یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   پێکەوەژیانی ئایینی لە سۆران    *****    *****   مامۆستا مەلا محمد ئیبراهیم رەزگەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵی کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ لەبارەی پێکەوەژیانی ئایینی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لە هەردوو قەزای ئاکرێو بەردەڕەش ژمارەیەک مامۆستای ئایینی بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی ئاکرێ و لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   یەکێتی زانایان پانێڵێکی تایبەت بە گرنگیدان بە تەوزیفکردنی زانستی تەجویدو پاراستنی مۆرکی رەسەنی مەقامی جوان خوێندنەوەی قوڕئان بەرێوە ساز دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە گوندی بێراوە بەرێوە دەچێت    *****    *****   شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی دەڤەری گەرمیان بەسەر دەکاتەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات    *****    *****   د.عبدالله شێرکاوەیی بۆ ماڵپەڕی روداو: لە ئیسلامدا هیچ سنوورێک بۆ مارەیی دیاری نەکراوە    *****    *****   کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەرێوە دەچێت چەند پرسێکی گرنگ و تایبەت تاوتوێ دەکات   
مه‌لا مه‌لحه‌م محه‌مه‌د سالح/ سۆران
به‌رواری دابه‌زاندن: 23/04/2011 : 09:48:06
قه‌باره‌ی فۆنت
هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر به‌حزبی كردنی فه‌توا. به‌شی چواره‌م: ڕاو سه‌رنجی زانایانی ئایینی سه‌باره‌ت به‌ خۆپێشاندان
له‌م به‌شه‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌ین ڕاو سه‌رنجی زانایانی ئایینی سه‌باره‌ت به‌ خۆپێشاندان و مانگرتن و ڕێپێوان كه‌ له‌سه‌رده‌می ئیمڕۆماندا له‌ زۆربه‌ی وڵاتان ئه‌نجام ده‌درێن بخه‌ینه‌ ڕوو. بێگومان خۆپێشاندان و گردبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و مانگرتن و ڕێپێوانی ئاشتیانه‌ كه‌ بووه‌ته‌ نه‌ریتێكی جیهانی و، جه‌ماوه‌ر بۆ گوزارشت له‌ خواست و داواكاریه‌كانی ڕێكیان ده‌خات، شێوازێكی نوێیه‌و له‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌رو هاوه‌ڵان و زانایانی پێشان نه‌بووه‌، بۆیه‌ هیچ ئاماژه‌یێك نه‌ به‌حه‌لالی و نه‌ به‌حه‌رامی ئه‌م شێوازه‌ نه‌دراوه‌، به‌ڵكو زانایانی هاوچه‌رخ قسه‌یان لێكردووه‌و ڕای خۆیان له‌و باره‌یه‌وه‌ داوه‌، به‌شێكی زۆر له‌ زانایان و خاوه‌ن كه‌سایه‌تیه‌ زانستیه‌كان، خۆپێشاندان به‌هه‌موو شێوه‌یێك به‌ حه‌رام ده‌زانن و پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌ ده‌رچوون له‌ فه‌رمانی (وه‌لی ئه‌مر) و بیدعه‌یێكی ناپه‌سه‌نده‌و خه‌ڵكانی غه‌یره‌ موسوڵمان دایهێناوه‌، هه‌روه‌ها پێیان وایه‌ به‌هۆی خۆپێشاندان و ڕژانه‌ سه‌رشه‌قام، تێكه‌ڵی حه‌رام له‌ نێوان ژن و پیاو دروست ده‌بێت و خه‌ڵكێكی هه‌ڵپه‌رست ده‌یقۆزێته‌وه‌ بۆ په‌لاماردانی دام و ده‌زگا حكومی و شه‌رعیه‌كان و، ترسی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كرێت خوێن ڕشتنی لێ بكه‌وێته‌وه‌و ئاژاوه‌و فه‌وزا بكه‌وێته‌ نێو وڵات و ئاساییشی خه‌ڵك بكه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌و خۆپێشاندانانه‌ بازارو كاروكاسبی خه‌ڵكێكی تر په‌ك ده‌خرێت و جنێو به‌هه‌ندێ كه‌س ده‌درێت و سووكایه‌تی به‌هه‌ندێكی تر ده‌كرێت، هه‌روه‌ها درووشمی دوور له‌ بنه‌مای ئایین به‌رز ده‌كرێنه‌وه‌. ئێمه‌ له‌م به‌شه‌دا ڕای ئه‌و زانایانه‌ وه‌كو خۆی ده‌خه‌ینه‌ڕوو كه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یێك خۆپێشاندان ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌و به‌كارێكی ناشه‌رعی ده‌زانن و به‌ بیدعه‌ له‌ قه‌ڵه‌می ئه‌ده‌ن، له‌به‌شی داهاتوودا _ئه‌گه‌ر خوا یاربێت_ ڕای ئه‌وزانایانه‌ ده‌خه‌ینه‌ ڕوو كه‌ خۆپێشاندان به‌ ڕه‌وا ده‌زانن و هیچ ڕێگریێكی شه‌رعی له‌به‌رده‌مدا نابینن، دوواتر خاڵی هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوو ده‌سته‌دا ده‌خه‌ینه‌ڕوو:

(هيئة كبار العلماء) له‌ مه‌مله‌كه‌تی عه‌ره‌بی سعودی كه‌ تاكه‌ مه‌رجه‌عی فه‌توایه‌ له‌و وڵاته‌دا، له‌ به‌رواری 1/4/1432ی كۆچی، به‌رامبه‌ر به‌ 6/3/2011ی زایینی له‌ به‌یاننامه‌یێكدا خۆپێشاندان به‌ حه‌رام و نا شه‌رعی ده‌زانێ و له‌به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌مله‌كه‌تی عه‌ره‌بی سعودی پابه‌نده‌ به‌ قورئان و سوننه‌ت و به‌یعه‌ت و پابه‌نده‌ به‌جه‌ماعه‌ت و تاعه‌ت، چاكسازی و ئامۆژگاری تێیدا به‌ خۆپێشاندان و ئه‌و شێوازو ڕێگایانه‌ نابن كه‌ ئیساره‌ی فیتنه‌و ته‌فره‌قه‌ی جه‌ماعه‌ت ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌شیان ئه‌و مه‌بده‌ئه‌یه‌ كه‌ زانایانی ئه‌م وڵاته‌ له‌ كۆن و له‌ ئێستادا ئیقراریان كردووه‌و به‌حه‌رامیان داناوه‌و هۆشداریان له‌باره‌یه‌وه‌ داوه‌، (هیئه‌) له‌كاتێكدا كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر حه‌رامی خۆپێشاندانه‌كان ده‌كاته‌وه‌ له‌م وڵاته‌، شێوازی شه‌رعی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات و هیچ مه‌فسده‌یێك به‌ دووای خۆیدا ناهێت، ته‌نیا ئامۆژگاری كردنی یه‌كتریه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕێگایه‌یه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ) بۆ ئێمه‌ی داناوه‌و سه‌حابه‌ به‌رێزه‌كان و ڕێڕه‌وانیان به‌ چاكه‌ له‌سه‌ری رۆیشتوون.
هه‌روه‌ها موفتی گشتی عه‌ره‌بستانی سعودی (شیخ عبدالعزیز ئال الشیخ): له‌ وه‌ڵامی پرسیاری په‌یامنێری گۆڤاری (الدعوه‌) ژماره‌(1916) سه‌باره‌ت به‌ خۆپێشاندان ده‌ڵێت: خۆپێشاندان ته‌نیا ئاژاوه‌یه‌و، هی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ بیركردنه‌وه‌یان هه‌ڵه‌یه‌و به‌كه‌می به‌رژه‌وه‌ندی و فه‌ساد له‌یه‌كتری جیا ئه‌كه‌نه‌وه‌، داوا كردنی شتێك به‌رێگای گونجاوه‌وه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام ئاژاوه‌گێڕی و ئه‌و جۆره‌ خۆپێشاندانانه‌ ڕه‌وشتی ناموسوڵمانانه‌، موسوڵمانان ئاژاوه‌گێڕ نین، موسوڵمانان خاوه‌ن ئه‌ده‌ب و ڕێزن و گوێگرو ملكه‌چن بۆ ده‌سه‌ڵاتداران...پاشان ده‌ڵێت: مه‌فهومی چاكسازی، بانگه‌وازو هاندانه‌ بۆ چاكه‌، هاندانه‌ بۆ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر چاكه‌و تێكۆشان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان و چاكسازی به‌ ڕێگاكانی شه‌رعی، به‌ڵام ئه‌و چاكسازیه‌ی كه‌ ئه‌وانه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ ڕێگای فه‌وزاو ئاژاوه‌ بیهێننه‌دی ، كه‌ نامۆیه‌ به‌ واقیعی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ و نامۆیه‌ به‌ وڵاتی ئێمه‌، ئێمه‌ به‌ توندی ئینكاری ده‌كه‌ین و ناڕه‌زای له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌رده‌بڕین و، ئامۆژگاری برا موسوڵمانه‌كانمان ده‌كه‌ین كه‌ تێبگه‌ن ئه‌م شێوازه‌ هیچ ئامانجێك ناهێنێته‌ دی ، به‌ڵكو ته‌نیا ئاژاوه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌.
ناوبراو له‌ دوواهه‌مین خوتبه‌ی ڕۆژی هه‌ینی له‌ مزگه‌وتی( الإمام تركی بن عبدالله) له‌ ریازی پایته‌خت جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌و خۆپێشاندانانه‌دا بكات و ڕێكیان بخات، له‌ پێناو شه‌یتان و تاغوتدا شه‌ڕ ده‌كات. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ئه‌وانه‌ دروشمی ساخته‌ هه‌ڵده‌گرن، بۆ ڕشتنی خوێنی كه‌سانی بێ تاوان و پێشێل كردنی كه‌رامه‌ت و تاڵان كردنی ماڵ و تێكدانی ئه‌من و ئاساییش و تێكدانی ئوممه‌ت و كیانی ئوممه‌ت.
هه‌روه‌ها گووتی: هه‌موو خاوه‌ن گومڕایی و مه‌بده‌ئێكی پیس، هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ قین له‌ دڵن به‌رامبه‌ر به‌ ئوومه‌ت و قین له‌دڵن به‌رامبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵگای موسوڵمان، گومڕایی و فه‌سادی خۆیان له‌ ژێر كراسی چاكسازی حه‌شار ده‌ده‌ن و، زیان و فه‌سادو پیلانی نه‌گریسی خۆیان به‌ چاكسازی داده‌نێن، ئه‌مه‌ش مه‌بده‌ئێكی ترسناكه‌و ڕه‌وشتی مونافیق و دووژمنانی ئه‌م دینه‌یه‌.
هه‌ر له‌و خوتبه‌یه‌دا ناوبراو داوای كرد كه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یێك خۆپێشاندان قه‌ده‌غه‌ بكرێت و، داوای كرد هه‌ر ئێستا هه‌موو ڕێگایێكی له‌به‌رده‌مدا دابخرێت و ڕێگا به‌هیچ كه‌سێك نه‌درێت به‌م كاره‌ هه‌ستێت، چونكه‌ هه‌مووی شه‌ڕو به‌ڵایه‌و نه‌ له‌دوورو نه‌ له‌ نزیك خێری تێدا نییه‌.
هه‌روه‌ها (شێخ عبد العزیز بن باز) كه‌ گه‌وره‌ زانایانی ئایینی زۆرجار بۆ ڕاو سه‌رنج و فه‌تواكانی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا كه‌ ئاخۆ خۆپێشاندان له‌دژی ده‌سه‌ڵاتدار، به‌شێكه‌ له‌ بانگه‌واز؟ ده‌ڵێت: (گرتنه‌به‌ری شێوازی باش، باشترین ڕێگه‌یه‌ بۆ قه‌بوڵ كردنی حه‌ق، شێوازی خراپ و توندیش ترسناكترین ڕێگه‌یه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ماف و قه‌بوڵ نه‌كردنی حه‌ق...ئه‌و خۆپێشاندانانه‌ی كه‌ هه‌ندێ كه‌سیش ئه‌نجامی ده‌ده‌ن و ده‌بێته‌ هۆی خراپه‌یێكی گه‌وره‌ له‌سه‌ر بانگه‌وازكاران، ده‌چێته‌ ئه‌م خانه‌یه‌وه‌، چونكه‌ ڕێپێوان و هوتاف كێشان له‌سه‌ر شه‌قام، هه‌رگیز ڕێگا نییه‌ بۆ چاكسازی و بانگه‌واز، به‌ڵكو ڕێگای دروست ئه‌وه‌یه‌ سه‌ردانیان بكرێت و نامه‌یان بۆ بنێردرێ به‌ شێوازێكی جوان و، ئامۆژگاری سه‌رۆك و ئه‌میرو شێخی قه‌بیله‌ بكرێت، نه‌ك به‌ توندوتیژی و خۆپێشاندان، چونكه‌ ماوه‌ی (13) ساڵ پێغه‌مبه‌ر له‌ مه‌ككه‌ ماوه‌یه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆپێشاندان و ڕێپێوان بكات، هه‌ڕه‌شه‌ی له‌خه‌ڵكیش نه‌كرد كه‌ ماڵیان كاوڵ ده‌كات و ڕه‌شه‌كوژیان ده‌كات، گومانی تێدا نییه‌ ئه‌م شێوازه‌ زیان به‌ بانگ و بانگه‌وازكار ده‌گه‌یێنێ و وا له‌ سه‌رۆك و گه‌وره‌ پیاوان ده‌كات به‌هه‌رچی له‌ده‌ستیان دێت، دووژمنداریان بكه‌ن و له‌ دژیان بوه‌ستنه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان به‌و شێوازه‌ نیه‌تی خێریان هه‌یه‌، به‌ڵام پێچه‌وانه‌كه‌ی دێته‌ دی...هتد.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: من پێم وانییه‌ ئه‌و خۆپێشاندانانه‌ی كه‌ ژن و پیاو پێی هه‌ڵده‌ستن چاره‌سه‌ر بێت، به‌ڵكو هۆكاری فیتنه‌و شه‌ڕه‌...). به‌نه‌قل له‌ (شريط بعنوان مقتطفات من أقوال العلماء(.
هه‌روه‌ها (شێخ محمد بن عوسێمین) ده‌ڵێت: خۆپێشاندان شتێكی نوێیه‌، نه‌ له‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌رو نه‌ سه‌رده‌می خوله‌فای راشیدین و سه‌حابه‌كاندا نه‌بووه‌. پاشان ئه‌و فه‌وزاو ئاژاوه‌گێڕیه‌ی كه‌ تیایاندا دروست ده‌بێت، وای لێده‌كات ڕێگه‌پێدراو نه‌بێت، چونكه‌ شكاندنی ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌و تێكه‌ڵی ژن و پیاوو، گه‌نج به‌ پیرو چه‌ندین خراپه‌و شتی ناشه‌رعی تر تیایاندا دروست ده‌بێت...بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ كه‌ خۆپێشاندان شتێكی خراپه‌، سه‌باره‌ت به‌وه‌ش كه‌ ده‌گوترێت خۆپێشاندانه‌كان ئاشتیانه‌ن، له‌وانه‌یه‌ له‌سه‌ره‌تادا ئاشتیانه‌ بن، به‌ڵام دوواتر ده‌بنه‌ خۆپێشاندانی ته‌خریبی. بۆ درێژه‌ی فه‌تواكه‌ بڕوانه‌: (الجواب اڵابهر لفۆاد سراج) ص75.هه‌روه‌ها عه‌للامه‌(صالح بن غصون) له‌وه‌ڵامی پرسیارێكدا، كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ئاراسته‌ی كرا: له‌دوو ساڵی ڕابردوودا گوێمان له‌هه‌ندێ بانگه‌وازكار ده‌بێت سه‌باره‌ت به‌ ڕێگاكانی بانگه‌وازكردن و گۆڕینی خراپه‌كاری، خۆپێشاندان و ڕه‌شه‌كوژی و ڕێپێوانه‌كان ده‌خه‌نه‌ ژێر ئه‌م حوكمه‌و جاری وا هه‌یه‌ ده‌یخه‌نه‌ ژێر بابی جیهاد، تكامان وایه‌ بۆمان ڕوون بكه‌یته‌وه‌ ئاخۆ ئه‌مانه‌ ڕێگای شه‌رعین ؟ یانیش ده‌چنه‌ نیتاقی بیدعه‌ی مه‌زموم؟
له‌وه‌ڵامدا ناوبراو ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی ئه‌مر به‌چاكه‌ و نه‌هی له‌خراپه‌ ده‌كات پێویسته‌ ئارام بگرێت و ئومێده‌وار بێت به‌ پاداشت و، پێویسته‌ دان به‌خۆیدا بگرێت به‌رامبه‌ر به‌و قسانه‌ی كه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌رگوێی بكه‌وێ ، یانیش خراپه‌یێكی پێی ده‌گات، به‌ڵام گرتنه‌به‌ری ڕێگای توندوتیژی و ئاژاوه‌و ململانێ و خیلاف و ته‌فریقی وشه‌، كارو كرده‌وه‌ی شه‌یتانین و بنه‌مای بانگه‌وازی خه‌واریجه‌كانه‌، ئه‌وانن به‌چه‌ك ڕێگا له‌ خراپه‌ ده‌گرن، ئه‌وانن به‌ شه‌ڕو خوێن ڕشتن و ته‌كفیری خه‌ڵك ڕێگه‌ له‌و كاروكرده‌وانه‌ ده‌گرن كه‌ لای ئه‌وان په‌سه‌ند نییه‌و پێچه‌وانه‌ی بیروباوه‌ڕی ئه‌وانه‌...هتد. هه‌روه‌ها (شێخ مُقبل الوادعی) ده‌ڵێت: سوپاس بۆ خوا پێشتریش سه‌باره‌ت به‌و خۆپێشاندانانه‌ له‌ وتاره‌كانی جه‌ژن و وتاره‌كانی هه‌ینیدا من هۆشداریم داوه‌، هه‌روه‌ها فه‌توای (هيئة كبار العلماء) له‌وڵاتی عه‌ره‌بستانی سعودی به‌ژماره‌ (19936) جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌و تیایدا هاتووه‌: ئێمه‌ هه‌روه‌كو چۆن ئامۆژگاری تۆ ده‌كه‌ین، ئامۆژگاری هه‌موو ژن و پیاوێكی موسوڵمانیش ده‌كه‌ین كه‌ له‌و خۆپێشاندانه‌ ئاژاوه‌گێڕیان دوور بكه‌ونه‌وه‌ كه‌ نه‌ ڕێز نه‌ ماڵ و نه‌ له‌گیان و نه‌له‌كه‌رامه‌ت ناگرن...هتد.
هه‌روه‌ها(شێخ صالح الفوزان) سه‌باره‌ت به‌ خۆپێشاندانه‌كان ده‌ڵێت: ئایینی ئێمه‌ ئایینی فه‌وزا نییه‌، به‌ڵكو ئایینی ڕێك و پێكی و هێواشی و ئارامیه‌، خۆپێشاندانه‌كانیش كرده‌وه‌ی موسوڵمانان نین و موسوڵمانان ئه‌م شێوازه‌یان به‌كارنه‌هێناوه‌، ئایینی ئیسلام ئایینی ڕه‌حمه‌ت و ئارامیه‌، نه‌ك ئایینی ئاژاوه‌و هه‌ڵگیرساندنی فیتنه‌...خۆپێشاندانه‌كان خوێنیان تیادا ده‌ڕژێ و كاوڵكاری تیادا دروست ده‌بێت، كه‌واته‌: ئه‌م شێوازانه‌ دروست نین.
له‌ شوێنێكی تردا ده‌ڵێت: ئیسلام دان به‌ خۆپێشاندانه‌كاندا نانێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌وزا دروست ده‌بێت و باری ئه‌منی تێكده‌چێت و گیان و ماڵ به‌فیڕۆ ده‌ڕوات و سووكایه‌تی به‌ ویلایه‌تی ئیسلامی ده‌كرێت، ئایینی ئێمه‌ ئایینی ڕێك و پێكی یه‌و ئایینی دوور خستنه‌وه‌ی خراپه‌كاریه‌، خۆ ئه‌گه‌ر مزگه‌وته‌كان به‌كارهێنران بۆ له‌وێوه‌ ده‌ست پێكردنی خۆپێشاندان و ڕێپێوان، زیاتر كردنی خراپیه‌كه‌یه‌و سووكایه‌تی و ژێرپێ كردنی حورمه‌تی مزگه‌وته‌كانه‌و ترساندنی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ بۆ نوێژ كردن و زیكری خوا ڕوویان تێده‌كه‌ن...هتد. (جریده‌ الجزیره‌ العدد (11358)
و(شیخ صالح ێ‌ل الشیخ)ی وه‌زیری كاروباری ئیسلامی ده‌ڵێت: هه‌ر ڕێگایێك كه‌ مرۆڤ پێی وابێت سه‌ركه‌وتووه‌، دروست به‌ كرده‌نی په‌نای بۆ ببات، بۆ نموونه‌: خۆپێشاندانه‌كان: ئه‌گه‌ر ده‌سته‌یێكی زۆر گووتیان: ئه‌گه‌ر ئێمه‌ خۆپێشاندان بكه‌ین، ئه‌وا ده‌بێته‌ هۆی گوشار له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارو له‌ ئه‌نجامدا خۆی چاك ده‌كات، چاكسازی ده‌سه‌ڵاتداریش شتێكی باشه‌و (الغایه‌ تبرر الوسیله‌)، ئێمه‌ ده‌ڵێین: ئه‌مه‌یان بیرۆكه‌یێكی نادروست و پووچه‌و چونكه‌ وه‌سیله‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا حه‌رامه‌، وه‌كو چاره‌سه‌ر كردنی نه‌خۆش به‌ شتێكی حه‌رام تاوه‌كو شیفای بۆ بێنێ.
هه‌روه‌ها(شیخ صالح اللحیدان) ده‌ڵێت: خۆپێشاندان و رێپێوانه‌كان به‌شێك نین له‌ ڕێگاكانی شه‌رعی و...پێویسته‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات ڕێگا به‌م جۆره‌ كارانه‌ نه‌دات). بڕوانه‌: (جريدة الرياض) ژماره‌ (12918).و (شيخ علي بن عبدالرحمن الحذيفي) ئیمامی مزگه‌وتی پێغه‌مبه‌ر ده‌ڵێت: ئه‌و ژاوه‌ژاوه‌ جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌، چۆن ده‌ستبه‌رداری عه‌قڵی خۆیان ده‌بن و په‌له‌ ده‌كه‌ن بۆ به‌شداری كردن له‌ ڕێپێوان و خۆپێشاندانه‌كان له‌ شه‌قام، بۆ ئاراسته‌ كردنی سێبه‌ری شه‌ڕ به‌ ڕێگای فاكس و ئینته‌رنێت به‌ پاساوی چاكسازی، ئه‌م جۆره‌ خۆپێشاندانانه‌ به‌شێكن له‌ فه‌ساد، به‌ڵام چاكسازی به‌ قورئان و سوننه‌ت به‌ڕێگای ده‌سه‌ڵات و زانایانه‌وه‌ ده‌كرێت، خۆپێشاندانه‌كانیش به‌هیچ شێوه‌یێك دروست نین، بۆ ئێمه‌ش نییه‌ به‌دروستیان بزانین، چونكه‌ ئێمه‌ ئه‌هلی شه‌ریعه‌تین، ئه‌و كاوڵكاری وخۆپێشاندانانه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتندان، له‌سه‌ر هه‌موومان پێویست ده‌كات، چ ده‌سه‌ڵاتدارو چ هاوڵاتی بۆیان له‌كه‌مین دابین تاوه‌كو به‌ته‌واوی له‌به‌رچاو ون ده‌بن، ئه‌مه‌ش هه‌م به‌هێزی به‌ڵگه‌و قه‌ناعه‌ت پێ هێنان و هه‌میش به‌هێزی ده‌سه‌ڵات.
هه‌روه‌ها(شیخ صالح السدلان) ئه‌ندامی (هيئة كبار العلماء) له‌ كۆڕێكدا له‌ (جمعية أحياء التراث الإسلامي) له‌كوێت، كاتێك سه‌باره‌ت به‌ خۆپێشاندان پرسیاری لێكرا، گووتی: له‌سه‌ر ئه‌وكه‌سانه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ هیدایه‌تی داون بۆ نه‌هج و ڕێگای ڕاست، پێویسته‌ ئامۆژگاری خه‌ڵك بكه‌ن و فێریان بكه‌ن...هه‌روه‌ها له‌سه‌ریان پێویسته‌ بۆ خه‌ڵك ڕوون بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ له‌ ئیسلامدا دروست نین، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ هی غه‌یره‌ موسوڵمانانن، به‌ داخه‌وه‌ ئێمه‌ش له‌ ئه‌وانمان وه‌رگرتووه‌، هه‌روه‌كو چۆن چه‌ندین شتی ترمان لێ وه‌رگرتوون، بۆیه‌ له‌سه‌رمان پێویسته‌ ده‌ست به‌ نه‌هجی قورئان و سوننه‌ته‌وه‌ بگرین...هتد).
هه‌روه‌ها عه‌للامه‌(أحمد النجمی) له‌ میانه‌ی تێبینیه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ (اخوان المسلمین)، له‌ تێبینی بیست و سێ دا ده‌ڵێت: ڕێكخستنی ڕێپێوان و خۆپێشاندان، ئیسلام دان به‌م جۆره‌ كارانه‌وه‌ نانێت، به‌ڵكو بیدعه‌یه‌و له‌ كاروكرده‌وه‌ی كافرانه‌و له‌لای ئه‌وانه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌، ئایا هه‌ركارێك كافره‌كان بیكه‌ن ده‌بێت ئێمه‌ش دوای ئه‌وان بكه‌وین؟
هه‌روه‌ها (شێخ أبو اسحاق الجوینی) سه‌باره‌ت به‌ خۆپێشاندان ده‌ڵێت: خۆپێشاندان شتێكی نا شه‌رعیه‌و هه‌موو زانایانمان له‌سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ن، به‌ ته‌جروبه‌ بۆمان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌م خۆپێشاندانانه‌ هیچ نرخێكیان نییه‌و هیچ مافێكی زه‌وتكراو ناگه‌ڕێننه‌وه‌، هه‌روه‌ها سووتاندنی ئاڵای ئیسرائیلی و ئه‌مریكی و وێنه‌ی سه‌رۆكه‌كان، هیچ بڕیارێكی سیاسی ناگۆڕێت، به‌ڵكو ته‌نیا گرتن و برینداركردن و كاره‌سات ده‌ره‌نجامی ئه‌م خۆپێشاندانانه‌ن.
ئه‌مه‌و چه‌ندین زانای ناودارو خاوه‌ن پله‌و پایه‌ی زۆر به‌رزی زانستی، خۆپێشاندان به‌هه‌موو شێوه‌یێك به‌ حه‌رام ده‌زانن و به‌ توندی به‌رپه‌رچی ئه‌وكه‌سانه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ ڕێپێوان و خۆپێشاندان به‌ كارێكی شه‌رعی ده‌زانن، له‌به‌شی داهاتوودا ئه‌گه‌ر خوا حه‌ز بكات تیشكێكیان ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر.