مامۆستا مەلا نەجم الدین عبداللە ئیلیاس ناسراو بە شێخ نجم هەمەوەندی لە شاری خانەقین هەم نوێنەرایەتیەکی ڕەسەن و سەنگینی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستانی لە شاری خانەقین دەکرد، زۆر چالاک بوو، هەموو بۆنە نەتەوەیی و ئاینیەکانی زیندوو دەکردەوە و بە بەرگێکی کوردیانە دایدەپۆشین. بە پێی توانای خۆی پەیوەندی لە نێوان یەکێتی زانایانی کوردستان و دەزگا ئاینیە فەرمیەکانی عێراق و ڕێکخراوە ئیسلامیەکان و مەڵبەند و لقە زانستیە شەرعیەکانی شارەکانی باشور دروستکردبوو و هەندێک جاریش هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە زانستیە شەرعیەکانی دەرەوەی وەک ئوردن و تورکیا و وڵاتانی دیکەی ئیسلامیدا دەدا. لە ڕویەکی دیکەوە قەڵایەکی پتەو بوو بە پێ ی ئەوەی کە بەڕێوەبەری تێبینەرایەتی وەقفی سونی بوو بەردەوام لە سەنگەری پارێزگاری لە ئەو ئەهلەدا بوو بۆ هەر نادادیەک ڕوبەڕویان ببوایەتەوە لە سنورەکەدا ، بۆیە هەم جێگە ئومێدی کورد و هەم زانایانی عەرەبی شارەکە بوو و ژیرانە و بەتوانای حیکمەت و بۆ خودا سوڵحان توانیبوی میانڕەوانە هاوسەنگی لە هەموو ڕویەکەوە بۆ هەموو لایەنەکان بە دیبهێنێت و کارەکتەری خێر و سوڵح و ئاشتی و برایەتی نێوان پێکهاتەکان بوو . هەستی گەرمی کوردایەتی لەناو ناخی مامۆستادا بەردەوام قوڵپی دەدا، هەستێکی کوردانە بۆ خانەقینێک کە شاری کۆڵنەدان و و بەرگری و خۆڕاگری بوو، مامۆستا نەجم زۆر پێویست بوو بۆ ورەی بەرزی بەرگری کوردایەتی و ئیسلامەتی ئەم دەڤەرەی باشوری کوردستان ، درێغی نەکرد و مەردانە ئەرکی سەرشانی بەجێگەیاند ، بانگخوازێک بوو هەتا ژیا پەیامی خودای گەیاندە هەمولایەک ، جێگەئومێدی خەڵک و مەلا کانی خەنەقین بوو، بەداخەوە بۆ کوچی دوایی مامۆستای خۆشەویست ، خودای گەوره لێ ی خۆشبێت و بەبەهەشتی بەرینی شاد بکات. |