یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية
په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
دامەزراوە لە 21-9-1970
*****    *****    هه‌ولێر: مامۆستا مه‌لا عوسمان قه‌ڵاتى كۆچى دواييكرد    *****    *****   وتاره‌ پێشنیاركراوه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌    *****    *****   سه‌رۆكى يه‌كێتى زانايان؛ پێشوازى لە به‌رێز مه‌تڕان به‌شار و شاندێكى ياوه‌رى ده‌كات    *****    *****   سه‌رۆكى يه‌كێتى زانايان پێشوازى له‌ قونسوڵى هه‌نگاريا ده‌كات    *****    *****   پێكه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ژن و هه‌ینی    *****    *****   یه‌كێتی زانایان داوای یاسایی له‌سه‌ر یونس راوی تۆمار ده‌كات    *****    *****   راگرتنی که‌ناڵی (سروشت) هه‌نگاوێکی مه‌ترسیدار    *****    *****   حوكمى زه‌كاتى پاره‌ى جوتیاران كه‌ له‌ برى ده‌غل له‌ حكومه‌ت وه‌رگيراوه‌    *****    *****   وتاره‌ پێشنیاركراوه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌    *****    *****   سلێمانى: مامۆستا شێخ فاتحی قه‌ره‌داغی كۆچى دواييكرد    *****    *****   چه‌ند بابه‌تێكی سه‌رده‌می تایبه‌ت به‌ مانگی ره‌مه‌زان    *****    *****   هه‌ولێر: مامۆستا مه‌لا حمدامين دوكه‌ڵه‌يى كۆچى دواييكرد   
مه‌لاعومه‌ری چنگنیانی
به‌رواری دابه‌زاندن: 12/11/2010 : 10:55:11
قه‌باره‌ی فۆنت
وه‌رن با له‌م نۆمینه‌ی حاجیان و جه‌ژنه‌دا، له‌گه‌ڵ خوای خۆمان ئاشتر ببینه‌وه‌
ئه‌مرِۆ، كه‌ رۆژی هه‌ینییه‌12ی11ی2010، به‌رامبه‌ره‌ به‌ 6ی زولحیجه‌ی 1431ی كۆچیی، شه‌ش رۆژێكه‌، كه‌وتووینه‌ته‌ نێو مانگی زیلحیجه‌، به‌ هه‌مووخێر و بێره‌كانیه‌وه‌، كه‌ له‌ ئایینی ئیسلامی پیرۆزدا و له‌ لای برِواداران ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌، به‌هایه‌كی زۆری هه‌یه‌ و چه‌ندین په‌رستشیان تێدا كۆده‌بێته‌وه‌ و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی زۆریان هه‌یه‌ و زۆر به‌ گرنگ وه‌رده‌گیرێن، هه‌ربۆیه‌كه‌ منیش به‌ پێویستی ده‌زانم وه‌ك چۆن زنجیره‌(248)به‌رنامه‌ی(ئایین و كۆمه‌ڵ)م بۆته‌رخان كرد، كه‌ ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌، 10ی11ی2010كات 6و5خوله‌ك، له‌رِێگه‌ی (كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس)ـه‌ وه‌ په‌خشكرا، به‌ هه‌مان چه‌شنه‌یش لاپه‌رِه‌ی ئه‌مرِۆی بۆ دابنێم و هیوادارم سوودی گشتی تێداهه‌بێت(1).

نۆمینه‌ی حاجیان

أ : خوای گه‌وره‌ له‌ قورئانی پر له‌ به‌خششدا ده‌فه‌رموێت:

1: (والفجر، وليال عشر)الفجر1و2).

(وأذن في الناس بالحج يأتوك رجالا وعلى كل ضامر يأتين من كل فج عميق * ليشهدوا منافع لهم ويذكروا اسم الله في أيامٍ معلومات) 27و28الحج).

واته‌: (فه‌رمانمان دا به‌ ئیبراهیم(س): كه‌ بانگی خه‌ڵك بكات بۆ هاتن بۆ حه‌ج، كه‌ له‌ ئاكامدا، له‌ هه‌مووشیو و دۆڵێكه‌وه‌، به‌ ده‌نگ بانگه‌كه‌یه‌وه‌ دێن، چ به‌ پێ و چ به‌ سواری، به‌ هۆی هه‌رئامێرێكی گواستنه‌وه‌ بێت، ئه‌م داوایه‌شمان لێیان بۆ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ چه‌ندین ده‌ستكه‌وت و قازانجیان ده‌ست بكه‌وێت و له‌ چه‌ند رۆژێكی دیاریكراودا یادی خوابكه‌نه‌وه‌). عه‌بدوڵلاَی كورِی عه‌باس(ر)ده‌فه‌رموێت: مه‌به‌ست به‌وچه‌ند رۆژه‌ دیاریكراوه‌، ئه‌م ده‌شه‌و و رۆژه‌ی مانگی زیلحیجه‌یه‌.

ب: له‌ فه‌رمووده‌ی دروستی پێغه‌مبه‌ریشدا(د.خ)هاتووه‌:

1: ئیمامی بوخاری له‌ عه‌بدوڵلاَی كورِی عه‌باسه‌وه‌(ر)بۆمان ده‌گێرِێته‌وه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌(د.خ)، كه‌ فه‌رموویه‌تی:

(ما العمل في أيام أفضل من هذه العشر. قالوا: ولا الجهاد؟ قال: ولا الجهاد إلا رجل خرج يخاطر بنفسه و ماله فلم يرجع بشيء).

واته‌: (هیچ كردارێك نییه‌، له‌ لای خوا پیرۆز بێت هێنده‌ی كردار و په‌رستشی ئه‌م ده‌رۆژه‌.

یاره‌كانی عه‌رزیان كرد، خه‌باتكردنیش له‌ پێناوی خوادا هه‌ر نایگاتێ؟، ئه‌ویش فه‌رمووی: خه‌باتكردن له‌ پێناوی خواشدا نایگاتێ، مه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ ماڵ و سامانی خۆی ده‌رچووبێ و گوێی به‌ له‌ ده‌ست چوونی گیان و سامانی نه‌دابێ و هه‌مووی له‌ پێناو خوادا خه‌رج كردبێت).

2: ئیمامی ته‌به‌رانی له‌ موعجه‌می گه‌وره‌دا، له‌ عه‌بدوڵلاَی كورِی عومه‌ره‌وه‌(ر)، بۆمان ده‌گێرِێته‌وه‌، له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌(د.خ)، كه‌ فه‌رموویه‌تی:

(مامن أيام أعظم عند الله سبحانه ولا أحب إليه العمل فيهن من هذه الأيام العشر، فأكثروا فيهنّ من التهليل والتكبير والتحميد).

واته‌: (هیچ رۆژگارێك نییه‌، له‌ لای خوا، گه‌وره‌ و خۆشه‌ویستر بێت، كه‌ به‌نده‌كانی په‌رستشی تێدا ئه‌نجامبده‌ن، هێنده‌ی ئه‌م(ده‌)رۆژه‌، ده‌ تیایاندا زۆر لااله‌ الا الله بڵێن و خوای گه‌وره‌ به‌ گه‌وره‌ دابنێن و سوپاسگوزاری به‌خششه‌كانی ببن).

3: (كان سعيد بن جبير(ر)وهو الذي روى حديث ابن عباس السابق إذا دخلت العشر اجتهد اجتهادا حتى ما يكاد يقدر عليه). رواه الدارمي بإسناد حسن).

واته‌: (ئیمامی داریمی به‌رِێگه‌یه‌كی حه‌سه‌نه‌وه‌ بۆمانی ده‌گێرِێته‌وه‌، له‌ سه‌عیدی كورِی جوبه‌یره‌وه‌(ر)، كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ تابعیین، هه‌ركات ئه‌م ده‌شه‌وه‌ ده‌هات، زۆر زیاد له‌ كاته‌كانی دیكه‌، په‌رستشی خوای ده‌كرد و خۆیی ماندو ده‌كرد، تا ئه‌ندازه‌یه‌كی وا، كه‌ خه‌ریك بوو نه‌یده‌توانی).

4: (قال ابن حجر في فتح الباري: والذي يظهر أن السبب في امتياز عشر ذي الحجة لمكان اجتماع أمهات العبادة فيه، وهي الصلاة والصيام والصدقة والحج، ولا يأتي ذلك في غيره).

واته‌: (ئیبنوحه‌جه‌ری عه‌سقه‌لانی له‌ فه‌تحولباریدا، ده‌فه‌رموێت: وای بۆده‌چم پیرۆزییه‌تی ئه‌م(ده‌) رۆژه‌ له‌وه‌دایه‌، كه‌ زۆرینه‌ی په‌رستشه‌كانی تێدا كۆده‌بێته‌وه‌، خێر و نوێژ و رۆژوو وحه‌جكردن، كه‌ ئه‌مه‌ به‌م شێوه‌ نییه‌ له‌ كاتێكی دیكه‌ی ساڵدا).

له‌م بۆنه‌دا چ جۆره‌ په‌رستشێك ئه‌نجام بدرێت

1: نوێژه‌ فه‌رزه‌كان له‌كاتی خۆیاندا بكات و گوێرِایه‌ڵی ئه‌وفه‌رمووده‌یه‌ی پێغه‌مبه‌ربێت(د.خ)، كه‌ ئیمامی موسلیم له‌ سه‌وبانه‌وه‌(ر)، بۆمانی ده‌گێرِیته‌وه‌، كه‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، فه‌رموویه‌تی:

(عليك بكثرة السجود لله فإنك لا تسجد سجدة إلا رفعك إليه بها درجة، وحط عنك بها خطيئة).

واته‌: (هه‌رده‌م كرِنووش زۆرببه‌ بۆخوا، چونكه‌ هه‌ركرِنووشێك، كه‌ تۆ بۆخوای ببه‌یت، پله‌یه‌ك بۆ لای خۆیت به‌رز ده‌كاته‌وه‌ و گوناهێكت له‌سه‌رلاده‌بات).

2: گرتنی رۆژووی رۆژی نۆی زیلحیجه‌، كه‌ ده‌كاته‌ ئه‌و رۆژه‌ی حاجیان تیایدا ده‌وه‌ستن له‌ ده‌شت و چیای عه‌ره‌فه‌، خێری دووساڵی هه‌یه‌، ئیمامی موسلیم بۆمانی ده‌گێرِێته‌وه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌(د.خ)، كه‌ فه‌رموویه‌تی:

(أحتسب على الله أن يكفر السنة التي قبله والسنة التي بعده).

واته‌: (واچاوه‌رِوان ده‌كه‌م، كه‌ خوای گه‌وره‌ رۆژووی رۆژی عه‌ره‌فه‌ به‌ پاككه‌ره‌وه‌ی گوناهی دووساڵ دابنێت، ساڵێكی رابردوو و ساڵێكی نه‌هاتوو).

3: زۆر گوتنی الله اكبر و لااله‌ الا الله و الحمد لله و وه‌ك له‌ فه‌رمووده‌كه‌ی پێشوودا باسمان لێكرد، كه‌ ئیمامی بوخاری ده‌فه‌رموێت:

(كان ابن عمر وأبو هريرة(ر)يخرجان إلى السوق في أيام العشر، يكبران ويكبر الناس بتكبيرهما). وقال: (وكان عمر يكبر في قبته بمنى فيسمعه أهل المسجد فيكبرون ويكبر أهل الأسواق حتى ترتج منى تكبيرا). وكان ابن عمر(ر)، يكبر بمنى تلك الأيام، وبعد الصلوات وعلى فراشه، وفي فسطاطه، ومجلسه، وممشاه تلك الأيام جميعا).

واته‌: (عه‌بدوڵلاَی كورِی عومه‌ر و ئه‌بوهوره‌یره‌(ر)، له‌م چه‌ند رۆژه‌دا، ده‌چوونه‌ نێو بازارِ، ده‌نگیان بڵند ده‌كرده‌وه‌ به‌ گوتنی ئه‌ڵلاهو اكبر و كه‌ خه‌ڵك گوێی له‌وان ده‌بوو، ئه‌وانیش له‌ دوویان ده‌یان گوتنه‌وه‌).

هه‌روه‌ها(عومه‌ری كورِی خه‌تاب(ر)، له‌ نێو خێمه‌ و بن كه‌پره‌كه‌ی خۆی له‌ مونا، ده‌نگی به‌رزده‌كرده‌وه‌ به‌ گوتنی الله اكبر و خه‌ڵكیش له‌ نێو مزگه‌وت و له‌ نێو بازارِ ده‌نگیان به‌رزده‌كرده‌وه‌ به‌ گوتنی الله اكبر) هه‌روه‌ها(عه‌بدوڵلاَی كورِیشی له‌ بازارِ و له‌سه‌رجێگه‌ و له‌ هه‌مووشوێنێك له‌وچه‌ند رۆژه‌دا هه‌ر الله اكبری ده‌كرد و خه‌ڵكیش له‌ دووی ده‌گوتنه‌وه‌).

4: له‌م(ده‌)رۆژه‌دا، رۆژی عه‌ره‌فه‌ی تێدایه‌، كه‌ خوای گه‌وره‌ له‌و رۆژه‌دا له‌ گوناهان خۆش ده‌بێت و ده‌یه‌م رۆژیش كه‌ رۆژی قوربانی كردنه‌، میهره‌بانی خۆی په‌خش ده‌كات به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا.

وه‌ك له‌ سونه‌نی ئه‌بوداوود دا هاتووه‌، له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌(د.خ)، كه‌ فه‌رموویه‌تی:

(أن أعظم الأيام عند الله يوم النحر، ثم يوم القر).

واته‌: (له‌ میانه‌ی رۆژه‌گه‌وره‌كان، به‌لای خواوه‌ رۆژی جه‌ژنی قوربانه‌، پاشان رۆژانی مونا).

چۆن پێشوازی بكه‌ین له‌ كاته‌ پرِ له‌ خێر و فه‌رِه‌كان؟

بۆ مرۆڤی برِوادار واباشه‌، كه‌ پێشوازی له‌ كاته‌باشه‌كان به‌وه‌بكات، كه‌ خۆیی بۆ ئاماده‌بكات و پێشبرِكێ بكات بۆ گه‌یشتن به‌ رازی كردنی خوا، كه‌ ده‌فه‌رموێت:

(وسارعوا إلى مغفرة من ربكم وجنةعرضها السماوات والأرض أُعدت للمتقين)آل عمران:133).

واته‌: (په‌له‌بكه‌ن و پێشبرِكێی ئه‌وه‌تان بێت، كه‌ لێخۆشبوونی خواتان ده‌ست بكه‌وێت و بچنه‌ نێو ئه‌و به‌هه‌شته‌وه‌، كه‌ پانتاییه‌كه‌ی، هێنده‌ی پانتایی ئاسمانه‌كان و زه‌وییه‌ و بۆ ئه‌وانه‌ ئاماده‌كراوه‌، كه‌ له‌ خواده‌ترسێن).

له‌ ئایه‌تێكی دیكه‌دا، كه‌ باس له‌ برِواداران ده‌كات و پیایاندا ده‌ڵێت، ده‌فه‌رموێت:

(إنهم كانوا يسارعون في الخيرات ويدعوننا رغباً ورهبا وكانوا لنا خاشعين)الأنبياء:90).

واته‌: (ئه‌وانه‌ پێشبرِكێیان ده‌كرد، بۆچاكه‌ و به‌ترس و هیواوه‌ لێمان ده‌پارِانه‌وه‌ و ملكه‌چبوون بۆ ئێمه‌).

كورته‌ باسێكی جه‌ژن

هه‌موولایه‌كمان ئه‌وه‌ ده‌زانین، كاتێ بێ برِوایان له‌ شاری مه‌ككه‌ی پیرۆز، پێغه‌مبه‌ریان وه‌ده‌رنا(د.خ)، و كۆچی كرد بۆ شاری مه‌دینه‌ و له‌وێ جێگیر بوو، بینی خه‌ڵكی ئه‌وناوچه‌یه‌، دوو رۆژیان هه‌بوو، پێیان ده‌گوتن: جه‌ژن و زۆر كاری نابه‌جێیان تیایاندا ئه‌نجامده‌دا، پێغه‌مبه‌ریش(د.خ)، سنوورێكی بۆ ئه‌ودیارده‌یه‌ دانا و بۆئه‌وانیش و بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ روونیكرده‌وه‌، كه‌ جه‌ژنی ئایینی لای موسڵمانان، به‌ ته‌نیا هه‌ردووجه‌ژنه‌ و فه‌رمووى:

(قدأبدلكم الله بهما خيرا منهما: يوم الأضحي، ويوم الفطر)سبل السلام 465).

واته‌: خواى گه‌وره‌ ئه‌ودووجه‌ژنه‌ی بۆگۆرِیون به‌ دوو جه‌ژنی دیكه‌، جه‌ژنی قوربان و جه‌ژنی ره‌مه‌زان.

كه‌ ئه‌وه‌ی پێویسته‌ لێره‌دا بگوترێ روونكردنه‌وه‌ی، هه‌ندێك ئادابی جه‌ژنه‌، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی په‌یوه‌ندی به‌ برِواداره‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ هه‌مووكاتێكى ژیانی و به‌م دووجه‌ژنه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی.

هه‌ندێك ئادابی جه‌ژن

1: له‌ جه‌ژندا پێویسته‌ برِوادار بایه‌خێكی زۆربدات، به‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی فه‌قیر و هه‌ژار و به‌تایبه‌تی خزم و بن ده‌ست.

2: نه‌هێشتنی هیچ نه‌نگییه‌ك و ئاشتبوونه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ركه‌س كه‌ لێك تۆران و ده‌نگ دابرِینێكیان له‌ نێواندا هه‌بووبێت.

3: هه‌ركه‌س به‌ پێی توانای، هه‌وڵ بدات جه‌ژنی پێوه‌ دیاربێت، یارانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، فه‌رموویانه‌:

(أمرنا رسول الله(ص)، في العيدين أن نلبس أجود ما نجد وأن نتطيب بأجود ما نجد) سبل السلام ج 3 ص 248).

واته‌: پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، فه‌رمانی ئه‌وه‌ی پێداین، كه‌ له‌ دووجه‌ژنه‌ی ره‌مه‌زان و قورباندا، جوانترین به‌رگمان بكه‌ینه‌ به‌رمان و به‌ باشترین بۆنێك، كه‌ هه‌مان بێت، خۆمان بۆنخۆش بكه‌ین.

4: هاوكات باش وایه‌ هه‌ركه‌س به‌ پێى توانای خۆی، دڵی ماڵ و منداڵی خۆی خۆشبكات، زانایان ده‌فه‌رموون:

(التوسعة على العيال في أيام الأعياد بما يحصل لهم من ترويح البدن و بسط النفس من كلف العبادة فهو مشروع) سبل السلام ص 241، ج3).

واته‌: خۆشگوزه‌ران كردنی ماڵ و منداڵ، له‌ رۆژانی جه‌ژندا بۆئه‌وه‌ی خۆشییان پێبگات و ده‌روونیان ئاسووده‌ببێت و ماندوویه‌تی رۆژانی په‌رستشیان برِه‌وێته‌وه‌، كارێكی شه‌رعییه‌.

5: سه‌رجه‌م سه‌رچاوه‌كانی فه‌رمووده‌ و ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، باسمان له‌وه‌ بۆده‌كه‌ن، كه‌ له‌ كاتی چوونیدا بۆ نوێژی جه‌ژن، رێگه‌ی چوون و گه‌رِانه‌وه‌ی گۆرِیوه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا، كه‌ ئه‌و گه‌وره‌یه‌مان، په‌روه‌ردگار پاراستوویه‌تی و چاودێری كردووه‌، كه‌وابوو ئه‌و به‌ئاگایی بوونه‌، بۆ ئێمه‌ زۆرتر پێویسته‌.

باسی ئادابی قوربانیكردن

خوای گه‌وره‌، له‌ قورِئاندا ده‌فه‌رموێت:

(فصل لربك و انحر)الكوثر2).

واته‌: (نوێژ بكه‌ بۆ په‌روه‌ردگارت و قوربانی بكه‌ بۆی).

له‌ ئایه‌تێكی دیكه‌دا ده‌فه‌رموێت:

(والبدن جعلناها لكم من شعائر الله لكم فيها خير)الحج: 36).

واته‌: (سه‌ربرِینی ئاژه‌ڵه‌كانی قوربانیمان كردووه‌ بۆ ئێوه‌ به‌ نیشانه‌ی به‌ گه‌وره‌ راگرتنی كاره‌ به‌هاداره‌كانی خوا، كه‌ ئه‌وقوربانی كردنه‌یش، سوود و قازانجی خۆتانی تێدایه‌).

لێره‌وه‌ ده‌زانین، پێویسته‌ برِوادارله‌وه‌ ئاگاداربێت، كه‌ قوربانی كردن سوونه‌تێكی زۆر گه‌وره‌ی پێغه‌مبه‌ره‌(د.خ)و كه‌راهه‌تی هه‌یه‌ بۆ كه‌سێك بتوانێ بیكا و كه‌مته‌رخه‌می بكات تێیدا، چونكه‌ وه‌ك ئیمامی بوخاری و موسلیم(ر) له‌ ئه‌نه‌سی كورِی مالیكه‌وه‌(ر)، بۆمانی ده‌گێرِنه‌وه‌، كه‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، بۆخۆی:

(ضحى بكبشين أملحين أقرنين ذبحهما بيده و سمى و كبر).

واته‌: (پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، به‌ ده‌ستی پیرۆزی خۆی، دووبه‌رانی شاخداری تێر گۆشتی تێكسمرِاوی سه‌ربرِی و له‌ كاتی سه‌ربرِینه‌كه‌یدا بسم الله و الله اكبری كرد).

قوربانی به‌چی ده‌كرێت؟

قوربانی كردن ده‌بێ به‌ هه‌ریه‌ك له‌ چوار ئاژه‌ڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ بێت، كه‌ بریتین له‌: هوشتر و مانگا، گا، چێل و بزن و مه‌رِ، ئه‌ومه‌رجانه‌ی، كه‌ پێویسته‌ له‌وئاژه‌لاَنه‌دا بێنه‌ جێ، بریتییه‌ له‌ ساغ و سلاَمه‌تی، كه‌ چوار مه‌رجی سه‌ره‌كین و له‌ فه‌رمووده‌یه‌كی پێغه‌مبه‌ردا هاتوون(د.خ)، كه‌ ئیمامی تورموزی بۆمانی گێرِاوه‌ته‌وه‌، كه‌ فه‌رموویه‌تی:

(أربعة لا تجزي في الأضاحي: العوراء البين عورها والمريضة البين مرضها، والعرجاء البين ضلعها، والعجفاء التي لا تنقي).

واته‌: (چوارجۆرهه‌ن، كه‌ دروست نییه‌ بكرێن به‌ قوربانی، ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ی یه‌كچاوه‌ و یه‌ك چاوییه‌كه‌ی زۆردیاره‌، ئه‌ونه‌خۆشه‌ی، كه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی پێوه‌دیاره‌، ئه‌وخواره‌ی، كه‌ ده‌له‌نگێ و پێیه‌وه‌ دیاره‌، ئه‌ولاوازه‌ی، كه‌ زۆركاری كردووه‌ته‌ سه‌ر گۆشته‌كه‌ی).

كاتی قوربانیكردن

وه‌ك ئیمامی بوخاری و موسلیم(ر)، بۆمانی ده‌گێرِنه‌وه‌، سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی كاتی قوربانی كردن، له‌ دوای نوێژی جه‌ژنی قوربانه‌وه‌یه‌، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، ده‌فه‌رموێت:

(إن أول ما نبدأ به يومنا هذا أن نصلي ثم نرجع فننحر، فمن فعل ذلك فقد أصاب سنتنا، ومن ذبح قبل ذلك فإنما هو لحم قدمه لأهله ليس من النسك في شيء).

واته‌: (یه‌كه‌م كارێك كه‌ له‌مرِۆماندا ده‌ستی پێده‌كه‌ین، نوێژی جه‌ژن ده‌كه‌ین و پاشان ده‌گه‌رِێینه‌وه‌(2)، قوربانییه‌كانمان سه‌رده‌برِین و گه‌ركه‌سێك وا بكات، ئه‌وه‌ وه‌ك سوننه‌تی ئێمه‌ی كردووه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش به‌رله‌ نوێژی جه‌ژن سه‌ری برِی بێت، ئه‌وه‌ گۆشتێكه‌ پێشكه‌شی كردووه‌ به‌ ماڵی خۆی و په‌یوه‌ندی به‌ قوربانییه‌وه‌نییه‌).

ده‌بێ له‌وه‌یش ئاگاداربین، كه‌ سوننه‌ته‌ ئه‌وكه‌سه‌ی قوربانییه‌كه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر بتوانێت بۆخۆی سه‌ری ببرِێت و بسم الله و الله اكبر بكات و به‌ ده‌م بڵێت: خوایه‌ ئه‌مه‌ له‌ باتی خۆم، یان له‌ باتی ئه‌وكه‌سه‌ی، كه‌ بۆی سه‌رده‌برِێت، ئه‌گه‌ر له‌ بۆ خه‌ڵكی ده‌كرد، چونكه‌ وه‌ك ئه‌بوداوود بۆمان ده‌گێرِێته‌وه‌، پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، له‌ كاتی سه‌ربرِینی قوربانیه‌كه‌یدا ده‌یفه‌رموو:

(بسم الله والله أكبر، اللهم هذا عني، وعن من لم يضح من أمتي).

واته‌: (به‌ناوی خواوه‌ و خوا له‌ هه‌مووان گه‌وره‌تره‌، ئه‌ی خوای من، ئه‌مه‌ له‌ باتی خۆم و له‌ بریتی هه‌ركه‌سێك له‌ شوێن كه‌وتووه‌كانم، كه‌ نه‌یانتوانی قوربانی بكه‌ن). ئه‌گه‌ر ئه‌وكه‌سه‌ی قوربانییه‌كه‌ ده‌كات بۆخۆی نه‌یتوانی سه‌ری ببرِێت، با له‌ كاتی سه‌ربرِینه‌كه‌دا، ئاماده‌بێت.

تێبینی: ئه‌وكه‌سه‌ی كه‌سێكی له‌حه‌جه‌، ده‌توانن لێره‌ له‌ كوردستان قوربانییه‌كه‌یان بكه‌ن، به‌لاَم فیدیه‌ی حه‌ج، هه‌رده‌بێ له‌وێ سه‌رببرِدرێت و دروست نییه‌ له‌ شوێنێكی دیكه‌بێت، ئامۆژگاریم بۆئه‌وكه‌سانه‌یشه‌ كه‌ قه‌رزداری خێری نه‌زرن، یان حه‌وتم ده‌كه‌ن، پێشی بخه‌ن بۆ پێش جه‌ژنی قوربان، تا بتوانن یارمه‌تیده‌رێك بن بۆ ئه‌و هه‌ژارانه‌ی كه‌م ده‌رامه‌تن، كه‌ هه‌رله‌ پێش جه‌ژنه‌وه‌ كارئاسانییه‌ك بێت بۆیان بۆجه‌ژنه‌كه‌یان.

دابه‌شكردنی گۆشتی قوربانی

سوننه‌ت وه‌هایه‌، ئه‌وكه‌سه‌ی، كه‌ قوربانی ده‌كات، بۆخۆی له‌ قوربانییه‌كه‌ی بخوات و به‌ دیاری بۆ خزم ودراوسێكانیشی بنێرێت و لێیشی بكات به‌ خێر و بینێرێت بۆ هه‌ژاران، چونكه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت:

(فكلوا منها وأطعموا البائس الفقير)28الحج).

واته‌: (ئێوه‌ له‌ قوربانییه‌كانتان بخۆن و به‌شی هه‌ژاران و بێده‌ره‌تانه‌كانیشی لێبده‌ن).

له‌ ئایه‌تێكی دیكه‌دا ده‌فه‌رموێت:

(فكلوا منها وأطعموا القانع والمعتر)36الحج).

واته‌: (ئێوه‌ له‌ قوربانیه‌كانتان بخۆن و به‌شی ئه‌وهه‌ژارانه‌یشی لێبده‌ن، كه‌ داوای ده‌كه‌ن و به‌شی ئه‌وانه‌یش، كه‌ خۆیانتان نیشان ده‌ده‌ن و روویان نییه‌ داوابكه‌ن)(3).

هه‌ندێك له‌ یاران ده‌چوون قوربانییه‌كانیان ده‌كرده‌ سێ به‌شه‌وه‌ و به‌شێكیان بۆخۆیان داده‌نا و به‌شێكیشیان ده‌دا به‌ دیاری بۆزه‌نگینه‌كان و به‌شی سێیه‌میشیان ده‌دا به‌ هه‌ژاران، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك، نابێ له‌ بریتی ماندووبوون و هه‌ق ده‌س، به‌شی قه‌سابه‌كه‌ی لێبدرێت.

ئه‌وه‌ی قوربانی ده‌كات خۆی له‌ چی بپارێزێت؟

پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌وكه‌سه‌ی، كه‌ موسڵمانه‌ و به‌ نیازی قوربانی كردنه‌، هه‌رله‌سه‌ره‌تای مانگی زیلحیجه‌وه‌، تا قوربانییه‌كه‌ی ده‌كات، خۆی له‌وه‌ بپارێزێت، كه‌ موو، یان، نینۆك، له‌ خۆی بكاته‌وه‌، به‌لاَم ئه‌گه‌ر موو و نینۆك، بۆخۆیان كه‌وتن و وه‌رین، یان، شكان، گوناهی ناگات، چونكه‌ ئیمامی موسلیم وئیمامی ئه‌حمه‌د(ر)، له‌ ئوموسه‌له‌مه‌وه‌(ر)، بۆمانی ده‌گێرِنه‌وه‌، كه‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ) فه‌رموویه‌تی:

(إذا دخلت العشر و أراد أحدكم أن يضحي فليمسك عن شعره وأظفاره).

به‌لاَم خانه‌واده‌ی ئه‌وكه‌سه‌ی، كه‌ قوربانییه‌كه‌ ده‌كات، یان ئه‌وكه‌سانه‌ی قوربانییان بۆده‌كرێت، بۆیان هه‌یه‌، نینۆك و موو، له‌ خۆیان بكه‌نه‌وه‌.

په‌راوێز:

(1)(له‌به‌رئه‌م بۆنه‌ ئایینیه‌گرنگانه‌ نه‌بوایه‌، ئه‌ركی سه‌رشانم بوو ئه‌مرِۆ تیشك بخه‌مه‌ سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌ كوردستان و دوای پشتیوانی خوا، سه‌ركه‌وتنی ویست و ئیراده‌ی خێری جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی، به‌سه‌ر هه‌موو بۆچوون و داوا لاوه‌كی و ده‌ره‌كییه‌كاندا، كه‌ داوای لێبوردنم له‌ هه‌موولایه‌ك هه‌یه‌).

(2)مه‌به‌ست له‌ فه‌رمووده‌كه‌، كه‌ ده‌فه‌رموێت: (ده‌گه‌رِێینه‌وه‌)، چونكه‌ سوننه‌ت وایه‌، به‌ ئاماده‌یی گه‌وره‌ی موسڵمانان، نوێژی جه‌ژنه‌كان، له‌ ده‌ره‌وه‌ی مزگه‌وت و له‌ ده‌شتێكدا بكرێن، بۆئه‌وه‌ی هه‌موولایه‌ك هاوبه‌ش ببن و ئه‌وخانمانه‌یش، كه‌ له‌ سورِی مانگانه‌دان، بێنه‌ ئه‌وشوێنه‌، سابه‌ڵكو ئه‌وانیش، وه‌به‌رمیهره‌بانی خوا و پاشان پارِانه‌وه‌ی موسڵمانان بكه‌ون .

(3) لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم به‌ندی هه‌شته‌می یاسای(ده‌سته‌به‌ربوونی ئازادی ئایینی، بۆ خه‌ڵكانی دیكه‌) له‌ نێو كۆمه‌ڵگای موسڵماناندا وه‌بیر بێنمه‌وه‌، كه‌ ده‌ڵێت: ئایینی ئیسلام رێگه‌ی ئه‌وه‌ی پێداوین، كه‌ سه‌ردانی ماڵی(ئه‌هلی كیتاب)بكه‌ین و بچینه‌ لای نه‌خۆشیان و دیارییان بۆببه‌ین و كرِین و فرۆشتن و هه‌ر جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌ی هاوشێوه‌یشیان له‌گه‌ڵ بكه‌ین و هه‌ر برِوادارێك ئاگای له‌وه‌هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وكاته‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، كۆچی دوایی كرد، زرێ(دیرع)ـه‌كه‌ی، به‌ بارمته‌ لای كابرایه‌كی جووله‌كه‌ بوو، كه‌ له‌ بریتی قه‌رزێك دانرابوو، كه‌ هی كابرای جووله‌كه‌ بوو، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ یارانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، ئه‌گه‌ر مه‌رِێكیان سه‌رببرِیایه‌ له‌ ماڵه‌وه‌، به‌ منداڵه‌كانی ده‌گوت: بچن له‌ پێشدا به‌شی فلاَن دراوسێی جووله‌كه‌ی لێبده‌ن و له‌وه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ن) برِوانه‌: فقه السنه‌ ، سید سابق، به‌رگی 2 لاپه‌رِه‌603 - 606). (خه‌باتی ژماره‌3624هه‌ینی12ی11ی2010لاپه‌رِه‌11).