یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   پێکەوەژیانی ئایینی لە سۆران    *****    *****   مامۆستا مەلا محمد ئیبراهیم رەزگەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵی کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ لەبارەی پێکەوەژیانی ئایینی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لە هەردوو قەزای ئاکرێو بەردەڕەش ژمارەیەک مامۆستای ئایینی بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی ئاکرێ و لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   یەکێتی زانایان پانێڵێکی تایبەت بە گرنگیدان بە تەوزیفکردنی زانستی تەجویدو پاراستنی مۆرکی رەسەنی مەقامی جوان خوێندنەوەی قوڕئان بەرێوە ساز دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە گوندی بێراوە بەرێوە دەچێت    *****    *****   شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی دەڤەری گەرمیان بەسەر دەکاتەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات    *****    *****   د.عبدالله شێرکاوەیی بۆ ماڵپەڕی روداو: لە ئیسلامدا هیچ سنوورێک بۆ مارەیی دیاری نەکراوە    *****    *****   کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەرێوە دەچێت چەند پرسێکی گرنگ و تایبەت تاوتوێ دەکات   
مه‌لاعومه‌ری چنگنیانی
به‌رواری دابه‌زاندن: 24/09/2010 : 02:11:43
قه‌باره‌ی فۆنت
له‌ گۆرِانكاری و پۆست وه‌رگرتن گرنگتر، پارێزگاری كردن له‌ یه‌كگرتوویی و پشت نه‌كردنه‌ سه‌نگه‌ری گه‌له‌
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بۆماوه‌یه‌كی درێژ خایه‌نه‌ لاپه‌رِه‌كه‌م به‌زۆری ته‌رخان كردووه‌ بۆ بابه‌ته‌ زۆر ئایینییه‌كان، به‌دوورم نه‌گرتوون له‌ چوونه‌ نێو واقیع و رووداوه‌كانی رۆژیش، ئه‌وكاته‌ی بابه‌تێكی هه‌ستیاریش دێته‌ پێش به‌ ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمی ده‌زانم راو بۆچوونمی له‌ باره‌وه‌ بڵێم، به‌لاَم له‌وه‌یشدا هه‌رده‌گه‌رِێمه‌وه‌ بۆ په‌روه‌رده‌یه‌تییه‌كه‌ی نێو حوجره‌ و مزگه‌وت، ئێستایش كه‌ به‌ره‌ و هه‌نگاوێكی تازه‌ ده‌رِۆین و له‌ ئاستی كوردستان و بگره‌ چاودێرانی ده‌ره‌وه‌یش چاوه‌رِوانی هه‌ندێك ده‌ره‌نجام و گۆرِانكاری ده‌كه‌ین، پێم خۆشه‌ نووسینی ئه‌مرِۆم ئاورِدانه‌وه‌بێت له‌ دوو بابه‌تی نێو خه‌باتم، كه‌ یه‌كه‌میان له‌ ژێر سه‌ردێرِی: (تا موسا(س)له‌ كێوی توور گه‌رِایه‌وه‌، شه‌یتان یه‌كگرتوویی خه‌ڵكه‌كه‌ی تێكدا!)، له‌ ژماره‌(1685)26/11/2005 لاپه‌رِه‌ چواری ئه‌م(خه‌بات)ـه‌ ئازیزه‌دا بلاِوم كرده‌وه‌ و دووه‌میشیان: له‌ژێر سه‌ردێرِی: (به‌رپرسیارێتی كارێكی سه‌ختی دوولایه‌نه‌یه‌)، له‌ ژماره‌(2314)4/11/2006 لاپه‌رِه‌ چواردا بلاِوم كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌وكات زۆر كه‌س پێیان وابوو ئه‌و شتانه‌ی من ده‌یان نووسم تا ئه‌ندازه‌یه‌ك دوورییان له‌واقیعه‌وه‌ پێوه‌ دیاره‌، كه‌ ئه‌وانیش ئازادن و ئازادیش بن له‌وه‌ی چۆنم لێ تێ ده‌گه‌ن، كه‌ ئێستا به‌ پێویستی ده‌زانم جارێكی دیكه‌ هه‌مان ئه‌ودوو بابه‌ته‌ به‌ ده‌ست تێوه‌دانێكی كه‌مه‌وه‌، له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌دا بخه‌مه‌وه‌ به‌ر دیدی هه‌موولایه‌ك، ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌یش هه‌ر گوتیان: كوا پێویستمان به‌وجۆره‌ قسانه‌یه‌؟ ئه‌وكات ده‌ڵێم: كه‌وابوو ئه‌وه‌ی من بۆی به‌خه‌مم و له‌ ئاكامی ده‌ترسم، دۆزی ره‌وا و شۆرِش و بزاڤی رزگاری خوازی و سه‌ربه‌خۆیی گه‌له‌كه‌مه‌ و ئه‌وه‌ی ئێوه‌ لێی ناترسن ئه‌وانه‌یه‌!

تا موسا(س)له‌ كێوی توور گه‌رِایه‌وه‌، شه‌یتان یه‌كگرتوویی خه‌ڵكه‌كه‌ی تێكدا!

ئه‌وكات گوتم: (له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی، كه‌ قورئانی پرِ له‌ به‌خشش به‌ یه‌ك پێوه‌ر درێژه‌ به‌ باسی پێغه‌مبه‌ران نادات، به‌لاَم به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه‌ یوسف(س)به‌ته‌نها سوره‌تێكی به‌ناوه‌وه‌یه‌، موسایش(س)له‌ زۆر جێگه‌دا باسی هاتووه‌ و ورده‌كارییه‌كی زۆر له‌ باسه‌كانیدا هه‌یه‌، كه‌ به‌راوردێك له‌ نێوان ژیانی ئه‌و و ژیانی موحه‌مه‌دیشدا ده‌كه‌ین(د.خ)، له‌ زۆر رِووه‌وه‌ نزیكییان له‌یه‌ك هه‌یه‌ و له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌ و بۆ ئێمه‌ی برِوادارده‌بنه‌ ده‌رسی گه‌وره‌ی زیندوو، كه‌ لێره‌دا پێم خۆشه‌ لاپه‌رِه‌یه‌كی ژیانی هه‌ڵبده‌مه‌وه‌ و باسێك له‌ هه‌ندێك لایه‌نی ئه‌وگه‌شته‌ی بكه‌م كه‌ به‌فه‌رمانی خوا، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئایینی و دنیایی خه‌ڵكه‌كه‌ رووی له‌ كێوی تووركرد.

باسه‌كه‌ له‌ قورئاندا

سه‌رجه‌م سه‌رچاوه‌كانی فه‌رمووده‌ی دروستی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)له‌ لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و ئایه‌تانه‌دا كه‌ باس له‌ موسا پێغه‌مبه‌رده‌كه‌ن(س)له‌ نێو دوو سوره‌ته‌ی تاها و ئه‌عرافدا، ئه‌وه‌مان بۆروون ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ له‌ نێو به‌نی ئیسرائیلییه‌كاندا، كه‌ نه‌ته‌وه‌ی موسابوون، پیاوێك هه‌بوو ناوی سامیری بوو، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ موسا(س)، به‌فه‌رمانی په‌روه‌ردگارده‌چێته‌ كێوی توور و له‌وێ بۆ(چه‌ند ده‌) شه‌وێك ده‌مێنێته‌وه‌، سامیری له‌به‌نی ئیسرائیلییه‌كان، ده‌بێته‌ شمڵی شه‌رِ و به‌زمانی لووس و خۆنزیك خستنه‌وه‌لێیان، ده‌ست ده‌كات به‌ته‌فره‌ و فریودانیان، له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا، داوا له‌خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌كات، چ برِوادار و چ لاده‌ره‌كان، كه‌ زێرِو زیو و خشڵی گران به‌های خۆیانیانی بۆ بهێنن، ئه‌وانیش دوای داواكه‌ی ده‌كه‌ون و جێبه‌جێی ده‌كه‌ن، پاشان به‌ هونه‌رێكی زۆر شاره‌زایانه‌ و بلیمه‌تییه‌وه‌ دێت به‌ هه‌ندێك له‌وخشلاَنه‌ په‌یكه‌ر و ته‌لیسمی گوێره‌كه‌یه‌ك دروست ده‌كات، كه‌ سه‌رباری رِازاوه‌یی دیمه‌نه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك دای ئه‌تاشێ، كه‌ كونێك له‌ ژێر كلكی دروست ده‌كات، تا هه‌وای لێ بچێته‌ ژووره‌وه‌ و له‌ ده‌میه‌وه‌ بێته‌ ده‌ر، هاوكات له‌ كاتی هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌واكه‌دا به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێت، كه‌ وه‌ك ده‌نگی بۆرِه‌ی گوێره‌كه‌ ده‌رده‌چێت، دوای ئه‌وه‌ی، كه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی سامانه‌كانیان گوێ له‌ مستی ده‌بن، ئه‌مجار، هه‌نگاوی دووه‌می ده‌گرێته‌به‌ر و جارێكی دیكه‌، سامیری رِووده‌كاته‌ خه‌ڵكه‌كه‌ و پێیان ده‌ڵێت: ئه‌م گوێره‌كه‌یه‌، خوای گه‌وره‌ی ئێوه‌یه‌ و به‌م شێوه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ ئه‌وه‌یان له‌ بیرده‌چێت، كه‌ ئه‌وان به‌نده‌ی خوای گه‌وره‌ن و شوێن كه‌وته‌ی كه‌سێكن كه‌ له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی ژیانیاندا پشتی لێ نه‌كردوون و هه‌رئه‌وبوو، كه‌ بووه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی، بۆرزگاركردنیان له‌ ده‌ست (فیرعه‌ون)، كه‌ گه‌وره‌ترین دیكتاتۆری ئه‌وسه‌رده‌مه‌ بوو و له‌ نێو میسر و بن ده‌ستی كوێیلایه‌تی به‌ نێو ئاوی نیلدا په‌رِاندنیه‌وه‌ و گه‌یاندنیه‌ ئه‌و ژیانه‌ پرِله‌ ئاسووده‌ییه‌ و وای لێكردن، كه‌ ده‌بێ بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ یه‌كخواناس بن و به‌س.(1)به‌لاَم سامیری به‌م شێوه‌یه‌ هه‌نگاو به‌هه‌نگاو له‌ خشته‌ی بردن.

كاتێك كه‌ ئێمه‌ی برِوادار ته‌ماشای ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ناله‌باره‌ی سامیری ده‌كه‌ین و سه‌یری رووداوی دروستكردنی مزگه‌وتی زیرار ده‌كه‌ین، له‌ مه‌دینه‌ی مونه‌وه‌ره‌ كه‌ تا پێغه‌مبه‌ر(د.خ)له‌گه‌شتێك گه‌رِایه‌وه‌، دوورِووه‌كان هاتن مزگه‌وتێكیان دروستكرد گوایه‌ بۆئه‌وه‌یه‌ هه‌ژاران تیایدا بحه‌وێنه‌وه‌، كه‌ قورئان ده‌فه‌رمووێت: (ئه‌وانه‌به‌مه‌رامی تێكدانی كۆمه‌ڵگای برِواداران له‌ مه‌دینه‌ و بۆ ئاژاوه‌نانه‌وه‌ ئه‌وكاره‌یان كردووه‌ و هیچ مه‌به‌ستێكی پاك له‌و دیو كاره‌كانیانه‌وه‌ نییه‌)107ته‌وبه‌)، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ باسكردنی ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ران(س)له‌ قورئاندا و به‌ هه‌ند وه‌رگرتنی رِووداوه‌كان، هه‌روا بۆ مه‌به‌ستی داستان گێرِانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو، ئه‌وقورئانه‌، هه‌رده‌م زیندووه‌ و وه‌ك عه‌لی كورِی ئه‌بی تالیب(ر) له‌ باره‌یه‌وه‌ ده‌فه‌رمووێت: (قورئان ئه‌وكتێبه‌یه‌، كه‌ به‌زۆری خوێندنه‌وه‌، كۆن نابێت و باسه‌كانی هه‌رده‌م تازه‌ و زیندوون)ئه‌وه‌تا هه‌رقورئانه‌ كه‌ زۆر به‌راشكاوی باسی ئه‌وه‌مان بۆده‌كات، كه‌(هیچ كات نه‌بووه‌ پێغه‌مبه‌رێكی خوا، ئومنییه‌ و خواستێكی هه‌بووبێت و شه‌یتان هه‌وڵی ئه‌وه‌ی نه‌دابێت كه‌ زه‌فه‌ربه‌و ئومنییه‌ و خواستانه‌ نه‌هێنێت)52الحج). كه‌ گه‌وره‌ترین ئومنییه‌ی هه‌ر پێغه‌مبه‌رێك و هه‌ر سه‌ر گه‌وره‌یه‌ك، ئه‌وخه‌ڵكه‌یه‌، كه‌ ئه‌وان بانگیان ده‌كه‌ن، بۆ برِواهێنان و شوێن كه‌وتنیان و له‌ هه‌موو شت ناخۆشتریش به‌لای هه‌ریه‌كێكیانه‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شه‌یتان یه‌كگرتووییه‌كه‌یان تێك بدات و زه‌فه‌ریان پێ بێنێت و َیاندووبه‌ره‌كێیان له‌ناودا بنێته‌وه‌، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌و په‌ژاره‌یه‌ی پێغه‌مبه‌رانیش له‌دۆستییانه‌وه‌ بۆ خه‌لك هه‌ڵده‌قوڵێ، نه‌وه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌بێت ئه‌وان به‌ته‌نگ ئه‌وه‌وه‌ بێن كه‌ ئه‌گه‌ر لێیان دوور كه‌وتنه‌وه‌، تووشی زیانی ماددی ببن و زه‌ره‌ر به‌كه‌سایه‌تییان بگات!.

هه‌ندێك له‌ ده‌رسه‌كانی ئه‌ورِووداوه‌

ئه‌و رِووداوی چوونی موسایه‌(س)بۆ كێوی توور و فریودانی خه‌ڵكه‌ كه‌ له‌ دوای ئه‌و له‌لایه‌ن سامیرییه‌وه‌، وه‌ك هه‌ر باسێكی دیكه‌ی قورئان پرِیه‌تی له‌ چه‌ندین وانه‌ی گه‌وره‌، كه‌ من لێره‌دا ئاماژه‌ بۆچه‌ند خاڵێكیان ده‌كه‌م:

یه‌كه‌م: موسا(س)له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوایه‌ و به‌فه‌رمانی ئه‌ویش گه‌شته‌كه‌ی ده‌ست پێكردووه‌ و خه‌ڵكی برِواداریش به‌جێ ده‌هێڵێت له‌ دوای خۆی، كه‌چی ده‌بینین له‌ هه‌ندێك له‌ شوێنكه‌وتووه‌كانییه‌وه‌، رووبه‌رِووی ئه‌وكاره‌ساته‌ قورسه‌ ده‌بێته‌وه‌، كه‌ دۆرِاندنی رێبازی یه‌كخواناسی و كه‌وتنه‌ شوێن درۆ و ده‌له‌سه‌ی كابرایه‌كی ده‌ست برِه‌ و ده‌كه‌ونه‌ هاوه‌ڵ بۆخوا په‌یداكردن!، ئه‌وه‌ش له‌ولاوه‌ بوه‌ستێ كه‌ چۆن ده‌كه‌ونه‌ نێو گێژاوی بێ وه‌فایی به‌رامبه‌ر ئه‌وهه‌مووخزمه‌ته‌ی موسا(س)به‌وان و به‌كێشه‌ ره‌واكه‌یان، كه‌ رزگاربوونه‌ له‌ ده‌ست قیبتییه‌كان و ئه‌و هه‌موو ماندووبوونه‌ی كه‌ له‌ پێناوی رزگار كردنیان له‌ ده‌ست گه‌وره‌ترین سته‌مكاری ئه‌وسه‌رده‌مه‌ فه‌رامۆش ده‌كه‌ن!، كه‌ ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی گه‌وره‌ و گرانه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌ هه‌موو سه‌رگه‌وره‌یه‌ك ده‌بێ چاوه‌رِوانی ئه‌وه‌بكات له‌ دوای دوور كه‌وتنه‌وه‌ی بۆماوه‌یه‌كی كاتی، كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌، له‌ دوای ئه‌و به‌ یه‌ك دڵی نه‌مابنه‌وه‌ و رووبه‌رِوی لێك دابرِانیان ببێت!، به‌لاَم گرنگ ئه‌وه‌یه‌، له‌ ئاكامدا هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵكی خۆین و ده‌بێ به‌نه‌رمییه‌كه‌ی موسایان له‌گه‌ڵ بكات(س)و گوێ بۆ ئه‌گه‌ر و رایه‌كانیان بگرێت.

دووه‌م: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ موسا(س)به‌وكاره‌ی سامیری وخه‌ڵكه‌كه‌، زیز ده‌بێت، ده‌بینین نایگه‌ێنێته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ لێیان توورِه‌ ببێت، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی له‌ هاروونی برای(س) و خزمه‌ نزیكه‌كانی خۆی توورِه‌ده‌بێ و گازنده‌یان لێده‌كات!، كه‌ باشترین به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌ له‌كاتی ئه‌وها ناخۆش و په‌ژاره‌یشدا، ده‌بێ مرۆڤ زیاتر پلانی وا دابرِێژێت، كه‌ لاده‌ره‌كان بێنێته‌وه‌ نێو بازنه‌كه‌ی خۆی و گیانی لێبوورده‌یی زاڵبێت به‌سه‌ر ئه‌تواره‌كانیدا، گه‌رچی موسا(س)وای لێهات ئه‌وپارچه‌ ته‌ختانه‌ی په‌یامه‌كه‌ی ئه‌وی تێدا نووسرابووه‌، له‌ عه‌ردی بدات.

سێیه‌م: كه‌ موسا(س)به‌وحاڵه‌وه‌ گوێ بۆ براكه‌ی رائه‌دێرێت تێده‌گات ئه‌ویش تائه‌ندازه‌یه‌ك هه‌قیه‌تی كه‌ به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ك ئه‌وه‌ ببێته‌ هۆكاری زیاتر په‌رت په‌رت بوون و لێكدابرِانی خه‌ڵكه‌كه‌، كێشه‌كه‌ی گه‌وره‌نه‌كردووه‌، كه‌ لێره‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت له‌ومه‌سه‌له‌دا گرنگ ئه‌وه‌بوو كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ یه‌كگرتوویی بمێننه‌وه‌، بۆیه‌كه‌ بۆچوونی هاروون وابوو(س)ئه‌گه‌ر لێیان زیز ببوایه‌ له‌ولایه‌نه‌وه‌ زه‌ره‌ریان ده‌كرد، گه‌رچی خودی زیانه‌كه‌ له‌وه‌دا كه‌وت كه‌ شه‌یتان زه‌فه‌ری پێ هێنان، به‌لاَم كه‌ ئه‌و وه‌لاَمه‌ عه‌قڵییه‌ی كاكی ده‌داته‌وه‌، ده‌بینین موسا(س)داده‌مركێته‌وه‌!، كه‌ پێم وایه‌ ئه‌مه‌ باشترین ده‌رسه‌ بۆ موسڵمانان كه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وه‌نده‌ ته‌ماشای دووربكه‌ن، گه‌رهات و كه‌سانێك ویستیان به‌ دابرِان له‌ كۆرِ و كۆمه‌ڵ وخۆجیاكردنه‌وه‌ سه‌رده‌رخه‌ن، ئامۆژگاری خێر بكرێن و هێند مه‌سه‌له‌كه‌یان گه‌وره‌نه‌كرێت، كه‌ چێژ له‌و خواسته‌ببینن، به‌ڵكو وه‌ك كارێكی ئاسایی سه‌یر بكرێن، به‌لاَم ده‌بێ ئه‌وانه‌بزانن، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌و دیو كاره‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌ستێكی دوور هه‌بێت و دژایه‌تی كردنی دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌یان بێت، ئه‌مرِۆ، یان سبه‌ی ده‌بێ بۆخۆیان داوای لێبووردن له‌ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی خۆیان بكه‌ن، ده‌مێك ساڵه‌ پێشینانیشمان فه‌رموویانه‌: (هه‌ركه‌سێك بكات بێگانه‌ په‌رستی ئاخری دێنێ رۆژێ نوشوستی).

چواره‌م: ئه‌وكاته‌ی كه‌ موسا(س)به‌وتوورِه‌ییه‌ دێته‌وه‌ و ئه‌و واقیعه‌تاڵه‌ ده‌بینێت، یه‌كه‌م كه‌س روو له‌سه‌ری ماره‌كه‌ ناكات، به‌ڵكو لێپێچانه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ شوێنكه‌وتووه‌كانی و هاروونی برای ته‌واو ده‌كات، كه‌ پێغه‌مبه‌ریشه‌، ئه‌مجاردێت بواری ئه‌وه‌ ده‌دات، به‌ سامیری كه‌ ته‌عبیر له‌ ناخی خۆی بداته‌وه‌ و هۆكاره‌كانی لای ئه‌و گرنگن و به‌لای ئه‌وه‌وه‌ بایی ئه‌وه‌ن، كه‌ ئه‌و هه‌ڵسێ به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌وكاره‌، گوێ پێ ده‌دات و ده‌بینین سامیری ده‌ڵێ: (ئه‌وشتانه‌ی ئه‌وان ده‌ركیان پێنه‌كرد، من هه‌ستم پێكرد و به‌دیم كرد و دیتم به‌رژه‌وه‌ندی له‌و كاره‌دایه‌!)، ببینن كۆمه‌ڵێك تاوان ئه‌نجام ده‌دات:

ڕ: په‌رت كردنی خه‌ڵك.

ب: پاره‌ لێسه‌ندنیان.

ج: به‌كارهێنانی پاره‌كانیان بۆمه‌رامێكی به‌دی تایبه‌تی و تێر كردنی حه‌زێكی گه‌وره‌یه‌تی.

د: سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه‌یش دوورخستنه‌وه‌یان له‌ عه‌قیده‌ی یه‌كخواناسی.

كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ڵگه‌ی گه‌وره‌ و گرانن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رگیز هیچ كه‌س وه‌ك كورد ده‌ڵێ: (به‌دۆی خۆی ناڵێ ترشه‌) له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌یشدا، موسا(س)پێی ده‌ڵێ: (برِۆ كه‌س لێت نزیك نابێته‌وه‌ و پێی ده‌ڵێ: برِۆ ئازادبه‌!).

ئه‌مه‌ بۆ؟

چونكه‌ موسایه‌ك(س)كه‌ خاوه‌نی په‌یامێكی ئاسمانییه‌ و خاوه‌نی هه‌قی موتڵه‌قه‌، ده‌زانێت ئه‌و پۆخڵه‌واتانه‌ی ئه‌و سامیرییه‌ لافی پێوه‌ لێده‌دات زۆر ته‌مه‌نی كورته‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ راستییه‌كان ده‌زانن و بۆخۆیان سه‌رپشكن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیاندا.

له‌ دوای ئه‌م وانه‌ گرنگانه‌ له‌ ژیانی موسا(س)پێم خۆشه‌ ئاورِێك له‌ چمكی به‌رسیارێتی بده‌مه‌وه‌ له‌ روانگه‌ی قورِئانی پرِله‌به‌خششه‌وه‌.

به‌رپرسیارێتی كارێكی سه‌ختی دوولایه‌نه‌یه‌

ئه‌وكاته‌ی باسه‌كانی قورئان له‌مه‌رِژیاننامه‌ی هه‌رپێغه‌مبه‌رێك ده‌خوێنینه‌وه‌(س)، كۆمه‌ڵێك وانه‌ی پیرۆزی هه‌میشه‌یی عه‌قیده‌یی و كۆمه‌ڵێك ئه‌حكامی فیقهی و سلووكی سه‌رده‌مییانه‌یان تێدا به‌دی ده‌كه‌ین.

بۆنموونه‌: كه‌ باسی یوسف پێغه‌مبه‌ر(س)ده‌خوێنینه‌وه‌، ده‌بینین له‌به‌رده‌م پاشای میسردا، زۆر به‌رِاشكاوی داوای ئه‌وه‌ ده‌كات ببێته‌ كاربه‌ده‌ستی گه‌وره‌ی ده‌وڵه‌ت و پێی ده‌ڵێت: (بمكه‌ره‌ به‌رپرسی سامان و دارایی و داهاتی ولاَت و بشزانه‌، كه‌ من له‌وكه‌سانه‌ده‌بم، كه‌ به‌ باشی ده‌یپارێزم و ئاگام له‌ شێوازی خه‌رج كردنی ده‌بێت)55یوسف).

دواجاریش به‌تاقی كردنه‌وه‌ ده‌یسه‌لمێنێ، كه‌ به‌راستی كورِی ئه‌و قۆناغه‌ و شۆرِه‌ سواری گۆرِه‌پانه‌كه‌ ده‌رده‌چێت و ولاَت له‌ گه‌وره‌ترین ئه‌زمه‌ی ئابووری و قه‌یرانی سه‌خت و ساڵی قات و قرِی و نه‌هامه‌تی رزگارده‌كات، به‌ هه‌مان پێوه‌ر، كه‌ دێینه‌ خزمه‌ت ده‌قی فه‌رمووده‌ كانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)ده‌بینین، زۆر به‌توندی و گازنده‌وه‌ له‌وكه‌سانه‌ ده‌رِوانێت، كه‌ بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ببنه‌ به‌رپرسی ولاَت و ئیماره‌ت وه‌ربگرن و ته‌نانه‌ت پێیان ده‌ڵێ: (ئێوه‌ له‌ نه‌زانینتانه‌وه‌ زۆر مكورِی له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ده‌سه‌لاَت ده‌كه‌ن و ئاگایشتان له‌وه‌نده‌ی نییه‌، كه‌ له‌ رۆژی دواییدا بۆتان ده‌بێته‌ سه‌رشۆرِی و نه‌هامه‌تی و په‌شێمانی و شه‌رمه‌زاری).

كه‌ قورئانیش باسی ئه‌مانه‌تمان بۆ ده‌كات، ده‌بینین پێمان ده‌فه‌رموێت: (ئێمه‌ ئه‌مانه‌تمان خسته‌به‌رده‌م ئاسمانه‌كان و زه‌وی و چیاكانه‌وه‌، ئه‌وان ئاماده‌ نه‌بوون بچنه‌ ژێر بارییه‌وه‌ و لێی ترسان، كه‌چی مرۆڤ خۆی لێ كرده‌ خاوه‌ن و چووه‌ ژێربارییه‌وه‌، به‌رِاستی مرۆڤ زۆر بێ ئاگابوو به‌توانا و ده‌سه‌لاَتی خۆی و سته‌می گه‌وره‌ی له‌ خۆی كرد)72ئه‌حزاب).

ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ ده‌قه‌، له‌ رووی شێواز و رواڵه‌ته‌وه‌، به‌گژ یه‌كدا چوونیان تێدا به‌دی ده‌كرێت!، چونكه‌ له‌لایه‌ك به‌ باشه‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌كات داوای به‌رپرسیارێتی ده‌كا و له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ سه‌ركۆنه‌ی ده‌كات، كه‌ زانایان له‌ ئاكامی تێگه‌یشتن له‌ هه‌ردوو جۆری ده‌قه‌كاندا، پێمان ده‌فه‌رموون: ئه‌وكاته‌ی مرۆڤ له‌ خۆی رابینی ده‌توانێت خزمه‌ت بكات، واجبه‌ هه‌وڵی بۆبدات، تا ولاَت له‌ باری ناله‌بار رزگاربكات، ئه‌وكاتیش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بوو، حه‌رامه‌، به‌مانا كه‌ وایزانی بۆ ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ به‌رپرس، تا خۆی پێ بگه‌ێنێت و خزمه‌كانی زه‌نگین بكا و ئاسمان به‌ چاتۆڵ بزانێت و وابزانێ كه‌س مافی ئه‌وه‌ی نه‌بێ پێی بڵێ: ئه‌رێ له‌ كوێت بوو، ئه‌وه‌ له‌ كاتی وادا به‌رپرسیارێتی، گوناهی گه‌وره‌یه‌ و كاره‌ساته‌ و جێگه‌ی ئه‌وه‌یه‌، هه‌موولایه‌ك به‌خۆ بكه‌وێت، بۆ هه‌وڵی چاره‌سه‌ر و وه‌بیر هێنانه‌وه‌، به‌لاَم نه‌ك به‌رِێگه‌ی توندوتیژی ودروست كردنی باری نائارام.

له‌ خۆ رازی بوون و خۆ دانه‌ به‌رچاو

ئه‌گه‌ر گه‌وره‌ ده‌سته‌لاَتدار له‌به‌ر سه‌رقاڵی بوونی به‌كار و باری خه‌ڵكییه‌وه‌، له‌ هه‌ندێك شت بێ ئاگابوو، پێویست به‌وه‌ده‌كات، خه‌ڵكی شایانی وه‌بیر بهێنرێته‌وه‌، با ئه‌وكه‌سه‌ خۆیشی ده‌ست نیشان نه‌كات، چونكه‌ له‌ هه‌مان سوره‌تی یوسفدا باسی ئه‌وه‌مان بۆده‌كات، كه‌ یوسفی پیاو خوا، گه‌رچی پێغه‌مبه‌ریش بوو، دوای ئه‌وه‌ی زانی جه‌نابی پاشا، له‌به‌ر سه‌رقاڵی بوونی به‌كار و باری ده‌وڵه‌ت و ئابڵووقه‌دانی له‌لایه‌ن هه‌ندێك كه‌سه‌وه‌، ئه‌وی له‌ بیرنه‌ماوه‌، ناچاربوو، ته‌شه‌بوس به‌ پیاوێكی مه‌حره‌می نێو ماڵیان بكا و پێی بڵێ: منی بێنه‌ره‌وه‌ بیر و له‌ دیوانیدا ناوم بێنه‌، زانایان ئه‌مه‌یش ده‌كه‌نه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ بۆ ئه‌وكه‌سانه‌ی ده‌توانن كاری پیرۆز ئه‌نجام بده‌ن و له‌ بیر ده‌كرێن كه‌ بۆیان هه‌یه‌ خۆیان وه‌بیر بێننه‌وه‌، چونكه‌ پاراستنی به‌رژه‌وندی گشتی له‌ نه‌ خواستنی ئه‌وداوایه‌، گه‌وره‌تره‌ له‌لای خوا.

دواوشه‌: بابه‌ته‌كه‌م به‌بیر هێنانه‌وه‌ی چه‌ند ده‌قێك كۆتایی پێ دێنم و ده‌یخه‌مه‌ به‌ردیدی ئێوه‌ی به‌رِێز:

ڕ: خوای گه‌وره‌ومیهره‌بان له‌ ئایه‌تی دووی سوره‌تی مائیده‌دا پێمان ده‌فه‌رموێت: (ئه‌ی گرۆی برِواداران: (با دژایه‌تی و توورِه‌ییتان له‌ هیچ خه‌ڵكانێك كه‌ له‌ مزگه‌وته‌كه‌ی نێو حه‌ره‌می مه‌ككه‌ ئێوه‌یان وه‌ده‌رناوه‌ و ده‌ریان په‌رِاندوون، واتان، لێنه‌كات سته‌مبكه‌ن، به‌ڵكو پێك بێن له‌سه‌ر كاری باش و یارمه‌تی یه‌كتر، خۆتان بپارێزن له‌ یارمه‌تیدان له‌سه‌ر كاری خراپ و له‌ خوا بترسن و بزانن كه‌ خوای گه‌وره‌ تۆڵه‌ی سه‌ختی له‌لایه‌).

ب: هه‌روه‌ها له‌ ئایه‌تی هه‌شتی هه‌مان سوره‌تدا، ده‌فه‌رموێت: (ئه‌ی گرۆی برِواداران له‌گه‌ڵ راستی و هه‌ق بن و بۆخوا شایه‌تی به‌راستی و به‌ دادپه‌روه‌ری بده‌ن، با رِقبوونه‌وه‌تان له‌ هیچ كه‌س، واتان لێنه‌كات، كه‌ دادپه‌روه‌ر نه‌بن، دادپه‌روه‌ربن و ئه‌وه‌زیاتر له‌ خوا نزدیكتان ده‌خاته‌وه‌، ئاگاداربن كه‌ خوا ئاگای له‌ هه‌موو شتێكتانه‌).

ج: له‌ به‌شێك له‌ ئایه‌تی 90 ی سوره‌تی ئه‌لنه‌حلدا، ده‌فه‌رموێت: (په‌روه‌ردگارتان فه‌رمانتان پێده‌دات كه‌ هه‌م دادپه‌روه‌ر و هه‌م چاك بن) وشه‌ی ئیحسانیش كه‌ له‌ نێو ئایه‌ته‌كه‌دا هاتووه‌، به‌ مانا، چاكه‌كردن له‌به‌رامبه‌ر كه‌سێك كه‌ خراپه‌ی له‌گه‌ڵ كردبیت.

د: پێغه‌مبه‌ریش(د.خ)، ده‌فه‌رموێت: (ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌دادپه‌روه‌رییانه‌ حوكم ده‌كه‌ن له‌ ناوخه‌ڵكیدا، له‌ لای خوا له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك دووانگه‌ی(نوور)ده‌بن له‌ رۆژی دواییدا). بنوارِه‌ ێه‌حیحی موسلیم، فه‌رمووده‌ی ژماره‌(665لای ئیمامی نه‌وه‌وی له‌ كتێبی ریازولسالحین دا).

هـ: هه‌روه‌ها له‌ ئایه‌تی 143ی سوره‌تی به‌قه‌ره‌دا، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (خوای په‌ره‌ردگار، ئێوه‌ی كردووه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی مامناوه‌ندی و میانرِه‌و، تاببنه‌ گه‌واه به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی تره‌وه‌ و پێغه‌مبه‌ریش(د.خ)، گه‌واه بێت به‌سه‌رئێوه‌وه‌).

و: پێغه‌مبه‌ریش(د.خ) ده‌فه‌رموێت: (ئه‌وكه‌سه‌ی كه‌ خۆشت ویست به‌ هێدی هێدی و نه‌رمی و میانرِه‌وی خۆشت بوێ، نه‌وه‌ك رۆژێك دابێت، رقت لێی بێته‌وه‌ و ببێته‌ ناحه‌زت. ئه‌وكه‌سه‌ی كه‌ قینت لێی ده‌بێته‌وه‌، به‌هیواشی و هێدی هێدی و میانرِه‌وییبه‌ له‌ گه‌ڵیدا، له‌وانه‌یه‌ رۆژێك بێته‌ پێش ببێته‌ خۆشه‌ویستت) ێه‌حیحولئه‌ده‌ب ئه‌لموفره‌دی ئیمامی بوخاری فه‌رمووده‌ی ژماره‌ 992).

ز: له‌شوێنێكی تردا ده‌فه‌رموێت: (خۆشه‌ویستیت بۆ هیچ كه‌س به‌شێوازێك نه‌بێت كه‌ بگاته‌ ئه‌ندازه‌ی بۆتواندنه‌وه‌ و سنوور به‌زاندن. رق بوونه‌وه‌یشت له‌كه‌س نه‌گاته‌ ئه‌وسنووره‌ی كه‌ حه‌ز به‌له‌ناوچوونی بكه‌یت، به‌مانا، ئه‌توارت وه‌ك منداڵ نه‌بێت زوخۆشه‌ویستی ببه‌خشی و زوویش بێزار ببیت) ێه‌حیحولئه‌ده‌ب ئه‌لموفره‌دی ئیمامی بوخاری فه‌رمووده‌ی ژماره‌ 993).

ح: (عه‌وفی كورِی مالیك ده‌فه‌رموێت: گوێم له‌ پێغه‌مبه‌ربوو(د.خ)، ده‌یفه‌رموو: باشترین میر و گه‌وره‌ی ئێوه‌، ئه‌و میرانه‌تانن كه‌ ئێوه‌ ئه‌وانتان خۆش ده‌ وێت و ئه‌وانیش ئێوه‌یان خۆش ده‌وێت، ئه‌ومیرانه‌ی كه‌ ئێوه‌ دوعای خێریان بۆده‌كه‌ن و ئه‌وانیش دوعای خێرتان بۆده‌كه‌ن، خراپترین میر و گه‌وره‌ی ئێوه‌یش ئه‌وانه‌ن كه‌ ئێوه‌ رقتان لێیانه‌ و ئه‌وانیش رقیان له‌ ئێوه‌یه‌، ئه‌ومیرانه‌ی كه‌ ئێوه‌ نه‌فرینیان لێده‌كه‌ن و ئه‌وانیش نه‌فرینتان لێده‌كه‌ن، عه‌وف ده‌فه‌رموێت: لێره‌دا عه‌رزم كرد: ده‌ی كه‌ حاڵیان وابوو رقیان له‌ئێمه‌ بوو ئێمه‌یش رقمان له‌وانبوو، ئه‌وان نه‌فرینیان له‌ئێمه‌ده‌كرد و ئێمه‌یش نه‌فرینمان له‌وان ده‌كرد، بۆداماڵینی ده‌سه‌لاَت لێیان، له‌دژیان چه‌ك هه‌ڵنه‌گرین و ململانێیان بكه‌ین؟ پێغه‌مبه‌ریش، (د.خ) فه‌رمووی: نا، مادام له‌ناوتاندا نوێژ بكه‌ن و رێگه‌ له‌ نوێژكردن نه‌گرن: نا مادام له‌ناوتاندا نوێژ بكه‌ن و رێگه‌ له‌نوێژكردن نه‌گرن، خۆئه‌گه‌ر ئه‌توارێكیان نوواند كه‌ ئێوه‌ به‌دڵتان نه‌بوو، له‌دڵدا ئیشه‌كه‌یان ببوغزێنن، به‌لاَم شه‌رِ و ململانێیان له‌گه‌ڵمه‌كه‌ن). بنوارِه‌ (مختصرصحیح مسلم، كتاب الإمارة باب وجوب طاعة‌ الأمراءرقمه1228).

هیوام وایه‌ هه‌موولایه‌كمان به‌تێگه‌یشتنی یارانی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌(د.خ)مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌قه‌ پیرۆزانه‌ بكه‌ین، جا ئه‌وكات ده‌بینینین: كه‌ چۆن گه‌وره‌كانمان گوێشمان لێده‌گرن و داد و چاكه‌یان هه‌موان ده‌گرێته‌وه‌.

په‌راوێزه‌كان:

(1)برِوانه‌ ته‌فسیری ئایه‌ته‌كانی 148تا154له‌سوره‌تی ئه‌عرافدا، هه‌روه‌ها ئایه‌ته‌كانی 83تا98له‌سوره‌تی تاها.