ئەمرۆ 7ی11ی2024 بە ئامادەبوونی بەرێز بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی و فەقێ و قوتابی زانستی و کەسایەتی کۆمەڵایەتی؛ مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە گوندی بێراوەی دەڤەری خۆشناوەتی بەرێوەچوو، کە لەلایەن مامۆستا مەلا عەلی خەتێ بەخشرایە دوو مامۆستای ئایینی..
لەم مەراسیمە بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وتارێکی پێشکەش کردو وێڕای دەست خۆشی و پیرۆزبایی لە مامۆستای موجیزو موجازان، ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە لەرێی زانست و پێگەیاندنی زانایان هەوڵی خزمەتی زیاتر لەپێناو کۆمەڵگە و گەیاندنی هۆشیاری ئایینی و پێگەیاندني زانای تازە بدرێت.
لە بەشێکی تری قسەکانی گوتیشی: خۆشبەختانە ئێستا لە کوردستان حوجرەو مەدرەسەکان بەرەو پێشکەوتنێکی باش رۆیشتوون، بەڵام ئێمە وەکو یەکێتی زانایان خوازیاری زیاترین و چاوەڕوانیمان هەیە لە زانایانی ئایینی و دامەزراوەی مەعنی بایەخی پتر بە بواری حوجرەو فەقێ و ناوەندەکانی خوێندنی ئیسلامی بدەن، چونکە بایەخدان بەم بوارە بە قازانجی گەورە بۆ کوردستان تەواو دەبێت.
هەروەها گوتیشی: كوردستان لە دێر زەمانەوە تایبەتمەندی خۆی هەبووە، بەتایبەت لەلایەکەوە ناوەندێکی گەورەی بایەخدان و بڵاوکردنەوەی زانستە شەرعیەکان بووەو خەڵکێکی زۆریش لە وڵاتانی تر هاتووە لێرە لەسەر دەستی زانایانی کورد زانستی وەرگرتووە، لەلایەکی تریش خەڵکی کوردستان هەمیشە بە چاوی رێزەوە لە ئەهلی عیلم و عولەمایانی روانیوە، هەمیشە پاڵپشت بوون بۆ حەجرەو فەقێ و بەرێوەچوونی مەدرەسەی ئایینی، ئەمەش وای کردووە زەمینەی گەشەی زانستی لە کوردستان بگاتە ئاستێکی باڵاو چەندان کەڵە زانای گەورەی لەناو کورد هەڵبکەون و ببنە چرای رووناککەرەوی جیهانی ئیسلامی.
شایەنی باسە هەر لەم مەراسیمە کۆمەڵێک وتاری تر خوێندرانەوەو چەند پارچە پەخشان و سرودو قەسیدەیەک پێشکەش کران.