لەمێژە دوژمنان هەوڵی ئەوە دەدەن ئیسلام لەبەرچاوی خەڵك ناشیرین بكەن و وەك باوەڕێكی دژ بە مرۆڤ پێشانی بدەن , بۆئەوەی رێگای هاتنە نێو ئیسلام لەو خەڵكە بگرن كە بەلێشاو باوەشی بۆ دەكەنەوە, ئەوان بەردەوام هەوڵیان داوەو ئەدەن كە خەڵك بەو فەرهەنگە سەقەتەی خۆیان ڕازی بكەن كە چەندین ساڵە بەناوی بریقەدارو بانگەشەی بێ بنەما چەواشەیان كردوون، ئەوان ڕووداوەكەی(11)ی سێبتەمبەریان قۆستەوە تاوەكو بیسەلمێنن كە ئیسلام ئایینی كوشتن و تیرۆرە, هەرچەندە توانیان تا ڕادەیێك لەو هەوڵەدا سەركەوتووبن، بەڵام زیاتر بەسەرخۆیاندا شكایەوە، چونكە ئەگەر توانیبێتیان ئەم بڕوایە لای چەند كەسێك دروست بكەن، ئەوا هەزاران كەس لە زاناو رۆشنبیرو شارەزایانی بوارە جۆراو جۆرەكان ڕۆژانە ئیسلام لەباوەش دەگرن, ئەمەش دروست ئەو مەترسیەیە كەئەوان لێی دەترسن. هەروەكو بیریاری فەرەنسی دكتور(فرانسوا بورجا) لەهەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ گۆڤاری (لافیریتی) فەرەنسیدا دەڵێت: دوای ڕووداوی(11)ی سێپتەمبەر رۆژئاوا توانی زیاتر لەجاران ئیسلام بناسێَ , چاپخانەو وەشانخانە گەورەكان دان بەوەدا دەنێن كە پڕ فرۆشترین پەرتووك لەوساڵانەی دواییدا ئەو پەرتوكانەبوون كە ناوی ئیسلامیان لە خۆگرتووە, من ئەمە بەگرنگی دان بەئیسلام دەزانم , نەك تەنیا لە فەرەنسا، بەڵكو لە ئەوروپاو ئەمریكاش, تەنانەت ئەمریكا دان بەوەدا دەنێت كە یەك ملیۆن كەس دوای (11)ی سیبتەمبەر موسڵمان بوونە, ئەمەشیان ژمارەیێكە دەزگا ئەمنیەكانی ئەمریكا حیسابیان بۆ نەكردبوو, چونكە لەو بڕوایەدا نەبوون , بەڵام ڕوویداو خەڵك زیاتر گرنگیان بەئیسلامدا, چونكە هەندێكیان ئەو شتەی كە لە فەرهەنگی ڕۆژئاوادا بۆی دەگەڕان و نەیاندەدۆزیەوە، لەئیسلامدا دۆزیانەوە. هەروەها دەڵێت: لە بنەڕەتدا ترس لە ئیسلام لەلایەن ڕۆژئاواوە بەو هۆیەوەیە كە ئەوان گومانیان لە توانای شارستانیەتی ڕۆژئاوایی هەیە كە بتوانێ بەبێ شەڕو كارتێكردن خۆی لەبەرامبەر شارستانیەتی ئیسلامی رابگرێت. هەروەها بەپێی هەواڵێكی گۆڤاری(دایلی میل)ی بەریتانی، لە دوای كارەساتی (11) سێپتەمبەرەوە تا ئێستا زیاتر لە (100) هەزار كەسی بەریتانی موسڵمان بوونەو، نزیكەی 70% موسوڵمانەكانیشی ئافرەتن. (كۆندالیزا رایس )ی وەزیری دەرەوەی پێشووی وڵاتەیە كگرتوەكانی ئەمریكا، لەگفتوگۆیێكیدا لەگەڵ كەناڵی (الحرە) گووتی: ئیسلام بەخێراترینی ئەو ئایینانە دەژمێردرێت كە لەوڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بڵاودەبنەوە. بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی(تایمز)ی بەناوبانگی ئەمەریكی: ساڵ بە ساڵ ژمارەی موسڵمانبوانی وڵاتەكە لەزیاد بوون دایە. بە پێی بەدواداچوونی رۆژنامەكە، ساڵانە زیاتر لە (200) هەزار كەس موسڵمان دەبێت. لەدرێژەی هەواڵەكەدا هاتووە: رێژەی تازە موسڵمانبوون لە هەریەك لە مەكسیك و ئیسپانیاو كوبایش گەیشتۆتە ئاستێكی بەرچاو. هەروەها بەپێی ڕاگەیێنراوی (ڤاتیكان) ئێستا ژمارەی موسڵمانان لەجیهاندا لەژمارەی كاسۆلیكەكان زیاترە.(مونسنیور ڤیتۆریۆ فورمینیتی) كە نووسینەوەی ئاماری ساڵانەی ساڵی 2008ی ئامادەكردبوو گووتی: موسڵمانان ئێستا (19,2%) ی دانیشتوانی جیهان پێكدێنن و, كاسۆلیكەكانیش (17,4%), ناوبراو بۆ ڕۆژنامەی ڤاتیكان (لوزر فاتوری رومانو) دەڵێت: ئەمە جاری یەكەمە لەجیهاندا ئێمە لە لوتكە دانین و موسڵمانان لەئێمەیان تێپەڕاندووە, هەروەها ئەوەشی ڕوون كردەوە كە ئەو ئامارە هی ساڵی(2006)ـە, بەڵام ئەگەر (كاسۆلیك و پرۆتستانت و ئەنگایكان و ئەرسۆدۆكس) پێكەوە كۆ بكەینەوە ئەوا ڕێژەیان دەگاتە(33%)ی دانیشتوانی جیهان, هەروەها لەو ڕاگەیێنراوەدا ئەوە هاتووە كە ژمارەی كاسۆلیكەكان جێگیرە, بەڵام ژماری موسڵمانان لە ئەوروپا ڕووی لەزیاد بوونە. سكرتێری پاپای ڤاتیكان(بندیكت)ی شازدەهەم, لەڕۆژنامەی (سودوچ تسیتونگ)ی ئەڵمانی هۆشداریدا لەسەر بڵاوبوونەوەی خێرای ئیسلام لەئەوروپاو, لەو بارەوە(جۆرج گانسفاین)ی سكرتێری تایبەتی پاپا دەڵێت: پێویستە گاڵتەمان بەو هەوڵانە نەیەت كە كار لەسەر موسڵمان كردنی ئەورپا دەكەن و, پێویستە ئەوەش بەكەم سەیر نەكەین كە ئەمەیان مەترسی لەسەر ناسنامەی ئەوروپا هەیە) بۆیە ناوەناوە شتێكی لەو جۆرە دروست دەكرێت ، تاوەكو موسڵمانان دووچاری كاردانەوەی سلبی بكەن و دەست بۆ توندوتیژی ببەن, بۆ ئەوەی بیكەنە بەڵگە لەسەر بانگەشەكەیان و، كۆسپێكیش بێت لەسەر ڕیگای ئەوانەی كە دەیانەوێت موسڵمان ببن. كاردانەوەكان بەرامبەر بەو سووكایەتیە هەرچەندە لەبنەڕەتدا ئەم فیلمە لەسەر پێغەمبەر(د.خ) نەبووە، هەروەكو ئەكتەرەكان باس لەوە دەكەن، كە ئەم فیلمە كاتێك كە دەرهێنراوە، بەهیچ شێوەیەك باسی(محمد)ی تێدا نەبووە، بەڵكو باسی چیرۆكێكی بیابان بووە، كە پتر لە (2000) ساڵ روویداوە، بەڵام دەرهێنەرەكە شێواندوویەتی. تەنانەت یەكێك لەوكچانەی كە لەو فیلمەدا بەشدار بووە، بە قسەی خۆی دوای بینینی فیلمەكە گریاوە، بۆیە هەندێكیان داوای یاساییان لەسەر دەرهێنەرەكە تۆمار كردووە. بەڵام هەرچیەك بێت و لەسەر هەركەسێك بووبێت ، نیشانەی كینە لەدڵی و داتەپینی ئەخلاقی ئەو كەسانەیە كە بەرهەمیان هێناوە، یاخود لەپشت پەردەوە یارمەتیان داوە، بۆیە پێم وایە كاردانەوەكان گەورەتر بوون لەو سووكایەتیەی كە بە موسڵمانان كرا، هەڵكوتانە سەر سەفارەت و كوشتنی خەڵكێك كە هیچ پەیوەندی بەمەسەلەكەوە نیە، ئامانجی ڕاستەقینەی ئەوكەسانەبوو كە لە پشت بەرهەم هێنانی فیلمەكەوەن ، ناتوانین گومان لە دڵسۆزی و نیازپاكی هەموو ئەو خەڵكە خرۆشاوە بكەین ، كە بەهەر هۆیێك لەهۆیەكان ناڕەزایەتیان لەوبارەوە دەربڕیوە، بەڵام نابێت ئەوەش لەبیر بكەین كە ئەم هات و هاوارە خزمەتی زیاتر بەمەبەست و ئامانجی فیلمەكە دەكات، چونكە ئەگەر لە هۆڵێك لێدرابێت و چەند كەسێك بینیان بێت، ئەوا بەهۆی ئەو هەرایە، ملیۆنان كەس هەوڵی بینینی دەدات و، ناوبانگی ئەكتەرانی فیلمەكەش زیاتر دەردەخات. بۆ ئەوان ناوبانگ زۆر گرینگە، جا بەهەر هۆیێك بێت، تەنانەت پەنا بۆ شتی زۆر لەوە سووكتریش دەبەن تا ناوبانگ دەربكەن و لەنێو خەڵكدا باس بكرێن، جا ئەگەر لەسەرەتادا پشتگوێ خرابایەو هیچ گرنگی پێنەدرابایە، گەورەترین گورز دەبوو لەپشتی هەموو ئەوانەی كە لەپشت فیلمەكەوەن، بەپێچەوانەوە ئەو كاردانەوەیەی كە لەبەرامبەریا پێشان درا، باشترین ڕیكلام بوو بۆ فیلمەكەو، گەورەترین خزمەتیش بوو بەوكەسانەی كە لەپشتیەوەن. ئەمەیان بەو مانایە نیە كە خۆپێشاندانەكان هیچ سوودێكیان نەبووە، بە تایبەتی ئەوانەی كە دوور بوون لەتوندوتیژی، بەڵام پێم وایە زیانیان زیاتر بوو لەو سوودەی كە لێیان چاوەڕوان دەكرا. لەم بارەیەوە دكتور (یوسف قەرزاوی) سەرۆكی یەكێتی جیهانی زانایانی ئیسلامی ، لەبەرنامەی (الشریعە والحیاە)ی كەناڵی (الجزیرە) رۆژی یەكشەممە 16/9/2012 سەبارەت بەو فیلمەی كە تیایدا سووكایەتی بە پێغەمبەرو ئیسلام كراوە، گووتی: سەفیرو نێردەكان لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی پێویستە ژیانیان پارێزراو بێت، سەبارەت بە سووكایەتی كردن بە پێغەمبەری خوا(د.خ) ، هەركەسێك مافی ناڕەزایی دەربرینی هەیە، بەمەرجێك دەستدرێژی نەكاتە سەر خەڵكی تر كە ببێتە مایەی شێواندنی ڕووخساری ئیسلام و موسڵمانان، بەهۆی بەردباران كردنی سەفارەتەكان و كوشتنی سەفیرو كارمەندەكانیان، وەك ئەوەی لە(لیبیا) ڕوویدا، هەركەسێك بیەوێ شەڕی ئەمریكا بكاتە، با بچێتە وڵاتە یەكگرتووەكان و لەوێ و دوور لەوڵاتانی موسڵمانان بیكات. بەڵام كوشتنی سەفیرەكان لە وڵاتی موسڵمانان حەرامە، چونكە ئەوان ژیانیان پارێزراوە. هەروەها گووتی: وەڵامدانەوەی فیلمی سووكایەتی ، پێویستە بە فیلمێمكی تر بێت، چونكە زمانی كارپێكراوی سەردەم ئیمڕۆ زمانی فیلمە. لەكۆتاییدا ناوبراو ڕەخنەی توندی ئاراستەی هات و هاواری ڕاگەیاندنەكان كرد كە لەگەل فیلمەكەدا كردیان، چونكە زیاتر لەوەی كە كارگەردانی فیلمەكە خەونیان پێوەدەبینی، زەمینەیان بۆ سازو ئامادە كرد، ناوبراو گووتی: بەڵگە لەسەر لاوازی تێگەیشتنی موسڵمانان و هیچ لەدەست نەهاتنیان، ئەو شۆرشە بوو كە لەسەر فیلمێكی بێ نرخ و سووكی وەك ئەو فیلمە بەرپایان كردو، بەرامبەر بەوەی كە لەسوریا ڕوو دەدات توڕە نەبوون، لەكاتێكدا مزگەوتەكان دەڕوخنرێن و ڕۆژانە سەدان ژن و منداڵ لەخوشك و برای ئیسلامیان دەكوژرێن، كەچی كەسێكی لەو ئوممەتە نەبزواند بۆ یارمەتیدانیان و بەرگری لێكردنیان بۆ ڕووبەڕوو بوونەی (بەشاری ئەسەد)ی ملهوڕ. |