بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەڕێزان:
خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَلَقَدۡ كَرَّمۡنَا بَنِيٓ ءَادَمَ)، (الإسراء :٧٠)، واتە: (بەڕاستی ئێمە رێزمان لە نەوەی ئادەم گرتووە لە هەموو لایەکەوە - لە ژیانی دونیا بهوهی هۆش و بیرمان پێ بهخشیون، ههروهها بهو توانای فێربوون و زانیینهی که پێمان بهخشیوون، هەروەها لە دوای مردنیش مرۆڤ ریزی تایبەتی هەیە وەك شوشتن کفن کردن نوێژ لەسەر کردن، ناشتن، بۆیە ئەبێ مرۆڤ ئازادی هەبێت لە ژیان).
ئازادی چییە؟
ئازادی مرۆڤ لای رۆژئاواییەکان ئەوەیە تۆ هەرچی دەیکەی بیکەی ئازادی، بە مەرجێك زەرەر بە خەڵك نەگەیەنی بەڵام ئازادی لای ئیسلام ئەوەیە هەرچی پێت باشە بیکەی بە مەرجێك خۆتان لە دوو شت بپاریزن:
یەکەم: زەرەر بە خەڵکی نەگەیەنی، جا زەرەرەکە گیانی بێت وەك کوشتن و لێدان و ئازاردان. یان زەرەری ماڵی بێت وەك داگیرکردنی ماڵی خەڵك و سووتاندن و وێرانکردنی. یان زەرەری دەروونی و نەفسی بێت وەك بوختانپێکردن و جنێوپێدان.
دووەم: زەرەر بە نەفسی خۆت نەگەیەنی، زەرەری دونیایی بێت وەك کوشتن و گەمە بەخۆکردن و بە فیڕۆدانی ماڵ بەبێ هۆکار. یان زەرەری دینی بێت وەك گوناحکردن و جێبەجێ نەکردنی فەرمانەکانی خوا.
بەڕێزان:
ئازادی دابەش دەبێت بۆ چوار بەش:
١/ ئازادبوون لە کۆیلەو بەندایەتی.
2/ ئازادی نەتەوایەتی.
٣/ ئازادی شارستانیەت.
٤/ ئازادی سیاسی.
یەکەم: ئازادی بەندایەتی لەو رۆژەی مرۆڤ دروست کراوە زۆری نەکێشاوە بەندایەتی دەستیپێکردووە تاهاتنی پێغمەبەرەکان بەتایبەتی پێغەمبەری ئیسلام هاندانی خەڵك بۆ ئازادکردنی بەندەکان تواندرا بەندایەتی زۆر کەم بکرێتەوە بەڵام بە تەواویش بنبڕ نەکرا تا ئەو کاتەی بەندایەتی بە تەواوی قەدەگە کرا بە بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا (ئابراهام لینکۆڵن) بەڵام ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ ماندوبوونی پێغەمبەر کە خەڵکی هاندا بۆ ئازادکردنی کۆیلەکان، هەتا ئەبراهام کەسێکی مەسیحی بوو بۆی هەیە دینەکەی کاریگەری لەسەر هەبووبێت بۆ دەرکردنی ئەم بڕایرە، بۆیە ئەمریکا ئەگەر ئەمڕۆش سەرۆکێکی هەبێت دینی هەبێت گەلانی ستەملێکراو سوودی لێ دەبینن.
دووەم: ئازادی نەتەوایەتی. هەموو نەتەوەیەك حەز دەکات دەسەلات و ئیدارەی بە دەست خۆوە بێت، چۆن هەموو کەسێك حەز دەکات ئیدارەی ماڵەکەی خۆی بە دەست خۆوە بێت، بۆیە لە هەر هەرێمێك خەڵکێك هەبوو زمانیان یەك بوو، یەك نەتەوە بوون، داب و نەریتیان یەك بوو وەك (ئینگلیزو سکۆتلەندا) دروستکردنی یەك دەولەت بۆیان باشترە لە دوو دەولەت، تەماشا کەن ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانی دابەش کرا لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا، بەڵام لەم دواییە یەکیان گرتەوە، چونکە یەك نەتەوە بوون بە غەدر دابەش کرابوون، بەڵام ئەگەر لە ناوجەیەك دوو نەتەوەی جیاواز هەبوون وەك کوردو عەرەب و فارس و تورك درووستکدنی دوو دەوڵەت باشترە لە دەولەتێك، چونکە ئەگەر بە خورتی تێکەڵیان بکەیت و دەوڵەتێکی سەپێندراویان بۆ دروست بکەی ئەنجامەکەی هیچ کامیان خۆشی لە خۆیان نابینن و کارەکە سەر ناگرێ، وەك چیکۆسلۆڤاکیا کاتی خۆی کرانە دەوڵەتێك بەڵام لەگەڵ یەکتر ئیدارەیان نەکرد، پاشان بە ناچاری بوونەوە چەند دەولەتێك، بۆیە دابەشکردنی گەلی کورد بەسەر عەرەب و فارس و تورك سەرناگرێ رۆژێك دێت هەر جوار پارجەی کوردستان دەبنە دەوڵەت و یەك دەگرنەوە إن شاء الله وەك ئەڵمانیا.
سێیەم: ئازادی شارستانیەت.
پێویستە بۆ ئازادی شارستانییەت تقکەکانی کۆمەڵگە بگەنە پلەیەکی بەرز لە زانست، لە خواناسین، لە ئەخلاقی بەرز، چونکەئەگەر زانستی نەبێ مانای شارستانیەت نازانێ، ئەگەر خوای خۆی نەناسێت ئەوا حەلاڵ و حەرام و مافی خەڵك نازانێت. ئەگەر ئەخلاقی باش نەبێت دەبێت بە دزو درۆزن.
هەروەها پێویستە بۆ ئازادی گوێ لە بۆچوونی هەموو کەس بگرێت، بۆ ئەوەی کامەی باشە هەڵیبژێرێت وەك خوای گەورە دەفەرمووێت: (ٱلَّذِينَ يَسۡتَمِعُونَ ٱلۡقَوۡلَ فَيَتَّبِعُونَ أَحۡسَنَهُۥٓۚ أُوْلَٰٓئِكَ ٱلَّذِينَ هَدَىٰهُمُ ٱللَّهُۖ وَأُوْلَٰٓئِكَ هُمۡ أُوْلُواْ ٱلۡأَلۡبَٰبِ)، (الزمر :١٨). واتە: (ئهوانهی گوێ دهگرن بۆ قسهو گوفتار ئینجا شوێن چاکترینی ئهو (قسانه) دهکهون ئهوانه کهسانێکن خودا ڕێنموونیی کردوون ههر ئهوانهن خاوهنانی ژیری و هۆش).
هەروەها پێویستە ئازادی رۆژنامەگەری هەبێت چونکە حکومەت لەو رێگایە دەتوانێ بە خەڵك بڵێت چی بۆ کردوونە، وە خەڵکیش دەتوانێ لەم رێگایەوە کەم کورتییەکان بە خەڵك بڵێت بۆ ئەوەی چارەسەری بکات.
چوارەم: ئازادی سیاسی.
پێویستە رێز لە مافی خەڵك بگیرێ، هەستیان بریندار نەکرێت، رێز لە بۆچوونی جیاواز بگیرێ، چونکە هەموو نەتەوەیەك بە ئازادی بیرو بۆچوون پێش دەکەوێ، بەلام ئازادی سنووردار نەك ئازادییەك کە هەموو سنوورەکان ببەزێنێ، چونکە ئەم جۆرە ئازادییە کەس خیری لێ نابینێت، خوای گەورە لە دینیش ئازادی داوە وەك دەفەرمووێت: (لَآ إِكۡرَاهَ فِي ٱلدِّينِۖ) (البقرة :٢٥٦)، واته: به هیچ جۆرێک زۆر لێکردن و خورتی له دیندا نییه). |