مایەی شانازی هەموو مەلایەکی کوردە کە ڕێکخراوێک کۆیان دەکاتەوە ئەرکی بڵاوکردنەوە و گەیاندنی پەیامی پیرۆزی ئیسلام و داکۆکی کردن لە زانایانی ئاینی مەلای خواناسی کوردپەروەر و داکۆکی کردن لە نەتەوەی کورد وەک گەلێکی مەزڵومی بێبەشکراو لە مافە بنەڕەتیەکانی کردۆتە دروشمی خۆی و لەو بوارە پیرۆزەدا کاردەکات ، سەرەتا پیرۆزبایی لە زانایانی ئاینی و هاوڵاتیانی کوردستان دەکەم لەم یادە شکۆدارەی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە پیرۆزە پڕ خێروبەرەکەتەدا، بێگومان هەموو ڕێکخراوێک پێویستی بەنوێبونەوە و بەخۆدا چونەوە هەیە و ئەم ڕێکخراوەش بەتایبەتی لە بۆنەی ساڵیادی ڕاگەیاندنیدا گرنگە پڕۆژە و بەرنامەی گەورە و گرنگی لە ئاستی گەورەیی خۆیدا هەبێت ، بەتایبەتی سازدانی کۆنگرە و کۆنفراسەکانی پێویستە لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدات بۆ ئەوەی هەر ماندوو بوون و کەمتەرخەمی و خوانەخواستە خاو ڕەویەک یان ترازانێک لە ڕێگە هەبێت ڕاچەنین و بە هۆشی خۆداهاتن دروست بکات ، ستافی نوێ و چالاکتر کارەکان بگرنە ئەستۆ ، پێویستەڕێکخراوی یەکێتی زانایان لەم یادەدا کۆبونەوەی تایبەت ئەنجام بدات و ڕێگە بە ئەندامەکانی بدات ئازادانە ڕاوبۆچون و گلەیی و گازەندەکانیان دەرببڕن چونکە مەلادڵسۆزەکان زیاتر غەمی ڕێکخراوە پیرۆزەکەیانە و غەمباردەبن بە نەخۆشکەوتنی ئەم ڕێکخراوە ، من وەک ئەندامێکی ئەم ڕێکخراوە بەڵێنم بە خودای گەورە داوە بە دڵسۆزیەوە و بەبێ هیچ مەبەست و بەرژەوەندیەکی تایبەتی و حیزبی لە خزمەتی ئەم ڕێکخراوەدابم هەتا پابەند بێت بە ئەو پەیامە پیرۆزانە و سەربەخۆیانە بەبێ هیچ لایەنگیری و مەیلێک بۆ حیزب و گروپ و پێڕێکی داریکراو کاری پیرۆزی خۆی بکات ، بۆیە دەڵێم ئەگەر ئەم ڕێکخراوە تەنها دەست بەکڵاوی خۆیەوە بگرێت با نەیبات و لەو پەیامە پیرۆزانەی کە کردویەتە دروشمی خۆی کەمتەرخەمی بنوێنێت ئەوا بەدەستی خۆی مەرگی خۆی ڕادەگەیەنێت ، ئەم ڕێکخراوە چەترێکە مامۆستایانی ئاینی بە بیروبۆچونی جیاوازەوە لە سێبەریدان ، نابێت لایەگری بیرو ئایدۆلۆجیایەکی دیاریکراو بکات و هانی ئەندامەکانی بدات لە لایەکەوە بۆ لایەکی دیکە ، هەر چەندە من بۆ خۆم بەڕەوای نابینم لەم بارودۆخەی ئێستادا مەلا کاری حیزبی بکات بە دروشم و چالاکی خۆی بەو پێیەی کە بەباشتری دەزانم مامۆستای ئاینی کە سەرمایەی ڕۆحی و ئاینی و نەتەوەی هەموانە ، مەیدانی کار و چالاکی ئەو مینبەر و میحرابی پیرۆزی مزگەوتەکان بێت نەک بارەگای حیزبە سیاسیەکان ، .لەگەڵ ڕێز و پێزانینم بۆ خەبات و هەوڵ و خوێنبەخشینی شۆڕشی گەلی کوردستان کە لە ژێر ناوی حیزب و پارتی سیاسیدا ئەنجامدراوە و قسەم لەسەر ئەوە نیە. لە باردۆخی ئێستادا باس و خواسی گۆڕینی وانەی پەروەردەی ئیسلامی زۆر دەکرێت ، مەسەلەکانی لادانی مامۆستایان لە وتاردان و هەبونی مەلا لە زیندان و زۆربونی مادەی هۆشبەر و بڵاوبونەوەی جۆرەها نەخۆشی کۆمەڵایەتی و هەڵوەشانەوەی خێزانەکان و فەراهەمکردنی پێگە بەد ڕەوشتیەکانی ئەنتەرنێت و زیادبونی یانەی لەشفرۆشی و یانەکانی مەیخواردن و کافتریا شەوانە تێکەڵەکانی کوڕوکچ و جگەرە و نێرگەلەکێشان کەزۆربەیان پڕۆژەی بازرگانی و پشتگیری و دەستی بەرپرسانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتداریان لەپشتە و لایەنگری دەسەڵات لە ئاینی دیکە لەسەر حسابی ئاینی زۆرینەی موسڵمانانی کوردستان و چەندەها گرفت و ئاریشەی دیکە ئێقەی کوردستانی گرتووە کە یەکێتی زانایان هەڵوێستی لە سەریان هەبووە بەڵام پێویستە زیاتر و جدی تربێت و کۆڵنەدات، پێویستە یەکێتی زانایان لە غەمی دواڕۆژ و چارەنوسی کیانی هەرێمی کوردستان دا بێت و خاتری هیچ حیزبێکی سیاسی کوردستان نەگرێت کە سیاسەتی چەوت پیادەدەکات و شەرم و ترس و بەرژەوەندی بەلاوە بنێت و دڵسۆزانە هەڵوێست وەربگرێت و خۆی لە پاشکۆیەتی حیزبێکی دیاریکراو بە گەورەتر بزانێت و فشار لەسەر حکومەت دروست بکات و قسە لەسەر بارودۆخی ئابوری و سیاسی کوردستان بکات و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێرراوەکان و پەرش و بڵاوی و پارچەپارچەبونی سیاسەتی کوردی لە بەغداد بدات و هەلی لێکتێگەیشتن و یەکڕیزی کوردی بڕەخسێنێت . ئەم سەرنج و تێبینیانەی سەرەوە هەموو خۆی لە دروشمی پیرۆزی یەکێتی زانایاندا دەبینێتەوە کە پارێزگاریکردنە لەئاینی ئیسلام و زانایانی کورد و گەلی کورد و نیشتمانی کوردستان ، هیوادارم ئەم یادە ببێتە دەرفەتی بەخۆدا چونەوە و نوێبونەوە و بەگەڕخستنی هەموو تواناکان و چالاککردن و زیندووترکردنی ڕێکخراوی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان . |