بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
ماوەی زیاتر لە مانگێكە پێشبینی ئەوەمان دەكرد، كە لە كاتی دووبارە قسەكردن لەسەر دەستوور، دووبارە مادەی شەشەمی پڕۆژەكە بخرێتەوە بەر باس، ئەم پێشبینیەشمان لەوە سەرچاوەی گرتبوو، كە هەندێك لایەن زۆر بە روونی باسی ئەم مادەیان دەكردو، قسەیان لەوە دەكرد، كە كەمپینێك بۆ پێداهاتنەوەی ئەم مادەیە پێكدەهێنن، هەروەها لە كاتی نووسینەوەی رەشنووسی پڕۆژەكەش لە پەرلەمان ماندووبوونێكی زۆری پێوە بوو، بەتایبەتی لە یەكێتی زانایان زۆر ماندووبوونمان پێیەوە دیت، بەتایبەتی بە هەماهەنگی ئەندام پەرلەمانەكانی لایەنە ئیسلامیەكانو چەند ئەندام پەرلەمانێكی لیستەكانی دیكە.
بۆیە ئێستا كە قسە لەسەر گێڕانەوە دەستوور یان سازان لەسەری دەكرێت، ئێمە وەك یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان پێمان وایە دەستبردن بۆ ئەم مادەیەو، كەمكردنەوە لە رۆڵی ئیسلام لە نێو دەستوور، خاڵێكی مەترسیدارەو، ئێمە وەك زانایانی ئایینی بە تووندی دژی هەر هەوڵێك دەوەستینەوە، كە بیانەوێت دەستكاری ئەم مادەیە بكەنو، لە رۆڵی ئایینی ئیسلام كەم بكەنەوە، یان بیانەوێت ئەم وێنەی پێكەوەژیانەی ناو مادەكە كاڵ بكەنەوە، چونكە وێڕای ئەوەی دەبێتە پێچەوانەی دەستووری عێراق، لە هەمان كاتدا شێواندنی ناسنامەی ئایینی خەڵكی كوردستانیشە، هەروەك داواشمانە لەو بەڕێزانەی كە داوای گێڕانەوەی دەستوور دەكەن، جۆرە زەمانەتێك لە هاوپەیمانەكانیان وەربگرن بۆ ئەوەی -لە حاڵەتی گەڕانەوە یان سازان- دەست بۆ بابەتی كەمكردنەوەی رۆڵی ئایین نەبەن.
مەكتەبی تەنفیزی
یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
6/16/2013