دوازدە مانگەی ساڵ وەک کوڕەکانی یەعقوب -عليهِ وعليهم السَّلام-، وایە ، مانگی ڕەمەزانیش لە نێوان مانگەکاندا وەک یوسف وایە لەنێو براکانیدا، هەروەک چۆن یوسف خۆشەویسترین بوو لەلای یەعقوب ، بەهەمان شێوە مانگی ڕەمەزان خۆشەویسترینی نێوان مانگە کانە لە لای خودای گەورە و میهرەبان. ئیبن جوزی لە کتێبی "بستان الواعظين": لە بارەی لێکچواندنی مانگەکانی ساڵ بە یوسف و براکانی :دەڵێت : ئەم لێکچواندنە ئاماژەی زۆر دڵخۆشکەری تێدایە بۆ شوێنکەوتوانی محمَّد -صلَّى اللهُ عليه وسلَّم : کاتێک یوسف پڕە لە لێبوردن و چاوپۆشین لە بەرامبەر خراپە و تاوانی براکانی كە بەرامبەری ئەنجامیان دا و دەڵێت ؛ وەک قورئانی پیرۆز دەفەرموێت : {لا تَثْرِيبَ عَلَيْكُمُ اليَوْمَ} " ئیتر هیچ لۆمە و توڵە لێسەندنەوەیەکتان لەسەر نیە و باسی تاوانەکەشتان ناکەم " هەر بەو شێوەیە مانگی ڕەمەزانیش پڕە لە مژدەی سۆزو میهرەبانی و پیت و بەرەکەت و خەیر و خەیرات و بەڵێنی خودای پەروەردگار بە لێخۆشبونمان لە تاوانەکانمان و ڕزگاریمان لە سزای دۆزەخ ، کە لە مانگەکانی تردا بە کارە دزێوەکانمان توشی خۆمانمان کردووە. هەروەها ئاماژەیەکی تر ئەوەیە: کاتێک براکانی هاتن بۆ لای یوسف و پێویستیان تێی کەوت و هانایان بۆ هێنا و شەرمەزاری لای یوسف بون کە ئەوان خراپە و تاوانیان بەرامبەری ئەنجامداوە ، بەڵام یوسف به جوانترین شێوە پێشوازی لێکردن، پێداویستیەکانی بۆ دابین کردن و ناتەواویەکانی بۆ پڕکردنەوە، لای حەسانەوە و تێر و پڕبون، بەڕێزەوە بەڕێیخستنەوە و خواحافیزی لێکردن و فەرمانی کرد هەموو شتومەکەکانیشیان خستەوە ناوبارەکانیان و ئەوەی کە لەگەڵ خۆشیان هێنابویان بۆ کڕینی پێداویستیەکان لەناو بارەکانیان دانایەوە، هەروەک قورئان دەفەرموێت : {اجعَلوا بِضاعَتَهم في رِحالِهم لعلَّهم يَعرِفونَها}؛. هەروەک چۆن یوسف بوو بە هۆی خێر و خۆشی بۆ یازدەبرا کەی و بوو بە هۆی ڕزگار بونیان لە تەنگی و ناڕەحەتی،مانگی ڕەمەزانیش ئاوایە ، مانگێکە لە ناو دوازدەمانگەکە ، ئێمە لە کار و کردەوەکانمان کەموکورتی و ناتەواوی زۆرمان هەیە ، تاوان و خراپە مان بەرامبەر بەخشین و چاکەکانی خودای گەورە زۆرە، ئومێدمان هەیە مانگی ڕەمەزان یوسف ئاسا ببێتە هۆکاری پڕکردنەوەی ناتەواوی و سڕینەوەی هەڵە و تاوانەکانمان، سۆز و بەزەیی خودای گەورە و میهرەبانمان بۆ بکەوێتە کار و خۆشی و ئاسودەیی بێت بۆ دڵەکانمان . یەعقوب لەتاو دوری ئازیز نابینا بوو بوو هەرچەندە بەردەوام لەناو یازدە کوڕەکەی تریدا بوو هەموو پێکەوە بوون، شەو و ڕۆژ پێیان دەگەیشت و پێکەوە دادەنیشتن و گفت و گۆ یان دەکرد ،بەهیچ کامیان ڕوناکی بۆ چاوی نەگەڕایەوە، بەڵام کاتێک کراسەکەی یوسفی پێگەیشت خستیە سەر چاوانی بینایی بۆ گەڕایەوە و هێز و توانا و گوڕی پێبەخشیەوە . بە هەمان شێوە سەرپێچی کار و یاخیبوان کاتێک بۆن و بەرامەی ڕەمەزان دەچێت بە سەریانا ، کاتێک ئامادەی کۆڕی یادی خوای گەورە و خوێندنی قورئانی پیرۆز دەبن و هاو مەجلیسی چاک و پاکان دەبن و دور دەکەونەوە لە پاشملە گوتن و بوختان ، لە تاوان و کاری دزێو ، ئیتر دەچنە ڕیزی بەختەوەران و لێخۆشبوان، دڵە مردووەکان ژیان و ڕوناکی و بیناییان بۆ دەگەڕێتەوە لە پاش ئەوەی بە تاوانەکان ڕەش و کوێر بوو بونەوە ، بینایی و هێز و ئاسودەیی و ڕۆزی پاک و سەربەرزی و سەروەری و خەڵاتی بەهەشت بە دەست دەهێنن . بەتەعبیری تێکەڵ بە عارەبیەکەی و کوردیەکەی خۆمان دەڵێم: ڕەمەزانی پیرۆز( قصير )( لا يحتمل التقصير )؛ تەقسیر مەکەن دەرحەقی .. (قدومه عبور ) لا يقبل( الفتور) ، زۆر زوو تێدەپەرێت ، بەزایەی مەدەن ... هەرکاتێک تەمبەڵی ڕوی تێتکرد ، ئەم فەرمودەی خوای گەورە ت بیرکەوێتەوە : (أياماً معدودات).. ، چەند ڕۆژێکە ... نەکەن ببنە براکانی یوسف ... فلا تقتلوه ، مەیکوژن بە گوناهوتاوان و نا فەرمانی اللە ولا تلقوه في الجب ، مەیهاوێنە ناو بیری تەنگ و تاریک، ولاتبيعوه بثمن" بخس ، بەنرخێکی هەرزان مەیفرۆشن ، مەیگۆڕنەوە بە شتێکی سوک ی دونیایی بل أكرموا مثواه ، ڕێز و پلە و پایەی بزانن ، ڕێزی بگرن ، ئەو زۆر گەورەیە .... فعسى أن ينفعنا ، سا بەڵکو خوای گەورە بیکاتە مایەی پیت و بەرەکەت بۆمان ، أو نتخذه شفيعاً يوم الحساب ، بیکاتە تکاکار و مایەی لێخۆشبونمان.... خوایە بەختەوەرمان بکەیت بە ساتە موبارەکەکانی ئەم مانگە پیرۆزە ..... اللهم آمين . |