لەسەروبەندی هاتنەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا یەکێک لەو ڕوونکردنەوەو ئاگادارکردنەوانەی کە ئەنجومەنی باڵای فەتوا لەهەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە بریتی بو لە ڕەوایی نەدان بە بەخشینی زەکات بە حیزب و کەناڵ و بنکەو وسەنتەرو .....هتد، ئەمەش وەنەبێ هەرلەخۆڕا یان لەژێر فشارو نەدانی دەستێکی دەرەکی ئەم ڕوونکردنەوەیان دەرکردبێ ،بەڵکولەئەنجامی تەتەڵەو بێژنی بابەتەکەو لەبەرچاوگرتنی دۆخ وواقعی کوردستان و هەڵسەنگاندنی ڕاو پشت بەستن بەڕای بەهێز بڵاوکراوەتەوە، تاسەرەنجام بەزۆرینەی پەسەندکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای فەتوا پەسەندو بڵاوکراوەتەوە. لێرەدا بابەتەکەی من تەنهاجەخت کردنەوە نیە لەسەر ئەوەی ئایا زەکات بەوشوێنانە دەشێت یان نا ،بەئەندازەی ئەوەی کەهەڵوەستە لەسەرئەو دەنگە ناڕازیانەبکرێ کەلەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم ڕوونکردنەوەیە بەرزبوونەوەو قۆڵیان بۆوەڵامدانەوە تاسنووری تەشهیر بەئەنجومەنی باڵای فەتوا دەستی پێکرد ، وەکو ئەوەی لەم مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەدا خاڵێکیان بۆجیهادو سەدەقەی جاریە دۆزیبێتەوەو شێل گیرانە لەهەوڵابن بۆئەم وەڵامەیان نەبادا ئەم خێرەگەورەیان لەدەست دەربچێ!!!! هەربۆیە زووبەزوو لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان وفەزای دەرەکی بەناوی خۆیان وخوازراوو ڕاسته وخۆو ناڕاستەوخۆ بەناوی پرسیاری هاوڵاتیان و ڕوونکردنەوە کەوتنەگیانی ئەنجومەنی باڵای فەتواو هەموو ئەوڕا لاوازانەی کەلەبێژنگی زانایانی ئەنجومەنی باڵای فەتوا کەوتبوونە خوارەوە کۆیان کردنەوەو پاش ڕازاندنەوەو ڕتووش کردنیان بڵاویان کردەوە ،بێئاگالەوەی لەمێژە زانایانی ئەنجومەنی باڵای فەتوا ئەو قیلو ڕا مەجهولانەی تەتەڵەو بێژنگ کردوەو لەسەرنجدان و خستنەژێر میزانی فیقهی واقیع و یاساشەرعیەکان لێبونەتەوە. ئەوەی کەلەم هەرێمەی ئێمەدا لەسەرفەتواو سەرنج و تێبینی و فەتواکانی ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان و زۆرپرسی دیکە دەگوزەرێت جێگەی سەرسوڕمانە ، ئەگەرسەرنج بدەین ئەنجومەنێک زیاتر لەنیوسەدە بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی کەسی و لایەنداری و هەوڵنەدان وبیرنەکردنەوە بۆکۆکردنەوەی پارەوپوول بەناوی ئیسلامەوە لەخزمەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و خاک وخەڵکی ئەم کوردستانەدابوون ،جگەلەفەرمان کردن بەچاکەو ڕێگریکردن لەخراپەو هوشیارکردنەوەی موسوڵمانان لەپابەندبوون بە ئایینەکەیانەوە ، پێدانی زانیاری دروست بەبەڵگەی بەهێزی شەرعی هیچ شتێکی دیکە لەبارگەو بارخانەیان دانەبوەو هیچ شتێکیان بەئاشکراو نهێنی بۆخۆیان حەشارنەداوەو چاولەهێمای هیچ کەس و دەستێکی ناوخۆیی ودەرەکی نەبوون تا لە لەسەرویستی ئەوان فەتواو ڕێنماییەک دەربکات، بەیەکچاو سەیری هەمووموسوڵمانانی کردوە، جیاکاری لەنێوان موسوڵمانان دا نەکردوە، سەیرە ئەنجومەنێکی فەرمی کە21 زانای هەڵبژاردەی ئەم کوردستانە بەکەوش و کڵاشی خۆیانەوە بێ هیچ ئیمتیازێکی مادی شەووڕۆژیان خستبێتەسه ریەک تەنهابۆخزمەتی شەریعەت بێ ئاوڕدانەوە لەدونیاو دامەزراوە و کومپانیاو سیستەمەجۆراوجۆرەکان،بێ ڕەچاکردنی ئاماژە دەرەکیەکان بەوجۆرە هەوڵی لاوازکردن و بێ بەها کردنی بدرێت لەفەتواو ئاڕاستەو ڕێنمایی کردنەکانیان دا لەبەرچاوی موسوڵمانان و نەوەی داهاتووی گەلەکەماندا. سەیرەمرۆڤ ئەوەندە بەجورئەت بێ لەبەردەم چەندین زانای ڕدێن سپی و قاڵ بووی زانستەشەرعیەکان دا بوەستێ و بەزمانی قاڵ و حاڵ بڵێ ئێوە هەڵەن چونکە بونەتەهۆی بێ پارەیی بۆ حیزب و سەنتەرو کەناڵ و بنکەکانی ئێمە، چونکە گۆڕینی مایکی نوێ و قەنەفەو ژووری ڕاقی میوان و مێزی قوتابی وپێشوازی پێویستی بە نۆژەنکردنەوەو جوان کاری هەیە ،بەڵام بەچی؟ بەپارەی زەکاتی هەموو ئەوکەسە هەژارو داماوو بێ دەست و نەخۆشانەی کەچاوەڕێی ڕەحمی خواو پارەی زەکاتی موسوڵمانانن کەتۆزێک ژیانی پڕلە نەهامەتی و نەداری خۆیانی پێ بگۆڕن!! خۆئەگەرخەمی بنکەی قورئان خوێندن و لەبەرکردنی بێ ئەوا دەبینیین موسوڵمانە هەژارەکانی ئەفریقاو سۆدان و وڵاتە هەژارنشینەکان چۆن لەژێرخێمەیەکی پەرپوت و لەناولم و بێ نانی داواکراو بەدلیڤەریو مێزو کورسی وسپلیت و دیکۆری باڵەخانەی بەرزو ڕازاوەو ڕەونەق پێدراو لەماوەیەکی کورتی یەک ساڵ یان زیاتر لەسەر تەختەڕەقێکی شێوە ڕەکتە قورئانی پیرۆزیان بۆدەنوسنەوەو لەبەری دەکەن ، نەتابلێتێکیان لەبەردەستایەو نە شاشەیەکی زیرەک ، نەمێزو کورسی و نەهەوای فێنک و نەئاوی ساردکراوە. سەرنجی من لەکۆی ئەو وتەو نوسراوانەدا بۆلای هەڵوێستی زانایان و پێش نوێژووتارخوێن و بنکەڕوناکبیریەکانی وڵاتانی دیکە ڕۆشت کەچۆن پابەندن بەفەتوای زاناکانیانەوە و هەمان ئەوفەتوایانە بڵاودەکەنەوە کەئەوگەورە زانایانە بڵاویان کردۆتەوە،نەک وەکوبەشێک لەوتاربێژو لایەن و خاوەن سەنتەرو دەزگاکان کەبێ بایەخانە لەڕۆڵی زانایانی ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایانی کوردستان دەڕوانن ، زانایەکی ئایینی ئەم هەرێمەی خۆمان بۆی گێڕامەوە کەلەساڵانی ڕابردوو سەردانێکی زانای کورد ی شەهید پڕۆفیسۆر محمدسەعید ڕەمەزان بۆتانی کرد بو ، پرسیارێکی شەرعی لەبۆتانی کردبو ، لەوەڵامدا فەرموبووی: وەکو دوومەلا باس لەم بابەتەبکەین یان ڕاوفەتوای دارالافتای وڵاتت پێ بڵێم ؟؟چونکە ڕای خۆم هەرچۆن بێت ڕێز لەڕای فەتوای وڵات دەگرم و ڕاکەی ئەوان بەخەڵکی دەڵێم !!! خۆڕوون وئاشکرایە زانای گەورە محمدسعید بۆتانی هیچی لەو زانایانەی دارالافتای سوریا کەمترنەبوە بەڵام چونکە زانایەو ئوسوڵی فەتواو ڕێزی زانست و شەرعی لابوەو پێگەی موفتیەکانی زانیوە چۆن بەڕێزەوە مامەڵە دەکات و ڕێزیان بۆدائەنێت ، نەک سەنگەرلێگرتن و سووک کردن و ناشیرین کردنیان وەکوئەوەی سەرکەوتنی ئیسلام تەنها یەک خشتی مابێت کەبخرێتەسەر دیواری سەرکەوتن ئەوخشتەیش وەڵام دانەوەو بێ ڕێزی کردن بێت بەئەنجومەنی باڵای فەتوای کوردستان. خۆئەگەربوترێت هەمووکەس مافی ئەوەی هەیە کە لەپرسێکی واداسەرنجی خۆی دەرببڕێت ،ئەواگرنگە بوترێت کام کەس بۆی هەیە؟ ئەوانەی کە هێشتازۆریان ماوە لەسێبەری زاناو تێگەیشتوانی ئەهلی فەتوابحەوێنەوەو لەکانیاوی زانستیان ئەگەرتەمەنیان مۆڵەتیان بدات بەهرەگربن ، یان برەودان بەوفەتوا جیاوازانەی کەلەژێرنووسی تیڤیەکانەوە بڵاوی دەکەنەوە کەزۆربەیان پێجەوانەی مەزهەبی سەدان ساڵەی خەڵکی کوردستانە کەمەزهەبی پێشەوا شافیعیە، کەلەهەمووپرسەکان داو لەمانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا بێ گوێدانە یاساوڕێساشەرعیەکان خەڵکی دووچاری دڵەڕاوکێ و ناکۆکی دەکەن، بۆلەوڵاتانی وەکوسعودیەو قەتەرو تورکیاو میسرو ئیمارات و مالیزیاو ......هتد،ڕێگەئەدرێ بەم جۆرە بەڕووی موفتی و دامەزراوە کانی فەتوادا هەڵبشاخێن و قسەی نەشیاوو لابەلا بکەن؟؟؟ ئومێدەوارم کەسانی دیاری ئەم کۆمەڵگەیە لەلایەنە سیاسی وفیکری و ڕێکخراوەکان بەگشتی و ڕێکخراوە خێرخوازیەکان لەئەنجام دانی هەرچالاکی و کارێکی خێردا تەنهاتەنها پاداشتی خوای میهرەبانیان لەبەرچاوبێ و وەرگرتنی زەکاتی موسوڵمانان بەئەمانەتەوە وەربگرن ولەشوێنی دیاریکراوی خۆیدا وەکوئەوەی لەقورئانی پیرۆزداهاتوە سەرفی بکەن و بێ هیچ منەت وخۆ هەڵکێشانێک بیدەنەدەستی فەقیرو هەژاران ، چونکە مرۆڤی موسوڵمان لای خوای میهرەبان لەکەعبەی پیرۆز بەنرخترە، بامرۆڤەهەژارەکان ،بێ نەواو پەژموردەکان،بێ لانەو نەخۆشەکان ڕزگاربکەین لەڕێگەی زەکاتی موسوڵمانان و هاوکاری خێرخوازان، هەرکات ئەومرۆڤانەمان ڕزگارکرد ئاوڕێکیش لەکەناڵ و کورسی ومایک ومێزی دانیشتن و سەنتەرو دیکۆری باڵەخان ئەدەینەوە بەڵام نەک بەزەکاتی ماڵی موسوڵمانان بەڵکو بەڕێگەی حەڵاڵی دیکە، باڕۆژی دواییمان لەبەرچاوبێ و بەڕای بەعێزکاربکەین و بەپارەی زەکاتی موسوڵمانان پیاوەتی نەکەین وکورد وتەنی: پیاوەتی بەئاوی حەمامەوە نەکەین |