لە هەنگاوێکی کتوپڕو چاوەڕوان نەکراودا سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەسەر داوای وەزارەتی ئەوقاف بڕیاری داوە قوتابخانەو پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف بخرێنە سەر وەزارەتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا !! بێ ئەوەی حوکمی پێشوەخت لەسەر چاکی و خراپیەکانی ئەو کارە بدەم من لە لای خۆمەوە وەک مەلایەک و پەیوەندیدارێک بە پرۆسەی خوێندنی ئاینیەوە کۆمەڵێک گومان و پرسیاری بێ وەڵامم لە لا دروست بوون، ئەوانەی خوارەوە هەندێکیانن: یەکەم: هەموومان دەزانین گواستنەوەی سەرجەم خوێندنگاو پەیمانگاکانی زانستە ئیسلامیەکان لە وەزارەتی ئەوقافەوە بۆ سەر دوو وەزارەتی تر بڕیارێکی سادە نیەو ئاسەوارەکانیشی بنەڕەتی و دوور مەودان ، من دەپرسم چۆن بوو وەزارەتی ئەوقاف و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم وا بە سادەیی و بێدەنگی بەبێ دیراسەکردنی پێشوەخت لەلایەن پسپۆڕان و، بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای مامۆستاو قوتابیانی ئەو قوتابخانەو پەیمانگایانەو، بەبێ ڕاگەیاندنی پلانێکی ڕوون و ڕاشکاو بۆ ئایندەی پرۆسەی خوێندنی ئاینی لە کوردستاندا بڕیارێکی لەو جۆرەیان دا ؟!! ئایا نەدەبوو لانیکەم لە کۆنفرانسێکی فراوانی تایبەت بەو پرسەدا ئەو مەسەلەیە تاوتوێ بکرێت و پاشان بڕیاری لێ بدرێت ؟ دووەم: لە سۆنگەی ئەو پرسیارەی سەرەوە گومانێک سەر هەڵدەدات: چۆن بزانین ئامانج لەو بڕیارە ناکاوە نەهێشتن و لەباربردنی یەکجاری خوێندنی ئاینی نیە لە کوردستاندا؟ هەموومان دەزانین خوێندنی ئاینی لەژێر سایەی وەزارەتی ئەوقاف دا بەدەست چەندین کێشەوە دەیناڵاندو تاڕادەیەکی زۆر پشت گوێ خرابوو لەکاتێکدا ئەو وەزارەتە بەرپرسی سەرەکی کاروباری ئاینیە لە حکومەتی هەرێمدا، ئەدی دەبێ لە مەودوا لە ژێر دەستی وەزارەتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵادا چی بەسەر بێت کە خۆیان سەدان کێشەو گرفتیان هەیە و خەمی سەرەکیان شتی ترە نەک خوێندنی ئاینی؟!! ئایا حکومەت و ئەوقاف دەتوانن دڵنیایی بدەنە مامۆستایانی ئاینی و خەڵکی کوردستان سەبارەت بەداهاتووی خوێندنی ئاینی لە کوردستاندا؟ ئایا ئەو دوو وەزارەتە دەتوانن کادیری ئاینی (پێشنوێژو وتارخوێن و ...هتد) باشتر لەوەی ئێستا هەیە پێ بگەیەنن؟ سێیەم: بەو پێیەی وا بڵاوکراوەتەوە کە ئەو بڕیارە لەسەر داوای وەزارەتی ئەوقاف بووە (کە وەزیرەکەی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانە) پرسیارێکی جدی ڕووبەڕووی بەڕێز وەزیری ئەوقاف و بزووتنەوەی گۆڕان دەبێتەوە کە ئایا ئەوە پڕۆژەی چاکسازی ئێوە بوو کە بەشێکی گرنگی وەزارەتەکە تەسلیم بە وەزارەتەکانی تر بکەن یان راستتر بڵێین لە کۆڵ خۆتانی بکەنەوە ؟ ئایا ئەو چاکسازیەی دەتانەوێ پەروەدەو خوێندنی باڵا لەو بوارەدا بیکەن بۆچی خۆتان نایکەن؟، یان هەر لە بنەڕەتەوە پڕۆژەتان نەبووە بۆ ئەو وەزارەتەو ئێوەش هاتوون کارەکان بەڕێ بکەن؟ لەگەل ڕێزم. لە کۆتاییدا دەڵێم: ئەگەر بڕیارەکە وەک دەگووترێت بۆ كهمكردنهوهی فكری توندڕهوی درابێت دڵنیابن کەسی توندڕەو بەدەگمەن نەبێت لەو خوێندنگایانەوە دروست نەبوون، کەسانێکی زۆر هەن لە خوێندنگاو کۆلیژەکانی ترەوە کە هیچ پەیوەندیان بە ئاین و ئەوقافەوە نەبووە بوونەتە هەڵگری بیری توندڕەوی، کەواتە بیریکیش لەوان بکەنەوە!! پێویستە ئەوەش بڵێین بەرپرسیاریەتی دنیایی و قیامەتی و مێژوویی ئەو بڕیارە لە ئەستۆی بەڕێزان سەرۆکی حکومەت و وەزیری ئەوقاف دایە لەهەر زیانێک کە بەر خوێندنی ئاینی و ڕەوشی ئاینی بکەوێت یان هەر ئاسەوارێکی سلبی بەدوای خۆیدا بێنێت . |