وەلی ئەمر دەستەواژەیەکی قورئانیە بەو کەسە دەگوترێ کارو فەرمانێکی بەدەستە. بەهۆی ئەوەی لەو ڕۆژانەدا ئەو نازناوە بازاڕی گەرمەو لەسەر زاری زۆر کەسە، زۆربەی ئەوانەش ماناو بەکارهێنانە دروستەکەی نازانن و یان بەهەڵە لێی تێگەیشتوون هەوڵ دەدەم لەچەند خاڵێک دا بەکورتی تیشکێکی بخەمە سەر: یەکەم/ وەلی ئەمر لە قورئاندا: لە دوو ئایەتی قورئاندا ئەو دەستەواژەیە هاتووە، لە یەکەمیاندا خوای مەزن فەرمان دەکات بە گوێڕایەلی خواو پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم و پاشانیش وەلی ئەمری موسڵمانان، هەروەها پێمان دەفەرموێ لەکاتی ناکۆکیدا بگەڕێینەوە بۆ لای خواو پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم، (واتە قورئان و فەرموودە) بۆ یەکلا کردنەوەی ناکۆکیەکان: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ وَأُولِي الْأَمْرِ مِنْكُمْ فَإِنْ تَنَازَعْتُمْ فِي شَيْءٍ فَرُدُّوهُ إِلَى اللَّهِ وَالرَّسُولِ إِنْ كُنْتُمْ تُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ ذَلِكَ خَيْرٌ وَأَحْسَنُ تَأْوِيلًا) النساء ٥٩ . لە ئایەتی دووەمیش دا هەر لەسوڕەتی النساء خوای میهرەبان ڕێنماییمان دەکات ئەگەر قسەوباسێکمان بیست یەکسەر بڕیار نەدەین بەڵکو بیگێڕینەوە بۆ وەلی ئەمرەکان و ئەوانەی لێی تێدەگەن بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەسەر بدەن: (وَلَوْ رَدُّوهُ إِلَى الرَّسُولِ وَإِلَى أُولِي الْأَمْرِ مِنْهُمْ لَعَلِمَهُ الَّذِينَ يَسْتَنْبِطُونَهُ مِنْهُمْ ) النساء ٨٣ . دووەم/ وەلی ئەمر بە کئ دەگوترێ؟ زۆربەی خەلک وادەزانن وەلی ئەمر تەنها خەلیفەو پاشاو سەرۆک و دەسەڵاتدارەکان دەگرێتەوە یان پێیان وایە وەلی ئەمر یەکسانە بەیەکێک لەوانە، بەڵام لەڕاستی دا وانیە، وەلی ئەمر زۆر تەفسیری بۆکراوە، ناسراوترینیان دوو مانان: ١_ دەسەڵاتدار و کاربەدەست و فەرماندەکان ٢_ زانایانی شەریعەت و دین واتە وەلی ئەمری تایبەت نیە بە سەرۆک و کەسی یەکەمی دەسەڵات، بەڵکو دەکرێ وەلی ئەمر زانایانی شەریعەت بن یان زاناو داناو ئەکادیمیەکان بن یان سەرۆک خێڵ و فەرماندە سەربازیەکان بن، یان هەر ناونیشانێکی تر کە خاوەنی بڕیار بێت و شەرعیەتی هەبێت . سێیەم/ لە فەرموودەکانی پێغەمبەریشدا سەلامی خوای لێ بێت بۆ کاربەدەست زیاتر زاراوەی (امیر) و (امارە) بەکار هاتووە نەک وەلی ئەمر . چوارەم/ لە مێژووی ئیسلام و فیقهی سیاسی ئیسلامی دا وشەی وەلی ئەمر بە کەمی بۆ دەسەڵاتداران بەکار هاتووە لەجیاتی ئەوە وشەی وەک (خەلیفە، امیر المٶمنین، الامام) بەکار هاتوون، وشەی وەلی و وەلی ئەمر زیاتر لەبواری باری کەسی (الاحوال الشخصیة) دا بەکارهاتوە وەک مەسەلەکانی نکاح و قاصرین و هاوشێوەکانی . پێنجەم/ ئەگەر وەلی ئەمرمان بەمانای دەسەڵاتدار و کاربەدەست بەکارهێنا دەبێ دیسان بگەڕێینەوە بۆ قورئانی پیرۆزو بزانین چۆن بەکارهاتووە . کاتێک سەرنجی قورئان دەدەین دەبینین لە قورئاندا وەلی ئەمر بە شێوەی کۆ (جمع) هاتووە نەک تاک، فەرموویەتی ئیتاعەی (اولی الامر) نەک (ولی الامر)، نەیفەرمووە گوێڕایەڵی وەلی ئەمر بکەن بەڵکو دەفەرموێ گوێڕایەڵی وەلی ئەمرەکان بکەن، واتە (وەلی ئەمر= خاوەن فەرمان و بڕیار) تاکە کەسێک نابێت بەڵکو دەبێ کۆمەڵە کەسێک بن، ئەمەش بەڕوونی مانای ئەوە دەگەیەنێت کە لە ئیسلامدا تاکڕەوی لەدەسەڵاتدا نیە، وەلی ئەمریش نابێت تاکە کەسێک بێت بەناوی خەلیفە یان پاشاو سەرۆک کۆمارو...هتد، بەڵکو دەبێت دەسەڵات کۆمەڵێک بەڕێوەی ببەن یاخود بەشداربن لە بەڕێوەبردنیدا و لەڕێی ڕاوێژکردن (شورا)وەبێ، هەر وەک لەسەردەمی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت و خەلیفە ڕاشیدینەکانی دا پەیرەو دەکرا، دیارە ئەوان بۆ پەیڕەو کردنی شورا لەو میکانیزم و ئالیەتانەی ئەو کات لەبەردەست دابوون سودیان وەردەگرت، لە ئێستاشدا هەمان شت دەکرێ لە ڕێی ئەنجومەنەکانی شوراو پەرلەمانەوە بکرێت، واتە دەسەڵات لە تاکڕەوی دوور بخرێتەوە . شەشەم/ بەسەرنج دان لەو ئاراستەیەی ئیسلام گرتوویەبەر بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات و دیاریکردنی خەلیفە لە سەردەمی ڕاشدین دا دەبینین خاڵی سەرەکی جیاوازی نێوان ئەو خەلیفانەی بە ڕاشدو سەرڕاست دانراون لەگەل ئەوانەی تر کە پێغەمبەری خوا بە (ملک) و پاشا ناوزەدی کردوون ئەوەیە: خەلیفە ڕاشیدەکان بەڕەزامەندی موسڵمانان (یان زۆرینەیان) و بەیعەتدانی بێ زۆرلێکردن و هەڕەشە بوون بەخەلیفە، بەڵام ئەوانەی تر یان لەڕێی بەیعەتی بەزۆر یان بەشێوەی پشتاوپشتی بێ گوێدان بەڕەزامەندی خەلک دانراون . کێشەیەکی گەورە لە ئێستاو ڕابردوودا ئەوە بووە ئەوانەی داکۆکی لە وەلی ئەمرێتی دەسەلاتداران دەکەن و ڕەوایەتیان پێ دەدەن هیچ مەرجێک دانانێن بۆ چۆنیەتی گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن ئەو کەسانەوە، چ بە پشتاو پشت (وراثی) بێت یان بە کودەتاو توندوتیژی بێت یان داگیرکاری بێت یان هەڵبژاردن و دیموکراسیەت بێت ، بەهەر کام لەو ڕێیانە بێت گرنگ ئەوەیە بچێتە سەر کورسی و کوفری ئاشکراشی لێ نەبینرێت، ئەوە بەسە بۆ ئەوەی دانی پێدابنرێت و لەغەیری بێشەرعی دا گوێڕایەلی بکرێت، ئەوەش هەم پێچەوانەی مەبدەئی شورایە کە قورئان جەختی لەسەر دەکات هەم ڕێخۆشکردنە بۆ دیکتاتۆریەت و خۆسەپاندنی دەسەڵاتداران و پاشانیش شەرعیەت وەرگرتن لەو موفتیانەی بەپێی خواستی ئەوان فەتوا دەدەن . لە کۆتاییدا دەبێ دوو تێگەیشتنی هەڵە ڕاست بکەینەوە: ١/ ناونانی دەسەڵاتداران بە وەلی ئەمر هیچ شەرعیەتێکیان ناداتێ ئەگەر بە ڕێگایەکی شەرعی دەسەڵاتیان نەگرتبێتە دەست هەر چەندە موسڵمانیش بن . ٢/ لابردنی نازناوی وەلی ئەمر لەسەر کاربەدەستان مانای ئەوە نیە بەکافر دابنرێن یان دەسەڵاتەکانیان بەناشەرعی بزانرێن وەک هەندێک وای تێگەیشتوون، بەلکو مەبەست ئەوەیە هەر کەسەو بەو نازناوە بانگ بکرێت کە لەهەیەتی و بۆخۆی هەڵبژاردوە . |