمەتی زانایانی کورد، بۆیە بەکردەیی بوونی ئەم هەنگاوە دڵنیام زۆر شتی گەورەش پێشکەش بە کوردستان دەکات، بەو هیوایەی کە بەسوود وەرگرتن لە ئەزموونی زانکۆ سەرکەوتووەکانی جیهانی ئیسلامی و دانانی ستراتیژێکی هاوچەرخی ئەکادیمی، بکەوێتە سەر پێ و لە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و توانای مرۆیی و دامەزراوەیی و پێکەوەگرێدانی هەردوو ئاستی توراسی ئیسلامی و ئینسانی بە پێشهاتە زانستیە نوێیەکان و، دروستکردنی کێبڕکێی ئەکادیمی و پێشکەشکردنی توێژینەوەی هاوچەرخ و کۆکردنەوەی بەرهەمی زانایان و بەکارهێنانی لەخزمەتی نیشتمانی جێ پەنجەی خۆی لە گۆڕەپانی کوردستان دیاری بکات، دواجار ببێتە ناوەندێکی کاراو هاریکار لە دانان و پتەوکردن و بەرەو پێشبردنی بواری زانستی و بانگەوازی ئایینی و سەرپەرشتی کردنی ناوەندە ئایینیەکان و بواری پەروەردەی ئیسلامی و بەرهەمهێنانی کەسی بەتواناو پێشکەشکردنی خزمەتی شایستە لە بەرەو پێشبردنی کیان و کۆمەڵگەو بڵاوکردنەوەی لیبوردەیی و میانڕەوی و نەهێشتنی بیری نامۆو شپرزەیی و بیری توندڕەوی.
* بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان