بەڕێز مامۆستا عومەر عەبدولعەزیز وتارێكی لەسەر كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ زانایانی ئایینی بڵاوكردۆتەوە، تێیدا كۆمەڵێك سەرنجو تێبینی خۆی باسكردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی وتارەكەی ئاراستەی ئەو مامۆستایانە كردووە، كە بەشداری كۆبوونەوەكەیان كردووە، هەروەها بۆ رێگەدان بە فرەحزبی ئیسلامی ناوی یەكێتی زانایانیشی هێناوە، بەوەی لە كاتی شەری ناوخۆ بوونەتە دوو پارچە، هەروەك بە ناراستەوخۆ مامۆستایانی ئایینی بە بێ هەڵوێست نیشان داوە، بە پێویستم زانی چەند كورتە قسەیەكی گشتی لەسەر بۆچوونەكانی جەنابیان بكەین. یەكەم: لەو كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم هیچ هاندانێك نەبوو بۆ ئەوەی مامۆستایانی ئایینی بەسەر لایێكدا بشكێنەوەو، راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ داوا لە مامۆستایانی ئایینی نەكرا، كە خەڵكی بۆ لایەنێك دژی لایەنێك هان بدەن، كە ئەم هەڵوێستەی سەرۆكی هەرێم بەرز دەنرخێنین، چونكە زۆربەی ئەوانەی لەم كاتانە لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی كۆدەبنەوە، لەژێر چەندەها دروشمو ناوی جیا جیا داوا لە مامۆستایان دەكەن، پشتیوانیان بكەن، بەڵام سەرۆكی هەرێم بە پێچەوانەوە پارێزگاری لە پێگەی مامۆستایانی ئایینی كرد تا نەبنە پاشكۆی هیچ كەسو لایەنێك، ئەو تەنها داوای لە مامۆستایانی ئایینی كرد، كە نەوەی نوێی كوردستان لەسەر هەستی دینداریو رەوشتبەرزیو نیشتیمانپەروەریو پێكەوەژیان پەروەردە بكەن، كە ئەمەش مێژووی پڕ سەروەری زانایانی ئایینیە، بۆ هەڵبژاردنیش تاكە داوای ئەو ئەوە بوو، خەڵكی هان بدەن تا بەشداری هەڵبژاردن بكەنو، هەڵبژاردنێكی بێگەرد ئەنجام بدرێت، ئەوەی ئامانجە كوردستان سەركەوێت نەك فڵانو فڵان، كە بەداخەوە بە پێچەوانەوە زۆر جاران لەژێر دروشمی دیكە ئەم سەنگەی مامۆستایان بچووك دەكرێتەوەو، راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ دەویسترێت، مامۆستایانی ئایینی بانگەشە بۆ لایەنێك بكەن. دووەم: سەبارەت بە بواری فیكری ئیسلامیش، سەرۆكی هەرێم كۆمەڵە شتێكی باس كرد، كە دڵنیام زۆرێك لەوانە مامۆستا عومەر شانازی پێوە دەكات، بەوەی خەڵك بۆ تووندڕەویو خۆتەقاندنەوەو كوشتنی خەڵكی سڤیل هان نەدرێتو، لە ژێر ناوی جیهاد گەنجانی ئێمە بۆ چارەنووسێكی نادیار رەوانەی سوریاو ئەم شوێنانە نەكرێن، كە دواتر بە فیكرو هەستێكی تووندڕەوە بێنەوە كوردستانو، وڵاتی ئێمە بكرێتە شوێنی هەناردەكردنی ئەوانە لە كەس قبوڵ ناكرێت، كە دەبوو مامۆستا عومەر شانازی پێوە بكاتو، تیشكی بخستبایە سەر. سێیەم: ئێمە وەك زانایانی ئایینی هیچ كاتێك نەمانویستووە قسە لەسەر دروستیو نادروستی بوونی چەند حزبێكی ئیسلامی بكەین، چونكە ئەوە واقیعێكەو رێزیان دەگرین، سەرۆكی هەرێمیش وەك ئاماژەیەك باسی كردو، وەك بەشێكی سەرەكی وتارەكەی نەبوو، بەڵام بەڕێز مامۆستا عومەر ئەمەی وەك جەوهەرو كرۆكی بابەتەكە نیشان داوە، لەوەشدا مافی خۆیەتی وەك پارتێكی ئیسلامی كە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنو كاركردن بۆ گەیشتنە دەسەڵات دایە دیفاع لەو خاڵە بكات، بەڵام بەستنەوەی بە باسی ئیجتیهادی فیقهیو چوار مەزەبە فیقهیەكانەوە لە جێگەی خۆی نییە، چونكە ئەمەی كوردستان ململانێیەكی سیاسیە، نەك لێكۆڵینەوەی فیقهی، یان بەستنەوەی بە رووداوی سەقیفەی دوای پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت، كە ئەوەی سەقیفە پێشەوا بەڕێزەكان رێگەیان گرتو، نەیانهێشت پەرەپستێنێت، بۆیە باشتر وایە رووداوی سەقیفە بكرێتە بەڵگەیەك بۆ رێگرتن لە چەند پارچەییو ململانێ، نەك بكرێتە پاساوی چەند پارچەیی. چوارەم: باسكردن لە دابەشبوونی یەكێتی زانایان تەواو جێگەی هەڵوەستە لەسەركردنە، چونكە ئێمە وەك بەڕێزیان پاساو بۆ ئەم كارە ناهێنینو، پێمان وایە هەڵوێستێكی مایەی شانازی نەبووە، ئەوانەی ئاگاداریشن دەزانن زۆرترین هەوڵ درا تا نەبێتە دوو پارچەو، دوو پارچەیەكەش زیاتر لێكداپچڕانی ئەو دوو بەشەی كوردستان بوو، نەك خواستو ویستو بەرژوەندیو هاتنە كورسی بووبێت، بۆیە هیوادارین وێك چوواندنی ئەم حاڵەتە لەگەڵ یەكێتی زانایان بۆ ئەوانیش جێگەی ئەوە بێت شانازی بە چەند پارچەییو دابەشبوونەوە نەكەنو، وەك یەكێتی زانایان بە زووترین كات یەكبگرنەوە. یان دابەشبوونی وەزارەتی ئەوقاف بەشی هەموو لایەكی تێدایە، چونكە ئەو كاتی وەزارەتی ئەوقاف لە ئیدارەی سلێمانی نە هی پارتیو نە هی یەكێتی نەبوو. پێنجەم: ئەوەی زیاتر ئێمەی نیگەران كرد، مامۆستا عومەر لە كۆتایی وتارەكەیدا –كە بە ناوی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو بڵاوی كردۆتەوە- داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەكات، هەڵوێستیان هەبێتو، لە پێناوی بەرژەوەندیەكانیان بێهەڵوێست نەبن، كە ئەمە بە روونی لە كۆتایی وتارەكەیەتی، ئەوە زۆر جێگەی نیگەرانییە، چونكە لەم حاڵەتانەدا مامۆستایان دۆخی گشتی لەبەر چاو دەگرنو، بە هیچ شێوەیەك رێگە بەخۆیان نادەن شتێك بكەن بەسەر لایەنێك دابشكێنەوەو، دوای هەڵبژاردن بە چاوێكی بچووكتر لە پێگەی خۆیان تەماشا بكرێن. وێناكردنیشیان لە بێهەڵوێستیو بەرژوەنچی تەواو مایەی نیگەرانییە. دیارە هەموو خاڵەكانی دیكەی وتارەكەی مامۆستا عومەر قسەی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام ئەوەی پەیوەستەبە بابەتی زانایانی ئایینی ئەو بڕگانەن، ئامانجی ئێمەش لەم وتارەدا تەنها ئەوەیە داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین، بە جیاوازی تەواوی پارتەكانی ناو ململانێی هەڵبژاردن، تكایە مامۆستایانی ئایینی لە ناو ئەو ململانێیە هەڵمەقورتێنن، لەوانەیە بە دوو قسەی مامۆستایان چەند دەنگێكتان بۆ زیاد ببێت، بەڵام داواجار هەڵبژردن كۆتایی پێدێتو، مامۆستایانی ئایینیو پێگەكەیان دەبێتە قوربانی، ئەوەی لەم قۆناغەدا لەسەر مامۆستایانی ئایینی پێویستە داوا لە هاووڵاتیانی كوردستان بكەن بە گەرمو گوڕییەوە بەشداری هەڵبژاردن بكەنو، هەڵبژاردنێكی بێگەرد ئەنجام بدەنو، هێمنیو ئارامی كوردستان بپارێزن، كە پەیامی سەرۆكی هەرێمیش هەر ئەوە بوو، ئەگەر هەركەسێكیش بە پەیامێكی ئاواوەو نەیەوێت مامۆستایانو شوێنە پیرۆزەكان بكاتە كەرەستەی هەڵبژاردن، ئامادەین بە پیر داواكەی بچینو گوێ لە قسەكانی بگرین، بەڵام تیشك خستنە سەر تەنها خاڵكێكو پیشاندانی مامۆستایانی ئایینی بەم شێوەی باسیكردوونە، ئەم روونكردنەوەی پێویست بوو. *سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان |