بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
موسڵمانانی بەڕێز:
ئەگەر تەماشای رێنماییەکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بکەین دەبینین لەسەر بنەمای ئاسانکاری دروستکردن بنیات نراون، واتە ئامانج لێیان ئەوەیە رۆحی ئاسانکردن و هاوکاریکردن و لێبووردن و لابردنی مەشەقەت و ناخۆشی و بەزەیی پێداهاتنەوە درووست بووە، بۆیە پێغەمبەری سەروەرمان دروودی خوای لەسەر بێت وەسیەتمان دەکات بەوەی ئاسانکاری لە کارەکانمان بکەین و، خۆمان دووربگرین لەوەی کارەکان لەسەرە خۆمان قورس و گران بکەین، وەك دەفەرمووێت: (يَسِّروا ولاَ تُعسِّروا، وبشِّروا ولا تنفِّروا) رواه البخاري. واتە: ئاسانکاری بکەن و زەحمەتی مەکەن، موژدە بدەن و خەڵك دوور مەخەنەوە. ئا ئەم وەسیەتەی پێغەمبەری خوا وێڕای کەمی وشەکانی، بەڵام بە قاعیدەو بناغەیەکی گەورە دادەندرێت، خوای گەورە دەفەرمووێت: (يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلَا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ) واتە: خوای گەورە ئاسانکاری بۆتان دەوێت، گرانی و ناخۆشی بۆتان ناوێت.
موسڵمانان
لەژێر رۆشنایی ئەم فەرموودەیە پێویستە ئەمڕۆ هەموومان هەنگاو بنێین، چونکە وێڕای ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە سەر شانی حکومەتی هەرێم کە پێویستە ئەم دۆخە چاك بکات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پێویستە ئێمە وەکو موسڵمان رٶلی خۆمان هەبێت بۆ ئەوەی ئەم دۆخە چاك بکەین، بۆ ئەوەی هەر یەکەمان لەم رۆژگارەدا خێرێك بخەین ناو چاکەکانمانەوە، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت هەندێك لە خەمی هاوڵاتیان کەم کەینەوە. بۆیە پێویستە چەند شتێك بکەین وەك ئەمانەی خوارەوە:
یەکەم: هەتا پێمان دەکرێت با رۆڵمان هەبێت لە هەرزانکردنی بازاڕ، لە ئازووقەوە بگرە تا دەگاتە میوەو هەرچی کەل و پەل هەیە بەبێ جیاوازی، بۆ ئەوەی بە قازانجێکی کەم بتوانن هاوکار بن بۆ هەژاران تا لەم دۆخە دەرچن، ئەمەش پێویستە بەوە هەیە خاوەن دووکان و بازرگانە گەورەکان بازاڕیان بشکێنن بۆ ئەوەی ئەرکی ئەوانەی تریش سووك بێت و بتوانن هاوکاری هەژاران بن.
دووەم: هەموومان دەزانین پرسە ئەرکێکی قورس و گرانی خستۆتە سەر شانی خەڵکی کوردستان، ئەمەش وێڕای ئەوەی لەگەڵ شەرعی ئیسلام نایێتەوە لە هەمان کاتدا هاوڵاتیانیان تووشی هەراسانی زۆر کردووە، چونکە جاری وا هەیە تەنها لە شەرمی لۆمەی خەڵك بە قەرزو قۆڵەوە رێیەکی دوور دەبرن بۆ تازیەکردن. ئەمە زۆر جار بووەتە مایەی ریابازی و خۆهەڵکێشان، بۆیە لێرەوە داوا لە موسڵمانانی ئازیز دەکەین لەوەدا هاوکاری یەك بن بۆ ئەوەی هەوڵبدەن لە رێگەی مۆبایل پرسە لە یەك قبوڵ بکەن، چونکە بەراستی ئەم حاڵەتە زیاتر دەبێتە مایەی گوناه کە خەڵکی دوور ئاگادار بکەیتەوە تا بێنە پرسەت ئەویش لە شەرمی ئەوە ناچاری پارە قەرزکردن بێت، هەروەها جۆرێکی تریش باشترە کە کاتێك کەسێك لە خانەوادەیەك بەشداری پرسەیەك دەکات پێویست ناکات گلەیی لە کەسانی دیکەیان بکەن، دڵنیاش بن هەموو کاتێك بەتایبەتیش لەم کاتە پڕ قەیرانەدا ئەو پارەیەی بۆ ئەم مەبەستە قەرز دەکرێت یان لەم رێگایە دەدرێت بدرێتە کەسێكی هەژارو کەم دەرامەت و پێویست زۆر باشترو خێرترە.
سێیەم: پێویستە موسڵمانان خۆیان دووربگرن لە پارە سەرفکردن لە گەشت و گەشتکاری، چونکە بەڕاستی لەم قۆناخەدا هیچ خۆشییەك لە گەشتەکانیان نابینن، هەروەك ئەو پارەیە بخەنە قورگی هەژارێك زۆر باشترە، بۆیە خۆتان لە هەموو گەشتێك بپاریزن، تا ئەوەی زۆر بە دڵنیاییەوە بە موسڵمانانی ئازیزی رادەگەیەنین کە هاوکاریکردنی هەژاران خیری زیاترە لە گەشتی عومرەو عومرەکردن.
چوارەم: پێویستە لە مەسەلەی ڕێورەسمی بووکگواستنەوەش هاوکاری یەك بین، بەوەی زۆر ئەرکی یەك قورس نەکەن، هەروەها لە هێنانی دیاری یەکتر تووشی شەرم نەکەنەوە، بۆ ئەوەی خاوەنی مەراسیمەکەو خزمەکانیشیان کەمترین مەسرەفیان بڕوات.
بە کورتی پێویستە لە هەموو کارێك هاوکاری یەکتر بین و هەرچی ئاسانکارییە بۆ یەکتری بیکەین ئەوەش مانای ئەو فەرموودەی سەرەوەی پێغەمبەری خوایە درودی خوای لەسەر بێت. |