یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   گەورە زاناو کەسایەتی دیاری عیراق دکتۆر شێخ عبدالرزاق ئەلسەعدی سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: وەفاتی زانای ناوداری کوردستانی رۆژهەڵات (مامۆستا مەلا سەید نورەدین واژی) کەلێنێکی گەورەیە بۆ هەموو زانایان    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەرێوە دەچێت    *****    *****   مامۆستا مەلا عبدالله  مصطفى حەمە کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە بەشداری نوێنەری یەکێتی زانایان و دانانی ئاڵای کوردستان کۆنفرانسی جیهانی ئەکادیمیای زانایانی تەسەوف لە ئەستەنبۆڵ بەڕێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لە قەتەر بەشداری پازدەهەمین کۆنگرەی دیالۆکی نێوان ئايینەکان دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا خەیری ئەحمەد رەشید وەک بەرپرسی نوێی لقی شێخانی یەکێتی زانایان هەڵبژێردرا    *****    *****   مامۆستا مەلا عەلی سیامێوەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا جەلال مەلا سالح هەڵەبجەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا عبدالرحمن قادر ڕوستایی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا فەتاحی شارستێنی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە سەرۆکی بۆردی باڵای وتاری هەینی و شاندێکی یاوەری دەکات   
مه‌لا عه‌بدوڵلا شێركاوه‌یی
به‌رواری دابه‌زاندن: 02/05/2023 : 22:44:00
قه‌باره‌ی فۆنت
دیداری سەرۆکی هەرێم لەگەڵ زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان هەنگاوێکی گرنگ و دیدارێکی مێژوویی

مەلا عبدالله شێرکاوەیی*

لەمیانەی ئەو دیدارو ئێوارە خوانەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی مانگی پیرۆزی رەمەزانی ئەمساڵ بۆ ژمارەیەکی بەرچاوو لە مامۆستایانی ئایینی هەرێمی کوردستان رێکیخست، پێم خۆش بوو ئاماژە بە هەندێ بڕگەی دیدارەکەو رەهەندو لێکەوتەکانی بکەم، بۆ ئەوەی تەواوی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت مامۆستایانی ئایینی بەرچاویان روون بێت و ئاگاداری ناوەرۆکی دیدارەکە بن.

لەراستیدا ئەم دیدارە لەبەر ئەوەی تایبەت و لوتکەیی و مێژوویی بوو گرنگی و بایەخ و تایبەتمەندی خۆی هەبوو، بەتایبەت لە کاتێکی وادا رێزگرتن بوو لە کۆشش و ئەرک و ماندووبوونی سەرجەم زانایانی ئایینی لە پای ئەو خزمەتەی لە گەیاندنی پەیامی دینداری و ئامۆژگاری و بەرزکردنەوەی لایەنی رۆحی و ئیمانی خەڵکی موسڵمان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە دەیکەن، لەو سۆنگەوە سەرۆکی هەرێم رێزو دڵسۆزی و هەستێکی خۆش و خۆشحاڵیەکی زۆری بەرامبەر مامۆستایانی ئایینی پیشاندا بۆ وەها دیدارو چاوپێکەوتنی لەگەڵ نوخبەیەکی دیاری مامۆستایانی ئایینی بە جیاوازی ئایدیاو بۆچوون و شوێنی خزمەتکردنەوە، کە ئاماژەو بەڵگەی رێزگرتنی دەستەڵاتی ئەم هەرێمەیە لە پێگەی ئایین و مامۆستایانی ئایینی و رۆڵی ئایین لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگەو سەقامگیری کۆمەڵایەتیدا.

لەهەمان کات ئەم لێکنزیکی و گفتوگۆیانە بایەخی زۆریان بۆ بەرژوەندی گشتی و ئایندەی کوردستان تێدایەو، بەو راوێژو وەرگرتنی پەیامی دڵسۆزانەی زانایانی ئایینی و رێزگرتن لە نیشتمانپەروەران و ئاییندۆستانی کوردستان، دەتواندرێ نزیکترو وردتر لە هەست و خواستی هاوڵاتیان و کۆمەڵگە دەستنیشانی گرفتەکان بکرێو چارەسەریان بدۆزرێتەوە، چونکە مامۆستایانی ئایینی شەریحەیەکی گرنگ و کاریگەرو خاوەن نفوزی جەماوەری و پێگەی کۆمەڵایەتین و نوێنەرایەتی پەیامێکی پیرۆز دەکەن و رۆژانەش بە حوکمی ئیش و پیشەیان تێکەڵاوی خەڵکن، کەواتە رێزگرتن لە زانایانی ئایینی رێزگرتنە لەو زۆرینەیەی پێی دەگوترێ موسڵمان لە کۆمەڵگەدا،  لەهەمان کات هەستکردنە بە کاریگەری گوتاری ئایینی لەبەرزکرنەوەی هۆشیاری تاک و پاراستنی کلتورو بەها مرۆڤایەتیەکان و رێزگرتن لە ئیرادەو هەستی نەتەوەپەروەری و رێبازی عیرفانی و بڵاوکردنەوەی بەهاو رەوشتی جوان و بەرزکردنەوەی لایەنی رۆحی، بۆیە دانیشتنەکەش لەو کەشە مەعنوییە بێ بەش نەبوو و کۆمەڵێک قەسیدەی ئایینی و عیرفانیش خوێندرانەوە.

دوای پێشوازییەکی گەرم لە تاک بەتاکی بەشداربووان و بەخێرهێنانی گەرم لەلایەن خودی سەرۆکی هەرێم دانیشتنێکی تایبەت بەرێوە چوو، سەرۆکی یەکێتی زانایان بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی بەناوی زانایانەوە سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کرد بۆ رەخساندنی دەرفەت و سازکردنی ئێوارەخوان بۆ زانایانی ئایینی وەک رێزگرتن لە ئەرکی پیرۆزیان لەمانگی رەمەزان، دواتر بە کورتی و پوختی دوو خاڵی باس کرد: لەخاڵی یەکەم تیشکی خستە سەر ئەسڵ و رەسەنایەتی میللەتی کوردو ئاماژەی بەوەدا کە بەرپرسیارێتی قۆناغی ئێستای کورد لە ئەستۆی سەرۆکی هەرێمدایەو ئەم هەرێمەش تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆیە ئەم پەیامە بەناوی سەرجەم زانایانەوە راگەیێنین، کە گرنگە لەرووی تایبەتمەندی ئایینی و رەسەنایەتی و بەها مرۆڤایەتییەکان و ئەخلاق و کلتوری نەتەوەیی بپارێزرێت و درزو دەستی رەشی کەس دۆخی کۆمەڵگەو لایەنی کۆمەڵایەتیمان بەرەو ئاقارێکی خراپ و نارێک نەبات.

لەخاڵی دووەمیش باسی لەواقعی ئێستای کوردستان و ئەو کەشە سیاسیەی نێوان حزب و لایەنە سیاسیەکان کرد، کە پێویستە هەمووان پێکەوە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و باشترکردنی گوزەران و بەرەو پێشبردنی کوردستان جەژنی رەمەزان بکەنە دەرفەرتێک بۆ راگەیاندنی ئاشتەوایی نیشتمانی و دانیشتن لەسەر مێزی دیالۆک و گفتوگۆو هێورکردنەوەی گرژییەکان، لەوەشدا هیوای خواست سەرۆکی هەرێم وەک ئەندازیاری ئاشتەوایی دوای جەژن رۆڵی زیاترو هەوڵی جددی بدات بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم لایەنەکان و وەلانانی ناکۆکیەکان و راگەیاندنی موژدەی ئاشتەوایی نیشتمانی، چونکە لەئەنجامی یەکڕیزی نێو ماڵی کوردو ئاشتەوایی نێوان لایەنەکان ئەگەری باشتربوونی گوزەران و ژیانی خەڵکی کوردستان زیاترەو قەزیەی کورد لەناوخۆو دەرەوە سەرکەوتنی پترو باشتر مسۆگەر دەکات.

بەرێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی قسەکانی زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی مامۆستایانی کردو ئامانجی دانیشتنەکەی روون کردەوەو گوتی: هەموو لایەکتان زۆر بەخێر بێن هەر لە زاخۆ تا خانەقین بەراستی زۆر زۆر خۆشحاڵین کە داوای ئێمەتان قەبوڵ کردو تەشریفتان هێناوە زۆر سوپاستان دەکەین و هەموومان لە سەرۆکایەتی هەرێم بەخێرهاتنتان دەکەین، مەبەستمان بوو هەموو زانایانی ئایینی دەعوەت بکەین، بەڵام لەبەر گونجان و مانگی رەمەزان ئێوە تەمسیلی هەموویان دەکەن و رێزی زۆرمان بۆ یەک بە یەکی مامۆستایانی ئایینی هەیە کە لەگەڵ ئێمە ئێستا ئامادە نین، بەهیوام هەر مامۆستایەکی ئایینی لەهەر شوێنێکە بەگەورەیی خۆی لێمان قەبوڵ بکات، خوای گەورە تاعەتی هەموو لایەک قەبوڵ بکات و داواشتان لێ دەکەم لە دوعاو نزاکانتان لەبیرمان نەکەن و دوعای خێرمان بۆ بکەن، وە سوپاسی سەرۆکی یەکێتی زانایان دەکەم لەسەر ئەوەی عەرزی کرد، لەراستیدا ئەوەی ئێمە بیکەین یان کردومانەو یان دەکەین، ئەوە ئەرکی ئێمەیەو نە منەتی تێدایەو نە منەت لەسەر کەس دەکەین ئەگەر پێمان بکرێ خزمەتێک بکەین دەبێ بیکەین.

سەبارەت بە رۆڵ و پێگەی مامۆستایانی ئایینی و مێژووی پڕ شانازی گەلەکەمان بە هەردوو ئاراستەی خەباتی نەتەوەیی و خزمەتی ئایینی سەرۆکی هەرێم تیشکی خستە سەر ئەو کاریگەرییەی زانایانی ئایینی هەیانە لەناو کۆمەڵگەداو گوتی: ئێوەی مامۆستایانی ئایینی باشتر لەهەموو کەس زیاتر رۆڵ و پێگەی خۆتان لەناو کۆمەڵگە دەزانن، هەر لە کۆمەڵگەی کوردەواری و شۆڕشەکانی کوردستان و شۆڕشی مەلا مستەفای بارزانی و هەموو قۆناغەکان، لە قۆناغی بەرگری و ئازادی و دوای سەرهەڵدان رۆڵی زانایانی ئایینی بەرجەستە بووەو، رۆڵی چاکەو خێریان هەبووە بۆ ئاشتکردنەوەی کۆمەڵگەو لایەنە سیاسیەکان، بەو پێیەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی موسڵمانین و زۆرینەی کۆمەڵگە موسڵمانە، خۆشمان وەک بنەماڵەی بارزان و رێبازی خزمەت و خەبات ئەسڵی خۆی پتر لە سێسەد ساڵە دەسپێکردنەکەی دەسپێکێکی ئایینی بووەو دیفاع بووە لە حەق و لە ئایین و ئێستاش ئێمە پابەند دەمێنینەوە بەم بنەماو ئەسڵەی هەمان بووە.

دواتر هاتە سەر دۆخی سیاسی کوردستان و پەیوەندی نێوان لایەنەکان و گرنگی ئەو هەنگاوانەی بەپێی ئەزموون گرنگە رەچاو بکرێن، بەرێزیان گوتی: کوردستان وڵاتی هەموومانەو ئەوەی ئەمرۆ لە کوردستان هەیە بەرهەمی خەبات و قوربانیدان و بەرخودان و تێکۆشانی هەمووان بووە، ئێمە کە پێکەوە بووین و پێکەوە تێکۆشاوین و یەکڕیز بووین و لەیەک سەنگەر بووین دەسکەوتی باشمان بەدەست هێناوە، بەڵام لە لێکترازان و غیابی یەکهەڵوێیستی هەموو لایەک زەرەرمان کردووەو کەس قازانجی نەکردووە، سەیری قۆناغەکانی راپەرین بکەن، ساڵی 1991 راپەرین بە بڕیاری بەرەی کوردستانی لەلایەن خوالێخۆشبوو مام جەلال و خوالێخۆشبوو کاک نەوشیروان و جەنابی کاک مەسعود بارزانی خوا تەمەنی درێژ بکات لەگەڵ هەموو لایەنەکانی تر بەردی بناغەی سەرهەڵدان و سەرکەوتنیان دانا، لەم قۆناغدا سەرکەوتین چونکە پێکەوە بووین، دوای قۆناغی 2003 کە دەستووری هەمیشەیی عیراق نوسراو کۆمەڵێک دەسکەوت بۆ کورد مسۆگەر کرا، نەتیجەی ئەو یەکگرتن و یەکهەڵوێستیەی کورد بوو، کە پێکەوە دەبین دەستکەتمان دەبیت بەڵام کە لەگەڵ یەک نابین زۆر شت لەدەست دەدەین، بۆ دڵنیایی ئێوەی بەرێز ئەو دەسکەوتانەی ئەمرۆ هەمانە لەسایەی خەباتی هەموو گەلی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانمانەوە بووە. به‌ڕێزيان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ به‌ گەشبینیيه‌وه‌ له‌ چاره‌سه‌ربوونى كێشه‌ ناوخۆيى و پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا بڕوانين، چونكه‌ بێجگه‌ له‌ پێكهاتن هيچ بژارده‌يه‌كى ديكه‌ له‌به‌رده‌م لايه‌نه‌كاندا نييه‌ و له‌گه‌ڵ به‌غداش له‌سه‌ر ڕێگه‌ى رێككه‌وتن و له‌يه‌كگه‌يشتنين.

دواتر هاتە سەر قۆناغی شەڕی داعش و رووبەڕووبوونەوەی فکری توندڕەوی و رۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو بەرهەڵستکاری هرزی توندڕەوی و گوتی: لەسەردەمی هاتنی داعش رۆڵی زانایانی ئایینی یەکجار گرنگ و گەورە بوو جێی خۆیەتی بڵێم پڕ بەدڵ سوپاسی مامۆستایانی ئایینی دەکەم، ئەگەر دیقەت بدەن زەمینەی توندڕەوی و پاڵپشتی لە فکرەی توندڕۆیی لە کوردستان نەبوو، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ وتاری ئایینی مامۆستایانی بەرێزی ئایینی کە هۆشیاریان لەناو کۆمەڵگە بڵاو کردۆتەوەو تاکی کوردیان پاراستووە، لەو کاتدا کە دوو ملیۆن ئاوارە بەهۆی داعشەوە هاتنە کوردستان لە بیرمە لە شاری دهۆک دەرگای مزگەوتەکان بۆ ئاوارەکانی مەسیحی و ئێزیدی کرایەوەو لەلایەن زانایانی ئایینی هاوکاری دەکران، ئەمە نمونەو تابلۆیەکی جوانە هەموو لایەکمان شانازی پێوە دەکەین، من پێش ئێستا لە دەرەوە بووم لای پاپای ڤاتیکان یەک لەو شتانەی بەلای ئەو گرنگ بوو لەسەر کوردستان باسی کرد مەسەلەی ئەو پێکەوەژیانە بوو لە کوردستان هەیەو هەموو ئایینیەکان بە ئاشتی و رێزگرتن لە یەکتری بە یەکەوە دەژین.

هەروەها نمونەیەکی تری لە خزمەت و رۆڵی زانایان هێنایەوە کە دەگەڕایەوە بۆ سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو گوتی: لەسەردەمی کۆرۆنا مامۆستایانی ئایینی رۆڵێکی گەورەیان لەهۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و مەسەلەی خۆپارێزی گێڕاو بەداخەوە بەشێکیان بەهۆی نەخۆشی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا کە لێرەوە سەری رێزو نەوازش بۆ کۆچکردووان دادەنوێنم و، رۆڵی هەموو لایەک لەم پرۆسەیەی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بەرز دەنرخێنم.

ماوەتەوە بڵێم؛ ئەو رێزگرتنەی بەرێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە زانایانی ئایینی و پیشاندانی هەست و هەڵوێست و بەرزنرخاندنی خزمەت و رۆڵیان، نیشانەی بایەخدانی بەرێزیانە بە پێگەی مامۆستایانی ئایینی و کاریگەری وتارو پەیامیان، کە خۆی لە گەیاندنی ئیسلامی راستەقینەو هەستی نیشتمانپەروەری و نەتەوەپەروەری دەبینێتەوەو خەمی لە پێشینەیان بەرەو پێشبردنی رەوشی دینداری و هێشتنەوەی رەسەنایەتی و کلتوری کوردەواری و یەکبوونی نێو ماڵی کوردو پاراستنی بەها مرۆڤایەتیەکان و مۆڕاڵی کۆمەڵگەیە، زانایانی ئایینیش زۆر خۆشحاڵ بوون بەو هەڵسوکەوت و مامەڵە بەرزو جوانەی سەرۆکی هەرێم بەتایبەت لە رێزگرتن و وەستان لەکاتی بانگدان و ئەنجامدانی نوێژی بەکۆمەڵ لەگەڵ زانایان و داوای نزاو دوعای مۆفەقیەت و گوێگرتن لە قەسیدەی عیرفانی و خۆشحاڵی دەربڕین بە کەشی رۆحی و ئیمانی و مەجلیسی زانایان، بۆیە دواجار باسی لە هەستی خۆی کرد بەرامبەر دیدارەکەو گوتی: جارێکی تر بەخێرهاتنتان دەکەم و پڕ بەدڵ ئەو قسەیە دەکەم کە بۆ من دانیشتنەکی خۆش و مایەی خۆشحاڵیەکی یەکجار زۆر بوو بەتایبەت لە رۆژێکی پیرۆزی وەک رەمەزان، ئەو شتە رۆحیانەی خوێندتانەوە منیش زۆر پێی ئاسودە بووم، ئینشائەڵڵا خوای گەورە هیدایەتی هەموو لایەکمان بدات و لە دوعای خۆتان بێ بەشمان نەکەن و کوردستان هەر بە خۆشی بمێنێتەوەو هەموومان بە برایەتی و یەکڕیزی و پێکەوەیی هەرچی قۆناغی ناخۆشیشە دەربازی بکەین.  

* ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

https://www.calameo.com/read/0047499880cc0e94ead8f