دوای ئه‌وه‌ی یاسای توندوتیژی خێزانی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه په‌سه‌ند كرا، كاردانه‌وه‌ی جیاجیای لێكهوتهوه، منیش له وتارێكدا ڕه‌هه‌نده‌كانی دوای پیاده‌كردنی ئه‌م شێوه یاسایانه‌م خسته‌ڕوو، ئه‌مه‌ش دوای به‌دواداچوونێكی ورد و خستنه ڕووی هه‌ندێ ئامار كه له گه‌وره‌ترین زانكۆكانی ئهمریكاو به‌ریتانیا ئاماده كرابوون، سه‌باره‌ت به دووگیانی كچانی هه‌رزه‌كار له وڵاتانی خۆرئاوا، كه ده‌سه‌ڵاتداران و توێژه‌ران به زه‌نگێكی مه‌ترسیداری ده‌زانن بۆ دوا رۆژی وڵاته‌كانیان و بۆ خودی ئه‌و كچانه ههرزهكارانهش، كه‌چی به‌رێزێك زۆر به نا شایسته‌یی و بهههڵچوونێكی له ڕاده‌به‌ده‌ر له وه‌ڵامی مندا هاتۆتهگۆو من و هه‌موو مامۆستایانی ئایینی بهبیرتهسك و لایه‌نگری توندوتیژی وه‌سف ده‌كات. من خۆم ناهێنمه ئاست قسه بێ بنه‌ماكانی ئه‌وو كه‌سانی وه‌كو ئه‌و، به‌ڵكو به پشت به‌ستن به بنه‌ماكانی زانست و ڕاوو سه‌رنجی توێژه‌رو زانا‌و ئه‌كادیمیه‌كانی خودی ئه‌و وڵاتانه، بابه‌ته‌كه ده‌خه‌مه به‌ر دیدی خوێنه‌رانی خۆشه‌ویست، چونكه من و هه‌رتاكێكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه حه‌قی خۆیه‌تی باس له یاسایێك بكات كه په‌یوه‌ندی به‌خۆی و كۆمه‌ڵگاكه‌یه‌وه هه‌یه، هیچ كه‌سێكیش ئه‌و مافه‌ی نییه ده‌ربڕینی بیروبۆچوون له‌كه‌سێكی تر زه‌وت بكات، با خۆیشی به فه‌یله‌سووف و زانا‌و خاوه‌ن نازناوی قه‌به‌ی بێ ناوه‌رۆك بزانێت، دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه كه ئه‌م یاسایه هه‌نگاوێكه بۆ ڕووخاندنی كۆمهڵگاو پچڕاندنی په‌یوه‌ندی له نێو تاكه‌كانی خێزاندا، هه‌نگاوێكه بۆ چاندنی تۆی ڕق و قینه له‌نێو خێزاندا، هه‌روه‌كو چۆن هه‌زاران ژنیان كرده له‌شفرۆش و هه‌زارانی تریان بێ خانه‌و لانه هێشته‌وه، ئێستاش ده‌یانه‌وێ منداڵ و هه‌رزه‌كار له‌دژی دایك و باوك هان بده‌ن و، ئه‌و هێلانه‌یه‌ی كه شوێنی حه‌سانه‌وه‌و ئاسووده‌یی هه‌موومانه، بیكه‌نه دۆزه‌خ و شوێنی ململلانێ. ئه‌مه‌ش ته‌نیا به چاولێكه‌ری وڵاتانێك كه خۆیان به‌ده‌ستیانه‌وه گیریان خواردووه‌و نازانن چۆن خۆیانی لێ ڕزگار بكه‌ن.
به‌ڕای من هۆی پێشكه‌وتنی ئه‌وان له‌وه‌دایه كه ئه‌وان جورئه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌یه دان به شكسته‌كانیان دابنێن و هه‌میشه به‌دوای ڕێگه‌چاره‌ی گونجاو‌دا بگه‌ڕێن، كه‌چی لای ئێمه هیچ كه‌سێك ئاماده نییه دان به هه‌ڵه‌كانیدا بنێ و، هه‌میشه خۆی به‌ڕاست و به‌رامبه‌ره‌كه‌شی به نه‌زان داده‌نێ ، كاتێكیش پرۆژه‌كه‌ی شكست ده‌هێنێت ، ئیتر په‌لاماری عه‌رش و كورسی ده‌دات و ئۆباڵی شكسته‌كانی ده‌خاته ملی خه‌ڵكێكی تر.
كێشه‌ی ئێمه له‌وه‌دایه تاوه‌كو خه‌ڵك واز له شتێك نه‌هێنێ ئێمه بۆی ناچین، كاتێكیش ئه‌وان به ته‌جروبه‌ی چه‌ندین ساڵه‌یان بۆیان ده‌ركه‌وت كه ئیتر ئه‌م یاسایه یان ئه‌و شێوازه‌ی رێكخستنی ژیان سوودی نه‌ماوه، یانیش له پیاده‌كردنیدا شكستیان خواردووه، ئه‌وكاته ئێمه ده‌كه‌وینه خۆ‌و ده‌ست و باسكی لێ هه‌ڵده‌ماڵین و به ئه‌مانه‌ته‌وه لێیان وه‌رده‌گرین، وه‌ك ئه‌وه‌ی كوردستان زبڵدانی پاشماوه‌ی شكسته‌كانی خه‌ڵك بێت، خۆزگه ته‌نیا شته باشه‌كانی ئه‌وانمان وهرگرتبایهو ته‌نیا له‌هه‌نگاوه سه‌ركه‌وتووه‌كانیان سوودمان وه‌رگرتبایه.
ئه‌وه‌ی خواره‌وه ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌ی(ئیندپیندت)ی به‌ریتانیه كه له رۆژی یه‌كشه‌ممه(27)ی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2005 له سه‌ر ژیانی گه‌نجان له به‌ریتانیا بڵاوی كردۆته‌وه له ژێر ناوی (هه‌رزه‌كارانی به‌ریتانیاو راستیێكی تاڵ) . من لێره‌دا ده‌قی ڕاپۆرته‌كه به‌بێ ده‌ستكاری ده‌خه‌مه به‌ر دیدی خوێنه‌ران و خودی ئه‌و به‌رێزه‌ی كه ئێمه به بیرته‌سك و دووژمنی پێشكه‌وتن ده‌زانێ. تاوه‌كو له‌وه تێبگات ڕاوو بۆچوون جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕاستیانه‌ی كه به به‌ڵگه‌ی زانستی و دوور له ده‌مارگیری سه‌لمێنراون و، ڕاستیه سه‌لمێنراوه‌كان جیاوازن له‌گه‌ڵ قسه فڕێدان و تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه.
له ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌كه‌دا ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌و كێشه‌و گیروگرفتانه ده‌سنیشان كراون كه گه‌نجانی به‌ریتانیا تێیدا ده‌ژین, ئه‌مه‌ش له ئاكامی خووگرتن به مه‌یخواردنه‌وه‌و به‌كارهێنانی مادده سڕكه‌ره‌كان, له‌گه‌ڵ گوشاری ده‌روونی له ڕاده‌به‌ده‌ر كه له ئه‌نجامی لێكترازانی خێزان و پچڕانی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی دووچاری بوون. گزگرتیانی دوا رۆژ
ڕاپۆرته‌كه هه‌ندێ ڕاستی مه‌ترسیداری بڵاوكردۆته‌وه‌و ئاشكرای كردووه كه ڕێژه‌ی ئه‌و هه‌رزه‌كارانه‌ی له ته‌مه‌نی (14) ساڵیدا عه‌ره‌قیان خواردۆته‌وه ده‌گاته 73% , هه‌روه‌ها نیوه‌ی ئه‌وانه‌ش كه ته‌مه‌نیان (13)ساڵانه‌یه بۆ زیاتر له جارێك عه‌ره‌قیان خواردۆته‌وه, به‌هه‌مان شێوه 91%ی هه‌رزه‌كارانی ته‌مه‌ن (16)ساڵه زیاتر له جارێكیان خواردۆته‌وه, شاره‌زایانی بواری ده‌روونیش ده‌ڵێن : ئه‌وانه‌ی كه له‌و ته‌مه‌نه‌دا مه‌ی ده‌خۆنه‌وه ده‌كرێت زیاتر له‌وانی دی دووچاری خووگرتن ببن . له‌باره‌ی مادده سڕكهرهكانیشهوه ڕاپۆرته‌كه ده‌ریخستووه كه 36% له هه‌رزه‌كارانی ته‌مه‌ن (15)ساڵه زیاتر له جارێك كۆكایین و حه‌شیشیان به‌كارهێناوه, پسپۆرانی بواری (ئیدمان) ده‌ڵێن: به‌ڵگه‌ی زۆر هه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له دوا رۆژدا ئه‌وانه دووچاری نه‌خۆشیه مه‌ترسیداره‌كانی ده‌روونی ببنه‌وه, هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه كردۆته‌وه كه ئه‌م ڕێژه‌یه له ته‌مه‌نی (16) ساڵیدا بۆ 53% زیاد ئه‌كات, ئه‌وه‌شیان ئاشكراكردووه كه ژماره‌ی هه‌رزه‌كاران له‌و ته‌مه‌نه‌دا له به‌ریتانیا ده‌گاته 1,7 ملیۆن , كه راپۆرته‌كه ناوی لێناون (گزگرتیانی دوارۆژ). هه‌روه‌ها ڕاپۆرته‌كه ئاشكرای كردووه كه 33% له گه‌نجانی ته‌مه‌ن (15)ساڵانه به‌كاری به‌دڕه‌وشتی هه‌ستاون كه10% گوتویانه له ژێر گوشاری هاوڕێكانیاندا به‌م كاره هه‌ستاون.
پزیشكه‌كان ده‌ڵێن: ئه‌م ژماره زۆره گڵپه‌ی ئاگری بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیه جنسیه‌كان خۆش ده‌كات , چونكه لێكۆلێنه‌وه‌كان ده‌ریانخستووه كه 40% ی هه‌رزه‌كاران، ته‌واو به‌كاری جنسی هه‌ستاون , هه‌رله‌و ڕاپۆرته‌دا رۆژنامه‌كه ده‌ریخستووه كه 25%له‌كۆی گشتی كچان له‌ته‌مه‌نی (15)ساڵیدا بیریان له خۆكوژی كردۆته‌وه, یان به‌جیدی هه‌وڵیانداوه ئازار به جه‌سته‌ی خۆیان بگه‌یێنن , هه‌روه‌ها 10% له‌وان هۆكاری ئه‌و خه‌مۆكی و دڵه‌ڕاوكێیه‌ی كه ئه‌وان دووچاری بوون, بۆ ئه‌و ئازاردانه جه‌سته‌ییه یان ده‌روونیه یان توندوتیژیه ده‌گێڕنه‌وه كه هه‌میشه رووبه‌روویان ده‌بێته‌وه .
ژماره‌یێكی پێوانه‌یی
به‌هه‌مان شێوه ژماره‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ی كه سه‌ردانی پسپۆر‌و پزیشكانی ده‌روونی ده‌كه‌ن گه‌یشتۆته ژماره‌یێكی پێوانه‌یی, چونكه به هۆی ئه‌و گوشاره‌ی كه دێته سه‌ریان له‌ئاكامی له‌ناوچوونی خێزان و تاقی كردنه‌وه‌كانی قوتابخانه له‌لایێك وكێشه‌ی گرنگی دانی له راِدهبهدهر به‌جه‌سته به شێوه‌یه‌كی وا كه زۆرجار ده‌گاته پله‌ی شێت بوون له لایێكی تره‌وه.
له‌باره‌ی ئه‌و هه‌رزه‌كارانه‌ی كه ته‌مه‌نیان له نێوان 13-19 ساڵیدایه حاڵه‌ته‌كه زۆر له‌وه‌ی سه‌ره‌وه خرابتره , بۆنموونه: زیاتر له (900) هه‌زار كه‌سیان به جۆرێكی وا هه‌ست به نائومێدی ده‌كه‌ن كه به جیدی بیر له كوژی بكه‌نه‌وه, هه‌روه‌ها نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن كه‌س هه‌وڵی ئازاردانی جه‌سته‌ی خۆیان داوه‌و (800) هه‌زاریشیان به‌كرده‌نی ئازاری جه‌سته‌یی خۆیان داوه‌و نیو ملیۆنیشیان بوونه‌ته هۆی تووڕه‌كردنی هاوڕێیانیان له قوتابخانه, یان ئازارگه‌یاندنیان به ماڵه‌وه، له كاتێكدا زۆر له ڕه‌فتاری خۆیان ناڕازین. هه‌روه‌ها 20% له‌و كچ و كوڕانه‌ی كه ته‌مه‌نیان (15) ساڵه بیر له نه‌شته‌رگه‌ری ده‌كه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سیما‌و روخساریان سرووشتی بێت یان په‌سه‌ندو مه‌قبوڵ بێت . پاش ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌كه له ڕاپۆرته‌كه ده‌بێته‌وه, ئه‌م دیاردانه له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی دوورودرێژدا به نموونه ده‌خاته‌ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی راستی ڕاپۆرته‌كه‌ی بسه‌لمێنێ , بۆیه چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ژماره‌یێك له‌و ههرزهكارو لاوانه ئه‌نجام ئه‌دات: (ئیما) كچێكی (15)ساڵانه‌یه, ناچاربووه هێنده مه‌ی بخواته‌وه تا ڕاده‌ی له خۆچوون و ڕشانه‌وه, چونكه ژیانی خێزانی بووه‌ته هۆی گوشاری ده‌روونی و هۆی كێشه‌و ناكۆكی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی, بۆیه‌ش ناتوانێ ته‌ركیز له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌و قوتابخانه بكات , به‌ڵام دوای ئه‌م خواردنه‌وه‌یه ماوه‌ی ساڵێكه تامی نه‌كردۆته‌وه .
(سیفیم)كچێكی ته‌مه‌ن (16) ساڵانهیهو ده‌ڵێت: مادده سڕكه‌ره‌كان له قۆناغی ناوه‌ندی خوێندندا باشترین چاره‌سه‌ره بۆ ئه‌و گوشاره‌ی كه له‌سه‌ریانه ( قۆناغی ناوه‌ندی له به‌ریتانیا له ته‌مه‌نی یازده ساڵیه‌وه ده‌ست پێده‌كات) ئه‌و له ته‌مه‌نی (13) ساڵیدا له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی له قوتابخانه ده‌ستی به‌كێشانی حه‌شیشه كردووه‌و ده‌ڵێت: زیاتر له سێیه‌كی هاوڕێیانی به‌رده‌وام مادده‌سڕكه‌ره‌كان به‌كاردێنن و خۆی بینیویه‌تی كه به‌ئاشكرا له‌ناو گۆڕه‌پانی قوتابخانه كۆكایین ده‌كێشن .
(مایكل)كوڕێكی (17)ساڵانهیهو له‌ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه دووچاری ئازاردان هاتووه و ئێستا به چاره‌سه‌ریه‌كانی دژه خه‌مۆكی له ژێر چاره‌سه‌ری دایه, ئه‌و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن تاوانبار ده‌كات به‌وه‌ی كه بۆخهڵكێكی به‌جه‌سته گه‌وره‌و به‌عه‌قڵ بچوك ڕه‌واج په‌یدا ئه‌كه‌ن تاوه‌كو ببنه رێبه‌ری لاوان , وهكوتیپی گۆرانی بێژی ره‌ش پێستی ئه‌مریكایی.
(ئهموجین) كچێكی ته‌مه‌ن (15) ساڵانهیهو ده‌ڵێت: زۆر له هاوڕێ كچه‌كانی ناو پۆڵی قوتابخانه خۆیان بریندار كردووه, ئه‌وان له كاتی پشوودان هه‌ندێ له جل و به‌رگیان دائه‌كه‌نن و جێگای برینه‌كانیان به‌دیار ئه‌خه‌ن و به‌رده‌وام هاوار ئه‌كه‌ن : سه‌یری من بكه‌ن , من نیگه‌رانم , من پشتگوێ خراوم , كه‌س نییه لێم تێ بگات , من جوانم به‌ڵام ته‌نیام . ئه‌وان به‌و قسانه ده‌یانه‌وێت سه‌رنجی خه‌ڵك به‌لای ئه‌و ئێش و ئازاره‌دا ڕابكێشن كه ئه‌وان دووچاری بوون .
(ئه‌ماری) كوڕێكی (14) ساڵانهیهو ده‌ڵێت: كۆمه‌ڵگا ناتوانێ ڕێگا له موماره‌سه‌ی جنسی بگرێت , هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ژیانی خێزانی زۆر ئه‌سته‌مه بۆ هه‌رزه‌كاران , چونكه زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان بێ به‌شن له بینینی دایك و باوكیان پێكه‌وه له‌ناوخێزانێكدا, بۆیه گه‌نج نازانێ سكاڵای خۆی بۆ كام لا به‌رێت .
(ستف) كچێكی (13) ساڵانه‌یه, ده‌ڵێت: نزیكه‌ی(10)كه‌س له هاو پۆڵانی به‌هۆی دووچاربوونیان به نه‌خۆشی توڕه‌بوون و خه‌مۆكی و به‌دڕه‌وشتی له ژێر چاره‌سه‌ردان, ئه‌و چه‌ند منداڵێكی بینیوه كه به كورسی له‌سه‌ری مامۆستاكانیان داوه, چه‌ندین جاریش ئه‌و شته‌ی كه ده‌كه‌وێته پێشیان ههڵیدهگرنهوهو فرێی ئه‌ده‌ن , كێشه‌كان گه‌لێك زۆرن .
(سیبا ستین) كوڕێكی (13) ساڵانه‌یه ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه زۆر خۆشحاڵه به جه‌سته‌ی خۆی , به‌ڵام چونكه به هۆی كورته باڵاییه‌وه گاڵته‌ی پێئه‌كرێت و پلاری تێئهگیرێت , ئه‌و ئاواته‌خوازه ئه‌گه‌ر باڵاكه‌ی گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت , نموونه‌شی به‌جه‌سته‌ی جوانی هه‌ندێ له ئه‌كته‌ره مل بادراوه‌كان و ئه‌كته‌ره ئافره‌ته لاوازه‌كان هێنایه‌وه.
كۆتایی ئه‌م باسه به وته‌یێكی(لورد سنل) دێنم كه ده‌ڵێت : ئێمه توانیمان هه‌یكه‌لی ده‌ره‌وه زۆر به رێك و پێكی دابمه‌زرێنین, به‌ڵام بێ ئاگابوین لهعاملی سه‌ره‌كی له‌دانانی یاسای ناوه‌خۆ, ئێمه نه‌خشه‌ی كاسهمان به‌ماندوبوون وگرنگیه‌كی زۆره‌وه دارشت و دیوی ده‌ره‌وه‌شمان زۆر به‌جوانی ڕازانده‌وه, به‌ڵام دیوی ناوه‌وه‌ی كاسه‌كه پریه‌تی له‌كاره‌سات و پیسایی, ئێمه هه‌موو توانا زانستی و هێزو ده‌سه‌ڵاتی لهرادهبهدهرمان, له‌خزمه‌تی جه‌سته به‌كار برد, به‌ڵام گیانمان به‌جێ هێشت , بۆیه به‌رده‌وام ئه‌م گیانه له‌ده‌ست هه‌ژاری و بێبه‌شی ده‌ناڵێنێ.
سه‌رچاوه: 1- گۆڤاری ( المجتمع ) ژماره( 1683) بهروار 31/12/2005. |