ئەمە پرسیارێکە لەوانەیە تۆزێ فزولیەتی تێدابێ ، لەوانەشە یەکێک بێت لەو پرسیارانەی کە هەرنابێت بکرێت، بەڵام دواجار هەردەبێت یادی کەسێک بکەی، ئەگەر ئەم پرسە بۆ بەرامبەر نەگونجاوبێت ئەخلاقییەن، خۆ زور پەسەندە ناوەناوە لەخۆت بپرسی ئەرێ بەراست دڵەی شەیدا یادی کێدەکەی؟ کەواتە ئەم پرسیارە یەکێکە لەپرسیارە تاکەکەسی و مەحرەمەکانی ڕازی دەروون، ئەمەیە مەحرەمی ڕاز، هەرچییەکت کردووە ببەرە هاورێیەکی ڕاستەقیەنەی دەرونت با ئەویش خۆت پێبناسێ و خۆی بکاتەوە بۆت و ڕاستگۆیانە بڵێ کە شەیدای کێیەو هەمیشە دەرونی گەرم وسەری قاڵە بەیادی، لێگەرێ با خالقی ئەونهێنییە ڕێمان نیشانبدا ، گرنگی یادمان بۆ ڕۆشنبکاتەوە، تۆیادی کەسێک بکە کەیادد دەکا بۆ کەسێ بمرە کە ژیانت پێدەدا، ئەوەی یادی دەکەی ئەبێت ئەویش سەرقاڵی یاددبێت ئەوەی بۆلای دەچی دەبێت هەنگاوێ بۆ پێش بنێت، هەرگیز بەپیری کەسێکەوە مەڕۆ نایەت بەپیرتەوە داوە لەکەسێک مەکە داواکەت ڕەدبکاتەوە، کەسایەتی تۆ والە داخستنی زاری داوات، لەوەی کە وەڵامەکەت بەنەرێ دەداتەوە هەرکە گوتی نا ئیتر ئەوەی کە حەشارت داوە دەبێتە کای بەربا ، بۆیە یادی کەسێ بکه یادت دەکا داوا لەکەسێک بکە ناتکاتە کای بەربا ، بۆیە خوای گەورە دەفەرمووێت:(فَاذْكُرُونِي أَذْكُرْكُمْ وَاشْكُرُوا لِي وَلَا تَكْفُرُونِ) (البقرة ١٥٢). لەم یادەدا تینویەت دەشکێ ئۆخەیت لەتاسەی ئاوی ساردا دێتەجێ، هەرگیز گەرمای تاسەشکاندنت مەدەرە بەرخۆری بێ هیوای، لەسێبەری ژیان و باوەشی هیوا و سەنگەری شکۆمەندیدا بدوێ و خۆت ببینەوە، بۆیە ئازیزی گیان دەفەرمووێت لە فەرموودەیەکدا کە سیدنا ئەنەس بۆمان دەگێرێتەوە( عن أنس قال ؛ قال رسول الله صلى الله عليه وسلم ؛ قال الله عز وجل ؛ يا ابن آدم ، إن ذكرتني في نفسك ذكرتك في نفسي ، وإن ذكرتني في ملأ ذكرتك ، في ملأ من الملائكة أو قال ؛ [ في ملأ خير منهم ] ، وإن دنوت مني شبرا دنوت منك ذراعا ، وإن دنوت مني ذراعا دنوت منك باعا ، وإن أتيتني تمشي أتيتك أهرول ) لێرەوەیە دەبێت ئەخلاقیانە مامەڵەبکەین ڕازی نەبین بەوەی کە هەمیشە چاوەرێ بکەین بێن بەپیرمانەوە و گوێنەدەین بەوانەی یادماندەکەن ئاخر یاد کردن واتە وەختدان بەغەیری خۆت دەی وەختیش سەروەتی تەمەنە ، ئەمەیە پێمان دەڵێت تەمەنت لەڕێگەی کەسێکدا بەخەرج بدە کەقەدری وەختی تۆی لابێت، بۆیە دەفەرمووێت ئەی نەوەی ئادەم، ئەگەر لەدەرونی خۆتەوە یادم دەکەی ئەوە لەزاتی خۆمدا یادت دەکەم ئەگەر لە کۆرو مەجلیسێکدا یادم دەکەی ئەوە من لە مەجلێسێکی پڕ وچر لەمەلائیکەدا یادت دەکەم، مەجلیسێک کە باشتر لەو مەجلیسەی تۆ یادی منی تێدادەکەی من یادی تۆدەکەم لە مەجلیسێکدا کەخێر تر بێت لە مەجلیسەکەی تۆ، نەک هەر یاد بەڵکو دێتە پێشوازیت بەجۆرێ شایستەتر لە هەنگاوەکانی تۆ ئەگەر یەک بست بۆ پێشەوە بڕۆی ئەو قۆڵێک دێت بەپیرتەوە ئەگەر بە پیاسەو هێواش هێواش بڕۆیتە پێشەوە ئەو بەهەروەلە دێتە بەپیرتەوە، ئەمە مامەڵەی تۆیە لەگەڵ خوا، دەیادی بکە یادت دەکا، بەرەوپیری بڕۆ پێشوازی گەرمت لێ دەکا، بۆیە زۆرجار واحالیت کە ئەم یاد و پێشوازیانە شتانێکی بەرجەستەبن وەک ئەوەی کە لەنێوان خۆماندا پەیڕەوی دەکەین نا ئەمە لەخزمەت قورئان وسەرقاڵبون بەزیکر بەرجەستە دەبێت، بۆیە یەکێک لەپیاوچاکان دەڵێت: هەرکاتێک دڵتەنگببم و کێشەکانم کەڵەکەببن بەسەرمەوە دەچمە خزمەت قورئان و دەرچەی حەل وئاسودەی ڕۆح وچێژی دەروونیم دەست دەکەوێت کە لەهیچ شتێکیتردا دەستماناکەوێت، دەرگاکانی رزقم وابۆ واڵادەبێ کە هەر پلانم نەبووە بۆی، تێگەیەشتن بۆ شتەکان وادەکرێتەوە کەهیج وەخت وا هەستم بە مانا ومەفهومی شتەکان نەکردووە. بۆیە هەمووشت مەیلانە بۆ خێر و خەیریش لەناخدا جێگرەو هێزێکە دەبێت بخرێتەگەڕ بۆ ئەوەی ڕۆحیەتی خێر ژیان لەکۆمەڵگەدا ببێتە کلتور، ئێمە بە فیترە خواناسین ونابێت ئەم هێزە بەخواستەکانی دەرون تەڵخببێت وهەمیشە ئەوفیترەتی خواناسییە لەناخدا گەشاوەبێت، چونکە زیندوویەتی ئەوهێزە لە ناخدا تینویەتی وتاسەی لیقای خوامان دەشکێنێ، بۆیە ئاوی فیترەت زیکرەو گەیشتن بەلیقای خوا بەرەوپیری چوونە، هەرئەمەیە پێمان دەڵێت دڵخۆشی و زەردەخەنەی سەرلێومان مانای ئەوەنییە ژیانمان بێکێشەیە، بەڵکوو ئاماژەیە بەوەی کە ڕازین بەوبەشەی کەخوا پێداوین، بۆیە هۆکاری نزیک بوونەوەمان لەخوا سوجدە بردنە(واسجد واقترب)، کرونشیش نزیکرین مەکانە لەخواوە، هەربۆیە لەو دەمەی کرنوش بردنەدا هەر بەوکارەت بەرزدەبیەوە هەرچەندە لە ڕواڵەتدا خۆنەوی دەکەی خۆنەویکردنت بۆ خوا بەرزبوونەوە ونزیک بوونەوەیە لە خوا، بۆیە سەرت نەوی بکە بۆخوا بۆئەوەی پێگەت بەرزبێت لای، خاکیبە بۆئەوەی ڕێزداربی لای، ئحتیاجی خۆت بۆ ئەو بەرزبکەوە بۆئەوەی بێئیحتیاج بی لەخەڵک، بۆیە کرنوشت بۆ کاتێک درێژبکەرەوە و لەوحاڵەدا بمێنەرەوە بۆ ئەوەی هەمیشە بڵندبی لای خوا. (فاذكروني أذكركم) بوەستە هەڵوێستەیەک بکە لەسەر ئەم بڕگە ئایەتە و هیج پەلەمەکە هەناسەیەکی قوڵ هەڵمژەو تێڕامێنە بزانە دڵت چیت پێدەڵێت و زارت چۆن هەڵ دەسورێ. هەندێ لەوشتانەی کە لەدوونیادا ئارامیت پێدەبەخشن. ١- پشت بەستن بەخوا وخۆ ڕادەستکردنی(ربنا توكلنا عليك). ٢- سەڵاواتدان لە دیداری پڕلەنوری پێغەمبەر و بەپایان گەیاندنی فەرمانی خوا(إن الله وملائكته يصلون على النبي، یا ایها الذین آمنوا صلوا علیه وسلموا تسلیما) ، أللهم صل وسلم على نبينا محمد وعلى آله وصحبه ومن والاه إلى يوم الدين. ۳- دوعاو پاڕانەوە (أللهم أنت أعلم بحالي ، وأنت أعلم بالذي يحمله قلبي هذا ، فتولاه بما أنت به أعلم). بیرت نەچێت ئەگەر لەسەر ڕێگەی گەڕانەوەی بۆلای خوا ئەوە زۆر خێرابە ئەگەر ناتوانی هەروەلەبکە ئەگەرهەر ئەمەش ناتوانی بەهەنگاوە هێواشەکانت بەردەوامبە بەڵام تکایە هەرگیز نەوەستیت. کەمال ئەمین گوڵپی ٢٧/ ٧/ ٢٠٢١، خورماڵ. |