ئەمرۆ 10ی1ی2025 بە ئامادەبوونی بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و بەرێز تەیب زرار شێروانی بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پارێزگای هەولێرو م. نەبەز ئیسماعیل بەڕێوەبەری ئەوقافی ناوەندیی هەولێرو د. پشتیوان سرێشمەیی بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران و شێخانی تەریقەت و مامۆستایانی ئایینی و خەڵکێکی زۆر، لە مزگەوتی حاجی ئەحمەد یاسین (مەلا عەبدوڵڵا) ڕێوڕەسمی پێدانی بڕوانامەی مەلایەتی بە سێ فەقێی (حوجرەی شێخ حەسەن خەیلانی) بەناوەكانی (مەلا عەبدوڵڵا هیوا زەنگەنە و مەلا سەعد عەدنان سوورچی و مەلا هادی محەممەد گرتکی) لەسەر دەستی بەرێز م. مەلا عەبدولڕەحمان سماقەیی بەڕێوەچوو.
دوای پێشکەشکردنی وتاری بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف، سەرۆكی یەكێتیی زانایان وتارێكی پێشكەش كرد و جەختی لە ڕۆڵ و كاریگەریی حوجرە كردەوەو ئاماژەی بە چەند خاڵێکی گرنگ و پەیوەست بە بارودۆخی خوێندنی ئیسلامی بە گشتی و خوێندنی حوجرە بە تایبەتی کرد، هیواشی خواست هەمووان لە خەمی بەزرکدرنەوەی ئاستی زانستی حوجرەو خوێندنی ئیسلامی دابن، بۆ ئەوەی بتواندرێت بە شێوەیەکی باشتر خزمەت بە بواری ئایینی و بەرەو پێشبردنی رێبازی زانستی بکرێت.
شایەنی باسە هەر لەو مەراسیمە وێڕای خوێندنەوەی چەند وتارێکی ترو پارچە قەسیدەو پەخشان، بڕوانامەی زانستی بەسەر هەرسێ ناوبراوان دابەش کرا..