هەوڵدانی بۆ چەسپاندنی مەزهەبی ئیمام شافیعی لە کوردستان بابەتێکی تازە نیە، گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان سەدان ساڵە ئەو ڕێبازە لە فیقهو حەڵاڵ و حەرام و نیکاح و تەڵاق جێبەجێ دەکات، و سەدان قوتابخانەی شەرعی گەورەی کوردستان بە زانا و موفتی و موفەسیر و محدث و عاریف وە لەسەری ڕۆشتوون و خزمەتی گەورەیان کردوە، ئایا پەیڕەوی مەزهەبی ئیمام شافیعی دژ بە شەریعەت و کتاب وسوننەت ئەوەستێتەوە؟یان دەبێت تاکەی پەیڕەو بکرێت و زەمەنێک دێت پێویستمان بەمەزهەب نەمێنێت؟و سودی مەزهەب بۆ ئێستای زانایانی کوردستان و کورد چییە؟ وچۆن بتوانین بیخینە خزمەتی دینمانەوە؟ بۆیە لێرەدا چەند سەرنجێک بە پێویست دەزانم: یەکەم: لەسەردەمی چوار خولەفای ڕاشیدین بۆیە مەزهەب نەبوو چونکە مەرکەزیەتی پایتەخت لەڕوی ئیجتهاد و فیقهـ و چارەدۆزی بۆ کێشە نوێکانی کۆمەڵگای موسڵمانان بەهێز و تۆکمەبوو دامەزراوەی مجلیسی شورا کارابوو،پێویستی بەمەزهەبی تاکە کەسی نەبوو. دووەم: هەر کاتێک و لەهەر شوێنێک ئەم شورا دەستە جەمعیە هەبوو بێت ڕۆڵی (ٲلوالامر)یان بینیوە و ئیتر پێویستی بەدروست بوونی مەزهەب نەبووە ،چونکە ئەم شورا دەستە جەمعیە نوخبەی فوقەها و موجتەهید و کۆمەڵناس و سیاسی و سەربازی و ئابوری ناسی تێدایە و بەئاگان لەهەموو بوارەکانی کۆمەڵگا و ژیان. سێیەم: لەئێستادا کە ئەو مجلیسی شورا نیە کە مەبدەئێکی قورئان و نەبەوی و ڕاشیدیە زاناکان و فوقەها ئەبێت هەوڵ کۆششیان بۆ گێڕانەوەی ئەو شورا شەرعیەبێت،لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی نەکەوێت ئیجتیهاد ئەکەن و وەڵام گۆی پرسەکان ئەبن، تاخەڵکی لەڕێگای ئەم موجتەهید وفوقەهایانەوە لەدین دورنەکەونەوە و ئامادەسازییان بۆ بکەن بۆ قۆناغی چەسپاندنی شورا و مجلیسی( ٲلوا الٲمر) واتە ئەمە قۆناغی ڕاگوزەری ناچارییە( المرحلة الانتقالیة) بۆیە هەروا پێشەواکەی فیقه و ئوصولوایان کردووە. چوارەم: لە ئێستادا کە مەزهەبی پێشەوا شافیعی ـ رحمە اللە ـ جێگیربووە لە ناو کوردستاندا پێچەوانەی ئەم مەزهەبە فتوادان هەڵەیە ،عەللامە مامۆستا ناصری سوبحانی لە مناظره كەدا ئەڵێ : ئەگەر کەسێ پرسیارم لێبکات لەبارەی بابەتێکی فیقهیەوە ئەوە بەشافیعی وەڵامی ئەدەمەوە،باخۆشم گەشتبمە ئیجتیهاد و ڕایەکی ترم لەو بابەتەدا هەبێت،کە ئەمە چڵە پۆپەی ئەدەب و حیکمەت و دروست نەکردنی فەوزای فەتوایە... پێنجەم: لەم جۆرە بارودۆخەدا بونی مەزهەب ئەمان پارێزێ لە دژە فەتوای و فەوزا و بێسەروبەری و توندوتیژی و یەکتر تەکفیرکردن و بێڕێزی و بشێوی لەمزگەوتەکاندا،ئەمەش بۆ ئەم حاڵەتی لاوازی موسڵمانان مقصدێکی گەلێک گەورەیە. شەشەم: بەدیلی نەچەسپاندنی مەزهەبی ئیمام شافیعی چیە ؟ ئایا ئەم پرسیارەمان کردوە لە خۆمان، ئێمە لە کوردستان خاوەنی ئەنجومەنێکی فیقهی باڵاین کەبەپێی مەزهەبی پێشەوا شافیعی ـرحمە اللەـ فەتوا دەدات و تا ئەندازەیەکی باشیش سەرکەوتووبووە لەکاری خۆی ،گەر ئەوە نەبێت فەتوای دەرەوە و ئامادەکراو دێتە وڵاتەکەمانەوە کە لە دایک بووی ئەم خاک و ئاو و کوردوستانە نینە و هیچ بە واقیعی ئێرە ناخوات و موراعاتی واقیعی نەکردوە ئەمەش مانای وانیە کەسود لەڕا و فەتوای مەزاهیبی تری ئیسلامی وەرنەگیرێت بۆ حاڵەتی زەروری و نەبوونی دەرچە لە پرسە نوێکاندا.. حەوتەم: مەزهەبە فیقهیەکان مانای وانیە بەدیلی هەموو شەریعەت و ئیسلام بن،یان مەزهەب یەکسان بێت بەسەر تاپای دین بەعەقیدە و موعاملات و ئەخلاق و سیاسەت و ئیقتصاد تەزکیە و عیرفان و حەزارەت و هیدایەت و دەعوە و بانگەواز کۆی ئەم پڕۆسە گشتگیرە بەتەوای مەزاهیبی ئەهلی سوننە ناتوانێت وەڵامگۆی بێت و دەکرێت بەمجامعە فیقیهەکانی پسپۆڕێ ئەم سەردمە ئەو بۆشاییە پڕبکرێتەوە. هەشتەم: لا مەزهەبیەت پەتایەکی کوشندە و خراپە و ئەوکات خەڵکی نائەهل فەتوا دەدات و ئیجتیهاد دەبێتە ئیشتیها و موشتهی ئیجتیهاد زۆر ئەبێت و تائاستی شەڕەفەتوا و ئیجتیهاد ئەڕوا، ئەوەی ئەمڕۆ پابەندبونی مەزهەبی شافیعی پێخۆش نیە مێژوویان تازەیە و بزانن یا نەزانن بۆ خۆیان پابەندن بە فەتوا و ڕای زانایەک لەزاناکان یان مەزهەبێت لەمەزهەبەکان. نۆهەم و کۆتایی: پێدەچێت فیکرەی قەبوڵ نەکردنی پەیڕەوی مەزهەبی ئیمام شافیعی ـ رحمە اللەـ دڵخواز و پلانی بەشێک لە سەرکردەعەلمانیەکان بێت بۆ بەکارهێنانیان وڕازی کردنیان بۆمەرامی سیاسی و مونافەسەکردنی کۆی مەلای کورد و مێژووەکەیان .. |