یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   لقی شەقلاوەی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان خولێکی زمان دەکاتەوە    *****    *****   لقی سۆرانی یەکێتی زانایان سمیناری هەفتانەی خۆی ساز دەکات    *****    *****   بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتی زانایان بەشداری کردنەوەی دوو مزگەوت لە قەزای خەبات دەکات    *****    *****   گەورە زاناو کەسایەتی دیاری عیراق دکتۆر شێخ عبدالرزاق ئەلسەعدی سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: وەفاتی زانای ناوداری کوردستانی رۆژهەڵات (مامۆستا مەلا سەید نورەدین واژی) کەلێنێکی گەورەیە بۆ هەموو زانایان    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەرێوە دەچێت    *****    *****   مامۆستا مەلا عبدالله  مصطفى حەمە کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە بەشداری نوێنەری یەکێتی زانایان و دانانی ئاڵای کوردستان کۆنفرانسی جیهانی ئەکادیمیای زانایانی تەسەوف لە ئەستەنبۆڵ بەڕێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لە قەتەر بەشداری پازدەهەمین کۆنگرەی دیالۆکی نێوان ئايینەکان دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا خەیری ئەحمەد رەشید وەک بەرپرسی نوێی لقی شێخانی یەکێتی زانایان هەڵبژێردرا    *****    *****   مامۆستا مەلا عەلی سیامێوەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا جەلال مەلا سالح هەڵەبجەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات   
منقول
به‌رواری دابه‌زاندن: 26/03/2023 : 00:23:48
قه‌باره‌ی فۆنت
نەورۆزو ناوەندە دینی و ئیسلامییەکەی کوردستان

 ئەبوبەکر عەلی

نەوررۆز، مێژوویەكی پڕ ھەورازو نشێو و بەرھەڵستی و ئاوات و خۆزگە بۆ داھاتوو، کردوویەتی بە بەشێکی جوێنەکراوە لە فەرھەنگی کوردەواری و ڕەمز و بۆنەیەکی ناسنامەو ناسیۆنالیزمی کوردی.

بەجۆرێك لە بواری بیرکردنەوەی ئاسایی دەرچووە، بۆتە یەکێ لە ڕاستیەکانی نێو ژیانی کوردستانیان لە مێژووی ھاوچەرخی خۆیانداو ڕەگەکانیشی لەناو خودی کوردستاندا بە ئاماژەی جیاوازەوە بە مێژوودا ڕۆچووە. ھەربۆیە، دژایەتیکردنی یاخود فەرامۆشکردنی وگوێپێنەدانی وناسنامە بەخۆدان لەو ڕوانگەوە، لە ناو تەوژمی ئیسلامییەوە بێت یاخود بەگشتی ناوەندە دینییەکە و بەناوی دینەوە، بەھەڵەو دژ بە بەرژەوەندی باوەڕداران و ناوەندە ئیسلامییەکەی دەزانین.

یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی تەوژمی ئیسلامیی کوردستان ئەوەیە بەشێوازێکی عاقڵانە لەسەر ئاستی داواکارییە نیشتیمانی و نەتەوەییەکاندا، بووە بە  بەشێك لە کێڵگەی ناسیۆنالیزم و نەتەوایەتی کوردستانی بە سەربەخۆیشەوە .لەم ڕووەوە خۆی لە تەوژمی بەرامبەر جیاناکاتەوەو ناسنامەی جیاوازیش بەخۆی نادات، داخوازییە نیشتیمانی و نەتەوەییەکە بەو شتە دەزانێت ھێزو تەوژمەکان بە جیاوازی پاشخانی فیکری و ئایدۆلۆژیانەوە لەسەری کۆك و ھاودەنگ بن. مادام مەسەلەکەش بەو جۆرە بێت، ڕاستر وایە تەوژمی ئیسلامی بە شەبەنگە جیاوازییەکانییەوە لەسەر ئاستی ڕەمز و بۆنە نەتەوایەتیەکانیشدا بەھەمان گیانی داخوازییە نەتەوەییەکان بیربکاتەوە ومامەڵەبکات وبەوەش وێنەکە تەواو بکات، چونکە ڕەمز و بۆنەکان لەوانەش جەژنی نەورۆز، تەواوکەری داواکارییە نەتەوەییەکانن و بێ ئەوان دیمەنەکە کەم و کورت و ناتەواو دەردەچێت. ئەمە جگە لەوەی سێبەر و تەم و مژ دەخاتە سەر ھەڵوێستی لێپرسراوانەی تەوژمی ئیسلامی لەڕووی داواکارییە نەتەوەییەکان و وێنای ھێز و تەوژمێکی لێدەگیرێت کە ئامادە نییە تا ئەوسەر لەگەڵ پرسە نەتەوەیی ونیشتیمانییەکەدا وەك کۆیەکی بەیەکەوە گرێدراوی یەکتر تەواوکەر بڕوات وبچێتە پێش. بەوەش بەشێ لە سیماو کەسێتی مەعنەوی دەشێوێنرێت، لەسۆنگەی بەکارھێنانی دژی وەک کەرەسەی جەنگی دەروونی لەلایەن نەیارە سیاسییەکانی وبەشێ لەناوەندە فیکری ونوخبە کوردییە کەوە.

لەڕاستیشدا بوونی کێشە لەگەڵ نەورۆزدا، بەتایبەتیش بەناوی عەقیدەوە، کە ملدانە بە ڕێبازی سەلەفییەت بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دنیای نوێدا، شایستەی ڕەخنەلێگرتنەو بەبڕوای ئێمەش لەسۆنگەی چەندین خاڵەوە، بیرکردنەوەو تێگەیشتنێکی ھەڵەیە، لەوانەش:

یەکەم/ ڕیشەی مێژوویی نەورۆز ھەرچی بێت، کە زیاد لە بیروڕایەکی لەسەرەو تاکو ئێستاش کوتومت سەرەتای دەرکەوتنی بە نەزانراوی ماوەتەوە، لەئێستادا ھیچ ئاماژەیەکی دینی لەگەڵ خۆیدا ھەڵنەگرتوو، یاخود بڵێین ئەگەر لەبنەڕەتدا گریمانەی ئەوە بکەین، ھەڵگری ئاماژەی دینیش بووبێت، کەھەرچی لەو بارەوە وتراوە لە ڕا تێناپەرێت و ناگات بە ڕاستی مێژوویی، لەئێستادا لێیداشۆراوەو ئاماژەی نوێی پەیدا کردووە، بەتایبەتیش لەناو کورد وگێڕانەوە کوردییەکەی نەورۆزدا. ئەو ملیۆنان کوردەی بەو بۆنەوە ئاھەنگ دەگێڕن لە ڕوانگەی بیرکردنەوەیەکی دینیی جیاواز لە ئیسلامەوە ئەوە ناکەن  .شتی لەو جۆرە ھەر بە خەیاڵیشیاندا ڕەت نابێت. بەڵگە ھێنانەوەش بە ئاگرکردنەوە بۆ مەجوسیبوونی قسەیەکی بێمانایە، چونکە ھاوبەشی لەمەسەلەیەکدا ھاوچەشنی ناگەیەنێت وئاگری نەورۆزی ئێستا لەدوورونزیکەوە ھەڵگری ئاماژەی پیرۆزی  دینیی نییە، پرۆسەی موسوڵمانبوونی کورد مێژوویەکی دووروو درێژی بەسەردا تێپەڕیوە. لێرەشەوە ئەم بەرەنجامانەی خوارەوەمان دەستدەکەوێت:

١- بەکارھێنانی وشەی جەژن بۆ نەورۆز ھیچ کێشەیەکی شەرعیمان بۆ ناھێنێتە پێش، بەحوکمی ئەوەی بەکارھێناکە مەجازییە نەك دینی و پەیوەندی بە زمانی نوێی سیاسییەوە ھەیە کە بۆ نموونە بە ڕۆژی سەربەخۆی وڵاتێکیش دەوترێت جەژنی نیشتیمانی. لێرەوە ھەموو مشت و مڕێ لەم ڕووەوە زیادەو بێبەرھەم و ناپێویستە، چونکە جەژنی دینیی ئێمە وەکو خۆیان بە دیاریکراوی ماونەتەوە.

٢- نەورۆز دەچێتە ڕیزی عورف و چوارچێوەی خووکردارەکانەوە، لەو بوارەشدا، جگە لەوەی شوێنی ھیچ تەوزیفکردنێکی عەقیدەیی بۆ تەحریم تێدا نابێتەوە و ھەرکەس بیکات پێمان وایە خۆی و خەڵکیش بەھەڵەدا دەبات،  بەڵکو ئەو ڕێسا ئوسوڵییە حوکمی دەکات کە دەڵێت (بنەڕەت لە شتەکاندا ڕێگا پێدانە) واتە ھەرشتێك بەڵگەی یەکلاکەرەوە لەسەر حەرامبوونی نەبوو، ڕەواو ڕێگەپێدراوە.

دووەم/ نەورۆز لە گێڕانەوە نەتەوەییە کوردییەکەدا، نەك ھەر دژایەتی لەگەڵ ھیچ بەھاو بنەمایەکی ئیسلامیی باڵادا نییە، بەڵکو لەگەڵ جەوھەری ئەواندا تەباو سازگارە، بەتایبەیتیش لەگەڵ بەھا کانی دادپەروەری و دژایەتی ستەم و خوێنڕێژی و بەڵێنی خودا بۆ سەرخستنی ڕەش و ڕووتە چەوساوەکان بەسەر خوێنڕێژ و ستەم کاراندا. چونکە لە گێڕانەوە کوردییەکەی نەورۆزدا نەورۆز جەژنی سەرکەوتنی کاوەی چەوساوەو چەوساوەکانی ھاوشوێن و سەردەمیەتی بەسەر زوحاکی خوێنمژ و زۆرداردا. کە ھەڵگری ئەو ئاماژەشە چەوساوەکان نابێت لە سەرکەوتن بەسەر چەوسێنەرەکانیاندا نائومێد ببن و پێیان وابێت چەوسانەوە قەدەری دەستلێنەدراوی تاھەتاییانە.

سێیەم/ کاری ئایین بەتایبەتیش لەم ڕۆژگارەدا دروستکردنی نیگەرانی و بێتاقەتی دەروونی و ھەست بە گوناھ نییە بۆ شوێنکەوتووانی، بەتایبەتیش بۆ کەسێك لە ناوەڕۆکی چەمکی ئیسڵاح تێگەیشتبێت و دیدییشی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دنیای نوێدا ئیسڵاحی بێت، نەك فقھی و مێژوویی وشك، ئەرکی بیرمەند و ڕێبەر و ڕێنیشاندەری ئیسلامی و دینیی لەم سەردەمەدا، سنوردارکردنی بازنەی موباح و زۆرکردنی ھێڵی سوور و بێبەشکردنی باوەڕداران نییە لە چێژە ڕەواکان و ژیانکردن وەك ھەر مرۆڤێكی ئاسایی، بەڵکو چەند شتێکی ترە لەوانەش:

١- سازگارکردنی پەیوەندی باوەڕدار بە ژیان و دنیای نوێوە لەپاڵ پارێزگاریکردن لە جەوھەر و ناسنامەی موسوڵمانێتی خۆی و شانازی پێوەکردنی.

٢- پوختترو تەھزیبکردنی چێژبینین و خۆشی وەرگرتنەکان لە ژیان و جوانییەکان.

بەم جۆرە ڕوونبوویەوە، کە نەورۆز بەتایبەتیش لە گێڕانەوە کوردییەکەیدا، ھیچ دژایەتیەکی لەگەڵ بەھاو بنەما ئیسلامییەکاندا نییە. بۆیە بەکێشەکردنی لەناو کۆمەڵگەدا بەناوی دینەوە، وا لەخەڵکە موسوڵمانەکە دەکات، چێژ لە بۆنەکە وەرنەگرن لەکاتێکدا زۆربەیان دەردەچنە دەرەوەو مامەڵەی بۆنە لەگەڵ نەورۆزدا دەکەن. لە ڕووە سیاسییەکەشەوە، بەزیان بۆسەر ئیسلامییەکان دەشکێتەوە، بوونی ھەر سەرنج و تێبینییەکی دینیش لەسەر جۆری ئاھەنگ و ھەندێ ڕەفتار و پەیوەندی ھەبێت، تایبەت نین بە نەورۆزەوەو بەگشتی لەسەر ئاستی کۆی ژیان و بۆنەو بەیەکەوە بوونەکان و بەدرێژایی ساڵ و پەیوەندی دوو ڕەگەزەکە وەك یەکە.

 بۆیە ھیوادارم ئەم  وتارو سەرنج ڕاکێشانە سنوورێك بۆ سەرقاڵبوون و بەکێشەکردنی نەورۆزو بۆنەو دیاردە ھاوشێوەکانی لەناوبەشێ لەناوەندە ئیسلامییەکەی کوردستاندا دابنێت، چونکە تەوژم وفیکرێك نەورۆز بکات بەکێشەو بیپێچێت بە عەقیدەوە چاوەڕێی ئەوەی لێناکرێت  توانای لەخۆگرتنی ئاڵۆزییەکانی سەردەمی ھەبێت.