موسڵمانانی بەرێز: خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت: (وَاتَّقُوا فِتْنَةً لَا تُصِيبَنَّ الَّذِينَ ظَلَمُوا مِنْكُمْ خَاصَّةً وَاعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ شَدِيدُ الْعِقَابِ* وَاذْكُرُوا إِذْ أَنْتُمْ قَلِيلٌ مُسْتَضْعَفُونَ فِي الْأَرْضِ تَخَافُونَ أَنْ يَتَخَطَّفَكُمُ النَّاسُ فَآوَاكُمْ وَأَيَّدَكُمْ بِنَصْرِهِ وَرَزَقَكُمْ مِنَ الطَّيِّبَاتِ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ). واتە: (خۆتان لەو سزاو بەدبەختییە بپاریزن کە تەنها ستەمکارەکانتان ناگرێتەوەو ئاسارەکەی خەڵکی تریش ئەگرێتەوە ئیتر لە دوارۆژدا هەر کەس لەسەر نییەتی خۆی لێی دەپرسرێتەوە، زۆر چاك بزانن ؛م خودا سەختگیرە* ئەوە بێننە یادی خۆتان و باسی بکەن کە ئێوە کەم بوون و بێ هێز بوون لە زەویداو، ئەترسان دوژمن بتانفڕێنێ و لە ناوتان بەرێ، لەگەڵ ئەوەش خودا جێگەو رێگەی پێدان و بە یارمەتی خۆی هێزی پێدان و پاکو پوختە رزق و رۆزی پێدان بە هیوای ئەوەی سوپاسی بکەن).
ئەگەر لەو ئایەتە وردبینەوە دەبینین رێك دیمەنی رووداوەکانی کوردستانمان دێنێتەوە بیر، لەو کاتەی دەسەلاتە دیکتاتۆرەکان دەسەڵاتی خۆیان بەسەر دەسەپاندینو، هەوڵیان دەدا لە ناومان بەن، بەڵام خوای گەورە ئەم کوردستانە ئازادەی بە قسمەت کردینو، سەرکەوتووی کردین، لەو چەند ساڵەی رابردوو هەرزانی و فەراحنایی زۆری بەسەردا باراندین، تا ئێمەش شوکرانەی خوا بکەین و، لە ئاست ئەو نیعمەتانە دابین، برایەتی و تەبایی و خواناسیمان زیاد بکەین.
لە سەرەتاوەش خوای گەورە پیشانمان دەدات، کە پێویستە خۆمان بپاریزین لەو فینتە گەورانەی کە ئەگەر هاتن هەموومان دەگریتەوە، لە ئایەتەکە خوای گەورە رووی گفتوگۆی دەکاتە هەموو ئیمانداران لە هەموو کات و شوێنێکدا، مەبەستیش لەو فیتنەیە عەزابو سزاکانی دونیایە وەك نەخۆشی و، تێکچوونی رەوش و، خۆسەپاندنی زاڵم و ستەمکاران و، نەمانی ئاسایش و، چەندان ناخۆشی تری هاوشێوە.
موسڵمانانی بەرێز: ئەگەر دیقەت بدەین خوای گەورە لە ئایەتێکی تردا دەفەرمووێت: (وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَى)، لێرەدا بە روونی پەیامی ئیلاهی پێمان دەڵێت کە کەس گوناهی کەس هەڵناگرێت، کەچی لە ئایەتی سەرەوە فەرمووی فیتنەکە هەمووان دەگرێتەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە ئەگەر موسڵمانان بە ئاشکرا خراپەیان کردو، ئەرکی هەموو ئەوانەیە کە خراپەکە دەبینن بیگۆڕن، ئەگەر لێی بێدەنغ بوون ئەوا هەمووان گوناهبار دەبن، کەسێك بەوەی کارەکەی کردووە، کەسانێکیش بەوەی پێی رازی بوونە، خوای گەورەش ئەوەی بە خراپە رازی بێت وەکو بکەرەکەی داناوە، پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت دەفەرمووێت: (إِنَّ اللهَ لَا يُعَذِّبُ الْعَامَّةَ بِعَمَلِ الْخَاصَّةِ، حَتَّى يَرَوْا الْمُنْكَرَ بَيْنَ ظَهْرَانَيْهِمْ، وَهُمْ قَادِرُونَ عَلَى أَنْ يُنْكِرُوهُ فَلَا يُنْكِرُوهُ، فَإِذَا فَعَلُوا ذَلِكَ، عَذَّبَ اللهُ الْخَاصَّةَ وَالْعَامَّةَ) رواه أحمد. واتە: خوای گەورە عامەتی خەڵك بە کردەوەی کەسێك سزا نادات، تا خراپەیەك لە ناوەخۆیان ببینن و، توانایان هەیە ئینکاری لێ بکەن بەڵام ئینکاری لێ ناکەن، ئەگەر وای لێ هات ئەوا خوای گەورە عامەو خاسە سزا دەدات. بۆیە یەکەمجار پێویستە دەستی تاوانکارو خراپەکار بگیرێت تا تاوانەکە بلاونەبێتەوە، چونکە ئەگەر بلاو بوویەوە ئەوا دەگاتە تۆش هەرچەندە ئێستاش نەگەیشتبێتە تۆ، چونکەی ئەوەی ئەمرۆ تاوان لەگەڵ کەسانێك بکات دواتر لەگەڵ تۆش ئەنجامی دەدات.
ئیماندارانی بەڕێز: ئەو ئایەتەی خوای گەورە فەرمووی: (وَاذْكُرُوا إِذْ أَنْتُمْ قَلِيلٌ مُسْتَضْعَفُونَ فِي الْأَرْضِ تَخَافُونَ أَنْ يَتَخَطَّفَكُمُ النَّاسُ فَآوَاكُمْ وَأَيَّدَكُمْ بِنَصْرِهِ وَرَزَقَكُمْ مِنَ الطَّيِّبَاتِ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ). واتە: (ئەوە بێننە یادی خۆتان و باسی بکەن کە ئێوە کەم بوون و بێ هێز بوون لە زەویداو، ئەترسان دوژمن بتانفڕێنێ و لە ناوتان بەرێ، لەگەڵ ئەوەش خودا جێگەو رێگەی پێدان و بە یارمەتی خۆی هێزی پێدان و پاکو پوختە رزق و رۆزی پێدان بە هیوای ئەوەی سوپاسی بکەن). ئێمەی کوردیش دەگرێتەوە، گەلەکەشمان ئەمرۆ لە نیعمەتی (أَطْعَمَهُمْ مِنْ جُوعٍ وَآمَنَهُمْ مِنْ خَوْفٍ) دووری لە برسیەتی و ئاسایش دایە. بەڵام دەبێ ئێمە پەند لەم رووداوانە وەربگرین وەك خوای گەورە دەفەرمووێت: (ذَلِكَ بِأَنَّ اللَّهَ لَمْ يَكُ مُغَيِّرًا نِعْمَةً أَنْعَمَهَا عَلَى قَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُوا مَا بِأَنْفُسِهِمْ). واتە: (یاسای خودا وەهایە هەر نازو نیعمەتێك کە بیدات بە خەڵکێك لێیان تێك ناداو نەیبرێت تا ئەوان وایان لێ دێ بەخۆیان حاڵی خۆیان ئەگۆڕن و شوکرانەبژێری نیعمەتەکانی خوا ناکەن). ئەم ئایەتە بە روونی پێمان دەفەرمووێت، کە تا بەخۆمان لە خۆمان تێكنەدەین لێمان تێكناچێت، بۆیە با پەند لەو فەرموودەی پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت وەربگرین کە دەکرێ لەم بوارانە زۆر سوودی لێوەربگرین و، تێیدا هانمان دەدات بە چاکی مامەڵە لەگەڵ نیعمەتەکانی خوا بکەین، ئەگەر بە چاکی مامەڵەمان کرد، ئەوا درێژەی دەبێت، ئەگینا لە دەستمان دەچێت، ئەو کاتیش زەحمەتە ئەو نیعمەتانەمان بۆ بگەڕێنەوە، وەك دەفەرمووێت: (أحسنوا جوار نعم الله جل وعلا لا تنفروها فإنه قل ما زالت عن قوم فعادت إليهم). هەروەها خوای گەورە دەفەرمووێت: (لإن شکرتم لأزیدنکم) واتە: ئەگەر شوکرانەبژێر بن ئەوا بێگومان بۆتانی زیاد دەکەم.
ئیماندارانی بەڕێز: گەلی کوردمان ئەم ئازادی و ئەمنو ئاسایش و خۆشگوزەرانیەمان وەدەستهێناوە لە رێگەی خەباتی نەبڕاوەی گەلەکەمان بە پشتیوانی خوای گەورە، کە هەزاران قوربانی بۆ داوە، هەر لە ساڵی رابردووەوە بگرە دەزانی چەندە ئەشکەنجەو ئازارو نەهامەتیمان دیتووە، کاتێك خالکمان داگیر کرا، چەندان شەهیدمان دا، بە ناوی ئیسلام کە ئایینی ئازادی و ئازادکردنی مرۆڤەو دژی کۆیلەکردنە، چەندان ئافرەتی کوردی ئێزدی هەتك کران و کرانە کەنیزەك، بۆیە دەبێ رێ لە دووبارە بوونەوەی ئەم نەهامەتیانە بگرین و، لەسەر هەموو ئەوانەی لە کوردستان دەژین و نیشتەجێنە پێویستە پارێزەرو پاسەوانی ئەم کوردستانە بێتو، ئاسایش و سەقامگیری بپاریزێت و، لە ئێستادا چاوپۆشی بکات لە کەمو کوڕیەکان و نەبوونی عەدالەتی تەواو، چونکە هەر تێکدان و پشێویەكی سیاسی یان ئایینی یان کۆمەڵایەتی یان ئابووری دەبێتە مایەی تێكچوونی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان، تەنها دوژمنانی کوردو کوردستان سوودی لێ دەبینن، ئێمەش لە هەموو روێکەوە زیانمەند دەبین و، لە بەرژەوەندی کۆمەڵگاکەمان نییە، بۆیە با واز بێنین لە دوژمنداری و رقبوونەوەو لێکترازانی یەکتری، ببینە یەك دەست بەرامبەر دوژمنانی ئاین و ئاسایشی نەتەوەیی و، دەرفەت نەدەینە دوژمنانی گەلەکەمان رۆڵی خۆیان ببینن لە تێکدانی کوردستان و، گەڕانەوەی وڵاتەکەمان بۆ خاڵی سفر.
تێبینی:
ئەم وتارە تەنها پێشنیارە بۆ وتاربێژانی بەرێز... ئیدی مامۆستایان خۆیان ئازادن، هەر مامۆستایەکیش بیەوێت بە وتارەکانی هاوکارمان بێت، ئەوا بۆ ئەم ئیمێڵەی بنێرێت (wtar@zanayan.org) بە خۆشحاڵیەوە بڵاوی دەکەینەوە. |