گومان لەوە دانیە کە مرۆڤ لەم دونیایەدا ڕیبوارو میوانەو دەبێت هەموومان ئەم دونیایە بەجێبهێڵین و ماڵئاویی لێ بکەین، ڕێبواریش هەمیشە پێویستی بە ڕێبەرو ڕێ ڕۆنی وچاو ساغێک دەبێ تاکو بگاتە مەنزڵ، وەگومانیش لەوەدانیە کەبۆ گەیشتن بەخودا دەبێ ئیلا لە ڕێگای مەخلوقەوەبێ گەورەترین ئامانج و خولیای ئیمانداران گەیشتنە بەخواو بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئەو زاتەیە، ئەوەش مەیسەرو مسۆگەرنابێ و هەرگیز وەدەست نایێ مەگەر لە ڕێی پێغەمبەران و موڕشیدو ڕێبەرانی ڕوحی نەبێت. هەر بۆیە خودای گەورە تێکڕایی پێغەمبەرانی بۆ ئەم مەبەستە ڕاسپاردوە تاکو ببنە ڕێنیشاندەرو چاوساغی خەڵک و شاڕێگای بەرەو خوا چونیان نیشان بدەن و لە کۆرە ڕێ و ڕێچکە لارو لەوێرو خوارەکان و هەڵدێران و ونبونیان بپارێزن. مرۆڤ تەنانەت لە گەشتێکی دونیایی گەر بۆ وڵاتێک بڕوات یان بۆ شوێنێکی تازە بڕواو شارەزا نەبێ، پێویستی بە ڕێبەرو کەتەلۆک و تەڕجومان و بەکارهێنانی جی پی ئێس، دەبێ تاکو بتوانێ سەفەرەکەی بەسەرکەوتووی ئەنجام بدات، دەی گەر بۆ گەشتێکی کورتی چەند ڕۆژەی دونیایی پێویستیت بەوەها گرتنەبەری ڕێکارو پێداویستیەکان و بەرچاو ڕونی هەبێ، ئەی ئەم ڕێگا دژوارو پڕ تەنگ و چەڵەمەو کۆسپ و لەمپەرو کاکی بەکاکیەی قیامەت، ئەبێ چەندە پێویستیمان بە ڕێبەرو چاوڕۆنێک هەبێ تاکو بگەینە مەنزڵ و شوێنی مەبەست بێ ئەوەی توشی گرێ وگیرو گرفت بێینەوە. گەر پێغەمبەران سەلامی خوایان لەسەربێ ناهاتبان مرۆڤەکان چۆن ئەیانزانی ژیان بکەن؟ چۆن خودای خۆیان دەناسی؟ چۆن شێوازی و مامەڵەو بەندایەتیان لەگەڵ خودا دەزانی؟ چۆن دەیانزانی دوعاو ڕازو نیاز لەگەڵ خودای خویان بکەن، بەڵام ئەوان بەم ئەرکە پیرۆزە هەڵساون و بونە مامۆستاو سەرمەشقی مرۆڤایەتی و، مرۆڤەکانیان بەرەو خودا چون ئاڕاستەکرد. ڕاستە ڕێگاکانی بەرەو خودا چون بەئەندازەی ژمارەکانی مەخلوقاتی خواو بەڵکو بگرە زیاتریشە، بەڵام پێویستیمان بەڕێبەرو موڕشیدێکە تاکو کورترین و سەلامەترین ڕێگامان نیشان بداو لە مەترسیەکان ئاگادارمان بکاتەوە، ئیدی ئەمە کارو وەزیفەی هەرە پیرۆزی پێغەمبەران و پیاو چاکان و قوتابی و شاگردەکانیانە کەبونەتە قودوەو ڕێنیشاندەری خەڵک. هەموو مرۆڤێک پێویستی بە مامۆستا هەیە ئەگینا شەیتان دەبێتە مامۆستای لەوەئەچێ کەسێ بپرسێ بڵێ خوا پێویستی بەواستەنیە هەموو کەسێک دەتوانێ بەتەنها بگاتە خواو پێویستی بەکەس نابێ، یانیش ڕێبەرو مامۆستای یەکەم وکۆتا تەنها پێغەمبەری خوایەو کەسی تر نا... ئێمەش لەوەڵامدا دەڵێین ڕاستە یەکەم مامۆستاو گەورەترین سەرمەشق و ڕێنیشاندەر حەزرەتی خۆشەویستە درودی خوای لەسەر بێت، بەڵام سروشتی دونیا وایە تامرۆڤ لە ژیاندابێ پێویستی بە مامۆستاو ڕێبەرو چاوساغ دەبێ، کەواتە تەواوی جێنشین و هاوەڵان و تابعین و سەرمەزهەبەکان و زانایانی و ڕەسەن و پیاوانی خوایی و شێخانی تەریقەت و ئیرشادو تەواوی قوتابی و شاگردەکانی فێرگەی حەزرەتی خۆشەویست درودی خوای لەسەربێت، تەواوکەرو درێژە پێدەری ئەم مەنهەج و ڕێگاو پەیام و ئەرک و ڕۆڵە پیرۆزەن. تەنانەت پێغەمبەری خوداش پێویستی بە ڕێبەرو چاوساغ هەبوە بۆ گەیشتن بەخواو شێوازی تەسەڕوفات و مامەڵەکردن لەگەڵیدا، ئەوەتە خودا لەڕێگەی جبریلەوە سەلامی خوای لەسەربێ خەڵاتی پێغەمبەرایەتی بەبەرۆک دەکات و قورئانی بۆ دێنێتە خوارێ. تەنانەت لە شەوی شەوڕۆییشداو چونیشی بۆ حزوری باری هەر لەڕێگەی حەزرەتی جبریلەوە دەبێ و بەخۆیی و بوراقی دێنە خزمەتی و ڕێ نیشاندەرو چاوساغی دەبێ تاکو دەگەنە سیدرەی مونتەها. پێغەمبەری خودا لەتەواوی کارو پڕۆژەکانی تریشیدا زۆر هەستیار بوەو هەم ڕاوێژی کردوە، هەمیش کاسانی شارەزاو پسپۆڕی بەژداری پێ کردوە، ئەوەتە لە کۆچکردنی لە شاری مەککەی پیرۆزەوە بۆ شاری مەدینە چەندە هەستیارو وردبین بوەو چۆن ڕێکارەکانی گرتۆتەبەر بۆیە پەیامی پیرۆزی ئیسلام کەئەم دینەی بە ئامۆژگاری گێڕاوەو، ڕاوێژی داناوەو، فەزڵی هەندێ کەسی داوە بەسەر هەندێکیان بۆ ئەوەیە هەر یەکەو سەربەخۆو لەڕاستی خۆی ملی ڕێگا نەگرێ. خودا داوامان لێدەکات پرسیار لە ئەهلی ئیختیساس و شارەزاو پسپۆڕ بکەین لەشتانێک کەنایانزانین و لەتاقەو توانای ئێمە بەدەرن. پوختەو خولاسەی کەلام ئەوەیە، کە ئێمەومانان وەمرۆڤایەتی بەگشتی بۆ ئەوە بەدیهێنراوە تاکو بەندایەتی خوا بکات و خوای خۆی بەحەق بناسێ، بۆ ڕەزامەندی ئەو بژی و هەر بەرەو ئەو زاتەش هەنگاو هەڵگرێ بۆ ئەمەش پێویستی بەکەسێکی شارەزاو دڵسۆزو خەمخۆر دەبێ تاکو ڕێگایەکەی پێ نیشانداو دەستی بگرێ، لە ئێستادا زاناو بانگخوازێکی ئێجگار زۆر هەن بەڵام خەڵک زۆر پێویستی بە ڕێبەرو مورشیدی ڕۆحی هەیە کەلەوپەڕی دینداری و زانست وتەقواو دڵسۆزی دابن و خەڵک بخەنەوە سەر شاڕێگاکەو لەم ترازان و پەرتەوازەیی و هەڵدێران و سەر لێشواویەی تێی کەوتوون ڕزگاریان بکات و ببنە فریاد ڕەسی حەقیقی بۆیان، خەڵکی ئیمڕۆ بۆیە ئاوا سەرگەردان و سەرلێشواوو پەشۆکاون هەریەکەو ئەیەوێ تەنها خۆی و خۆی بەتەنها ملی ڕێ بگرێ، بێ ئەوەی نەشارەزایی لە ڕێگادا هەبێ، نەپرسیاریش لەکەس بکاو لەکەس بپرسێ ئاخۆ چۆن چۆنی بتوانم بەکورترین ڕێگاو بەکەمترین ئازار بگەمە مەنزڵ. |