ئەمرۆ 20ی1ی2025 بە ئامادەبوونی بەرێزان د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرو مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی و ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان و ژمارەیەکی بەرچاو لە زانایانی ئایینی و ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆ و نووسەرو رۆشنبیر؛ مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی (فەتواکانی ئەنجومەنی باڵای فەتوا)ی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە شاری هەولێر بەرێوە چوو.
سەرەتای مەراسیمەکە وێڕای خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز؛ سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا باسی لە گرنگی پرۆژەکەو رۆڵی لە خزمەتکردنی رەوشی ئایینی و ئاراستەی کۆمەڵگەی کوردی کردو هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پرۆژەکەی بۆ ئامادەبووان باس کرد، هەروەها رۆڵی گرنگی مەلای کورد لە خزمەتی فەتواو چارەسەرکردنی ئاریشەکان خەڵک بەرز نرخاندو چەند وێستگەیەکی خزمەتی یەکێتی زانایان لەو بارەیەوە خستە ڕوو.
دواتر بەرێز د.حسسن موفتی ئەمینی ئەنجومەنی باڵای فەتوا وتەیەکی پێشکەش کردو باسی لە گرنگی فەتواو فەتواکانی ئەنجومەنی باڵای فەتوا کرد، لەرووی زانستی و شێوازی دەرکردنی فەتواو بڵاوکردنەوەی ئەک کتێبە گرنگە، کە دەبێتە سەرچاوەیەکی زانستی بۆ زۆرێک لەو پرسانەی جێی مشتومڕو راجیایی زانایانن.
دواتر بەرێز د.سەباح بەرزنجی وتارێکی سەبارەت بە ناوەرۆک و سرۆڤەو هەڵسەنگاندنی بابەتەکە بۆ ئامادەبووان پێشکەش کردو رۆڵی زانایانی کوردی لە بواری خزمەت بە فەتواو کۆمەڵگەو زانست و دەربڕینی هەڵوێستی جوامێرانە کردو کتێبی فەتواکانی ئەنجومەنی باڵای فەتوای وەک سەرچاوەیەکی گرنگ و بەپێز وەسف کرد، کە خزمەتی کۆمەڵگە و رەوشی ئایینی و ئەمنی فکری دەکات و دەبێتە پاڵپشتێکی گەورە بۆ کارو هەنگاوەکانی زانایان.
شایەنی باسە ئەم کتێبە لە دوو بەرگ و قەبارەی 900 لاپەڕە پێک دێت، کە لە لایەن بەرێز د.عبدالله شێرکاوەیی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندن ئامادەو کۆکراوەتەوەو، بەرێزان د.حسن خالد مستەفا موفتی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و ئەمینی ئەنجومەنی باڵای فەتوا و د.حسن پشدەری ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەتوا پێداچوونەوەی بۆ کراوەو لەسەر ئەرکی یەکێتی زانایان چاپ کراوە، بە یەکەمین بەرهەمی فەتوای کوردی دادەندرێت، کە لەم خولەی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان وەک سەرچاوەیەکی بە پێز دەکەوێتە بەردەستی زانایان و خوێنەران.
هەر لە مەراسیمەکەدا کتێبەکە بەسەر بەشداربووانی مەراسیمەکە دابەش کراو بووە مایەی خۆشحاڵی زانایانی ئایینی و جێی بایەخی راگەیاندنەکان.