هه‌ر له دێر زه‌مانه‌وه میلله‌تی كورد مه‌لاو مامۆستای ئایینی خۆشهویستووهو، هه‌میشه ڕێزی گرتووه‌و بڕوای پێكردووه، ئه‌مه‌ش وایكردووه له زۆربه‌ی زۆری چاره‌سه‌ر كردنی كێشه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و رێكه‌وتنی نێوان تاكه‌كان و هۆزو تیره‌كاندا ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه ببینێ، بێگومان ئه‌و ڕێز‌و خۆشه‌ویستیه هه‌روا له‌خۆوه دروست نه‌بووه، به‌ڵكو ده‌ره‌نجامی ئه‌و دڵسۆزی و وهفایهیه كه مه‌لای كورد بۆ میلله‌ته‌كه‌ی هه‌بووه، چونكه مه‌لای كورد تاكه چینی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بووه كه بێ بهرامبهرو خۆنه‌ویستانه له خۆشی و ناخۆشیه‌كانی تاك به‌تاكی كۆمه‌ڵگه شه‌ریك بووه‌و خه‌می هه‌ر هه‌مووانی له‌كۆڵناوه، زیاده‌ڕۆیی نییه ئه‌گه‌ر بڵێم مه‌لای كورد هه‌رگیز بۆ خۆی نه‌ژیاوه، به‌ڵكو هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه تاكه كه‌سیه‌كانی كردۆته قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی میلله‌ته‌كه‌ی، بۆیه به‌ده‌گمه‌ن ده‌بینرێ مه‌لای كورد ده‌وڵه‌مه‌ندێكی تیا هه‌ڵكه‌وتبێ و بوبێته خاوه‌ن موڵك و ماڵ و سامان و سه‌روه‌تی خۆی. چونكه ئه‌و شه‌وو ڕۆژی تێكه‌ڵكردووه تا خه‌ڵكه‌كه‌ی به ئاسووده‌یی و دوور له كێشه‌و گرفت بژین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حیسابی ئاسووده‌یی خۆی و ماڵ و منداڵ و خێزانه‌كه‌شی بوبێت. كێ ده‌توانێ نكوڵی له ڕۆڵی مه‌لای كورد بكات له چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ی كه ڕۆژانه كۆمه‌ڵگه تووشیان ده‌بێ؟! كام كێشه‌ی كوشتن و خوێنداری هه‌بووه مه‌لای كورد پشكی شێری بهرنهكهوتنبێت له چاره‌سه‌ركردنیدا؟! كام كێشه‌ی زه‌وی و زار‌و موڵكداری هه‌بووه مه‌لای كورد رۆِڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی له چاره‌سه‌ركردنیدا نه‌بینی بێت؟! كام كێشه‌ی خێزانی و ژن و ژنخوازی هه‌بووه مه‌لای كورد پێشه‌نگ نه‌بوبێت له چاره‌سه‌ركردنیدا؟! هه‌ر له‌سایه‌ی ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ی كه خه‌ڵك بۆ مه‌لای كوردی هه‌بووه، خوێنی سه‌دان كچ و كوڕی كورد كه له ئه‌نجامی تێگه‌یشتنی سه‌قه‌ت و، نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه له مه‌رگ نزیك بووبوونه‌وه، له ڕشتن پارێزراوه. مه‌لای كورد له مێژوودا ڕۆڵی قازی، موفتی، ڕیش سپی، چاكسازی بینیووه‌و، هه‌میشه وه‌كو مۆم سووتاوه تاوه‌كو ده‌وروبه‌ری ڕۆشن بكاته‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و ڕۆڵه به‌رچاوه‌ی مامۆستای ئایینی له كۆمه‌ڵگه‌دا، هه‌وڵێكی زۆر دراوه تا كه‌لێنێك له‌نێوان كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و مه‌لای كورددا دروست بكرێت و، ئه‌و خۆشه‌ویستیه له‌دڵ و ده‌روونیان به‌رامبه‌ر به مه‌لاو مامۆستای ئایینی بسڕدرێته‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش په‌نایان بۆ چه‌ندین شێوازی پڕوپاگه‌نده‌ی نابه‌جێ و، جۆره‌ها پیلانی ژه‌هراوی بردووه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه نه‌زۆك ده‌رچوون و هیچیان لێ به‌رهه‌م نه‌هاتووه. به ئامانج گرتنی مه‌لاو زانای كورد: ئه‌م خۆشه‌ویستیه له راده‌به‌ده‌ره‌ی كۆمه‌ڵگه بۆ زانای كورد وایكردووه له‌لایه‌ن نه‌یارانیه‌وه بكرێته ئامانج و، هه‌روه‌كو له‌وه پێش ئاماژه‌م پێدا بكه‌وێته به‌ر ڕه‌حمه‌تی پیلانگێڕی و دژایه‌تی كردن له چه‌ند لایه‌كه‌وه: یه‌كه‌میان: هه‌ر له‌گه‌ل سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه دژه دینیه‌كان كه مه‌به‌ستیان بوو كورد له بیری نه‌ته‌وه په‌روه‌ری و نیشتمان په‌روه‌ری داماڵن و كێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی بكه‌نه ئامرازێك بۆ لێدان له‌دین و ڕه‌وشت و سه‌رجه‌م نرخ و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و، بڵاوكردنه‌وه‌ی فه‌سادو، دوورخستنه‌وه‌یان له هه‌رچی پیاوه‌تی و غیره‌ت و مه‌ردایه‌تیه، تاكه كۆسپ و له‌مپه‌ڕی به‌رده‌میان مه‌لای كورد بوو، كه بتوانێ له‌دژی ئه‌و بیره نامۆیه بوه‌ستێته‌وه‌و به‌رگری له به‌ها به‌رزه‌كانی میلله‌ته‌كه‌ی بكات و، خه‌ڵكیش هۆشیار بكاته‌وه كهفریوی دروشمه باق و بریقهكانیان نه‌خۆن، بۆیه هه‌رچی له‌ده‌ستیان هات له‌دژی مه‌لای كورد كردیان و گوتیان، خۆ ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستی كۆمه‌لگه‌ی كوردی نه‌بوایه ئه‌وا هه‌رچی زانا‌و مه‌لای كورده له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وانه‌وه دووچاری كوشتن و گرتن و ده‌ركردن و ئازاردان ده‌بوونه‌وه. له كۆتاییدا ئه‌و خۆشه‌ویستیه وای له‌و خه‌ڵكه دژ به مه‌لایه كرد كه پێشناوی مه‌لا بۆ زۆرێك له سه‌ركرده‌و كادیرانیان زیاد بكه‌ن، تاوه‌كو به‌و ناوه‌وه خه‌ڵكی ساده‌و ساویلكه له خشته ببه‌ن. به‌ڵام كه بۆیان ده‌ركه‌وت به‌م فێلهش ناتوانن مه‌رامه‌كانیان بێننه‌دی، په‌نایان بۆ شێوازێكی تری دژایه‌تی برد كه‌بریتی بوو له تیرۆری مه‌عنه‌وی و، لێدان له‌كه‌سایه‌تی مامۆستای ئایینی و ناشرین كردنی، ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌و تاوانانه‌ی كه دژ به كورد ئه‌نجام دراون، له‌پاڵ ئایین كه‌سایه‌تی مه‌لا كراوه‌ته ئامانج و ویستویانه به تیرێك دوو ئامانج بپێكن، وه‌كو هه‌وڵی تیرۆر كردنی بارزانی، كه رژێمی به‌عس ویستی به‌ڕێگای كه‌سانێك كه هه‌ندێكیان مه‌لا نه‌بوون و هه‌ندێكیشیان بێ ئاگا بوون له پیلانه‌كه، به‌جل و به‌رگی مه‌لایه‌تی بارزانی تیرۆر بكه‌ن. ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌وڕاستیه‌یه كه هه‌میشه(مه‌لا) له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و لای سه‌ركرده گه‌وره‌كان و شۆرهشگێڕانی كورد، جێگه‌ی ڕێز‌و خۆشه‌ویستی بوونه، بۆیه‌ش هه‌میشه ئامانجی تیری ناحه‌زانی بووه. دووه‌میان: له‌گه‌ل دروست بوونی ئه‌و گرووپ و پارتانه‌ی كه هه‌ڵگری پاشناوی ئیسلامین له كوردستان، دیسانه‌وه مامۆستایانی ئایینی له‌لایه‌ن هه‌ندێكیانه‌وه كرایه‌وه ئامانج و، هه‌ر مامۆستایێك وه‌كو ئه‌وان بیری نه‌كردبایه‌وه، یان ڕایێكی جیاوازتری له‌وان هه‌بوایه، به عهمیلو كرێگرته‌و واعیزی سوڵتان ناویان ئه‌برد، هه‌ر مامۆستایێكیش ئینتیمای بۆ نیشتیمان و میلله‌ته‌كه‌ی هه‌بوایه به‌كافریان دائه‌ناو به مولحید‌و هه‌ڵگه‌ڕاوه‌یان ده‌زانی و خه‌ڵكیان هان ده‌دا كه نوێژیان له‌دوو مه‌كه‌ن، كار گه‌یشتبووه ئه‌وه‌ی كه بڕیاری كوشتن بۆ هه‌ندێ له‌و مامۆستایانه دهربهكهن كه له‌گه‌لیان نین و پشتگیریان ناكه‌ن، ته‌نانه‌ت به ئه‌نقه‌ست و بۆ ئیحراج كردنی مامۆستایانی ئایینی، له كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌كاندا پرسیاری هیچ و پووچ و بێ ما‌نایان ئاراسته ده‌كردن تاوه‌كو به خه‌ڵك بڵێن ئه‌وانه هیچ نازانن و ئێمه جێگره‌وه‌ی ئه‌وانین. مه‌ترسی ئه‌و ته‌وژمه له‌وه‌دابوو كه ئیسلام و دینی كۆمه‌ڵگه‌یان كردبووه كه‌ره‌سته‌ی ململانێ و حزبایه‌تی، به‌مه‌ش نه‌ك هه‌ر مامۆستای ئایینی، به‌ڵكو پیرۆزیه‌كانی ئایینیش كه‌وتبوونه ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه، له ئه‌نجامدا ئه‌وان گه‌ڕانه‌وه سه‌ر ئه‌سڵی خۆیان و مامۆستای ئایینی هه‌ر به پایه‌داری مایه‌وه. سێیه‌م: ته‌وژمی خۆ به ڕۆشنبیر زان: مه‌به‌ستم ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌به‌ته‌واوی كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ری و هه‌ژموونی كولتوری وڵاتانی ئه‌وروپاو رۆژئاوا‌و، مه‌به‌ستیانه هه‌رچی له‌وێ ده‌گوزه‌رێ به‌چاك و به خراپ، به ناوی رۆشنبیری و زانست و پێشكه‌وتنه‌وه به كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بفرۆشنهوهو، به‌ته‌واوی كۆمه‌ڵگه له دین و ڕه‌وشت و هه‌رچی جوامێریه داماڵن، ئه‌مانه‌ش _به زیاده‌وه_ كه‌مته‌رخه‌میان نه‌كرد له لێدانی پێگه‌و شكۆی مامۆستای ئایینی و، ناوزڕاندن و تۆمه‌تباركردنی به تیرۆر‌و تۆقاندن و توندی تیژی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه ئه‌م به‌ره‌یه له‌گشت لایێكه‌وه پاڵپشتیان دهكراو، ته‌واوی ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانیش خرابوونه خزمه‌تیان و به‌هه‌موو جۆرێك یارمه‌تی ده‌دران، به‌ڵام له ئه‌نجامی خۆشه‌ویستی كۆمه‌ڵگه بۆ مامۆستای ئایینی، ئه‌مانه‌ش به‌ده‌ستی به‌تاڵ گه‌ڕانه‌وه‌و شكۆی مامۆستا هه‌ر به به‌رزی مایه‌وه. چواره‌م: له كۆنداو له‌لایه‌ن هه‌ندێ له ده‌سه‌ڵاتداره ناوچه‌ییه‌كانه‌وه، وه‌كو ئاغا‌و به‌گ و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له شێخه‌كانیش هه‌وڵێكی زۆر ده‌درا مامۆستای ئایینی ده‌سته‌مۆ بكه‌ن و، ناچاری بكه‌ن به ئاره‌زووی ئه‌وان بجوڵێته‌وه‌و له قسه‌یان ده‌رنه‌چێت و، هه‌رچی به‌لای ئه‌وانه‌وه په‌سه‌ند و باش بێت، ئه‌ویش په‌سه‌ندی بكات و پێی باش بێت و، خۆی خاوه‌نی هیچ بڕیار‌و قسه‌یێك نه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شی نهكربایه دووچاری هه‌ڕه‌شه‌ی نانبڕین و ده‌ركردن ده‌بوه‌وه، ئه‌م ته‌وژمه له نێو كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌یان هه‌بوو كه به‌ڵێنه‌كانیان به‌كردار بسه‌لمێنن و مامۆستای ئایینی ناچار به هه‌ندێ ته‌نازول بكه‌ن، به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌وانه‌شدا كه‌سانێك هه‌بوون به‌رگری له مامۆستای ئایینی بكه‌ن و ڕێگه نه‌ده‌ن ئه‌و جۆره كه‌سانه بڕیاری خۆیان به‌سه‌ر مامۆستای ئایینی‌دا بسه‌پێنن، ته‌نانه‌ت ئاماده بوون له‌سه‌ر حیسابی گیرفانی خۆیان حوجره‌یان بۆ بكه‌نه‌وه‌و خه‌رجی ئه‌و فهقێیانهش بگرنه ئه‌ستۆ كه له‌و حوجره‌یه‌دا وانه‌ی ئایینی ده‌خوێنن، له زۆربه‌ی گونده‌كانیش خه‌ڵكی ئاوایی خه‌رجی ماڵی مامۆستا‌و حوجره‌كه‌یان گرتۆته ئه‌ستۆو نه‌یانهێشتووه مامۆستا چاو به‌ره‌ژێری ئه‌و كه‌سانه‌بێت كه ده‌یانویست بۆ مه‌به‌ست و مه‌رامی خۆیان به‌كاری بێنن، یان ناچاری بكه‌ن واز له هه‌ندێ پره‌نیسپ و بنه‌ما نه‌گۆڕه‌كانی ئایین بێنێت. به‌كوردی و به‌كورتی هه‌ر بزووتنهوهیێك ڕووی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كردبێت و، بیرێكی نامۆ‌و دژ به دین و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆی هێنا بێت، ئه‌وا به‌بێ سێ و دوو مامۆستای ئایینی ڕووبه‌ڕووی وه‌ستاوه‌ته‌وه‌و رێی لێگرتووه، بۆیه بێ ڕه‌حمانه كراوه‌ته ئامانج و هه‌وڵ دراوه له شان و شكۆی كه‌م بكرێته‌وه، به‌ڵام ڕێز‌و خۆشه‌ویستی كۆمه‌ڵگه بۆ مامۆستای ئایینی، نه‌یهێشتووه هه‌رگیز بكه‌وێ و له‌شان شكۆی كه‌م بكرێته‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه ناو‌و په‌یامه‌كه‌ی هه‌ر به شكۆداری بمێنێته‌وه.{...فَأَمَّا الزَّبَدُ فَيَذْهَبُ جُفَآءً وَأَمَّا مَا يَنفَعُ النَّاسَ فَيَمْكُثُ فِي الأرْضِ كَذلِكَ يَضْرِبُ اللَّهُ الأمْثَالَ لِلَّذِينَ اسْتَجَابُواْ لِرَبِّهِمُ الْحُسْنَى...الآية} الرعد 17.
|