یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   پێکەوەژیانی ئایینی لە سۆران    *****    *****   مامۆستا مەلا محمد ئیبراهیم رەزگەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵی کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ لەبارەی پێکەوەژیانی ئایینی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لە هەردوو قەزای ئاکرێو بەردەڕەش ژمارەیەک مامۆستای ئایینی بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی ئاکرێ و لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   یەکێتی زانایان پانێڵێکی تایبەت بە گرنگیدان بە تەوزیفکردنی زانستی تەجویدو پاراستنی مۆرکی رەسەنی مەقامی جوان خوێندنەوەی قوڕئان بەرێوە ساز دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە گوندی بێراوە بەرێوە دەچێت    *****    *****   شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی دەڤەری گەرمیان بەسەر دەکاتەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات    *****    *****   د.عبدالله شێرکاوەیی بۆ ماڵپەڕی روداو: لە ئیسلامدا هیچ سنوورێک بۆ مارەیی دیاری نەکراوە    *****    *****   کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەرێوە دەچێت چەند پرسێکی گرنگ و تایبەت تاوتوێ دەکات   
د.جمیل علی سورچی
به‌رواری دابه‌زاندن: 07/11/2021 : 22:31:26
قه‌باره‌ی فۆنت
رۆڵی حوجره‌و زانای كورد له‌ خزمه‌تكردنی خاك و خه‌ڵكی كوردستاندا

له‌م چه‌ند دێره‌دا ده‌مه‌وێت وه‌سفێك بۆ رۆڵ و ماندووبوونی زانای كورد بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی ئێستامان ئاشنابن به‌ روڵ و كاریگه‌ری حوجره‌و مزگه‌وت و زانای كورد له‌ خزمه‌تكردنی ئاین و خاك و خه‌ڵكی خۆیان؛ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م چاویان لێبكه‌ن، هه‌م ئه‌م مێژووه‌ پڕشنگداره‌ له‌ بیر نه‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌:

یه‌كه‌م: زانای كوردو رۆَڵ و قوربانیدانی:

 زانای كورد ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ خراوه‌ته‌ به‌ر خوێندن له‌ خۆشی و نازی ماڵه‌وه‌ بێبه‌ش بووه‌، له‌ گه‌مه‌و گاڵته‌ی هاوته‌مه‌نانی دوور بووه‌؛ چونكه‌ ئه‌و بۆ كارێكی گه‌وره‌ ئاماده‌كراوه‌، دواتریش بوه‌ به‌ موڵكی خه‌ڵك بۆ خزمه‌تكردنیان له‌ رێی دینه‌وه‌، هه‌ر له‌ فێركردنی منداڵان و گه‌وران و ئاشتكردنه‌وه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌و له‌ جێگه‌ی قوتابخانه‌و زانكۆو دادگا بوو، له‌ هه‌مان كاتدا رووگه‌ی لێقه‌وماوان بوو بۆ جێبه‌جێكردنی پێداویسته‌كانیان له‌ رێگاو ماندووبوونی ئه‌وه‌وه‌.

 هه‌ر زانای كورد خۆی نا، به‌ڵكو دایك و باوكییان ئه‌زیزو خۆشه‌ویستی دڵیان بۆ خزمه‌تی ئاین و پاداشتی دواڕۆژ له‌ ته‌مه‌نێكی بچوكه‌وه‌ به‌ره‌و حوجره‌وه‌ دوور له‌ ماڵیان ناردووه‌؛ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت خوێندن بكات و فێری زانسته‌ ئیسلامیه‌كان بێت، كه‌ ئه‌مه‌ ئیمان و بیروباوه‌ڕێكی به‌هێزی ده‌وێت كه‌ له‌م ته‌مه‌نه‌ بچوكه‌ رۆڵه‌و جه‌رگی خۆت دوور بخه‌یه‌وه‌ له‌ نازو خزمه‌تی ماڵه‌وه‌ بۆ ژیانێكی سه‌ختی نێو حوجره‌و نانی راتبه‌ی ماڵان.

 زانای كورد گشت ژیانی خۆی به‌رده‌وام ته‌رخان كردووه‌ بۆ خزمه‌تی ئاین و خه‌ڵك؛ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بینین به‌رده‌وام به‌ شه‌وو رۆژ ده‌رگای ماڵی كراوه‌یه‌ بۆ پێشوازی كردن له‌ خه‌ڵك‌و به‌ هاناوه‌چوونیان له‌ ناخۆشیه‌كان و به‌شداربوونیان له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان.

 زانای كورد به‌ته‌واوی پشتی له‌ دونیاو ده‌وڵه‌مه‌ندبوون هێنابوو؛ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوی خۆی ته‌رخان كردبوو (تفرغی تامی) كردبوو بۆ خوێندن و نوسین و ته‌دریس و دیار بوونی له‌ نێو خه‌ڵك و بوونی له‌ گه‌ڵ ئه‌وان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان؛ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ر شوێنێك مه‌لای لێبا ئه‌وه‌ به‌ ئاسانی كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر ده‌بوون.

 زانای كورد هه‌ركاری پێشنوێژی‌و وتارخوێنی نه‌كردووه‌، به‌ڵكو له‌ جێگای قوتابخانه‌و زانكۆ رۆڵه‌ی كوردی ئاماده‌كردووه‌ به‌ بێ به‌رامبه‌ر، تا ئێستاش ئه‌وان به‌رده‌وامن له‌ ته‌دریس كردنیان له‌ نێو حوجره‌كان به‌ بێ به‌رامبه‌ر كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌مووی ده‌رخه‌ری دڵسۆزی و ئیخلاسی زانای كورد ده‌رده‌خا دوور له‌ په‌یوه‌ست بوون به‌ مادده‌و پاره‌و پوڵه‌وه‌، وه‌ك ئێستا ده‌بینین له‌ خوێندن و ته‌دریس له‌ بابه‌ته‌كانیتر به‌رامبه‌ر به‌ پاره‌و ده‌رسی خصوصی و تایبه‌تی.

به‌ڵكو ده‌رسی زانایانی كورد هه‌مووی خصوصی و تایبه‌ت بوو بۆ قوتابیه‌كانیان، هه‌ر فه‌قێیه‌ك ده‌رسی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌بوو ئه‌مه‌ش هه‌مووی بۆ زیاتر گرنگی پێدان و باشتر فێربوونیان بوو.

دووه‌م: رۆَڵی حوجره‌و زانای كورد له‌ خزمه‌ت كردنی زمانی كوردی و به‌رگریكردن له‌ خاك و نیشتیمان:

 زانای كورد سه‌رچاوه‌ی خزمه‌تكردنی زمان و قه‌ومی خۆی بوو، وه‌ هه‌ر ئه‌وانیش له‌ حوجره‌كانیان بیری خۆشویستنی خاك و نیشتیمانیان به‌رپاكردو له‌ سه‌ر ده‌ستی ئه‌وانه‌وه‌ شۆرشه‌كانی دژ به‌ داگیركه‌ران و سته‌م كاران له‌ گشت پارچه‌كانی كوردستان سه‌ریان هه‌ڵداو په‌رپابوون، كه‌ زۆربه‌ی زۆری سه‌ركرده‌كانیان له‌ چینی مه‌لاو شێخه‌كان بوون كه‌ به‌رگریان له‌ خاك و خه‌ڵك و نیشتیمانیان كرد.

 هه‌ر وه‌ك ئه‌وان به‌ ئه‌ده‌بو شیعره‌كانیان زمانی كوردییان پاراست، دیوانه‌كانی: جزیری و مه‌وله‌وی و مه‌حوی و نالی و ناری و بێسارانی و حاجی قادری كۆیی و شێخ ره‌زای تاله‌بانی و مه‌لای گه‌وره‌و مامۆستای موده‌ڕیس باشترین به‌ڵگه‌ن له‌ سه‌ر ئه‌مه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موو گه‌ڵی كورد به‌ خه‌ڵك و حكومه‌ت و كاربه‌ده‌ستانیه‌وه‌ قه‌رزاری حوجره‌و زانای كوردن، لێره‌وه‌ ده‌ڵێم حه‌ق وایه‌ وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ خزمه‌تیان هه‌رگیز نه‌هێلێن حوجره‌و خوێندن و پرۆگرامه‌كی بێ خزمه‌ت بن، به‌ڵكو پێویسته‌ گرنگی تایبه‌تی پێبدرێت به‌ره‌و پێش ببردرێت وه‌ك مۆركێكی نه‌ته‌وه‌یی و كلتورێكی كوردستانی پارێزگاری لێبكرێت، لێره‌دا پێویسته‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌ گه‌ڵ یه‌كێتی زانایان زیاتر بێته‌ سه‌ر خه‌ت و به‌م رۆڵه‌ گرنگه‌ هه‌ڵبستێت و نه‌هێڵێت حوجره‌كان به‌ره‌و پاش بچن بۆ ئه‌وه‌ی مه‌لای چاك و زاناو دانا له‌ نێو كوردستاندا بوونیان هه‌بێت؛ چونكه‌ هه‌میشه‌ حوجره‌ زانای گه‌وره‌و نمونه‌ی زانای میانڕه‌وو راسته‌قینه‌و دڵسۆزی خاك و نیشتیمانی به‌رهه‌م هێناوه‌.

ئه‌مه‌ش له‌ به‌ر تۆكمه‌یی پرۆگرام و زانستیبوونی په‌رتووكه‌كانی، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ حوجره‌كان وه‌ك ئه‌زهه‌ری وڵاتی میسر رێزو ته‌قدیریان له‌بۆ دابنرێت و به‌ره‌و پێشوه‌ ببردرێن، مه‌نهه‌ج و میتۆدی خوێندنیان به‌رده‌وامی پێبدرێت، چونكه‌ دوای دامه‌زراندنی قوتابخانه‌ ئه‌كادیمیه‌كان و زانكۆكان و كۆلێژو په‌یمانگه‌ تایبه‌ته‌كان به‌ خوێندنی زانسته‌ ئیسلامیه‌كان بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌مانه‌ له‌ گه‌ڵ زه‌روره‌تی بوونیان بۆ ئێستا، به‌ڵام هیچیان جێگره‌وه‌ی حوجره‌كان نین، و بێ پێویستمان ناكه‌ن له‌ حوجره‌و پرۆگرامه‌كانی؛ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ له‌ پاڵ ئه‌م خوێندنه‌ ئه‌كادیمیه‌ پێویسته‌ گرنگی به‌ بوونی حوجره‌كان بدرێت و تا زانا به‌ ته‌مه‌نه‌كانمان ماون خه‌ڵكی نوێ ئاماده‌ بكه‌ن بۆ به‌رده‌وامی ئه‌م خوێندنه‌ ره‌سه‌ن و تۆكمه‌یه‌.

سێیه‌م: رێزو پێزانینی خه‌ڵك بۆ رۆَڵی حوجره‌و پێگه‌ی زانایان:

 له‌ رابردوو ئێستادا هه‌میشه‌ خه‌ڵكی كوردی موسڵمان له‌ تێگه‌یشتنی ساغ و سه‌لیمیان بۆ ئاینی پیرۆزی ئیسلام و پێگه‌ی زانایان له‌ ئیسلامدا رێزو ته‌قدیری تایبه‌تیان نواندوه‌ بۆ زانایان و هه‌رده‌م زانایان له‌ پێشوو سه‌روی كۆڕو و كۆبونه‌وه‌و دانیشتنه‌كانیان بوون، به‌ داخه‌وه‌ ئیمڕۆ ده‌بینین هه‌ندێك له‌ جیل و نه‌وه‌ی نوێی سۆشیال میدیا به‌ بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ به‌رپرسیاره‌تی بكه‌ن بێرێزی به‌رامبه‌ر زانایان و فه‌تواكانیان ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ دووره‌ له‌ ئه‌خلاق و ره‌وشتی باب و باپیرانیان، پێویسته‌ كه‌ هه‌موومان خه‌مێك له‌و نه‌وه‌ نوێیه‌ بخۆین و بێداریان بكه‌ینه‌وه‌و لێنه‌گه‌ڕێن ببنه‌ خۆراكی دوژمنانی دین و ئه‌خلاق و خاك و نیشتیمانمان.

چواره‌م: رۆڵی حوجره‌و زانایان له‌ به‌یه‌ك به‌ستنه‌وه‌ی پارچه‌كانی كوردستان:

هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ زاناو فه‌قێ و حوجره‌ له‌ نێو كوردان هۆكارو ئه‌لقه‌ی پێكه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌ی ناوچه‌و پارچه‌كانی كوردستان بوون، چونكه‌ فه‌قێ هیچ كاتێك حیسابی بۆ حدودو سنووری ده‌ستكرد نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو به‌رده‌وام له‌ نێو گوندو شاره‌كانی پارچه‌كانی كوردستان گه‌ڕاون بۆ خوێندن، خوێندنه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی زانایانمان ده‌رخه‌ری ئه‌م راستییه‌ن، كه‌ زۆربه‌ی زۆریان له‌ كۆنه‌وه‌ به‌ دوای مامۆستای چاك و حوجره‌ی باش سه‌ردانی شارو دێهاته‌كانی پارچه‌كانی كوردستانیان كردووه‌.

پێنجه‌م: رۆڵی زانایانمان له‌ ناساندنی كوردو قه‌زیه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیه‌كه‌ی:

 زانایانمان له‌ كۆنه‌وه‌ میلله‌تی كوردیان به‌ دونیا ناساندوه‌، ئه‌وان له‌ هه‌ر شوێنێك بووبن به‌ زانستی تۆكمه‌یان رێزو حورمه‌تیان به‌ ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵكو بوون به‌ رووگه‌ی قوتابیانی ئه‌و شوێنه‌، وه‌ك ئه‌و زانایانه‌ی كه‌ له‌ توركیاو میسرو سعودیه‌و شاری به‌غداو دیمه‌شق هه‌ڵگیرساونه‌ته‌وه‌ بوون به‌ مه‌رجیع و جێگای متمانه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و شوێنانه‌، هه‌ر له‌ رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ میلله‌تی كورد له‌ نێو میلله‌تانیتر ناسراو ئه‌وانیش ئاشنا كران به‌ گه‌وره‌یی و فه‌زلی ئه‌و میلله‌ته‌و زاناكانی.

شه‌شه‌م: رۆڵی زاناو زانكۆكانمان له‌ به‌ئه‌رشیفكردنی ژیانامه‌ی زانایانی پێشخۆیان:

 سوپاس بۆ خوا ژیانی زۆر له‌ زانایانمان له‌ فه‌وتان پارێزراو كراوه‌، ئه‌ویش به‌ ماندووبوونی زۆرێك له‌ ده‌رچوانی حوجره‌، كه‌ هه‌ڵسان به‌ تۆماركردنی ژیانی زانایانمان له‌ كۆنه‌وه‌ تا ئێستا: وه‌ك:

 مامۆستای گه‌وره‌ مامۆستا مه‌لاعبدالكریمی موده‌ڕیس و مامۆستا مه‌لا عبدالله فه‌رهادی مامۆستا زوبێر بیلال و مامۆستا د.محمد زه‌كی ملاحسین سپینداری –خوا لێیان خۆشبێت- و مامۆستا مه‌لا تاهیری به‌حركه‌و  مامۆستا مه‌لا عبدالرحمنی داره‌توو و چه‌ندانی تریش كه‌ تا ئیستاش به‌رده‌وامن له‌ نوسین و تۆماركردنی ژیاننامه‌ی زانایانمان له‌ كۆنه‌وه‌و تا ئێستا.

 له‌م بواره‌ پێویسته‌ سوپاسی زانكۆكانمان بكه‌ین كه‌ چه‌نده‌ها نامه‌و تێزی دكتۆراو توێژینه‌وه‌ی زانستییان نوسیه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی مامۆستاو قوتابی و توێژه‌رو ئه‌كادیمسته‌كان بۆ تۆماركردنی ژیانی زانایانمان و دیاری كردنی ماندووبوونیان بۆ خزمه‌تی ئایین و زانست و پاراستنیان له‌ فه‌وتان و ناساندنیان به‌ جیهانی ئیسلامی و ناوه‌نده‌ زانستیه‌كان.

 وه‌ك ده‌بینین -سوپاس بۆ خوا- كه‌ زانایانی كورد له‌ په‌رتوكخانه‌ی ئیسلامی ناویان ده‌دره‌وشێته‌وه‌ به‌ په‌رتوكه‌ به‌ پێزو به‌هێزه‌كانیان له‌ رووی زانستییه‌وه‌ وه‌ك: ئیبن سه‌لاحی شه‌هره‌زووی و ئیببنولحاجیب و ئه‌بو سعودو ئیبن خه‌لدون و ئیبن و لئه‌سیره‌كان... هتد.

حه‌فته‌م: رۆڵی زانایانمان له‌ رۆشنبیركردن و هۆشیاركردنه‌وی خه‌ڵكدا:

 زانای كورد له‌ كۆن و ئێستادا رۆڵی سه‌ره‌كی بینیوه‌ له‌ ڕۆشنبیركردن و هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكدا به‌رامبه‌ر به‌ هه‌موو ئه‌و نه‌خۆشی و نه‌هامه‌تیانه‌ی كه‌ روویان له‌ خه‌ڵكی كوردستان كردووه‌، وه‌ خه‌ڵكیش به‌رده‌وام به‌ ئه‌ده‌به‌وه‌ گوێبیستی ئامۆژگاری مامۆستایانی خۆیان بوون له‌ كۆن و ئێستادا، وه‌ك چۆن بینیمان زانای كورد چ رۆلێكی گرنگی گێڕا له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی گه‌نجه‌كانمان به‌رامبه‌ر به‌ بیری توندئاژۆیی ودورخستنه‌وه‌یان له‌ توندوتیژی، هه‌روه‌ها دوورخستنه‌وه‌یان له‌ مادده‌ی هۆشبه‌رو، ئاشناكردنیان به‌ ره‌وشت و ئه‌ده‌بی به‌رزو دروست، هه‌روه‌ها ئامۆژگاری به‌رده‌وامیان بۆ خۆپارێزی له‌ نه‌خۆشی كۆڕۆنا و نه‌خۆشیه‌كانیتر، كه‌ ئه‌مه‌ هه‌مووی ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ هه‌رگیز ناكرێت و ناتوانرێت بێ پێویستی بكرێت له‌ زانای ئاینی و پشتگوێبخرێن، وه‌ هه‌رگیز كه‌ناڵه‌كانیتر ناتوانن ئه‌م بۆشاییه‌ پڕ بكه‌نه‌وه‌.

هه‌شته‌م: رۆڵی هه‌نوكه‌ی زانایانمان له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ له‌ رێگای سۆشیال میدیاوه‌:

 له‌ ئێستاشدا سوپاس بۆ خوا وه‌ك رابردوو له‌ گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی كه‌ به‌سه‌ر ئامرازه‌كانی گه‌یاندندا هاتوون زانای كورد دانه‌بڕاوه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌، به‌ڵكو هه‌رده‌م پێشه‌نگ بووه‌ له‌ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی خۆی له‌ رێگای ئاینه‌وه‌ به‌ هه‌موو ئامرازو ته‌كنه‌لۆژیای راگه‌یاندنی سه‌رده‌م له‌ هه‌موو جۆره‌كانی به‌ بیسراوو بینراوو نوسراو له‌ رێگای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئامۆژگاری و هۆشیاری له‌ توڕه‌ كۆمه‌لایتیه‌كان، وه‌ك ده‌بینین ده‌یان مامۆستا به‌رده‌وام كاری بانگخوازی خۆیان ده‌كه‌ن بۆ دانه‌بڕانین له‌ چین و توێژه‌ جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگا له‌ رێگای سۆشیال میدیاوه‌.

نۆیه‌م: رۆڵی مزگه‌وت له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان:

 میلله‌تی كورد له‌ رێگه‌ی زانایانیه‌وه‌ زوو له‌وه‌ تێگه‌یشتووه‌ كه‌ مزگه‌وت چه‌نده‌ رۆڵی گرنگی هه‌یه‌ له‌ ژیانیان وه‌ك موسڵمان؛ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بینین هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ هه‌ر گوندێگ ئه‌گه‌ر چه‌ند ماڵێكی كه‌میش بووبن مزگه‌وتیان دروستكردووه‌و مامۆستایان به‌خێرهێناوه‌و خزمه‌تیان كردووه‌، ئه‌مه‌ش هه‌مووی ده‌رخه‌ری تێگه‌یشتنی میلله‌ته‌كه‌مانه‌ له‌ رووحی ئیسلام و ژیان وسیره‌ی پێغه‌مبه‌رمان –دروودی خوای له‌سه‌ر بێت- چۆن كه‌ گه‌یشته‌ شاری مه‌دینه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی بریتیبوو له‌ دروستكردنی مزگه‌وت، پێش گه‌یشتنیشی به‌ شاری مه‌دینه‌ له‌ (قوبا) به‌ هه‌مان شێواز مزگه‌وتی دروستكرد؛ بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی موسڵمانان له‌ گرنگی هه‌بوونی مزگه‌وت تێبگه‌یه‌نێت بۆ پاراستن و به‌ره‌و پێشوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا، ئینجا میلله‌تی كورد هه‌ر له‌ زووه‌وه‌ له‌ كارو رۆڵی مزگه‌وت تێگه‌یشت كه‌ ته‌نها بۆ خواپه‌رستی نییه‌، به‌ڵكو بۆ خوێندن و فێربوون و سولح و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵگاش به‌ كاردێت.

 میلله‌تی كورد به‌ هه‌مان شێوازی تێگه‌یشتنی له‌ مزگه‌وت له‌ رۆڵی مامۆستای مزگه‌وتیش تێگه‌یشت، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ مامۆستای ئاینی له‌ نێو كورد قه‌تیس نه‌ماوه‌ له‌ نێو مزگه‌وت، به‌ڵكو به‌رده‌وام به‌شداربووه‌ له‌ خۆشی و ناخۆشی خه‌لكی خۆی و رۆڵی گرنگیشی بینیوه‌ له‌ ئه‌نجامدانی سوڵح و ئاشته‌واییه‌كان، وه‌ هه‌رده‌م جێگه‌ی راوێژوو متمانه‌ی خه‌ڵك بووه‌؛ له‌ به‌ر دینداری و لێزانی و خه‌مخۆری كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موویان سیفاتی موسڵمانی راسته‌قینه‌ن.

ده‌یه‌م: شاره‌زای و كارزانی زانای كورد:

 مامۆستای ئاینی هه‌رده‌م كه‌سی چالاك و رۆشنبیرو كارزان و شاره‌زابووه‌ له‌ كاره‌كانی نێو كۆمه‌ڵگا، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ كاتی خوێندن و مانه‌وه‌یان له‌ حوجره‌كان فێری زۆر كاری جوان ده‌بوون، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ مامۆستای ئاینی خۆی رۆڵی كارای ده‌بینی له‌ ئه‌نجامدان و به‌شداری كردن له‌ زۆر له‌ كاره‌كان وه‌ك: دروستكردنی دیوارو جوتیاری و كێڵانی زه‌وی و كاره‌كانیتر، زۆر جار مامۆستای ئاینی له‌ گه‌ڵ وه‌زیفه‌و كاری مه‌لایه‌تی خۆی كارو كه‌سابه‌ت و جوتیاری و مه‌ڕداریشی كردووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌مووی ده‌رخه‌ری جوان تێگه‌یشتنی زانای كوردبووه‌ له‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلام.

له‌ به‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی باسمانكرد میلله‌تی كورد هه‌رده‌م رێزو پێگه‌ی زانایانی زانیوه‌و، له‌ شوێن و جێگای لایق و شایه‌ن به‌ خۆیانیان داناون و هه‌رگیز كه‌سانی ریشسپیوو پیاو ماقوڵ و برا گه‌وره‌و پله‌دار به‌ پێش مامۆستایانی ئاینی نه‌كه‌وتوون پله‌و پایه‌ی دونیایان هه‌رگیز به‌راورد نه‌كردووه‌ به‌ پله‌و پایه‌ی زانای ئاینی.

هیوادارین كه‌ نه‌وه‌ی ئێستاشمان له‌م راستیانه‌ تێبگه‌ن و رێز له‌ رۆڵی مزگه‌وت و حوجره‌و مامۆستایانی ئاینی بگرن.