خۆ پاراستن له شتی خهراپو گوماناوی
بهڕێزان : بنچینهی ئیسلام پێكهاتووه له ئیمانو باوهڕو كردهوهی چاك، چونكە كردەوەی چاك لە قوڕئان هاوتا كراوە لەگەڵ ئیمانو باوەڕ هەروەك خوای گەورە خۆی لە قوڕئاندا فەرموویەتی:(الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ طُوبَى لَهُمْ وَحُسْنُ مَآبٍ) (الرعد:٢٩).واتە: ئهوانهی ئیمانیان هێناوهو کردهوه چاکهکانیان ئهنجام داوه ، لهڕۆژی دواییدا خۆشی و کامهرانی و باشترین پاشهڕۆژیان بۆ دابین کراوه.
باوەردان: هەموو كەسێك لە خۆیەوە هەست دەكات بە چاكەو خەراپە، پێغەمبەریش (درودی خوای لێبێت) فەرموویەتی: (الْبِرُّ ما انْشَرَحَ له صَدْرُكَ والأثم ما حَاكَ في صَدْرِكَ وَإِنْ أَفْتَاكَ عنه الناس)واتە:چاكە ئەوەیە سینگت بۆی بكرێتەوەوەو دڵت پێی خۆش بێت، خراپەش ئەوەیە لە ناو سینگت بچێو بێت و سەقامگیر نەبێت هەرچەندە خەڵك بە باشی بزاننو فەتوای باشی بۆ بدەن.
خۆشەویستان: تاوانو خەراپە لە هەموو زەمانێك بوەو هەر دەشمێنێت ئیسلام هەوڵی كەم كردنەوەی داوەو نەك بنبڕكردنی، چونكە ئیسلام دینێكی واقیعیە نەك میپالی، هەروەها ئیسلام سەرەتا هەوڵا دەدات بۆ واز هێنان لە گوناحی گەورەو پاشان لە گوناحی بچووك.
جارێك عێڕاقیەك پرسیاری خوێنی پێشكەی لە (عەبدوڵای كوڕی عومەر)(رەحمەتی خوای لێبێت) كرد ئەویش لە وەڵامدا فەرمووی : (یسألوننی عن دم البعوض وقد قتلوا الحسین) واتە: پرسیاری خوێنی پێشكەم لێ دەكەن لە كاتێكدا كە ئیمامی حوسێنتان شەهید كردووە.
هەروەها پیاوێك پرسیاری لە بیشری كوڕی حاریس كرد (رەحمەتی خوای لێبێت) گوتی:من دایكێكم هەیە داوام لێ دەكات خێزانەكەم تەڵاق بدەمو خێزانەكەشم هیچ عەیبو كێشەیەكی نیە، لە وەڵامدا بیشر فەرمووی: ئەگەر هەموو شتێكت بە قسەی دایكت كردووە ئەمەشی بە قسە بكە، بەڵام ئەگەر تەنها لەم تەڵاقە بە قسەی دەكەی ئەوە دروست نیە.
بۆیە ئەمڕۆ زۆر كەس هەن پرسیار لە زانایان دەكەن بۆ گوناحی بچووك لەگەڵ ئەوەشدا گوناحی گەورە دەكەن لە بەر چاوی خەڵكی، ئەمە وەك مەسەلەی پرسیار لە خوێنی مێشوولەو شەهیدكردنی پێشەوا حوسەینە.
بەڕێزان:كارو كرداری باش بۆ هەموو كەسێك باشو جوانە بەڵام بۆ چوار كەس جوانترو باشترە:
یەكەم:بۆ سەرۆكو دەسەڵاتدار كرداری باش زۆر پێویستە، چونكە ئەگەر سەرۆك باش بوو خەڵكیش باش دەبێت، چونكە خەڵك لە هەموو كاتو ساتێك چاو لە گەورەی خۆی دەكات.
(عومەری كوڕی خەتاب (رەزای خوای لێبێت)لە سەردەمی خەلافەتی خۆی مووچەیەكی مانگانەی بڕیەوە بۆ ئەو كەسانەی كە كۆچیان كردبوو لە مەككە بۆ مەدینە، مووچەكە بریتی بوو لە (4000)چوار هەزار دیرهەم بۆ هەریەكێكیان، بەڵام بۆ عەبدوڵای كوڕی خۆی (3500) سێ هەزارو پێنجسەد دیرهەمی بڕیەوە، واتە پێنجسەد دیرهەمی كەمتر بوو لە خەڵكی تر، پرسیار كرا لە ئیمامی عومەر بۆ مووچەی كوڕەكەی تۆ كەمترە لە خەڵكی تر؟! فەرمووی كوڕی من بە واستەی من كۆچی كرد نەك بە خۆی، بەڵام خەڵك بە خۆیان كۆچیان كرد، ئەمە دادپەروەری نیە مووچەی هەموویان وەك یەك بێت).
ئەمە دادپەروەرییە نەوەك وەك ئێمە كە فەرق بە تێكۆشەرو جاشو خائین ناكەین!.
ئیمامی عومەر (رەزای خوای لێبێت) ئەگەر مێوانی تایبەتی خۆی بهاتبا بە شەو چرای بەیتولمالی دەمراندەوەو دەیگووت: ئەمە مێوانی تایبەتی خۆمە دروست نیە چرای بەیتولمال كە ماڵی گشتی موسڵمانانە بە كاربهێندرێ، ئەمە عەدالەتە نەك وەكوو ئێمە كە بەشی زۆری فەرمانباران ئۆتۆمبێلو موڵكی گشتی بۆ كاری تایبەتی خۆیان بە كار دێنن.
دووەم: زانایان: پێویستە زانایان كردەوەكانیان لە هەموو كەس باشتر بێت، چونكە خەڵك تەماشای كردەوەی زانایان دەكاتو گوێ بۆ قسەكانیان دەگرن.
جارێك ئەبو حەنیفە (رەحمەتی خوای لێبێت) بە منداڵێكی گووت: وشیاربە نەكەویە ناو قوڕ پیس دەبی! مناڵەكە لە وەڵامدا گووتی: ئەی پێشەوا تۆ ئاگادار بە پیس نەبیت، چونكە پیس بوونی تۆ پیس بوونی هەموو خەڵكە، بەڵام پیس بوونی من تەنها هی خۆمە.
سێیەم: بازرگانو وەبەرهێنەرو خاوەن كۆمپانیاكان، ئەبێ ئەم چینەش لە خەڵكی تر باشتر بن.
چوارەم: دایكو باوك لە پێش چاوی منداڵەكانیان كاری باش بكەن، چونكە ئەولاد گەر بینی دایكو باوك كاری باش دەكات ئەویش باش دەبن، وە ئەگەر دیتی ئەوان كاری نابەجێ دەكەن ئەوانیش كاری خەراپو ناشیاو ئەنجام دەدەنو خەراپ دەبن. |