بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
موسڵمانانی بەرێز
مانگی موحەرەم پێش هاتنی ئیسلامیش حورمەت و ریزی لەلای خەڵکەوە هەبوو، چونکە چەندان موعجیزە لەو مانگە روویان داوە بەتایبەتی لە رۆژی عاشوورا، ئە لەو رۆژەدا بوو خوای گەورە تۆبەی ئادەمی قبوڵ کرد، کەشتی نوح لەسەر کێوی جوودی وەستاوە، خوای گەورە ئیدریس پێغەمبەری بۆ ئاسمانەکان بەرز کردەوە، موسای بەسەر فیرعەون سەرخست، ئیبراهیمی لە ئاگر رزگار کرد، یوسف لە زیندان ئازاد کرا، یوسف گەڕاوە لای یوعقوبی باوکی، یونس لە دەمی ماسی رزگاری بوو، ئەیوب شیفای هات، دوعای زەکەریا بۆ پێدانی منداڵ گیرا بوو، ئیمامی حوسێنیش هەر لەم رۆژەدا شەهید کرا، هەر بۆیەش کراوەتە سوننەت کە موسڵمانان رۆژانی نۆیەم و دەیەمی موحەرەم بە رۆژوو بن، کە بە تاسووعاو عاشوورا ناسراون، لە ئیبنو عەباسەوە دەگێڕنەوە دەفەرمووێت: (أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لَمَّا قَدِمَ الْمَدِينَةَ وَجَدَهُمْ يَصُومُونَ يَوْمًا يَعْنِي عَاشُورَاءَ فَقَالُوا هَذَا يَوْمٌ عَظِيمٌ وَهُوَ يَوْمٌ نَجَّى اللَّهُ فِيهِ مُوسَى وَأَغْرَقَ آلَ فِرْعَوْنَ فَصَامَ مُوسَى شُكْرًا لِلَّهِ فَقَالَ : ( أَنَا أَوْلَى بِمُوسَى مِنْهُمْ فَصَامَهُ ، وَأَمَرَ بِصِيَامِهِ ) رواه البخاري. واتە: کاتێك پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم هاتە مەدینە بینی خەڵکەکەی (جولەکەکان) بەرۆژوو دەبن، گووتیان: ئەوە رۆژێکی گەورەیە، چونکە لەم رۆژەدا خوای گەورە موسای رزگار کردو ئالی فیرعەونی خنکاند، جا موسا پێغەمبەر شوکرانەی خوای کردو بە رۆژوو بوو، پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم فەرمووی: ئێمە بۆ موسا شیاوترین لەوان جا بەرۆژوو بوو، فەرمانی رۆژووگرتنیشی کرد). هەروەها ئیبنو عەباس دەفەرمووێت: (فَقَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَإِذَا كَانَ الْعَامُ الْمُقْبِلُ إِنْ شَاءَ اللَّهُ صُمْنَا الْيَوْمَ التَّاسِعَ قَالَ فَلَمْ يَأْتِ الْعَامُ الْمُقْبِلُ حَتَّى تُوُفِّيَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ) رواه مسلم. واتە: پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت فەرمووی: (ئەگەر ساڵی داهاتوو هات إن شاء الله نۆیەمینیش بەرۆژوو دەبین، بەڵام ساڵەکە نەهات پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم وەفاتی کرد.
موسڵمانانی بەڕێز
ئەمساڵ یادی عاشوورا لەگەڵ یادی هیجرەتی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم تێکی کردۆتەوە، کە هەردووکیان پەیامی سەرکەوتن و رزگاربوونن، بۆیە شان بە شانی عاشوورا ئەمرۆ ئومەتی ئیسلامی بە پیرۆزترین یادەکانی تێپەردەبێت، کە گەورەترین کاریگەری هەبوو بەسەر رێڕەوی مێژوو هیدایەتی مرۆڤایەتی و تێکشکانی هێزی خراپەو شەرو نەفامی، ئەویش یادی هیجرەت و کۆچی سەروەرمانە.
ئیمانداران
چۆن یادی عاشوورا کۆمەڵێك دەرسو پەندی تێدایە، بە هەمان شێوە یادی هیجرەتیش پڕە لە وانەی گەورە، بەوەی هەمیشە ئەوانەی بە دوای حەق و راستیدا دەگەڕێن دەبێ چاوەڕوانی فرت و فێڵی دوژمنانی حەق بن، بەڵام دواجار ئەگەر بەراستی هەڵگری پەیامەکە بووین ئەو حەق سەردەکەوێتو فرت و فێڵی خراپەکارانیش پووچ دەبنەوە، وەك خوای گەورە دەربارەی کۆچی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم دەفەرمووێت: ( وَإِذْ يَمْكُرُ بِكَ الَّذِينَ كَفَرُوا لِيُثْبِتُوكَ أَوْ يَقْتُلُوكَ أَوْ يُخْرِجُوكَ وَيَمْكُرُونَ وَيَمْكُرُ اللَّهُ وَاللَّهُ خَيْرُ الْمَاكِرِينَ) سورة الإنفال/ 30. واتە: یادی ئەوە بکەرەوە کە چۆن کافرەکانی قوڕەیش دەستیان دایە فێڵ و حیلە بۆ ئەوەی بریندارت بکەن و لە لە کەڵکی جموجۆڵت بخەن یا حەپست بکەن، هەروەها بۆ ئەوە بتکوژن یا لە مەککە بە زەلیلی دەرت بکەن، ئەوانە حیلەیان کرد بەڵام خودای بە دەسەڵات کاری وەهای کرد لە حیلەکەی ئەوان بەهێزتر بوو، خودا چاکترین راپەڕێنە بۆ پووچەلکردنەوەی فێلی فێڵبازان.
بەڵێ، بەڕێزان دوژمنانی ئەم دینە هەموو هەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی شکست بە کۆچی موسڵمانان بێنن، بۆیە کۆبوونەوە تا پێکەوە پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم بکوژن، بەڵام خوای گەورە پێغەمبەری لە پیلانەکە ئاگادار کردەوەو ئەویش ئیمامی ئەبووبەکری تێگەیاند تا کاتی گەرمای نیوەڕۆ بڕۆن و شوێنەکە بەجێ بێڵن، بەڵام ئایا ئەم پیلان و دوژمندارییە وا دەکات پێغەمبەری خوا هەڵسوکەوتی ناشیاو ئەنجام بدات... نەخێر چونکە ئەو گەورەو سەرداری مرۆڤایەتییە، بۆیە ئیمامی عەلی لە شوێنی خۆی دانا، تا تەواوی ئەو ئەمانەتەی خەڵکی مەککە لەلای ئەویان داناوە بۆ شوێنی خۆی بگێڕێتەوەو بیداتەوە دەست خاوەنەکانیان.
بێگومان ئەوەی لەگەڵ خوای گەورە راست بکات، خوای گەورە دەبێتە پشتیوان و سەری دەخات، بۆیە لەو کاتەی هەر تیرەیەکی عەرەبی مەککە گەنجێکیان لەبەردەم ماڵی پێغەمبەر دانا تا پێکەوە هەڵکوتنە سەری و بیکوژن، بەڵام خوای گەورە ئەوانی بێ ئاگا کردو نەیانتوانی بیبینن، بۆیە یەکسەر لە ماڵەوە هاتە دەرەوەو، ئەو ئایەتەی دەخوێندەوە کە خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَجَعَلْنَا مِنْ بَيْنِ أَيْدِيهِمْ سَدًّا وَمِنْ خَلْفِهِمْ سَدًّا فَأَغْشَيْنَاهُمْ فَهُمْ لَا يُبْصِرُونَ) سورة يس/ 9.
بۆیە یەکسەر خەویان لێکەوت و ئەویش هاتە دەرەوە تا گەیشتە ماڵی ئەبوبەکر پێکەوە رۆیشتن بەرەو لای یەمەن، تا لە خەڵکەکە بشێوێنن، چونکە مرۆڤی موسڵمان دوای پشت بەستن بە خوا، پێویستە رێوشوێنی پێویستیش بگرێتە بەر، هەر لەبەر ئەوە کەس ئاگاداریان نەبوو جگە لە عبد الله ی کوڕی و ئەسمای کچی و شوانەکەیان.
موسڵمانانی بەرێز:
وە نەبێت پێغەمبەرمان پێی خۆش بووبێت وڵات و نیشتیمانی خۆی جێ بێڵێت، بە پێچەوانەوە زۆر پێی دڵ تەنگ بووە هەربۆیە لەو کاتەی لە مەککە دەرچوو ئاوڕێکی دایەوەو فرمشیکی باراندن فەرمووی: (ئەی مەککە تۆ خۆشەویستترین و بەرێزترین شاری بەلامەوە، ئەگەر خەڵکەکەم دەریان نەکردباما نەدەرۆیشتم)، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئاساییە مرۆڤ نیشتیمان و زێدی خۆی خۆش بووێت.
بۆ بەیانییەکەی قورەیشیەکان هاتنە ماڵی ئەبوبەکر، زانیان رۆیشتوونە بۆیە وەدوایان کەوتن تا هاتنە بەر دەرگای ئەشکەوتی ثور کە هەردووکیان لەوێ بوون، کە گەیشتنە بەر دەرگا، ئیمامی ئەبووبەکر ترسا، بەڵام پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم دڵی دایەوە فەرمووی مەترسە خوامان لەگەڵە، خوای گەورە لەو بارەوە دەفەرمووێت: (إِلَّا تَنْصُرُوهُ فَقَدْ نَصَرَهُ اللَّهُ إِذْ أَخْرَجَهُ الَّذِينَ كَفَرُوا ثَانِيَ اثْنَيْنِ إِذْ هُمَا فِي الْغَارِ إِذْ يَقُولُ لِصَاحِبِهِ لَا تَحْزَنْ إِنَّ اللَّهَ مَعَنَا فَأَنْزَلَ اللَّهُ سَكِينَتَهُ عَلَيْهِ وَأَيَّدَهُ بِجُنُودٍ لَمْ تَرَوْهَا وَجَعَلَ كَلِمَةَ الَّذِينَ كَفَرُوا السُّفْلَى وَكَلِمَةُ اللَّهِ هِيَ الْعُلْيَا وَاللَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ) سورة التّوبة/ 40. واتە: ئەگەر ئێوە یارمەتی پێغەمبەر نەدەن مەبەست نییە، چونکە بەراستی خوا فریای کەوت و یارمەتی دا لەو کاتە نالەبارەدا کە کافرەکان لە مەککە دەریان کرد، کە تەنها خۆی و هاوڕێکەی بوون لە ئەشکەوتەکەداو، بە هاوڕێکەی ئەگووت: خەم مەخۆ خودا لەگەڵمان دایە، جا خودا ئارامی و بێ ترسی نازڵ کردە سەر دڵی و، بە سوپایێك یارمەتی دا کە ئێوە نەتان بینی، خوای گەورە قسەی کافرەکانی خستە ژێرەوە، کەلیمەی خوا کە تەوحیدو یەکتاپەرستییە بەرز کردەوە، خوا زاناو کارلەجێیە.
هەر لە دەرگای ئەشکەوتەکەوە کۆترو جاڵجاڵۆکە هێلانەو تەونیان کرد کافرەکان هەر بە تەواوی لێی بێ ئومێد بوون کە لەو ئەشکەوتە نییە، دوای ئەوەی سێ رۆژ لە ناو ئەشکەوتەکە مانەوە بەرێکەوتن بەرەو مەدینە، کە ماوەی حەفت رۆژ بە رێگاوە بوون، لە هەموو ئەو ماوەیەش ئەسما خواردنی بۆ ئامادە دەکردن و شوانەکە بۆی دەبردن و شوێن پێی بزر دەکردن، عبد الله ش دەنگو باسی قورەیشییەکانی بۆ دەهێنانەوە، دوای ئەم ماوەیە لە بەرەبەیانی رۆژی دوو شەمەی ساڵی سێزدەمی پێغهمبهرایهتی بەرامبەر بیست و چواری ئەیلولی ساڵی (622) زایینی گەیشتنە شاری مەدینەو خەڵکەکە بە سروودو دەفلێدانەوە پێشوازییان لێکردن. |