رۆژی 28ی شوباتی رابردوو، ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان سەبارەت بە دروستی و نادروستی پێدانی زەکات بە مزگەوت و حوجرەو تەکیەو بنکەی فێرکردنی قورئان و هۆڵی بۆنەو دامەزراوەو دەزگاو حزب و رێکخراوو و کەناڵی راگەیاندن و تەلەفزیۆن و رادیۆو سایت؛ فەتوایەکی بڵاوکردەوەو راگەیاند زەکات بۆ ئەمانە ناشێت.. ئەم فەتوایە زادەی لێ وردبوونەوەو تێگەیشتن و لێکدانەوەی ئەنجومەنی باڵای فەتوایە، دوای تاوتوێکردنی پرسەکەو گەڕانەوە بۆ دەقە شەرعیەکان و بۆچوونی گەورە زانایانی مەزهەب و فیقهی ئیسلامی و فیقهی واقع، فەتواکەی لێ بەرهەم هات، هەرچەندە ئەم بابەتە بە دەقی ئایەت و فەرمودە یەکلایی کراوەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بڕگەی (فی سبیل الله) کۆمەڵێک لێکدانەوە هەڵدەگرێت، بۆتە هۆکاری ئەوەی خەڵکانێک تانە لە فەتوای ئەنجومەنی باڵای فەتوا بدەن و تا رادەی تەشهیرو قسەی ناشایستە بەرامبەر پێگەی زانایانی بەرێزی فەتوا بڕوات. لەم سۆنگەوە کە فەتواکە فەرمییەو بڵاوبۆتەوەو کۆمەڵێک دەنگدانەوەو لێکەوتەی هەبووەو بەشێک لەوانەی فەتواکەیان بەدڵ نیەو تانەو تێبینیان لەسەری هەیە، بە پێویستم زانی چەند خاڵێک بخەمە بە دیدی هەموو لایەک: یەکەم: وەک دەزانین زەکات فەرزەو روکنی سێیەمی ئیسلامەو عیبادەتێکی گەورەیەو 82 جار لە قورئاندا لەگەڵ نوێژ باس کراوە، یەکێک لەو ئایەتانە باس لەو هەشت سنفانە دەکات، کە زەکاتیان پێ دەشێت، وەک خوای گەورە دەفەرموێت: (إِنَّمَا الصَّدَقَاتُ لِلْفُقَرَاءِ وَالْمَسَاكِينِ وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا وَالْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ وَفِي الرِّقَابِ وَالْغَارِمِينَ وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ وَابْنِ السَّبِيلِ فَرِيضَةً مِنَ اللَّهِ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ) التوبە:60. جگە لەم هەشت چینە زەکات بۆ کەسی ترو شتی ترو شوێنی تر نابێت، وەک پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بە پیاوێکی فەرموو: (إنَّ اللهَ لم يرضَ بحكمِ نبيٍّ ولا غيرِه في الصَّدقاتِ حتَّى حكم فيها هو فجزَّأها ثمانيةَ أجزاءٍ فإن كانت من تلك الأجزاءِ أعطيتُكَ حقَّكَ) رواه أبوداود، واتە: خوای گەورە لە بەشکردنی زەکاتەکاندا بە بڕیاری هیچ پێغەمبەرێک و هیچ کەسێکی تر رازی نەبوو، تا بە خۆی بڕیاری داو زەکات وەرگرەکانی کردنە هەشت بەش، جا ئەگەر تۆ یەکێک بیت لەو هەشت بەشانە زەکاتت دەدەمێ. کەواتە بە پێی دەق و سیاقی ئایەتەکە زەکات بەشی ئەو هەشت چینەیە. دووەم: ئەنجومەنی باڵای فەتوا هەموویان مامۆستای شارەزاو بە ئەزموون و زاناو ئەهلی تەقواو لە ئاست بەرپرسیارێتین، تەواو بابەتەکەیان تاوتوێ کردووەو ئاگاداری هەموو ئەو راو بۆچوون و قیل و قالانەن لەم بارەوە هاتوون و هەن، دواجار بە پێی بۆچوونی هەر چوار مەزهەب رای پەسندیان هەڵبژاردووە، کە (فی سبیل الله) مەبەست لێی موجاهیدانی راستەقینەن نەک کەس و شتی تر، ئەگەر بەڵگەیەکی سەریحیش نەبێت لەسەر ئەمە، ئەوە کۆدەنگی –إجماع- یان رای زۆرینەی زانایانی لەسەرە، لەهەمان کات بەڵگەیەکیش نیە بڵێ (فی سبیل الله) رێکخراوو کەناڵ و دەزگای خێرخوازی و.. هتد، دەگرێتەوە. کەواتە ئەم فەتوایە لەجێی خۆیەتی و ئیشکال و دەمارگیری تێدا نیە. سێیەم: ئەم فەتوایە لەبەر خاتری کەس و لە رقی کەس و بە فیتی کەس دەرنەکراوە، تا رەخنەی ئەوەی لێ بگیرێت، گوایە مەبەست و دەستی تری لەپشتەوەیەو ئامانج لێی کەس و شکاندن و وشککردنی سەرچاوەی داهاتی لایەنێکی دیاریکراوە، بەڵکو ئەمە بابەتێکی سڕف ئایینی و زانستییەو بەشێکی سەرەکی بەجێهێنانی ئەرکی پەرستش و دیندارییە، مەترسیەکی گەورەیە بخرێتە نێو بازنەی ئایدۆلۆژیاییەکی دیاریکراو یان بە نەفەسێکی حزبی و کەسی سەیری بکرێت. چوارەم: ئەوانەی رەخنە لە فەتوایەکە دەگرن بەتایبەت ئەوانەی شارەزای بواری پیشەیی و کاری مەلاتین و دەزانن فەتوا چەند هەستیارو جێی مەترسیەو ناکرێ بەرهەڵستی بکرێت، چونکە بەرپەچدانەوەو رەخنەگرتن لە فەتواو ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمێکی وادا لێکەوتەی خراپی لێ دەکەوێتەوەو پشێوی دروست دەکات و خەڵک دەخاتە گومانەوە، لەلایەکی تریشەوە چەندین جار بەشێکی ئەوانەی رەخنەیان لە فەتواکە گرتووە، گلەییان لە یەکێتی زانایان کردووە، بۆ رێگە دەدەن کەسانێک لە دەرەوەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا؛ فەتوا بدات یان پێچەوانەی فەتوای فەرمی بجوڵێتەوە!؟. پێنجەم: خۆزگە لە جیاتی ئەو رەخنەیەی لە فەتوایەکە دەگیرا بە بیانووی دڵسۆزی بۆ دین و دینداری، کە گوایە (فی سبیل الله) رێکخراوو و کەناڵ و شوێنی تر دەگرێتەوە! ناوی مزگەوتیان هێنابووایە نەک رێکخراو، تەنگاویەکە لەپێناو ماڵی خوا بوایە نەک بۆ شوێنی تر! چونکە ئەگەر رێکخراو و ناوەندی ئایینی مایەی بڵاوکردنەوەی دین بن، ئەوە مزگەوت پیرۆزترین شوێنی سەر زەوی و ماڵی خواو ناوەندێکی گرنگی بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلام و فێرگەو وێستگەی پێگەیاندن و ئاراستەکردنی ئۆممەتەو سەدان قات زیاتر لە رێکخراوو کەناڵ خزمەت دەکات، شیاوترە بۆ زەکات، ئەولاتر ئەوە بوو شین و تەنگاویەکە بۆ مزگەوت بێت نەک شتی تر! ئەمە لە کاتێکدا فەتوایەکە روون و راشکاو دەڵێت زەکات بە مزگەوتیش ناشێت. شەشەم: یان ئەوانەی تێبینی و رەخنەیان لەسەر فەتوایەکە هەیە، خۆزگە لە جیاتی تەفسیرو تەئویلی خراپ و بڵاوکردنەوەی بابەتەکە لە سۆشیال میدیا بە ئامانجی لێدان لە ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان و کردنەوەی دەرگا لەبەردەم هەزارەها فەیسەوان بۆ جنێوو تەشهیرو قسەی نەشیاوو بەرامبەر مەلاو موفتی..!! هاتبانە ماڵە گەورەکەی خۆیان – یەکێتی زانایان- بۆ ئەوەی لە نزیکەوەو پیشەییانەو خۆییانە رەخنەی خۆیان تەرح کردباو روو بەڕوو لەگەڵ مامۆستایانی ئەنجومەنی باڵا گفتوگۆیان کردبا.. چونکە زۆرینەی ئەو بەرێزانە ناسنامەی یەکێتی زانایانیان لە گیرفانە، لەهەمان کات دەرگا کرایەوەو بەو پەڕی شانازییەوە یەکێتی زانایان لە خزمەتیان دەبوو.. هاوشان ئەم بابەتە پسپۆڕییەو هی سۆشیال میدیا نیە، چونکە زۆربەی تەماشاکاران لە لایەک بترازێ نازانن مەوزوع چیەو چۆن لێی تێبگەن. حەوتەم: بەستنەوەی فەتوای زەکات بە هەندێ بابەتی لاوەکی و وروژاندنی ئەو پرسیارە؛ بۆ فەتوا لەسەر فلان شتەو چی و چی دەرناکەن؟ لەجێ نیەو زۆریش نابەرامبەرە، چونکە زەکات پرسێکی ئایینیەو پەیوەندیدارە بە عەقیدەو عیبادەتەوە، رەخنە گرتن لەو دەقانەی باسی زەکات دەکات، وەکو ئەوە وایە رەخنە لە ئیسلام بگری بۆ موچە تاخیر بووە! ئەمە چ پەیوەندی پێکەوە هەیە جگە لە عاتیفەو شتی تر.. هەشتەم: فەتوایەکە راشکاوانەیە لەوەی زەکات بۆ ئەو شوێنانە نابێت، کە لە سەرەوە باس کران، واتە زەکات بە خودی بارەگاو رێکخراو و سەنتەرو حزب و حوجرە.. هتد ناشێت، رەخنەگرتن بە بیانووی ئەوەی ئەم شوێنانە خزمەتی دین دەکەن گونجاو و لەجێ نیە، ئەگەر وابێت هیچێکیان لەمزگەوت لە پێشتر نین، کە گەورەترین ناوەندی رۆحی و ئیمانی پێگەیاندنی موسڵمانانە. بەڵام ئەگەر دەستەو دەزگاو لایەن و رێکخراوێکی وا هەبێت؛ جێی متمانە بێت و ئیستغلالی زەکات نەکات، وەکو وەسیت و وەکیل و پردی پەیوەندی نێوان دەوڵەمەندو هەژار بێت و زەکات لە دەوڵەمەندان وەربگرێت و بە ئەمانەتەوە بیداتە هەژاران و هیچ غەش و قۆرخکاری نەکات، ئەمە کارێکی زۆر ئاسایی و شەرعی و رەوایە، وەک هەماهەنگیکارو عاملی خێر وابێت، چونکە ئەدای زەکات ئەوەیە کە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێ: (تُؤْخَذ من أغنيائهم, فتُرَدُّ في فُقرائهم) متفق علیه، واتە: زەکات لە دەوڵەمەندان وەردەگیرێت و دەدرێتە هەژاران. د.عبدالله شێرکاوەیی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و وتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان |