زانایانی بواری فیقهی ئیسلامی بە شێوەیەکی گشتی پلە بەندیان بۆ زانایانی ئەم بوارە داناوە بۆ ئەوەی کاری فەتواو دەرهێنانی حوکمی شەرعی وئیجتیهاد لە مەسەلە نوێ یەکان لەسەر بنەما شەرعی وزانستیە رەسەنەکان بمێنێتەوە ،بۆ ئەو مەبەستەش حەوت پلە دانراوە بەشێوەیەکی گشتی بۆ زانایانی ئەم بوارە بۆ ئەوەی خۆیان بناسن وخەلک پلەیان بزانێ ، وە هیچ کاتێک لە ئایینی ئیسلام وسیستەمی شوێن کەوتوانی بەرەلایی و فەوزا نییە ، منیش لە چەند پەیڤە وەکو نزیک کردنەوەی پوختەی بابەتەکە وبۆ ئاسانکردنی تێگەیشتن تێیدا ،باسی ئەم پلە جوان وبەرزانە دەکەم بەخال بۆ سادەکردنی بابەتەکە وەکو خوارەوە لە هاتووە 1-موجتەهیدی موتلەق وسەربەخۆ : ئەو زانایەیە رێسا وبنەماو ئوسولی سەربەخۆی تایبەتی بەخۆی هەیە بۆ هەلێنجانی حوکمی شەرعی لە قورئان وفەرموودە دا ، ئەوەش وەکو هەر چوار ئیمامی پایەبەرزی هەر چوار مەزهەبی فیقهی ئیسلامی بەرێزان: ( ئیمام ئەبو حەنیفە ،ئیمام مالیکی کوری ئەنەس ، ئیمامی شافعی ، ئیمام ئەحمەدی کوری حەنبەل . 2-موجتەهیدی موتلەقی نا سەربەخۆ : بەو زانا بەرێزانە دەوترێ کە مەرجەکانی موجتەهیدی موتەلقیان تێدا هاتۆتە جێ ، بەلام یاسا و رێسای ئوسولی تایبەت بەخۆی دانەناوە بەلکو پابەندی یاساو بنەماو ریسا ئوسولی وفیقهی یەکانی یەکێک لە چوار ئیمامەکە دەبن کە لەخالی یەکەم باسمان کرد. بۆیە ئەوانە پێیان دەگوترێ موجتەهیدی مەزهەب ،ئەوانەش وەک: 1-ئەبویوسفی قازی و محمد بن حسن الشیبانی و زوفر لە مەزهەبی حەنەفی . 2-وەک ئیبن قاسم وئەشهەب لەمەزهەبی مالیکی . 3-وەک بووەیتی و موزەنی و ربیع المرادی لە مەزهەبی شافعی . 4-وەک ابی بەکر ئەلئەپرم وە ئەبی بەکر المروزی لە مەزهەبی حەنبەلی. ئەمانە هەندێک جار لە هەندێک وردە مەسەلەی فیقهی لە مەزهەبی ئیمامەکەیان لەوانەیە جیاوازبن ، بەلام لە قەواعید و رێساو ئوسولی ئیمامیان دەرناچن . وە بەراستی ئەم دوو پلە بەرزە لە زانستی فیقه وئیجتهاد باوەر ناکەم لەم سەردەمەی خۆمان هەبێت . 3-موجتەهیدی مەسەلە شەرعیەکانی ناو مەزهەب ئەوانە تەنها ئیجتیهاد لەو مەسەلانە دەکەن کە دەقێکی هاتوو لە ئیمامی مەزهەبەکە نەبێت یان لە موجتەهیدانی موتەلەقی ناسەربەخۆی مەزهەب. ئەوانە پێیان دەگوترێ موجتەهیدی مەسائیل یان ئەسحاب الوجوه ، ئەوانەش وەک : 1-وەک تەحاوی وسەرەخسی وخەسساف وحەلوانی لە مەزهەبی حەنەفی . 2-ئیبن زەیدی قەیرەوانی لە مەزهبی مالیکی . 3-وەک ئەبو ئیسحاقی شیرازی لە مەزهەبی شافعی . 4-وەک قازی ئەبو یەعلا لە مەزهەبی حەنبەلی . 4-موجتەهیدی تەرجیح : ئەو زانایە یە دەتوانێ رایەک لەسەر رایەکی تر تەرجیج بکات ، جا لە نێوان رای ئیمامی مەزهەبەکەی لەگەل ئیمامێکی تر ، یان لەنێوان فەرموودەی ئیمامەکەی وراوبۆچوونی قوتابیانی ئیمام ، ئەوانەش وەک: 1-قدوری خاوەنی مەتنی قەدوری و میرغیانی خاوەنی پەرتوکی الهدایە لە مەزهەبی حەنەفی. 2-وەک خەلیل خاوەنی موختەسەر لە مەزهەبی مالیکی . 3-وەک رافعی و نەوەوی خاوەنی مینهاج التالبین لە مەزهەبی شافعی . 4-وەک مرداوی لە مەزهەبی حەنبەلی . 5-موجتەهیدی فەتوا :ئەوانەش ئەو زانایانەن ئاگاداری تەواوی مەزهەبی خۆیانن ،وە هەموو مەسەلەکانی مەزهەبیان لە بەهێز ولاواز لا روون وئاشکرایە وە شارەزای بەلگەکانی مەزهەبن ،ئەوانەش وەک پێیان دەوترێ متاخرین خاوەنی مەتنەکانی کۆتایی مەزهەبن وەک رافعی ونەوەوی لە مەزهەبی شافعی . 6-موقەلید وشوێن کەوتووی مەزهەب :ئەوانەش زانا گەورەکانی کە پەرتوکە متمانە پێکراوی مەزهەبیان شەرح کردووە وەک ابن حجر خاوەنی تحفە المحتاج ورملی خاوەنی النهایە وخطیب خاوەنی مغنی المحتاج . 7-عامی موقەلیدی راستەقینە ئەوە ئەو خەلکەن کە موفتی چۆن فەتوایان بۆبدات پابەند دەبن ، بێ ئەوەی هیچ لەبەلگەو زانستی فیقه وئوسول بزانن. لەکۆتایی دەلێم ئەو هەمووبە ناو زانا وموفتی وموجتەهیدەی ئەم سەردەمە لە کوێ هاتوونە؟؟؟ وة لە کام پلەو مەرتەبەی عیلم و ئيجتهادن ، وة ئاستي شارەزاییان لە زانستەکانی قورئان و ئایاتی ئەحکام ،وە شارەزاییان بە فەرموودەکان و زانستەکانی زمانی عەرەبی چەندە ؟؟ وەشارەزاییان لە زانستی فیقه وئوسول فیقه و مەقاسیدی شەرعی لە چ ئاستێکە ؟؟؟ |