یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مامۆستا شێخ مەلا ياسين شێخ فەرخ کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە بەشداری نوێنەری یەکێتی زانایان؛ کارەکانی خولی چل وپێنجەمین شرۆڤەی نامەی عەممان لە شانشینی ئوردەن بەرێوە دەچێت    *****    *****   یەکێتی زانایان لە گەڵ دەسپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن پەیامێک ئاراستەی لایەنە سیاسیەکان و هاوڵاتیان دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا عيسا کەونەگوندی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان  پێشوازی لە شاندێکی کریستیانەکانی کوردستان دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان  پێشوازی لە بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری دەکات    *****    *****   پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان    *****    *****   پەیامی سەرۆکی حکومەت لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان    *****    *****   پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی هەرێم بە بۆنەی 54 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایان    *****    *****   ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەرز راگیرا    *****    *****   یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان به‌ بۆنه‌ی 54 ساڵه‌ی دامه‌زراندنیه‌وه‌ پەیامێک بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا طيب أحمد کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات   
ئازاد محمد به‌رگركه‌یی
به‌رواری دابه‌زاندن: 25/03/2023 : 22:12:36
قه‌باره‌ی فۆنت
فەریکە خوێندەوارو کاریگەرییەکانی ناحاڵیبوون بەسەر دین و دینداری

 

ئەو فەوزایەی ئێستا بەرۆکی ئوممەتی ئیسلام و موسڵمانی گرتوەو بەشێوەیەکی بەرچاوو سامناک پەرش و بڵاو بوەتەوە، دووچین دەستی سەرەکی و ڕۆڵی تێدا دەگێڕن، کە بریتین لە فەریکە خوێندەوار و کۆلکە موسڵمانان، هەڕەشەو مەترسی ئەو دووچینە ئەگەر بڵێم لە نەیارو ناحەزانی ئیسلام زیاتر نەبێ کەمتریش نیە، ترسناکی ژەهری ئەمانە چەشنی چەکی ئەتۆمی و قومبەلەی زەڕییە، ئەمانە بارن بەسەر ئیسلام و موسڵمانان و کارلێک و لێکەوتەکانیان هەمیشە زەڕبەن بۆ مێژوویی پڕشنگدارو زێڕینی پڕ لە سەروەری ئیسلام و پەرێزی دیارو پاک و تەمیزی موسڵمانان.

✧ مەبەستمان لە کۆلکە موسڵمان، یانی موسڵمانی جاهیل و نەفام، موسڵمانی بەهەنجەت و بە بڕو بیانو، موسڵمانی تەزویرو پڕ لە کلاوات و درۆو دەلەسە، موسڵمانی دین فڕۆش، موسڵمانێک کە بە نەزانی دینداری دەکات، بە نەزانی دەم لە دینەدات و فەتوا دەدات، بەنەزانی خۆی،  خۆی و خەڵک گومڕاوو سەر لێشێواو دەکات، موسڵمانێک کە لای وایە گەر ئەونەبێ دین لەسەر زەوی نامێنێ و بەهۆی خێرو بێرو نێوچاوانی جەنابیانەوەیە باران لە ئاسمان دەبارێ و خۆر هەڵدێت، موسڵمانێک خۆی پێ لە هاوەڵان دڵسۆزترو لە پێشترە، تەنها خۆی پێ ڕاست و خۆی ئەبێنێ و ئامادەنیە گوێ بۆ کەس بگرێ و ببێ بەقوتابی هیچ کەسێ، موسڵمانێک فەخفەخە بەدیندارییە کڕچ و کاڵ و پڕ لەکەم و کوڕییەکەی دەکات و پێی وایە بەهۆی ئەوەوە دەبێ خەڵک ڕێزی بگرن و لەبەری هەڵبستن و دەست لەسەر سینگ و گوێ لە مستی بن، موسڵمانێک دین بەکاردێنێ بۆ جوڵاندنی سۆزو عەتفی خەڵک و بازاڕی دونیای خۆی پێ گەرم و گوڕەکات، دینی کردۆتە فاکتەرو پسولەو پەساپۆڕتێ ڤیزەی تەواوی شوێنەکانی پێ وەرەگرێ و مەهاجەی هەموو شوێنێکی پێ دەستەبەرەکات، موسڵمانێک بە سەرو سیماو ڕواڵەتی فریوی خەڵکەداو خۆڵ ئەکاتە چاویان و کڵاو ئەنێتە سەریان، موسڵمانێک قەناعەتی وایە بەهەشت تەنها موڵکی ئەوەو بۆ ئەو دروستکراوەو تاپۆی لە گیرفانیەتی و ئەم حەقە بەکەسی تر ڕەوا نابینێ، موسڵمانێکی ناحاڵی و ناشەرەزاو غەریب و نامۆ بەقورئان و سوننەت، شارەزاو کارامە بە خوڕافیات و ئیسرائیلیات و جادو سیحرو شەحوەزەو تەلەسمات.

 موسڵمانێکی تەمبەڵ و تەوەزەل و دەست و پێ سپی و دەست نوقاو حاقدو حاسدو ڕیابازو ڕیباخۆرو  تەڵەکەبازو ساختەکارو پڕ لە پۆخڵەوات...!

دەی کوا ناحەزانی ئیسلام ئەم مەترسیانەیان هەیەو ئاوا دەتوانن ئیسلام لەبەر چاوی خەڵک بکەن و لێی دوورخەنەوە بەقەد ئەم کۆلکە موسڵمانانەوە، چونکە هەمیشە ڕوی تیری دوژمنان دیارەو خەڵک ئەزانێ چۆن خۆیان لێ بپارێزێ وحەسێب و مامەڵەیەکی تایبەتیان لەتەکدا دەکات، بەڵام کۆلکە موسڵمانەکە بەبەرگی خۆت و بەچەکی خۆت و لەماڵ وسەرخاکی خۆت لەگەڵت دەجەنگێ، بۆیە خۆپاراستن لەوانە زۆر ئەستەمترو دژوارترە.

✧وەمەبەستمان لە فەریکە خوێندەوار ئەوانەن کەلە سەرەتاو دەستپێکی ئەلیف و بێی زانستدان، ئەوانەن کە بەخوێندنی پێنج شەش ووشەو خوێندنەوەی یەک دو نامیلکەو گوێگرتنی حەوت هەشت وتاری سۆشیاڵ میدیا خۆیان لێ بۆتە زانای تەفتازانی و ئیمامی ڕەببانی و زۆر جەریئانە بێ ئەدەبانە ڕەخنە لە زانایانی پێشینی ئوممەت دەگرێ و خۆی بەوان ناگۆڕێتەوەو دەڵێ شافعی و بوخاری کێنەو من کێم!، ئەوانەن کە بەووردی و قوڵی و هەستیارییەوە لە زانست ڕونەچوون بەڵکو هەر سەری لێ دەرناکەن، ئەوانەن کە لە هیچ مەنبەع و حوجرەو ناوەندەکانی خوێندن و فێرکردن نەبینراون، وەهیچ بڕوانامەیەکی مەوسوق و دانپێداهێنراویان نیە، وەتا ئێستا بەئەدەبەوە لە خزمەت هیچ مامۆستاو مودەڕڕیسێک چۆکیان دانەداوەو مەنهەجیان بەپلەندی و تەدریجی نەخوێندوە، وەمەبەستمان لەو بەناو زانایانەشە کە خۆفڕۆشن، کەدەست لە مست و گوێڕادێری زاڵمەکانن و فەتوای گرتن و بڕین و کوشتن و دەست بەسەرداگرتن و حەپەلۆشکردنی قوت و داهاتی خەڵکیان بۆ دەدەن، زانایێ کە لوتبەرزو ئەنانی و خود پەسندو پەرستە و گاڵتەی بەخەڵکی دێ، زانایێ کە کار بەزانین و زانستەکەی ناکات کە خودا بە سەو گوێدرێژ ئەیان شوبهێنێ،!

زانایێ کە پێنوسەکەی دەستی لە چەکی دەست شێت و نەزان زیانی زیاترو سامناکترو خەتەرترە...!

ئاخر توخودا کەی نەزان هەم هەڕەشەو مەترسیانەی بەسەر دین و ژینی خەڵکەوە هەیە، کێ گوێ بۆ نەزان و دەگرێ و بەقسەیانەکات، کەی نەزان ئەزانێ ئەم هەموو شێواندن و  خەڵەتاندنە خیانەتە بکات!

ئاخر بۆیە وتراوە هەڵەی زانا کارەساتە خولقێنێ و زۆر جار دەبێتە هۆکاری ئەوەی هەم دینت بچێ هەم ژینت!

ئاخر گەر بە هەڵەی پزیشکێ تەندروستیت بکەوێتە مەترسی و هەڵەی فیتەرێ ماڵت بەهەدەر بدات، بەڵام هەڵەی زانایان دین و ژینمان دەخاتە ژێر مەترسیەوە

- ئەدی مەگەر هەڵەی ئەوانە نەبو!

کە خەڵکێکی زۆر لەدین سارد بونەتەوەو دوورکەوتوونەتەوە!

- ئەدی هەر هەڵەو فەتوای  وان نەبو، کە خەڵکێکی زۆر توشی بیری توند ڕەوی بون و خۆیان تەقاندەوەو لە پێناو هیچ خۆیان  بەکوشتندا!

- ئەدی هەڵەی وان نەبو کە خەڵکێکی زۆر سەری لێ شێواوەو نازانێ بەدوای کێ بکەوێت و گوێ بۆ کێ ڕادێرێ و کێ لەسەر حەقە!

- ئەدی هەڵەو فەتوای وان نەبو کە خەڵکانێکی زۆریان توشی سوو ڕیباو ڕیشوەو حەڕامخۆری کرد، ئەدی  ئەدی و سەدان ئەدی تر...!

دەرەنجام:

ئوممەتی ئیسلام و کۆمەڵگەی موسڵمانان پێویستیان بەکام موسڵمان و بەچجۆرە زانایێک هەیە؟

موسڵمانێک: کە ئەسڵ و ڕەسەن و ڕاساڵ و سەر ڕاستبێ، مەبدەئی بێ، بێ گەردو خەوشبێ، بەهیچ کڵۆجێ سازش لەدین و دینداریەکەی نەکات هاشێوەو چەشنی داری سنەوبەرو، بەڕوو، زەیتون، ڕەگ و ڕیشاڵەکانی داکوتیبێ و بەهیچ باوو بۆران و زریانی کوفرو ئیلحادو نیفاقێک نەجولێ، هەموودونیای بۆ پێشنیاز کەن سازش لە دینەکەی و پەیامەکەی نەکات، وەک پێغەمبەری خوا درودی خوای لەسەربێ وایکرد، وەکو بیلال گەر بەهەموو شێوەیەک ئازاربدرێ نەتوانن ئەم ئیمانەی کەلەناخ و دڵ و سینەی چەکەرەی کردووە هەڵی تەکێنن، وەکو عوقبەی کوڕی نافیع خەمی گەیاندنی دینی خوای بێ و مەگەرئاوو ئاگری بێتە ڕێی و ڕێی پێ بگرێ، وەکو ئیمامی ئەبوبەکر ڕەزای خوای لەسەربێ

ئامادەبێ لە پێناوو وەلەبری مرۆڤایەتی تەنها خۆی بسوتێ، وەکو هاوەڵانی تر سەرو ماڵ و منداڵ و خاک و خۆشی خۆیان قوربانی ئەم دین و پەیامی خودایە بکەن، موسڵمانێکی دەوێ نەگۆڕێ نەدۆڕێ، موسڵمانێکی دەوێ ژیربێ و زانابێ دانابێ داهێنەربێ کاریزمی و کاریگەربێ و شاکار بخولقێنێ، موسڵمانێکی دەوێ خوێنەربێ پاکو خاوێن بێ، بۆن خۆش و دەم بەخەندەبێ، سینە فراوان و دوروبین و ووردبین بێ، ئیستیقامەی هەبێ و کارەکانی بە ڕاوێژ هەستیارییەوە بکات، هەستێکی بەرزی ئیمانی و  ئینسانی و بەرپرسیارەتی هەبێ، بانگخوازێکی موسا ئاساو، دەست و داوێن پاکێکی یوسف ئاساو، خۆڕاگرو شوکرانەبژێرێکی ئەیوب ئاساو، ژیرو دانایەکی لوقمان ئاسا، دادپەروەرێکی عومەر ئاسای هەبێ، موسڵمانێکی دەوێ خەمی هەمووانی لە بەربێ خۆ نەویست و خەڵک ویست بێ، عەقڵ و ئاوەزو بیرو بیرکردنەوەو ویژدانێکی سەلیمی هەبێ، دڵێکی ساغ و سینەیێکی سافی هەبێ، موسڵمانێکی دەوێ ڕەوشتێکی بەرزو دەم و دامێنێکی پاک و دەست و قامێکی ڕەنگینی هەبێ....!

هەرگیزاو هەرگیز موسڵمانێکی ناوێ، تەنها بەناو موسڵمان و بەناوەڕۆک فڕی بە ئیسلامەوە نەبێ، موسڵمانێکی ناوێ وەکو داشی دامە بجولێندرێ، وەبەهەموو فیتەیێ هەڵپەڕێ و بەهەموو ئالەتێک بژەنێ و بێتە سەما، موسڵمانێکی ناوێ لە هەموو شوێنێک و لە گەڵ هەموو کەسێک ببینرێ! 

ئاخر بەداخەوە زۆربەی موسڵمانانی ئێستا زۆر سەیرو سەمەرەو سەر سوڕ هێنەرن، کەس سەریان لێ دەرناکا، ئەیانەوێ دین و دونیاپێکەوە هەبێ، خۆشەویستی خواو نەیارانی پێکەوە لە دڵ کۆبکەنەوە، حاشا وەکو کەڵەشێر وان بانگەدەن و شتی پیسیش دەخۆن! لەمزگەوتە بینرێن و لە شوێنی خراپیشە بینرێن، لەسەفی یەکەمی نوێژی بەکۆمەڵ و حەج و عومرەش دەبینرێن و لە هاتوهوش و چەلەحانێ و پێشبڕکێی دونیایی و بازاڕی شەیتانی و شوێن و پلەو پۆستی خراپیش دەبینرێن!

وە ئوممەی ئیسلام پێویستی بە جۆرە زانایانێکە، کە بەمانای کەلیمە زانابن، دانابن، بەعیززەت و شکۆو گران و سەنگین بن، کار بەزانستەکەیان بکەن و بەئەمانەتەوە بیگەیێنن، قەدری پێگەی خۆیان و زانستی خۆشیان بزانن، بۆ هیچ هێزو لایەن و دەستەڵاتێ سەرکز نەکەن، فەتوا لە بەرژەوەندی هیچ کەس و لایەنێکی دیاریکراو نەدەن، خوێندنەوەی قوڵ و بابەتیانەو سەردەمیانەیان بۆ تەواوی بابەتە هاو چەرخ و هەنوکەییەکان هەبێ، هەماهەنگی و ڕەبت و کۆنتاکێکی چاک و پتەویان بەیەکەوەهەبێ، بەرژەوەندخوازی و تەڕەفگیری نەکەن، دین و زانست لای خەڵک شیرین و جوان بکەن و ڕەواجی پێ بدەن، ڕاستگویانەو جوامێرانە بێنە مەیدان و لە خزمەترکردنی کۆمەڵانی خەڵک بێ جیاوازی درێغی نەکەن، خراپ نەکەن، خراپ نەڵێن، خراپ نەخۆن، لەشوێنی خراپ و لەگەڵ کەسی خراپ نەبینرێن، کارو کادیرێتی حیزبایەتیان بەسەردا زاڵ نەبێ...!

ئومێدمان بەڕەحم و سۆزو بەزەیی خوا زۆرەو چاوە بڕینە کەڕەمی و لوتفی پڕ لە میهری بەشکو فریاد ڕەسێکمان بۆ بنێرێ و بمانخاتەوە سەر سیکەو شاشەقام و ڕێبازە ڕاستەقینە بێ خەوشەکەی ئیسلام و ببینە موسڵمانێکی تەواو خودا شەڕەفی خزمەتکارو سەرخەرێکی بچوکی ئەم پەیامی پیرۆزی ئیسلامەمان پێ ببەخشێ و ڕەوا ببینێ.