بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەڕێزان
لە مانگی چواری ساڵی ١٩٨٨ سوپای عێراق دەستی کرد بە هێڕشێکی دڕندانە بۆ سەر کوردستانی عێراق بە گشتی و دۆڵی جافایەتی و گەرمیان بەتایبەتی خەڵکێکی زۆری گرت لە دانیشتوانی گوندەکان لە پیاوو ژن و منداڵ و پیرەمێرد، کە بە (182000) هەژمار دەکران، هەموویانی رەوانکردن بۆ ناوەڕاست و باشووری عیراق تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە، هەروەها لە ساڵی 1983 سوپای عێراق هێڕشێکی دڕندانەی کردە سەر عەشیرەتی بارزان، هەموویان نیشتەجێی کۆمەڵگا زۆرەملێکان کردن و، دواتر زیاتر لە (8000) کەسی لە پیاوەکانیان گرت و، تا ئێستاش چارەنووسیان بە تەواوەتی دیار نییە، تەنیا چەند گۆڕێکی بە کۆمەڵیان دۆزراوەتەوە کە تەرمی چەند ئەنفالکراوێکی تێدا بووە.
بەڕێزان
پێشەکی پێویستە ئێمە مانای ئەنفال بزانین ئەوجا دەزانین داخۆ تاوانەکە ئەنفال بوو یان تیرۆر‌و کوردقڕان، چونکە بەعش ناوی لەو تاوانانە نابوو ئەنفال.
سەرەتا وشەی ئەنفال لە زمانی عەرەبیدا جەمعەو کۆی (نەفلە) بۆ چەند مانایەك بەکار دێت:
1/ نەفل واتە: زیادە لەسەر واجب، بۆیە بە نوێژی سووننەت دەڵێن: نەفل.
2/ نەفل بەکار دێت بۆ نەوە.
3/ نەفل بەکار دێت بۆ دەستکەوت (غنیمة)، زانایان کۆکن لەسەر ئەوە کە ئەنفال بریتییە لەو بەخشینانەی کە پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت یان خەلیفەکانی ئیسلام دەیدات بە موجاهیدان زیاتر لە هەقی خۆیان لە دەستکەوتەکان، واتە ئەنفال لە ئیسلامدا هەیەو پیرۆزە، هەروەك خوای گەورە دەفەرمووێت: (يَسَۡٔلُونَكَ عَنِ ٱلۡأَنفَالِۖ قُلِ ٱلۡأَنفَالُ لِلَّهِ وَٱلرَّسُولِۖ ). واتە: (ئه‌ی موحه‌ممه‌د(صلی الله علیه وسلم) پرسیارت لێ ده‌که‌ن سه‌باره‌ت به ده‌ستکه‌وته‌کان(ی جه‌نگی به‌در) تۆش بڵێ: ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه هه‌ر بۆ خوا‌و پێغه‌مبه‌رن(صلی الله علیه وسلم) که‌واته خۆتان بپارێزن و له خوا بترسن وه په‌یوه‌ندی نێوان خۆتان چاك بکه‌نه‌وه و گوێڕایه‌ڵی خوا‌و پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی بن ئه‌گه‌ر ئێوه بڕوادارن). ئەوە مانای ئەنفالە.
بەڵام (إرهاب) واتە تیرۆر بریتییە لە کوشتن و تۆقاندن لە ناو خەڵك بۆ گەیشتن بۆ مەرامەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی یان ئابووری، بۆیە ئەو تاوانەی بەعس دەرهەق کوردانی کرد تیرۆر‌و ئیڕهاب بوو نەك ئەنفال، بۆیە سەدام تەنها کوردی زیندە بەچاڵ نەکردن، بەڵکو ناوی سوورەتەکەشی زیندە بە چاڵ کرد.
چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو تاوانە گەورەیە
بە پیلانێکی دیراسەکراو لەلایەن بە ناو ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی حزبی بەعسی و بە بڕیاری ژمارە (160) لە (29/3/1988) عەلی حەسەن مەجین ناسراو بە عەلی کیمیاوی بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە دڕندانەیە دەستنیشان کرا وەك فەرماندەی گشتی بۆ ئەنفال و قڕکردنی کوردان تەواوی پۆلیس و سوپا‌و هێزی بەرگری میللی و جاشەکان و هێزی تایبەت هەموویان خرانە ژێر دەسەڵاتی عەلی حەسەن مەجید و، ئەم تاوانە ئەنجام درا بە ژمارە، واتە ژمارە (یەك) تا ژمارە (هەشت)، ئەنفالی ژمارە یەك لە گەرمیان دەستی پێ‌کرد، ئەنفالی هەشت لە دهۆك کۆتایی پێ هات، ئەنفالیش فەرقی نەکرد بە پێشمەرگەو هاوڵاتی و پیاوو ژن و منداڵ و پیرەمێردو ئاژەڵ و ماڵ و کەل و پەل و باخچەو هەموو سامانەکان بە گشتی کەوتنە ژێر هەڵمەتی ئەنفال، هەتا جیاوازی نەکرد لە نێوان دۆست و دوژمنی خۆی، بۆ نموونە هاوڵاتییەك کە ناوی عاصی مصطفی أحمد بوو کە خەڵکی چەمچەماڵ بوو، لە شەڕی نێوان عێراق و ئێران بە دیلی گیرا بوو، لە 4/8/1990 لەلایەن ئێران ئازاد کراو گەڕایەوە ماڵی خۆی لە چەمچەماڵ، کە هاتەوە هەوارێکی خاڵی. نە ماڵی، نە منداڵی، نە گوندەکەی نەما بوون، داواکارییەکی پێشکەشی حکومەتی عێراق کرد تا چارەنوسی منداڵەکانی بزانێت، کەچی حکومەتی عێراقی بەم شێوەیە وەلامی دانەوە: (بۆ بەڕێز عاصی مصطفی... ماڵ و منداڵی تۆ نادیارە لە کاتی ئەنفالەکان... ئێمە چارەنووسیان نازانین... سعدون علوان مصلح سەرۆکی دیوانی سەرکردایەتی). لەم وەڵامەدا دەردەکەوێت:
1/ ئەم تاوانە لەلایەن خودی حکومەتەوە ناوی ئەنفالی لێندراوە.
2/ ئەم تاوانە جیاوازی نەکردییە لە نێوان پێشمەرگەو سەربازی خۆی.
3/ لەم وەڵامە دەزاندرێ ئەنفالکراوەکان کەسیان نەماون، چونکە ئەگەر کەس بمابایە خێزانی ئەو پیاوە تەسلیم بە خاوەنەکەی دەکرایەوە.
بەڕێزان
ئەم تاوانە لەمێژوو یەك نموونەی هەیە ئەویش ئەوەی فیرعەون کردی بە خەڵکی مصر، هەروەك خودا دەفەرمووێت: (إِنَّ فِرۡعَوۡنَ عَلَا فِي ٱلۡأَرۡضِ وَجَعَلَ أَهۡلَهَا شِيَعا يَسۡتَضۡعِفُ طَآئِفَة مِّنۡهُمۡ يُذَبِّحُ أَبۡنَآءَهُمۡ وَيَسۡتَحۡيِۦ نِسَآءَهُمۡۚ إِنَّهُۥ كَانَ مِنَ ٱلۡمُفۡسِدِينَ) واتە: به‌ڕاستی فیرعه‌ون به‌رزو زاڵ بوو له‌زه‌وی (میصر) دا وه خه‌ڵکه‌که‌ی (میصری) کرد به‌چه‌ند به‌ش و کۆمه‌ڵێك کۆمه‌ڵێکیانی لاواز‌و ژێر ده‌سته ده‌کرد کوڕانی ئه‌وانی سه‌ر ده‌بڕی و ئافره‌تانیانی به‌زیندویی ده‌هێشته‌وه (ده‌یکردنه خزمه‌تکارو که‌نیزه‌ك) به‌ڕاستی ئه‌و (فیرعه‌ون) له خراپه‌کاران بوو.
هەروەها ئەوەی داعشی ئەمڕۆو کۆنە بەعسییەکانی دوێنێ بەرامبەر بە ئێزدییەکان کردیان هەمان ئەنفالی 1988 بوو، ئەوانەی ئەم تاوانەیان ئەنجام دا هەمان حزب و هەمان فکرەن بەلام بە ناوێکی تر‌و بە بەرگێکی تر.
ئەنفال و شوێنەواری سیاسی
1/ پێویستە لە هەموو دانیشتنەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق باسی ئەنفال بکرێت بۆ ئەوەی لە بیری نەکەن و بزانن کورد چ قوربانییەکی بۆ ئەمڕۆ داوە، هەروەها بۆ ئەوەی بە جینۆساید بناسرێت.
2/ ناوە ناوە یاداشتێك بدرێتە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بابەتی ئەنفال.
3/ هەوڵ بدرێت بۆ ناسینی ئەو ئەفسەرانەی بەشداری ئەنفالیان کردووە لە سوپای عێراق.
4/ دروستکردنی هەیکەلی بیرەوەرییەکانی ئەنفال لە هەموو شارەکانی کوردستان.
5/ ریسواکردن و ئیدانەکردنی بەردەوامی ئەو تاوانە لە هەموو بۆنە ئایینی و نیشتیامانیەکان.
6/ ئەوەی نیگەرانمان دەکات بکەرانی ئەنفال لە کوردستان لە نازو نیعمەتن پلەو پایەی باشیان هەیە کەس و کاری ئەنفالکراوانیش برسی و رووت و بێ دەسەڵاتن.
له كۆتاییدا خۆشه‌ویستان به خه‌مێكی گه‌وره‌و قوڵی ده‌زانین كه ئێستا دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه به‌و هه‌موو ئازاره‌وه یادی رووداوه پڕ تراژیدیاكه‌ی ئه‌نفال ده‌كه‌ینه‌وه، كه‌چی هێشتا ئازاره‌كانی كورد نه‌بڕاون، هه‌روه‌ها تا ئێستاش وه‌كو پێویست په‌ندمان له‌م رووداوه وه‌رنه‌گرتووه، بۆیه ئه‌گه‌ر وه‌كو خه‌ڵك و وه‌كو ده‌سه‌ڵات و حزب و لایه‌نه سیاسیه‌كان ده‌مانه‌وێت وه‌فادار بین به‌رامبه‌ر ئه‌م رووداوه، ئه‌وا ده‌بێ هه‌وڵی ده‌ستپاكی بده‌ین و رێگه بگرین له‌و هۆكارانه‌ی ئه‌م رووداوه‌یان به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌مان هێنا، هه‌روه‌ها واز له‌و ململانێ سه‌قه‌ته‌ی ته‌سكی حزبی و شه‌خسی بهێنین، هه‌موومان هه‌ووڵ بده‌ین ئه‌و گه‌له‌ی چه‌ندین ساڵه له ئازار دایه به‌ره‌و ئاقاری ئارامی ببه‌ین. |