سوپاس و ستایش بۆ خودای گەورە لە سەر نیعمەتە زۆر و زەبەندەکانی بەتایبەتی نازونیعمەتی ئاینی ئیسلامی پیرۆز و جوان و خاوێن . سڵاوات و ڕەحمەتی پەروەردگار لەسەر پێشەوا و ڕابەر و مامۆستای مرۆڤایەتی بۆ ژیانێکی پایەدارانە و سەروەرانە لە دونیا و دواڕۆژدا پێغەمبەرمان محمد هەروەها لەسەر خانەوادە و هاوەڵان و شوێنکەوتوانی هەتا کۆتایی ژیان. ئاینی پیرۆزی ئیسلام هەموو شتێکی پاک و خاوێنی حەڵاڵ کردووە و هەموو پۆخڵەوات و بۆگەنیەکیشی قەدەغە کردووە ، لە قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: {وَيُحِلُّ لَهُمُ الطَّيِّبَاتِ وَيُحَرِّمُ عَلَيْهِمُ الْخَبَآئِثَ وَيَضَعُ عَنْهُمْ إِصْرَهُمْ وَالأَغْلاَلَ الَّتِي كَانَتْ عَلَيْهِمْ} [الأعراف: 157] بێگومان پەیڕەو کردنی ڕێنماییە جوانەکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام دەستەبەری ژیانێکی دروستە بۆ مرۆڤایەتی ، دەفەرموێت : {يَسْأَلُونَكَ مَاذَا أُحِلَّ لَهُمْ قُلْ أُحِلَّ لَكُمُ الطَّيِّبَاتُ} [المائدة: 4].هەرچی جوان و باش و خاوێنە شیاوی مرۆڤە، لە ئایەتێکی دیکەدا دەفەرموێت : {قُلْ مَنْ حَرَّمَ زِينَةَ اللهِ الَّتِيَ أَخْرَجَ لِعِبَادِهِ وَالْطَّيِّبَاتِ مِنَ الرِّزْقِ} [الأعراف: 32]. ژیان بە هەموو جوانیەکان و سەروەریەکان شایانی مرۆڤە چونکە مرۆڤ لە ئیسلامدا خاوەن شکۆیە و مەبەست و مەقسەدە ، هەموو ئەم ژیان و سەرزەویە ی بۆ ڕامکراوە ، { وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِىٓ ءَادَمَ وَحَمَلْنَٰهُمْ فِى ٱلْبَرِّ وَٱلْبَحْرِ وَرَزَقْنَٰهُم مِّنَ ٱلطَّيِّبَٰتِ وَفَضَّلْنَٰهُمْ عَلَىٰ كَثِيرٍۢ مِّمَّنْ خَلَقْنَا تَفْضِيلًا } الاسراء 70 ، ئاینی ئیسلام واتە پاراستنی ژیان و هۆش و ئاوەز و ماڵ و سامان و کەرامەت و ئابڕوو و حورمەت و ئاین و بیروباوەڕی مرۆڤەکان . ئەم زەروریات و پێویستیانە لە پەیڕەوکردنی ڕێنماییەکانی ئیسلامدا دابین دەکرێت، ئەرکی سەرەکی ئێمەی مرۆڤ ئاوەدان کردنەوەی ئەم سەرزەویەیە نەک وێران کردنی بەداخەوە ئێستا هەندێک باس و خواس هاتۆتە ئاراوە کە پێچەوانەی ئەو خواستە گەورەیەیە کە ئیسلام بەشایانی باڵای مرۆڤایەتی داناوە ، هاوڕەگەزبازی و هێما و سیما دزێوەکانی لەناو بەری ژیانی مرۆڤانەیە ، پێچەوانەی سروشت و فیترەتە، لە قورئاندا دەفەرموێت: { فَأَقِمْ وَجْهَكَ لِلدِّينِ حَنِيفًا ۚ فِطْرَتَ اللَّهِ الَّتِي فَطَرَ النَّاسَ عَلَيْهَا ۚ لَا تَبْدِيلَ لِخَلْقِ اللَّهِ ۚ ذَٰلِكَ الدِّينُ الْقَيِّمُ وَلَٰكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ}الروم (30) ، ژیان لەم بونەوەرەدا لەسەر دوو ڕەگەزی جیاز دامەزراوە ئەم یاسا خوداییە هەموو کایەکانی دیکە دەگرێتەوە زیندەوەرانی ناو دەریا و وشکانی و ناو هەواو و ئەوانەش بەچاو نابینرێن ، هەموو شتەکان سەرچاوەی دروستبون و ژیانیان دوو ڕەگەزی جیاوازە کە پێکهێنەر و ئیدامەی ژیانن ، بۆیە هاوڕەگەز بازی پێچەوانەی سروشت و هەموو یاسا و ڕێساکانی بونەوەرانە، لەهەر شوێن و وڵاتێکی ئەم سەرزەمینە پیادە بکرێت واتا خۆیان بەدەستی خۆیان ماڵ و حاڵیان خاپور دەکەن، ، خۆیان دەخەنە بەر سزای خودای گەورەی خاوەنی زەوی و ئاسمانەکان، لە قورئانی پیرۆز دەفەرموێت { ظَهَرَ ٱلْفَسَادُ فِى ٱلْبَرِّ وَٱلْبَحْرِ بِمَا كَسَبَتْ أَيْدِى ٱلنَّاسِ لِيُذِيقَهُم بَعْضَ ٱلَّذِى عَمِلُواْ لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ }الروم 41 . ڕوو بە ڕووبونەوەی ئەم کارە نەشیاوە ئەرکی سەرشانی تاک بەتاکمانە بەتایبەتی دڵسۆزانی ئەم کوردستانە زانایان و بانگخوازان ، پەروەرشیاران و مامۆستایان و زانکۆ و کایە زانستیەکان ، ڕێگەگرتن لەناشیرینیەکان و پارێزگاری لە جوانی و خاوێنیەکان کە لە ئاینی ئیسلامدا ڕەنگ دەداتەوە ئەرکی سەرشانی بەرپرسانی ئەم نیشتیمانەیە، ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەردەم بەرپرسیارێتیەکی مێژویدایە، تا چەندێک لە گەڵ خواست و ژیان و سەلامەتی ڕۆڵە و نەوەکانی دایە ، ئەو حکومەتەی کە بەخوێن و قوربانیدانی ئەم میللەتە هاتۆتە کایەوە پێویستە بەوەفا بێت بۆ دین و ژینیان بۆ پاشەڕۆژ و داهاتویان ، پێویستە ڕۆشنبیران و نوسەر و هۆشیاران بە بیری فراوانیان بە خامەی تیژیان لە نوسینەکانیان لە کۆڕ و سیمینار و لێدوانەکانیان مەترسی تێکچونی شیرازەی خێزانەکان و هاوڕەگەز بازی لەسەر کوردستان ی بێ دەوڵەت و سیادە ئاماژە پێبدەن ، پێویستە چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی ، ڕێکخراوەکانی پارێزگاری لە مافی ئافرەت و ژنان هۆشیارتر کار بکەن ، بەڕونی هەڵوێستەکانیان ڕابگەیەنن ، موستەڵەحەکان تێکەڵ نەکەن ، هەوڵدان بۆ دابینکردنی مافی دایک و خوشک و کچانمان لە دژایەتیکردنی ئاین و بەها باڵاکانی کۆمەڵگەی کوردی موسڵمان جودا بکەنەوە، بەدیهێنانی دادگەری و جیاوازی نەکردن لەسەر بنەمای ڕەگەز و جێندەری تێکەڵ بە ئیباحی و لەشفرۆشی و هاوڕەگەزبازی نەکەن ، لە کۆتاییدا ئاینی پیرۆزی ئیسلام بە شوێن فەراهەمکردنی بەرژەوەندیەکانی مرۆڤەوەیە و هەر شتێک خێری تێدابێت بۆ ژیان و پاشەڕۆژی ئێمە ئەوە شەریعەتی پیرۆزی ئیسلامە ، (حيثما تكون" حيث وجدت" المصلحة، فثم شرع الله). |